بالەو راستییەوە دەستپێبکەم، هەموو ئەو سەرکردانەی لەناو وڵات و دەرەوەى وڵاتەکانى خۆیاندا ناودار و هێزى گۆڕانکاریان هەیە، یەک عەقڵ و یەک بیروبۆچوون و یەک تەکتیکى سیاسیان نییە، ئەمە سەرەتاى دەستبردنە بۆ شرۆڤەى سیاسی، لەناو دنیاى سیاسەتیشدا ئاساییە بەچ تێز و شێوازێک گوزارشت لە بیروبۆچوون و داواو داخوازیی خەڵکەکەى خۆت دەکەیت، گرنگ ئەوەیە داخوازییەکانى خەڵک جێبەجێ بکەیت و چیتر پشتیان تێنەکەیت و راستییەکان وەکو ئەوەى هەیە بیڵێیت و چارەسەرى یەکجارەکیان بۆ بدۆزیتەوە.. بەبڕواى من کاک"بافڵ تاڵەبانى" یەکێک لەو سەرکردانەیە یەکەم نەشتەرگەریی بۆ جەستەى حوکمڕانێتیمان کرد، دەستیبرد بۆ هەستیارترین جێگەى ئەو جەستەیە کە دڵیەتى، دەستیبرد بۆ گۆڕینى وتار و ستەیجە مردووەى کە خەڵک باوەڕى پێیان نەماوە، دەتوانین بڵێین سەرکردەیەکى جیاوازە. دەستبردن بۆوەها فۆڕمێک بەڕاستى جەرائەتێکى زۆرى دەوێ و بەتایبەتى لەکاتى بانگەشەى"ی.ن.ک"دا، کە هیچ سەرکردەیەکى ترى ناو یەکێتى و دەرەوەى یەکێتى ئابەوشێوە جورئەتى ئەوەى نەکردووە دەستى بۆ ببات! ئەو کردى و بەڕاستەوخۆیی و ناڕاستەوخۆیی پێیووتین دەبێت سەرکردەکانى یەکێتى خۆیان لەگەڵ تەرزى گۆڕانکارییەکان رابێنن و چیتر نابێ لەسەر ستەیجێکى مردو و لەپشتى میمبەرێکەوە مڕومۆچ بووەستن و وتاریان بۆ بنووسرێتەوە و قسەى پاکەتى بۆ خەڵک بکەن. ئەمڕۆ خەڵک پێویستى بەوە هەیە روون و راست لەگەڵیدا بدوێیی و چی لەدڵتایە بیڵێیت و تەمسیلى لەگەڵدا نەکەیت و پێکیشەوە دەست ببەن بۆ برینەکان و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. ئەو ئەوەى تێپەڕاند و دەیەوێ راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا بدوێ و پێشیان بڵێ چیتر ئەو سەرکردانە موقەدەس نین کە خەڵکەکەى خۆیان لە قەیران هەڵکێشاوە و ستەیج و میمبەرى روو زەرد بووە بەرابردوویان، ئەو ئەیەوێ خەڵک وتارەکەى لەگەڵدا تەواو بکا و دەستیان دەگرێ و بەجوڵە سەیر و زۆرەکانى و کاتێکیش مایک بۆ خەڵک دەگرێ و دەڵێ لەگەڵمدا ئەم رستەیە، ئەم دروشمە بڵێنەوە، تەنها مەبەستى ئەو ئەوەیە کە پێمانبڵێ هەرشتێ کە مایەى گەشەسەندنى خەڵک بێت بۆچى لەژێر وتارێکى رەق و تەق و دەموچاوى سەرکردەیەکى رووگرژ و تەواو پۆلیسییەوە بشاردرێتەوە. ئایا کاک"بافڵ" یەکەم سەرکردەیە ئەو میمبەر و ستەیجە هیچ لەبارانەبووەى تێپەڕاندبێ؟ لەوەڵامدا دەڵێین بەڵێ ئەو یەکەم سەرکردەى حزبێکى باڵادەستە ئەو رێچکە تەقلیدییەى شکاندبێ و بەهەموانى وت: ئەگەر بمانەوێ و بەرژەوەندى خەڵک لەبەرچاو بگرین دەتوانین دەستبەرین بۆ هەستیارترین جومگەى ئەو حوکمڕانێتییەى لەئەوپەڕی ماندوێتی خەڵکیشدا تاڵاوى پێشکەش دەکات! هەربۆیە دەستخۆشى لەوەها سەرکردەیەک دەکەم کە درزدەخاتە تابلۆى تەقلیدى سیاسیی و هەرکاتێکیش پێویست بکات تەواو دەیشکێنێ و ئەو بەوەها کارێک کە من دڵنیام بەرنامەو پلان و ستراتیژیى زۆر زیاترى هەیە بۆئەوەى خەڵک بەگشتى و ناوخۆى یەکێتى لەگەڵ سیاسەتى واقیعبینانە و مۆدرێندا رابێنێ و بڵێت: من لەخۆمەوە دەستم پێکردووە، ئەمجۆرەش لە سیاسەت و موخاتەبەکردنى خەڵک بوونی هەیە و ئەى بۆ جێبەجێی نەکەین، فەرموون چ سیاسەت و ستراتیژێک خەڵک ئاسوودە دەکا و دەیکاتەوە بەکارەکتەرێکى چالاک و بەشداریى سیاسیی پێ بکرێ بۆ هەموو پێکەوەو بەیەک تیم سەرینەخەین.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved