لە 22-9-2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی دانیمارک، میتە فریدریکسن و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی ئۆتۆنۆمی گرینلاند یەنس فریدریک نێلس، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، رێککەوتنامەیەکیان ئیمزا کرد سەبارەت بە رێکخستنی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و دانیمارک و دورگەی گرینلاند کە زیاتر خەسڵەتی رێککەوتننامەکە پەیوەستە بە ئاسایشی جەمسەری باکوور و باکووری زەریای ئەتڵەسییەوە و رۆڵ و پێگە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە گرینلاند و ناوچەی جەمسەری باکووردا.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا و دانیمارک، بووە هۆی هێورکردنەوەی ئەو گرژییەی کە لەماوەی دوو ساڵی فەرمانڕەوایی ترەمپدا لە نێوان ئەمریکا و دانیمارک و بەرەی پەیمانی ئەتڵەسیدا هاتبووە گۆڕێ.
پێگەی جیۆسیاسیی گرینلاند
ئەم دورگەیە دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی کەنەدا کە دەکاتە ناوچەی جەمسەری باکوور و زەریای ئەتلەسی(1)، بەم پێیەش کەنەدا نزیکترین وڵاتە لە گرینلاندا و تەنیا 26کم لێیەوە دوورە، لەکاتێکدا نزیکترین وڵاتی ئەوروپا کە ئایسلاندایە، لە رێگەی تەنگەبەری دانیمارکەوە، 320کم لێیەوە دوورە.
گرینلاند، لە رێگەی دەریایەکەوە کە قووڵاییەکەی لە 180 مەتر تێناپەڕێت، بە ئەمریکاوە دەبەسترێتەوە. پێگەی ئەم دورگەیە، هەلی ئەوە دەڕەخسێنێت کە وەک بنکەیەکی چاودێریی بتوانێت هەرجۆرە هێرشێکی مووشەکی کە لەلایەن روسیاوە ئاراستەی ئەمریکا بکرێت، ئاشکرا بکات و پێش گەیشتنی بە ئاسمانی ئەمریکا تێکبشکێندرێت.
رووبەری گرینلاند: گرینلاند بە گەورەترین دورگەی جیهان دادەنرێت و رووبەرەکەی 2،166،086 کم2، لەو رووبەرە 1،710،000 کم2 بە سەهۆڵ داپۆشراوە کە دەکاتە نزیکەی %80 و 450086 کم2 بێ سەهۆڵ بەندانە و ناوەندی بەرزیی رووەکەشی دەگاتە 1792م و درێژیی کەناراوەکانیشی دەگاتە(44087 کم)(2).
ژمارەی دانیشتوانی گرینلاند: بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی 2025، ژمارەی دانیشتوانی ئەم دورگەیە دەگاتە 55762 کەس و نەتەوەی سەرەکی تێیدا بریتین لە ئینۆیت کە بە خۆیان دەڵێن کالالیت و لە خۆرئاوای دورگەکە دەژین، هەروەها ئیۆجیت لە هەرێمی سۆلی و ئیت لە خۆرهەڵاتی دورگەکەن، ئەمانە پێکەوە رێژەی 89,4 % دانیشتوان پێکدەهێنن، %10،6 برتین لە دانیمارکی و نەتەوەی دیکە.
چاوتێبڕینی ئەمریکا مێژوویەکی هەیە
لە سەرەتاکانی جەنگی ساردەوە، ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە بنکەیەکی ئەتۆمی نهێنی لە گرینلاند دابمەزرێنێت دژی مەترسییەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، بەڵام ئەم هەوڵەی سەرکەوتوو نەبوو، ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە لەسەردەمی جەنگی سارددا، بە تایبەتیش لە ساڵی 1946دا و لە سەردەمی سەرۆک (هاری ترۆمان) سی و سێهەمین سەرۆکی ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە گرینلاند لە دانیمارک بکڕێت، بە هۆکاری بایەخی جیۆستراتیژی شوێنەکەی کە نزیکە لە یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە، باسیش لەوە دەکرێت کە ئەمریکا بڕی (100ملیۆن دۆلار)ی بە زێر پێشکەش بە دانیمارک کردووە، لەگەڵ بەشێک لە نەوتی ئالاسکا بەرامبەر رازیبوونی دانیمارک بەوەی کە دەست لە دورگەی گرینلاند هەڵبگرێت(3)، کەواتە بیرۆکە و چاوتێبڕینی ئەمریکا بۆ گرینلاند نوێ نییە و مێژوویەکی 80 ساڵی هەیە، ئەم بیرۆکەیەش لای پارتی دیموکراتی ئەمریکیش هەبووە، بەو پێیەی (سەرۆک هاری ترومان) دیموکراتی بووە.
