بەندە دوو جاری تر لەسەر رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانم نووسیوە و لە هەردووکیاندا جەختم لەسەر خراپی و نابووتی ئەم رێکخراوە کردووەتەوە، ئەمجارەش بە بۆنەی خولی 81ی ئەم رێکخراوەوە، بە پێویستی دەزانم جارێکی تر تەئکید لەسەر هەمان بۆچوون بکەمەوە. هەم کۆمەڵەی نەتەوەکان 1919 - 1945 هەم نەتەوە یەکگرتووەکان، لەدوای دوو جەنگ دروستبوون کە دەیان ملیۆن مرۆڤ تیایاندا کوژران. مەبەستی سەرەکی لە دروست کردنیان، رێگرتن بوو لە شەڕ و کاولکاری و بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری، بەڵام ئەوەی جێی داخ و سەرسوڕمانە، ئەم دوو رێکخراوە بە تایبەتیش نەتەوە یەکگرتوەکان (UN) نەک نەیانتوانی بەر لە تەنیا یەک شەڕیش بگرن، بەڵکو لە بەشێکی زۆری ئاژاوە و جەنگەکاندا لەلایەن زلهێزەکانەوە و بە تایبەت رۆژئاوا و ئەمریکاوە، بەکارهاتووە بۆ شەرعییەت پێدانیان!.
بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەک روون بێتەوە کە UN نەیتوانیوە ئەرکی هەرە سەرەکی خۆی جیبەجێ بکات، کە بەرگرتنە لە شەڕ و جەنگ و کاولکاری، بمبورن، چاو و سەرتان بە خستنەڕووی بەشێک لەو شەڕ و جەنگانە دەیەشێنم کە لە سایەی ئــــــەم رێکخراوە کــــــارتۆنییەی داردەستەی زلهێزەکان روویــــــانداوە: 1946 - 1949 جـــەنگی نــــاوخۆی یۆنــان. 1946-1954 جەنگی فەرەنسا- ڤێتنام. 1947 - 1948 شەڕی هند - پاکستان. 1948 دامەزراندنی ئیسرائیل و هەڵگیرسانی شەڕی عەرەب - ئیسرائیل. 1948 - 1960  مــــلایـــۆ. 1950 - 1953 جەنگی کۆریا، سێ ملیۆن کوژراو. 1954 - 1960 جەنگی فەرەنسا - جەزائیر یەک ملیۆن و نیو کوژراو . 1956 شەڕی سێقۆڵی ئیسرائیل و بریتانیا و فەرەنســـا دژی میسر. 1958 - 1961 جەنگی یەکەمی ناوخۆی لوبنان. 1960  دەست پێکردنی جەنگی ناوخۆی گواتیمالا. 1961-1975 شەڕی ناوخۆی ئەنگۆلا. 1962- 1970 جەنگی یەکەمی یەمەن. 1962 جەنگی هند - چین. 1963-1976 ئەرتریا و ئەسیوپیا. 1965-1975 ئەمریکا - ڤێتنام سێ ملیۆن کوژراو.1965 هند - پاکستان. 1967 ئیسرائیل - میسر  تا 1970 بەردەوام بوو. 1971 شەڕی بەنگلادش. 1973 شەڕی عەرەب - ئیسرائیل. 1975 - 1990 جەنگی ناوخۆی لوبنان. 1975 - 2002 ئەنگۆلا.  1979 - 1989 یەکێتی سۆڤییەت و ئەفغانستان. 1980 - 1988 جەنگی عیراق - ئێران، یەک ملیۆن کوژراو و بریندار. 1982 ئیسرائیل - لوبنان. 1982 جەنگی فۆلکلاند لە نێوان بریتانیا - ئەرژەنتین. 1983 - 2009 جەنگی سریلانکا. 1988-1994 جەنگی ناگۆرنۆ قەرەباغ. 1990-1991 جەنگی کەنداو، ئەمریکا و هاوپەیمانان  لەگەڵ عیراق. 1991-2002 جەنگی سۆمال. 1991 - 2001 جەنگی یۆگسلافیا.  1994 جەنگی رواندا، 800 هەزار کوژراو. 1996-2003 کۆنگۆ، جەنگی یەکەم و دووەم پێنج ملیۆن و 400 سەد هەزار کوژراو. 1998- 2000 جەنگی ئەسیوپیا. 2001 - 2026 جەنگی دژی ئیرهاب و رووداوەکانی تونس و لیبیا و میسر و سوریا و عیراق. 2001 - 2021 ئەمریکا - ئەفغانستان. 2003 -2011 ئەمریکا - عیراق. 2011 لیبیا. 2011 -2024 سوریا. 2013- 2026 سودان بەردەوامە. 2014-2026 یەمەن و بەردەوامە. 2023 غەززە تا ئێستا. 2025 لوبنان و تائێستا.
لە هەموو ئەو شەڕ و ماڵوێرانیانەدا نەتەوە یەکگرتووەکان ٪97ی بۆ نەوەستاوە! لەپاڵ ئەو جەنگ و شەڕانەدا، زلهێزەکان بە بەرچاوی UN ەوە دەیان ساڵ ئابڵوقەی ئابوورییان بەسەر چەندین وڵاتدا  سەپاندووە، بۆ نموونە؛ کوبا، روسیا، ڤەنزویلا، ئێران، عیراق ..هتد. ئەو شکستەی UN لە بەجێگەیاندنی سەرەکیترین ئەرکیدا و بێدەسەڵاتی لەبەرامبەر لاساریی و شکاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، نەک هەر لای چاودێران و سیاسەتمەداران و رۆژنامەنووسانی سەرتاسەری دونیا رەنگی داوەتەوە و بووەتە مایەی ناڕەزایی و گلەیی، بەڵکو خودی ئەنتۆنیو گۆتێرێزی سکرتێری UN یش. کاتێک لە وتاری کردنەوەی ئەم خولەدا، خولی  81 کە دوا وتاریشی دەبێت و بە روونی و ئاشکرا رەخنەی توندی لە رێکخراوەکە گرت و ئاماژەی بە لەدەست دەرچوونی دونیا دا بەهۆی جەنگەکانەوە، کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنی تیادا کوژراوە و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل کراون و UN نەیتوانیوە بەر بەو هەموو کوشت و کوشتارە بگرێت، دەبێت گۆڕانکاری بەسەر رۆڵ و کاری ئەم رێکخراوەدا بێت. بە زانیارییەک کۆتایی بە بابەتەکەم دەهێنم کە مانا و لێکدانەوە زۆر هەڵدەگرێت، هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە بەشێک لە کۆبوونەوە نا رەسمییەکانی دروستکردنی UN لە سان فرانسیسکۆ لەماڵی خاتوونێک کراون، بەناوی سالی ستانفۆرد کە خاوەن مەلها بووە!.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
شوان کەریم کابان
سەروەریی وەری
شوان کەریم کابان
پێشــــمەرگــــە
شوان کەریم کابان
وەرزی خۆ کۆکردنەوەیە!

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved