بەشی یەکەم
شوباتی ١٩٥٨ یەکێتی نێوان میسڕ و سوریا بەناوی کۆماری یەکگرتووی عەرەبی.....
شوکری قوەتلی سەرۆکی سوریا، لە پێناوی یەکگرتنەکەدا دەستبەرداری پۆستی سەرۆکایەتییەکەی بوو، کە ئەوەش لە مێژووی وڵاتانی عەرەبیدا بە یەکەم سەرۆک دادەنرێ، کە خۆی دەستبەرداری پۆستەکەی بووبیت.
جەمال عەبدولناسڕ زۆر بەلایەوە گرنگ نەبوو یەکگرتنەکە ئەنجام بدەن، بەڵام سورییەکان زۆر پێداگربوون لەسەری، بە تایبەتی ئەفسەرە بەعسییەکانی ناو سوپای سوریا. ناسڕ مەرجی زۆر سەختی لەسەر سورییەکان دانا، یەکێک لەوانەش بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی هەموو حیزبە سورییەکان و دوورکەوتنەوەی ئەفسەرە سورییەکان لە ژیانی سیاسی، کە ئەوەش بەو مانایە دەهات، کە ئیتر کۆتایی دێت بە فرەحیزبی و فرەبۆچوونی لە دەوڵەتە نوێیەکەدا.
سورییه‌كان وه‌ڵامی مه‌رجه‌كانی ناسڕیان دایه‌وه و به‌په‌له بڕیاریاندا هه‌موو حیزبه سورییه‌كان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه (حیزبی به‌عس) له كاتێكدا ئه‌و حیزبه یه‌كێك بوو له داڕێژه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی یه‌كگرتنه‌كه‌ی سوریا و میسڕ، حیزبی به‌عس لە سوریادا خاوه‌نی بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری زۆر بوو، به تایبه‌تی له‌ناو ڕیزه‌كانی سوپای وڵات‌دا.
(حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بیی ئیشتراكی) درێژكراوه‌ی (حیزبی به‌عس) بوو، كه (میشێل عه‌فله‌ق) دامه‌زرێنه‌ری حیزبه‌كه بوو و له ساڵی ١٩٤٧ دایمه‌زراندبوو، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ (حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بیی ئیشتراكی) یه‌كیانگرت، كه (ئه‌كره‌م حۆڕانی) له ساڵی ١٩٥٢ دایمه‌زراندبوو، حیزبه‌كه‌ش بوو به حیزبی یه‌كه‌م و تاك كه ئایدۆلۆژیا و هێڵه فیكرییه‌كه‌ی تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوو له ( الاشتراكیه و القومیه). په‌یامی سه‌ره‌كی حیزبه‌كه بریتی بوو له یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزی له‌نێوان جه‌مسه‌ره عه‌ره‌بییه‌كان، كه دواتر سیاسه‌تی كوده‌تای جه‌ماوه‌ریی گرته‌بەر له دژی ده‌سه‌ڵاته به‌كرێگیراوه‌كان.
حیزبی به‌عس له هۆکارە هه‌ره دیاره‌كانی یه‌كگرتنەکە بوو له‌گه‌ڵ میسڕ، به‌ڵام هه‌ر زوو بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆیدا، وه‌كو وه‌ڵامێك و دڵنیایی به‌خشینێك بۆ مه‌رج و داواكارییه‌كانی جه‌مال عه‌بدولناسڕ، كه دواتر ئه‌و بڕیاره‌ی حیزبه‌كه بووه هۆكاری دروستبوونی گرفت و قه‌یرانی گه‌وره و قوڵ له‌نێوان سه‌ركرده‌كانی حیزبه‌كه و بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی.
ئه‌م بڕیاره بووه هۆكاری لێكترازان و دابه‌شبوون له‌ناو حیزبه‌كه‌دا، به جۆرێك،
له كاتێكدا حیزبه‌كه بانگه‌شه‌ی یه‌كبوون و ئازادی و ئیشتراكیی ده‌كرد، به‌ڵام ئازادییه‌كه‌ی له‌وه‌دا كورتبۆوه، كه بڕیاریدا مه‌رجه‌كانی ناسڕ قبوڵ بكات له‌پێناو یه‌كگرتنێك، كه جێگای هیچ حیزبێكی تری تێدا نه‌بێته‌وه و هەموو حیزبێک قه‌ده‌غه بكرێت!!
له ڕاپرسییه‌كی گه‌وره‌دا، جه‌مال عه‌بدولناسڕ به سه‌رۆكی (كۆماری عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو) هەڵبژێردرا، به‌ڵام یه‌كگرتنه‌كه به ئه‌نجام نه‌گه‌یشت، تا هه‌موو شتێك نه‌گۆڕا، هه‌ر زوو سورییه‌كان هه‌ستیان به بێ ئومێدی كرد، كاتێك بینیان شێوازی مامه‌ڵه‌کردنی ناسڕ زۆر تاكلایه‌نانە و خۆسه‌پێنانە بوو، كه دەرفەتی سیاسیی له‌سه‌ر هه‌رێمی باشوور به‌رته‌سك كرده‌وه. بڕیاردرا كاروباری یه‌كگرتنه‌كه له ده‌ستی وه‌زاره‌تێكی مه‌ركه‌زییدا بێت، به‌ڵام له وه‌زاره‌ته‌كه‌دا ته‌نها دوو كه‌سی سوریی تێدا ئه‌ندام بوون.
له ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانیشدا، ناسڕ ئه‌نجومه‌نێكی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتووی پێكهێنا، كه پێكهاتبوو له ٦٠٠ ئه‌ندام، كه ٤٠٠ ئه‌ندام بۆ میسڕ بوو و ٢٠٠ ئه‌ندامیش بۆ سوریا، كه هه‌مووشیان له‌لایه‌ن خودی ناسڕه‌وه ده‌ستنیشان كران و داندران.
به بونیادنانی ده‌سه‌ڵاتدارییەکی خۆسه‌پێنانە، ناسڕ هه‌موو ڕه‌گه سیاسییه‌كانی سوریای ڕیشه‌كێش كرد و هه‌موو مه‌یدانه‌كانی له‌ژێر پێی به‌عس ده‌رهێنا، له‌وكاته‌دا سه‌ركرده و ئه‌فسه‌ره به‌عسییه‌كان له شۆكدا بوون و باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد، كه ناسڕ به‌مشێوه‌یه دووریان ده‌خاته‌وه و ئابڵوقه‌یان ده‌خاته سه‌ر، بۆیه هه‌ر له‌وێدا به‌شێكی زۆریان بێ هیوابوون و به‌په‌له به‌ره‌و خاكی سوریا گەڕانەوە.
هه‌ر زوو ئه‌فسه‌ره سورییه‌كان هه‌ستیان به‌وه ده‌كرد، كه له‌ناو سوپادا وه‌كو هاووڵاتی و كادیری پله دوو هه‌ژمارده‌كرێن.
ناسڕ هه‌میشه به هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ربازه سورییه‌كان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی ئەوانەی خاوه‌نی بیروباوه‌ڕی سیاسی بوون، بۆیه ناسڕ زۆر به خێرایی گورزێكی كوشنده‌ی لێوه‌شاندن، به‌په‌له خاوه‌ن هه‌ژموون و كه‌سایه‌تییه كاریگه‌ره‌كانی خستنه زیندانه‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆریشی گواستنه‌وه ناو خاكی میسڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژێر هه‌ژموون و فه‌رمانڕه‌وایی میسڕییه‌كاندا بن.
له‌ناو ئه‌و ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه گوازراوانه‌دا پێنج ئه‌فسه‌ری به‌عسیی هه‌بوون، كه دواتر بوونه خاوه‌نی ڕۆڵ و كاریگه‌رییه‌كی زۆر له مێژووی سوریادا، ئه‌وانیش بریتین له:
١- موقه‌ده‌م محه‌مه‌د عومران: خاوه‌ن عه‌قڵی ئاراسته‌كردن و به ته‌مه‌نتر له هه‌موویان، له ئه‌فسه‌ره ئاسایی و ته‌قلیدییه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكو كه‌سێكی زۆر خوێنده‌وار و خاوه‌ن پاشخانێكی مه‌عریفی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، توانایه‌كی له ڕادده‌به‌ده‌ری له گفتوگۆی سیاسیی و دیبلۆماسیدا هەبوو.
٢- ڕائید سه‌ڵاح جه‌دید: زیره‌ك و خاوه‌ن هه‌ڵوێستی نەگۆڕ، زۆر بێده‌نگ و نادیار بوو، له‌و كه‌سایه‌تییانه بوو، كه زۆرتر گوێگربوو، وه‌ك له‌وه‌ی قسه‌كه‌ر بێت، زۆر به‌ڕوونی خاوه‌نی ئایدیایه‌كی چه‌پ بوو.
٣- نه‌قیب عه‌بدولكه‌ریم جوندی: زۆر هه‌ستیار و زۆرزان بوو، خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی كاریزمایی و جوڵێنه‌ر بوو.
٤- ڕائید ئه‌حمه‌د میر: سه‌ربازێكی دڵسۆزی به‌عسی و زۆر نزیك و دڵسۆزی هاوڕێكانی بوو.
٥- نه‌قیب حافز ئه‌سه‌د: ئه‌و پیاوه‌ی بە بەراورد بە هاوڕێکانی خاوه‌نی وریاییه‌كی زۆربوو، به‌هێز له بێده‌نگی و نهێنی پارێزیدا، ئه‌وه فێرببوو، كه زه‌وییه‌كه‌ی به‌رده‌می باش بپشكنێ به‌رله‌وه‌ی هه‌نگاوی به‌سه‌ردا بنێت.
ئه‌و پێنج ئه‌فسه‌ره له ساڵی ١٩٦٠ شانه‌ی نهێنیان له‌ناو سوپادا دروستكرد، كه به (لیژنه‌ی سه‌ربازی) ناسرا. ئه‌و پێنج ئه‌فسه‌ره له یه‌ك ئامانجدا به‌شداربوون، كه ئه‌ویش بریتی بوو له به‌شدارییەکی كارا له كۆمه‌ڵگا كه‌مینەکان له‌گه‌ڵ بێده‌نگی و نهێنی پارێزیدا. سێ له‌و ئه‌فسه‌رانه له پێكهاته‌ی عه‌له‌وییه‌كانی سوریا بوون و دوانیشیان له (فرقه‌ی ئیسماعیلییه‌كان) بوون.
یه‌كه‌م خاڵ كه له‌سه‌ری ڕێككه‌وتن ئه‌وه‌بوو، سوێندیان خوارد و به‌ڵێنیان دووپاتكرده‌وه له‌سه‌ر پاراستنی نهێنییه‌كان.
له‌وكاته‌دا (لیژنه‌ی سه‌ربازی) بیریان له‌وه نەدە‌كرده‌وه كه ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست، به‌ڵام سكاڵای زۆر و ناڕه‌زایه‌تی ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازانی سوری و بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی به‌عس به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كانی ناسڕ، وای لێ‌كردن به قوڵی بیربكه‌نه‌وه، به‌ڵام دوودڵ و دڕدۆنگ بوون ده‌رباره‌ی چاره‌نووسی یه‌كگرتنه‌كه، كه ڕووبه‌ڕووی ناڕه‌زایه‌تی و ڕه‌خنه‌ی زۆری سورییه‌كان بووەتەوە.
له‌ناو پێنج ئه‌فسه‌ره به‌عسییه‌كه‌دا، محه‌مه‌د عومران، داواكار و داڕێژه‌ری دروستكردنی لیژنه‌ی سه‌ربازی بوو، له‌ناكاو ڕووداوه‌كانیش ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان ڕه‌خساند، كه یه‌كێتییه‌كه‌ی نێوان میسر و سوریا هه‌ره‌س بهێنێت.
عه‌بدولكه‌ریم نه‌حلاوی، كه ئه‌فسه‌رێكی سوری بوو، ڕابه‌رایه‌تی ئه‌فسه‌رانی دیمه‌شقی ده‌كرد و پێشڕه‌ویی كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی له ٢٨ی ئەیلولی١٩٦١ به‌سه‌ر ناسڕدا له سوریا کرد.
له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌وڵه سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌كانیدا، ناسڕ نه‌یتوانی به‌ر به‌و جیابوونه‌وه‌یه بگرێت، به‌ڵام بۆ گێڕانه‌وه‌ی یه‌كێتییه‌كه هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی ده‌ستگیركردن و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌نجامدا و له‌و هه‌ڵمه‌ته‌شدا ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌فسه‌ره سورییه‌كانی ده‌ستگیركرد، كه له‌ناو خاكی میسڕدا خزمه‌تیان ده‌كرد، له‌ناویشیاندا هه‌موو ئه‌ندامانی (لیژنه‌ی سه‌ربازی به‌عسی)، كه دواتر ئازادكران، به‌ڵام جارێكی تر به‌ره‌و سوریا دوورخرانه‌وه.
نه‌حلاوی و ئه‌و ئه‌فسه‌ره سورییانه‌ی كوده‌تاكه‌یان ئه‌نجامدا، ناویان لێ‌نرا (جوداخوازه‌كان).
له مانگی نیسانی ١٩٦٢ دكتۆر نازم قودسی ده‌سه‌ڵاتی سوریای گرته‌ده‌ست، له‌و سه‌روبه‌نده‌دا سوریا خه‌ریك بوو هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسوده‌ی هه‌ڵده‌كێشا، حكومه‌ت هه‌وڵی خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شی ئازادی و فره‌یی بۆ وڵات بگێڕێتەوە، به‌ڵام له‌وكاته‌دا لیژنه‌ی سه‌ربازی داهاتوویه‌كی باشتریان بۆ سوریا چاوه‌ڕێ نه‌ده‌كرد، چونكه سه‌دان ئه‌فسه‌ری به‌عسی له خزمه‌تكردن به‌خشران و خانه‌نشین كران، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه هه‌موو ئه‌ندامانی لیژنه‌ی سه‌ربازی، چونكه جوداخوازه‌كان پێیانوابوو به‌عسییه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كی یه‌كگرتنەكه‌یان بوون له‌گه‌ڵ میسڕدا، بۆیه به بڕوای ئه‌وان وا باشتر بوو به‌عسییه‌كان به‌ته‌واوی دووربخه‌نه‌وه.
لیژنه‌ی سه‌ربازی جارێكی تر گه‌ڕانه‌وه و خۆیان ڕێكخسته‌وه بۆ مشوورخواردن و دووباره ده‌ستكردنه‌وه به جوڵه سیاسیی و سه‌ربازییه‌كانیان، ئه‌مجاره ئامانجه‌كه جیاوازبوو، ئامانجه‌كه بریتی بوو له گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له سوریادا. ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كی جددی و فراوان ده‌ستیان به‌كاركردن كرد بۆ فراوانكردنی شانه‌ی نهێنی، كه دواتریش توانیان كۆتایی به حكومه‌ته‌كه‌ی جوداخوازه‌كان بهێنن، به‌ڵام هێشتاش پێیانوابوو كه به‌ته‌نیا ناتوانن به‌و كاره هه‌ستن، بۆیه داوای هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییان له‌و ئه‌فسه‌رانه كرد، كه هێشتا لایه‌نگر و سه‌رسامی جه‌مال عه‌بدولناسڕ بوون، چونكه ئه‌و ئه‌فسه‌رانه هێشتا هیوایه‌كیان مابوو كه یه‌كگرتنە‌كه دروست ببێته‌وه، هه‌ر به‌و پێدانگه‌ش ئومێدێكی زۆریان له‌سه‌ر ئه‌فسه‌ره به‌عسییه‌كان هه‌ڵچنیبوو، به‌ڵام ئامانجه‌كانی لیژنه‌ی سه‌ربازی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتبوو.
لیژنه‌ی سه‌ربازی كه‌وتنه گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه ده‌رباره‌ی شه‌رعیه‌تدان به ئه‌نجامدانی كوده‌تا، بۆیه ته‌واوی ئامانج و نه‌خشه و پلانه‌كانی خۆیان خسته به‌رده‌م (میشێل عه‌فله‌ق)، كه یه‌كێكه له سیمبوله مێژووییه‌كانی حیزبی به‌عس، به‌ڵام لیژنه‌كه متمانه‌ی ته‌واویان به عه‌فله‌ق نه‌مابوو، وه‌ك چۆن له ڕابردوودا متمانه‌یان پێكردبوو، به‌ڵام ئه‌مجاره به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه‌یان له خاڵێكدا به‌وی دەگه‌یاندنه‌وه، ئه‌ویش بریتی بوو له گه‌یاندنی حیزبی به‌عس به ده‌سه‌ڵات و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی سوریا به یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌كی تر له‌گه‌ڵ میسڕ.
هه‌ر له‌وكاته‌دا ڕووداوێكی له‌ناكاوی گرنگ ڕوویدا، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه حیزبی به‌عس له عێراقدا ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست، كه له ٨ی شوباتی ١٩٦٣ به‌عسییه‌كان له عێراقدا كوده‌تایان به‌سه‌ر عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا كرد و هه‌ر له باره‌گای ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی عێراق گوله‌بارانیان كرد هه‌ر له‌و كوده‌تایه‌دا، حیزبی به‌عسی عێراق ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا گرت.
سەرچاوە; جەزیرە دیكۆمێنتاری