بایەخی جیۆئابووری دورگەی گرینلاند:
لەگەڵ بە دەرکەوتنی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و لێدانی زەنگی مەترسی لەمەڕ ئەوەی کە بەستەڵەکەکانی جەمسەری باکوور و دورگەی گرینلاند بە خێراییەکی گەورە دەتوێنەوەو لە دەرەنجامدا خاکی گرینلاند بەدەردەکەوێت و چەندین سەرچاوە و دەرامەتی سروشتی خاو کە هێشتا دەستی مرۆڤی پێ نەگەیشتووە بەدەرکەوتوون و دەدۆزرێنەوە، بەم هۆکارەش زلهێزەکانی جیهان (روسیا، چین، ئەمریکا) گەرەکیانە خۆیان لەم دەرامەتە سروشتییانە نزیکبکەنەوە و هەر لە ئێستاوە هانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان دەدەن وەبەرهێنانی گەورە بۆ ئەو سەرچاوە خاوە زۆرە بکەن، هەروەها زەبەلاحێکی ئابووری وەک چین لە پرۆژە ستراتیژییەکەیدا (رێگای ئاوریشم) پلانی ئەوەی هەیە کە (پرۆژەی ئاوریشمی جەمسەریی)، بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و نزیکببێتەوە لە جەمسەری باکوور و دورگەی گرینلاند و بیکاتە شاڕێی بازرگانیی دەریایی، ئەم دورگەیە چەند خەسڵەتێکی جیۆئابووری لەخۆدەگرێت لەوانە(4):
یەکەم: لەخۆگرتنی نزیکەی %7ی ئاوی سازگاری جیهان لە شێوەی سەهۆڵین و بەستەڵەکدا بەدەردەکەوێت.
دووەم: یەدەگی نەوتی تێیدا بە %13 نەوتی نەدۆزراوەی جیهان مەزندە دەکرێت.
سێیەم: گرینلاند یەدەگێکی زۆر لە کانزا دەگمەنەکانی جیهان لەخۆدەگرێت کە لە بواری پیشەسازی هاوچەرخدا بەکاردەهێنرێت، وەک پیشەسازییە ئەلیکترۆنی و زیرەکەکانی سەردەم.
گرنگترین رەگەزە دەگمەنەکانیش بریتیین لە (نیودیمیۆم و دیسبرۆسیۆم و براسیۆدیمیۆم) ئەم رەگەزانەش راستەوخۆ پەیوەستن بە تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵی پێشکەوەتووی سیستمە سەربازییە ورد و پێشکەوتووەکانەوە .
چوارەم: گرینلاند یەدەگێکی یەکجار زۆری لە تیتانیۆم و ئاسن و زەنگ و یۆرانیۆم لەخۆگرتووە، ئەم سەرچاوانەش ئەوەندەی دیکە بایەخی جیۆ- ئابووری دورگەکە بە بەهاتر دەکات، هەروەها گرینلاند بە ناوچەیەکی دەوڵەمەند دەژمێردرێت بە بوونی سامانی ماسی و دەتوانرێت پیشەی راوی دەریایی بازرگانی تێدا بەرفراوانتر بکرێت .
بایەخی جیۆسەربازیی گرینلاند
لەدوای کۆتاییهاتنی دووەم جەنگی جیهانەوە، ئەمریکا بە گوێرەی تیۆرە سیاسییەکان مامەڵەی لەگەل هزر و سیاسەتی سۆڤیەتدا دەکرد و توانا سەربازی و جیۆسیاسییەکانی خۆی بە شێوەیەک ئاراستە دەکرد کە (بواری زیندووی) سۆڤیەت بچووکتر بکاتەوە، لەم پێناوەشدا مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ دورگەی گرینلاند کردووە و ئەم سێ هەنگاوە جیۆسەربازییەی بەرامبەر گرینلاند ناوە(5):
یەکەم: لە ساڵی 1951وە ئەمریکا بنکەیەکی سەربازی و هەواڵگریی پێشکەوتووی بە ناوی (بنکەی بیتۆڤیکی پەیوەست بە بۆشایی ئاسمان) دامەزراندووە کە بریتییە لە بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانی و چاودێرییەکی چڕی ئاسمان دەکات و هێزێکی سەربازی پاڵپشت بە بەرگریی مووشەکی لە خۆگرتووە و بە بەردەوامی چاودێریی هێزی ئاسمانی سۆڤیەتی دەکرد.
دووەم: بەوپێیەی گرینلاند دەکەوێتە سەر رێڕەوی دەریایی گرینلاند و ئایسلەندا و شانشینی یەکگرتوو GIUk ئەم رێرەوەش دەکەوێتە باکووری زەریای ئەتڵەسی و بایەخێکی جیۆسیاسیی گەورەی هەیە بۆ ئەو کەشتییانەی کە لە نێوان زەریای ئەتڵەسی و جەمسەری باکوور لەلایەک و نێوان ئەمریکای باکوور و ئەوروپا هاتوچۆ دەکەن و دەتوانرێت چاودێریی هاتووچۆ و ئاسایشی رێرەوەکانیشی تێدا زامن بکرێت.
