لەوانەیە هەندێک کەس بە تایبەت نەیار و ناحەزەکان، بڵێن دیسان بەزمەکەیە، بەڵێ بەزمەکەیە و قەتیش نابڕێتەوە، ئەم یاد و بیرەوەرییە مێژووە، بەشێک و پارچەیەکی بەرجەستەی مێژووی نووسراو و بەردەوام تۆماری یادەوەری و بنیاتنەری ئێستا و داینەمۆی جووڵەی داهاتووە، ئەو مێژووە زۆر کۆن نییە تا کەس بیری نەمابێت، رووداو و بەسەرهاتەکانی نە هێندە کۆنن نە بچووک و بێ کاریگەری بوون تاکو لە یادەوەریدا ون بووبن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەی دامەزرا و کەی شۆڕشی هەڵگیرساند؟ لە کاتێکدا بوو کوردستان شامی شەریف بوو؟ ئارامیی و سەقامگیریی بەرقەرار بوو؟ کورد بە مافەکانی خۆی گەیشتبوو؟ حکومەتی عیراق چارەی خۆنووسینی بۆ کورد سەلماندبوو؟ نەخێر، یەکێتی لە قورسترین و سەختترین کاتەکانی مێژووی نەتەوەکەماندا دامەزرا، لە پڕئازارترین ساتەکاندا بوو مەگەر کاتی ئەنفال و کیمیایی بارانی هەڵەبجە هێندە پڕسوێ و حەسرەت بووبن!
یەکێتی کاتێک دروست بوو، گەورەترین شکست و هەرەس لە مێژووی شۆڕشەکانی کورددا رویدابوو، نەتەوەکەمان نەهامەتی بەردەرگای گرتبوو، هیچ تروسکاییەک و ئومێدێک نەبوو، ئاسۆیەکی تاریک و چارەنووسێکی نادیار، یەکێتی بووە ئاسۆی گەشی نەتەوە و تروسکایی ئومێد لە تاریکترین رۆژدا.
کەی شۆڕشی هەڵگیرساند؟ ئەوکاتەی سوپای رژێمی بەعس دەستی گەیشتبووە دوورترین شوێنی کوردستان و رژێم سەرمەستی سەرکەوتن بوو، هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی نوێی بە مەحاڵ دەزانی، بەڵام هەر ساڵێک پاش دامەزراندنی یەکێتی، ئاگری شۆڕشی نوێ لە شاخەکانی کوردستان بڵێسەی دەدایەوە، ئەمە لە کاتێکدا بوو رژێمی رووخاوی بەعس دەستیکردبوو بە جێبەجێکردنی پیلانی چۆڵکردنی دێهاتە سنوورییەکانی کوردستان.
هەڵگرتنی ناو و سیفەتی شۆڕشی نوێ لەلایەن یەکێتییەوە، شتێکی سەرپێی و ناوێکی بێ ناوەرۆک و بۆ جوانی نەبوو، بەڵکو پڕ بە پێستی بوو، لە بیر و باوەڕدا نوێ بوو، لە پێکهاتەدا تازە بوو، لە قوربانیدان و گیانبەخشیندا نەریتێکی پیرۆزی هێنایەکایەوە، لە رێکخستن و پێشمەرگایەتیدا جۆرێکی دیکە بوو، لە شەڕ و پەلاماری پێشمەرگانەدا داهێنەر بوو، لە جۆری ئەندام و لایەنگر و رێکخستن و پێشمەرگە و سەرکردایەتیدا ستایلێکی دیکە بوو، ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ژیان تێیاندا بە بەرگێکی نوێوە بوو، لەم شۆڕشەدا ئەدەب، هونەر، رووناکبیریی شانبەشانی کاری پێشمەرگانە و رێکخستن رێیان دەکرد، لە هەموو ئەوانەش سەرسوڕهێنتر هەزاران پێشمەرگە و سەدان کادری سەربازیی و رێکخستن و دەیان سەرکردەی شەهید بووە و هەر بەپێوە ماوە!
زیاتر لە پێنج جار جیابوونەوە تێیدا روویداوە، ئەم هەر لەسەر پێی خۆی وەستاوە! دەیان پیلانی لێگیراوە ئەم هەر ئاڵاکەی بەرز دەشەکێتەوە! یەکێتی حزبی دوای هەرەس و حزبی ئێستا و ئایندەیە، حزبی رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال-ە.
لە یادی 51 ساڵەی دامەزراندنیدا و 50 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشە نوێیەکەدا، یەکێتی بەرچاوی روونە، کوردایەتی رێگەیەتی، خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان ئامانجێتی، راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لە هەرێمدا مەبەستێتی، چاوی لە چەسپاندنی عەدالەتە،  کار بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی خزمەتگوزار لە هەرێم دەکات، دژی تاکڕەوی و زۆردارییە، لە سەرو هەمووشیانەوە لەسەر رێبازەکەی مام و شەهیدان بەردەوامە، لە یادی دامەزراندن و هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێدا، سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved