چەندە كەمیش بێت نامەوێت لەسەر ئـەو دیوەی مامۆستا "برایم ئـەحمەد" بووەستم كە نووسەر و ڕووناكبیر و شاعیرێكی گەورە بووە، دیارە ئـەوەش پێویستی بە چەندین لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی ئـەدەبی و سیاسیی هەیە..
ئـەوەی مەبەستمە لەسەر ئـەو بیڵێم ئـەوەیە كە مامۆستا "برایم" سیاسییەكی وریا و بێشك سیاسەتمەدارێكی گەورە بوو، ئـەو سەردەمەی كە ئـەوی تێدا ژیاوە و وەكو سیاسییەك دەستیكردووە بە چالاكی سیاسی، ئـاگای لەو گۆڕانكارییانە هەبووە كە لەناوخۆ و ناوچەكە و تەنانەت جیهانیشدا ڕوویانداوە، واتا خوێندەوارێكی ڕاستەقینە بووە و بە بەردەوامی لەگەڵ ئـەوەدا نەبووە كە مستەقبەلی كورد بخرێتە ناو یەك سەبەتەوە، بە بەردەوامی لەگەڵ ئـەوەدا بووە هیچ كەسێك، هیچ سەركردەیەك بەخۆیشیەوە تەقدیس نەكرێ، ئـەو پانتاییەی ئـەو ویستویەتی بۆ ئـەوەی هەموو كەس تیایدا ئـازادبێ و هەرچی هەیە بێ گوێدانە چاوسووركردنەوە و تۆقاندن بیڵێ، هەوڵی زۆری بۆداوە بۆ ئـەوەی بناغەیان بۆ دابنرێ..
ئـەو ململانێ و شەڕەی ئـەو لەڕابردودا و لەسەركۆی ئـەوشتانە كردوویەتی كە لەلای ئـەو بوو بووە بیروبڕوا و دەبێت بەرگرییان لێ بكات، تا ئـەوساتەی جێشیهێشتین تۆزقاڵێك چییە لێی لانەدا. هەربۆیە لە دوای (2٤) ساڵ لە ماڵئاوایی كردنی هێشتا دوژمنانی ئـازادی و دیموكراسی، سەرکردەی نەزان و بێ مۆڕاڵ، مستەقبەلی كورد دەخەنە ناویەك سەبەتەوە، کار بۆ ئەوە دەکەن سەركردە تەقدیس بكرێ، ھەوڵ بۆ ئەوە دەدەن ئـەو پانتاییە دروست نەكرێ كە تیایدا هەموو كەس ئـازادبێ.
ئـەوەی وای لە من كرد ئـەم مامۆستایەم ئـەوەندەیتر لەلا خۆشەویست ببێت، لە دوای (2٤) ساڵ لە لەماڵئاوایی كردنی هێشتا بيروڕاكانى، ئـەو گفتوگۆیەی ئـەو گەرمی كردووە، هێشتا لەسەرەتای ڕستەدایە، پیاوی گەورە ململانێی گەورە دەكات، هەربۆیە ساڵڕۆژی مردنەكەیشی بووتە وێستگەیەك بۆ كۆبوونەوەی ڕۆشنفكران.