سێیەم: بەهۆی بایەخی پێگەی گرینلاندەوە، دەکرێت بنکە و بەندەری جۆراوجۆری لۆجستی و کۆگای سووتەمەنی و چاککردنەوەی تێدا بونیادبنرێت و لە خزمەتی هێزی سەربازیی ئەمریکا و ناتۆدا بێت.
ئامانج لە رێککەوتننامەی گرینلاند
لە رێککەوتننامەکەی 22/9/2026 ئەمریکا سێ خاڵی سەرەکی لا گرنگ بوو کە لەو رێککەوتننامەدا بیچەسپێنێت کە ئەوانیش بریتیبوون لە:
1-بوونیادنانی دوو بنکەی دیکەی سەربازی لە گرینلاندا، یەکەمیان لە خۆرهەڵاتی دورگەکە بەناوی (بنکەی مستەر سفیک) کە دەکرێت وەک بنکەیەکی هێزی تایبەت سوودی لێوەربگیرێت و ئەمریکا ژمارەیەک کەشتی و چەکی سەهۆڵ شکێنیان تێدا جێگیربکات، بنکەی دووەمیان لە باشووری گرینلاند بەناوی (بنکەی نارساسواک) کە بریتییە لە بنکەیەک و بەندەرێکی گەورە کە توانای لەخۆگرتنی کەشتیی گەورەی هەیە بۆ رێکردن لە ئاوی قووڵدا.
2-بونیادنانی ئەم دوو بنکە سەربازییە نوێیە، جگە لە بنکە کۆنەکەی ئەمریکا (بیتۆفیک)، رۆڵی بنکەی (ئاگادارکردنەوەی پێش وەخت) دەبینن بۆ ئەو مووشەکە کیشوەربڕانەی کە لە روسیاوە ئاراستە دەکرێن و دەکرێت هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی بن، پێشوەخت سیستمی ئاگادارکردنەوەی نیۆ ئەم بنکانە بە ماوەی (10خولەک) پێش واشنتن لە تەقاندن و ئاراستەکردنیان ئاگادار دەبن(6).
هەر لەم ناوچەیەدا ئەمریکا پشت بە کەشتیگەلە ژێردەریاییە ئەتۆمییەکەی دەبەستێت کە ژمارەیان نزیکەی 68 ژێردەریایی هێرشبەر و ژێردەریایی هەڵگری مووشەکی بالیستییە کە لە نزیک جەمسەری باکوور و رێرەوەکانی نزیک گرینلاند هاتووچۆ دەکەن و ئەرکی چاودێری و رەتدانەوە لە ئەستۆ دەگرن(7).
3-دورخستنەوەی رۆڵی چین و روسیا لە دورگەی گرینلاند و دەوروبەری لە ئاستی سەربازی و ئابووری و رێگەنەدان کە وەبەرهێنان لەم دورگە پاکیزەدا بکەن و رێرەوی ئاوی جەمسەری باکووری چینیش بێ بەها بکرێت.
سەرچاوەکان:
1- د. علي سعدي عبدلزهرة، جزیرة غرینلاند: الاهمیة الاستراتیجیة و الاقتصادیة و المطامح الامریکیة، مرکز البیدر للدراسات و التخطیط/ص2.
2-د.عصام سرحان عذیب و راغب فالح حسن، المکانة الجیوستراجیة الدولیة لجزیرة غرینلاند، المجلة العراقیة للعلوم السیاسة، سنة السابعة، العدد19/ ص391/2026.
3- تقدیرات المستقبل، سیناریوهات ثلاثة: دوافع و مآلات التحرکات الامریکیة ازاء غرینلاند، مرکز مستقبل الابحاث و الدراسات المتقدمة،ص2/2026
4- أ-عبدالالە عبدالسلام، الجیو اقتصاد العالمي للمعادن الحرجة، التحول الطاقوي، سلاسل القیمة و صراع القوی الکبری، الدوحة، المرکز العربي لابحاث و دراسة السیاسات.ص21/2026.
ب: د.علي بشار بکر، التسابق الدولي علی القطب الشمالي و جزیرة غرینلاند بعد عام 2025 و تأثیرە علی النظام الدولي، مجلة الرافدین للعلوم السیاسیة، المجلد2/العدد3/ ص 267 لسنة /2026.
5- Gabija Leclerc, Greenland:Caught in the aractic Geopolitical contest, EPRS European Parlimentary Resrrch Service March 2025.
6 -عبدللە بن محمدالعنزي، الردع النووي و منظومات الانذار المبکر في الستراتیجیة الامریکیة: العروض العلیا و الفضاء القطبي، الدوحة/2023، المرکز العربي للابحاث و دراسة السیاسات.
7- د. علي بشار بکر، مصدر سابق.ص268.
*پسپۆڕی جیوسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی