هونەری گفتوگۆ، بۆ زیاتر لەیەكگەیشتنی نێوان دوو دەوڵەت یان دوو لایەنی سیاسیی یان دوو كەسی ئـاسایی.. لەچوارچێوەی دبلۆماسییەت و زیاتر زەمینە رەخساندن بۆ لەیەكگەیشتنی نێوانیان دروست دەبێت.
مێژووی هونەری گفتوگۆ، مێژوویەكی دێرینەو لەگەڵ گەشەسەندن و بەرەو پێشچوونی مرۆڤدا، ئـەم هونەرەش گەشەی بەخۆوەبینیوەو لەئـێستادا بووەتە یەكێك لە تیورە سەرەكییەكانی ناو دنیای سیاسەت و بەشە جیاجیاكانی كۆمەڵگاشی بەیەكەوە بەستۆتەوە.
واتا بەبێ گفتوگۆو گەیشتن بەلێكتێگەیشتن مەحاڵە بتواندرێت هاوسەنگی جیهان رابگیرێت. لەنەبوونی گفتوگۆدا جیهان دەبێتە شەڕگەیەكی فراوان و لە دڕندەخانەیەك زیاتر شتێكی تری لێ چاوەڕوان ناكرێت، كاتێكیش گفتوگۆ گەشە دەكاو خۆی لە تیورە هەڵدەكێشێ، تا ئـاستێك جەنگ و توندوتیژییەكان خاودەبنەوەو لەزۆر جێگادا تا ئـاستی نەمان دەڕۆن.
بابزانین لە باشوری كوردستانداو لە دوای راپەڕینەوە و لە نێوان حزبەكاندا گفتوگۆكانیان بەچ رێگایەكدا رۆیشتووەو جێیخۆیەتی لەوەش بپرسین ئـایا گفتوگۆی نێوانیان بەچ نیازێك تائـێستا كراوە؟ بۆ لێكتێگەیشتن و چارەسەری كێشەكان بووە یان بۆ لەخشتەبردن و بۆ موزایەدەكردن یان بۆ كات كوشتن بووە..؟
بەبڕوای من بەئێستاشەوە، خراپترین لایەنی سیاسی كە تائێستاو لەم چەند ساڵەدا گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیتردا كردبێ و بەرژەوەندییە حزبییەكانی خۆی لەسەرو هەموو بەرژەوەندییەكانی ترەوە دانابێ و باكی بەئایندە سیاسییەكەی وڵاتەكەی نەبێت "پارتی دیموكراتی كوردستان"ە، تائـێستا گفتوگۆی كردبێت لەسەر بنچینەی لە خشتەبردن و موزایەدەكردن و كات كوشتن بووە، پێش ئـەوەی گفتوگۆ بكات لەگەڵ لایەنە نەیارەكانی بەرامبەریدا، ئـەو ئـەوەی بڕاندۆتەوە كە خۆی حاكمی موتڵەق و ئـەوەی راستییەكانی لابێت "پارتی"یە نەك ئـەوانیدی. لەناو كۆمەڵێ ماددەو بڕگەی تەمومژاویشدا كە دواجار سەری لەوەوە دەردەچێت منی براگەورەو ئـێوەی برا بچووك، منی مەزڵوم و ئـێوەی ستەمكار، گفتوگۆكان دەبات بەڕێوە.
لێرەوە لەوە تێدەگەین تا "پارتی" بەم سیاسەت و ستراتیژە كار بكاو گفتوگۆی نێوان خۆی و لایەنە نەیارەكانی بەرامبەری ببات بەڕێوە، ئەستەمە بتواندرێ كەشە سیاسییەكەی هەرێم كە لەناو شپرزەیی و بێسەروبەرەییدا ونە روولەچاكسازیی راستەقینە بكات، جێی شەرمەزارییە لەدوای سی ساڵ زیاتر لە خۆبەڕێوەبەریی و دامەزراندنی حكومەت و پەرلەمان، چاوەڕێی رووداوی خراپتر بكەین.
بابەتی زیاتر