لە مێژووی گەکەکەماندا، چەندین شۆڕش و بزووتنەوە هەڵگیرساون و بەرپابوون بە سەرکردایەتی کەسایەتی سیاسی و ئاینیی و دەستەبژێری نێو کۆمەڵگەی کوردستان و بەهاوبەشییەکی بەرفراوانی رۆڵەکانی گەلەکەمان، ئەمەش لەپێناوی بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان بووە، لەو کاروانە پڕ سەروەرییشەدا، سەدان هەزار کەس شەهیدبوون و بوونەتە قوربانی. 
بێگومان هەموو ئەو شۆڕش و بزووتنەوانە، گەورە و پیرۆز و مایەی شانازین و مێژووی پڕ سەروەریی میللەتەکەمانن.            
شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە رابەرایەتی ی.ن.ک، لە رووی مێژوەوە، لە تازەکانە و لەوانی تریش جیاوازە! بۆ؟       
ئەم شۆڕشە، ی.ن.ک هەڵیگیرساند، ئەم یەکێتییە دەستەیەک تێکۆشەری قاڵبووی خەبات و کوردایەتی بە رابەرایەتی سەرۆک مام جەلال، دروستیان کرد، ئەم گروپە بە ئەزموونە هەموویان، خەڵکی خاوەن بڕوانامەی بەرز و نووسەر و رۆژنامەنووس و سیاسەتمەداربوون. 
لەژێر سایەی دەسەڵاتی یەکێتیدا، ئەنجومەنی گوندەکان دامەزران کە ئەزموونێکی نوێی کەم وێنەی دیاریکراوی دیموکراسییانە بوو بۆ خۆ بەڕێوەبردن
شاخەکانی کوردستان ماڵ و سەنگەریان بوو
پاش ماوەیەکی کەم لە دامەزراندن، یەکێتی شۆڕشی نوێی هەڵگیرساند، لە 1976 بەدواوە، هەموو سەرکردەکانی یەکێتی، لەناویشیاندا سەرۆک مام جەلال، شاخەکانی کوردستان ماڵ و سەنگەریان بوو. 
رێکخستنەکانی ئەم حزبە لە نێو شارەکان، بە سەدان تێکۆشەر بوون، کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، بزووتنەوە- دواتر شۆڕشگێڕان- و خەتی گشتی، بوون. 
رێکخستنێکی پۆڵایینی جەربەزە و بوێر، دوژمنیان لە هەموو شار و شارۆچکەکان هەراسان کردبوو، بەدەیان چالاکی شۆڕشگێڕانەیان کرد و بەسەدانیشیان بەر راودونان و گرتن و ئەشکەنجەدان کەوتن و دەیانیشیان سەربەرزانە چوونە بەر پەتی سێدارە. 
هیچ شۆڕش و حزبێک نییە لەگەڵ رێزی بێپایان بۆ شەهید و پێشمەرگە و سەرکردە و ئەندامەکانیان، بەقەدەر 
ی. ن. ک، پێشمەرگە و کادر و سەرکردەی لە سەنگەر و رووبەڕووبوونەوەکان  و زیندانەکانی بەعسدا گیانیان بەخت کردبێت و شەهید بووبن. 
هێزی پێشمەرگەی یەکێتی، لەماوەی 51  ساڵەی شۆڕشی نوێدا، دەیان داستانی کەم وێنەی پڕ لە ئازایەتی و بوێری تۆمارکردووە، بەرامبەر دڕندەترین دوژمن و هێزی سەربازی وەستاوەتەوە، هێزێک کە لە هیچ کارێکی سەربازی و تاوانێک لەبەرامبەر پێشمەرگەکانی یەکێتی سڵی نەدەکردەوە. سوپای عیراق یەکێک بوو لە سوپا پڕ چەک و بەهێزەکانی ناوچەکە و لەبەرامبەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان، تۆپ و کاتیۆشا، فڕۆکەی شەڕکەر و بۆمب هاوێژ، کۆپتەری شەڕکەر، چەکی کیمیایی بەکاردەهێنا و پەلامارەکانی لەڕێی، هێزی پاسەوانی کۆماری، حەرەس جمهوری، مەغاویر و هێزی تایبەت، (قوات خاصە) و سەربازی ئاسایی و جاش و مەفرەزە تایبەتەکان و جەیشی شەعبی، ئەنجام دەدا. لەمێژووی شۆڕشەکاندا، بۆ یەکەمجار گازی کیمیایی لە دژی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی بەکارهێنرا جگە لەبەکارهێنانی هەر لەو ساڵانەدا، بەشێوەیەکی فراوان لە دژی خەڵکی کوردستان و لەسەرووشیانەوە لە بوردومانی کیمیایی شاری هەڵەبجە، ئەمە لە کاتێکدا چەکی کيمیایی زۆر لە مێژبوو هەبوو لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بە شێوەیەکی فراوان بەکارهات. 
سێ چاپخانەی گەورە و بەکار هەبوون
چالاکیی رووناکبیری هەم لەسەر ئاستی حزبی، هەم لەدەرەوەی حزب لەژێر سایەی یەکێتیدا لەنێو شۆڕشدا، جیا لە شۆڕشەکانی تر کە ئەوانیش لەقەدەر سەردەمی خۆیان لەو کارە بێبەش نەبوون، زۆر فراوان بوو، سێ چاپخانەی گەورە و بەکار هەبوون، دوو دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵەی رەنجدەران و شۆڕشگێڕان هەبوون، لە ساڵی 1986 دا زیاتر لە 500 ناونیشانی جیا جیا لەو شاخانە چاپ کران. دوو رێکخراوی ئەدەبی و هونەری لە ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بە پشتیوانیی یەکێتی کاریان دەکرد، ئەوانیش یەکێتی نووسەرانی کوردستان و کۆمیتەی شاخی یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بوون، لەگەڵ بوونی تیپی مۆسیقای شەهید کارزان و تیپی شانۆی شۆڕش و ژمارەیەکی زۆر هونەرمەندی شێوەکار. 
لەنێو شۆڕشی نوێدا، ژمارەیەکی زۆر خاوەن بڕوانامە و نوێنەری چین و توێژەکانی تێدابوو، ژن و پیاو و کوڕ و کچ، مامۆستا و ئەندازیار و کرێکار و کاسب و جوتیار و پارێزەر و خوێندکار، خەڵکی شار و گوند. 
لەژێر سایەی دەسەڵاتی یەکێتیدا، ئەنجومەنی گوندەکان دامەزران، کە ئەزموونێکی نوێی کەم وێنەی دیاریکراوی دیموکراسییانە بوو بۆ خۆ بەڕێوەبردن. 
لە رووی بەردەوامیی و درێژخایەنییەوە، هەموو جارێ سەرۆک مام جەلال دەیفەرموو: ئەم شۆڕشەمان درێژ خایەنە. هەرواش بوو، پانزە ساڵی خایاند و بەسەرکەوتنی راپەڕینی 1991ی هاوبەشی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، قۆناغی یەکەمی تەواو بوو. بۆیە مافی خۆمانە بڵێین، شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە رابەرایەتی ی ن ک، جیاوازبوو.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
شوان کەریم کابان
وەرزی خۆ کۆکردنەوەیە!

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved