بەشی پێنجەم(کۆتایی)
ڕووداوە مەترسیدارەکە ڕوویدا
لە ١٦ی حوزەیرانی ١٩٧٩ ڕووداوی (کۆلێژی تۆپهاوێژ) لە حەلەب ڕوویدا، کە لەو ڕووداوەدا زیاتر لە ٣٠ ئەفسەر و سەربازی تێدا کوژرا، لە کاتێکدا ئەفسەر و سەربازەکان لە جێگای حەوانەوە و پشوو وەرگرتندا بوو.
ئیبراهیم یونس کە ئەفسەری سوپا بوو بە پلەی نەقیب، هۆکاری ئاسانکاری و یارمەتیدەری هێرشبەرەکان بوو بۆ هەڵکوتانە سەر کۆلێژەکە، لەکاتێکدا ئەو ئەفسەرە خۆی هەڵگری ئایدۆلۆژیای بەعسی بوو.
ئەم هێرشە بە یەکەم هێرشی لەمشێوەیە دانرا لە دژی بەعسییەکان، کە گروپی (تەڵیعە)ی مەڕاون حەدید ئەنجامیاندا، هێرشەکەش بە ئەندازەیەک سەیرکرا، کە ڕاگەیاندنی جەنگ بوو لە نێوان ئیخوانەکان و بەعسییەکان.
ئەو جوڵانەوە و بەرەنگارییانەی دروست ببوون، مەتەڵێکی گەورەی دروستکردبوو، ئەو ناوانەش کە بە جوڵانەوەکەوە گرێدرابوون یەکێک لەوانە (عەدنان عوقلە) بوو، کە یەکێک لە ئیسلامییە سورییە توندڕەوەکان بوو، کە بەهۆی بۆچوونە توندەکانییەوە، ئیخوانەکان لە ڕیزەکانی خۆیان دەریانکردبوو. دوای ساڵێک لە هێرشەکە عوقلە جەختی لەوە کردەوە، کە بەرپرسیارەتی هێرشەکە دەخاتە ئەستۆی خۆی و خۆی بە بەرپرسیاری هێرشەکە ناساند و هەموو ئەو ڕووداوانەی لەو ساڵانەدا ڕوویاندا بەرپرسیارەتی هەموویانی هەڵگرت، لەوانەش هێرشەکەی سەر کۆلێژی تۆپهاوێژ. هەر ئەویش توانیبووی ئیبراهیم یونس ڕاکێشیت و ڕازی بکات بە ڕێگاخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی کردەوەکە.
بیرکردنەوەی ئیسلامییەکان لەو قۆناغەدا بەمشێوەیە بوو، کە پێیانوابوو ئەوەی کە دەیکەن بەرگریکردنە لە خۆیان، لە کاتێکدا بۆچونی جیاواز و ناکۆکی لایەنە پێکهێنەرەکانی ئیخوانەکان هەبوو بە ناوخۆیی و دەرەکییەوە.
تێڕوانینی گروپی تەڵیعە بەو ئاراستەیەدا بوو، وەکو خۆئامادەکردن بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەری، دەبێ بە ڕێگای چەکداری ڕووبەڕووی دەسەڵاتی بەعسییەکان ببنەوە، بۆیە توانیان بەشێوەیەکی بەرچاو دزە بکەنە ناو سوپا و دامەزراوەکانی دەوڵەت.
هەر لەو گۆشەیەوە گروپی تەڵیعە لەناو هێزی ئاسمانیدا سەرنجیان خستەسەر هەوڵێکی مەترسیدار، بۆیە لە ساڵی ١٩٨٠ یەکەم فڕۆکەوانی سەربازیی سوریا (مەئمون نەقاڕ) لە ئاسمانی وڵاتەکەوە رۆیشت و لە وڵاتی ئوردەن نیشتەوە و وەک پەنابەرێکی سیاسیی لەوێ مایەوە. ئامانجی ئەم هەوڵەش ئەوەبوو، کە بە بەعسییەکان بڵێن دەتوانین بەسەرتاندا سەرکەوین، چونکە دەستمان خستۆتە ناو جومگە هەستیارەکانی دەوڵەتەوە.
دەسەڵاتی سوریا ڕووبەڕووی مەترسی گەورە بۆوە لە لەدەستدانی جڵەوی وڵات، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستمە ئاسنینەکەی دروستکرد. لەو ماوەیەدا (ڕەفعەت ئەسەد) دەرکەوت، کە برای حافز ئەسەد بوو، کە وا خۆی دادەنا، کە پارێزەر و سەنگەری بەرگریکردنە لە براکەی. بەپەلە دەستیکرد بە ڕێکخستنی هێزە بەرگریکارەکان کە بوونە دیارترین ئەو یەکانەی کە پڕچەکترین و ڕاهێنراوترین یەکەی سوپا بوون.
ڕەفعەت لەوکاتەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لەوەی ئەوکات ناویان نابوو چارەسەری ئەمنی، بۆیە لە کۆنگرەی ٧ی حیزبی بەعس کە لە ٦ی کانوونی دووەمی ١٩٨٠ بەسترا، کە لە کەشێکی خنکێنەری وڵاتدا کۆنگرەکە بەسترا، هەرلەوێ ڕەفعەت داوای ئەوەیکرد، کە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام بدرێت. ڕەفعەت پێیوابوو، هەرکەسێک دژی دەسەڵات بێت، وەکچۆن لە یەکێتی سۆڤییەتدا دژە بەلشەفییەکان پاکتاوکران، پێویستە لە سوریاشدا هەمان هەنگاو بەرامبەر دژە دەسەڵاتدارەکان بگیرێتەبەر.
لە ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٨٠ حافز ئەسەد بەشێوەی موعجیزەئاسا لە هەوڵێکی تیرۆرکردنی دەربازبوو، لە کاتێکدا یەکێک لە هاوەڵەکانی خۆی بۆمبێکی بەرەوڕووی ئەسەد فڕێدا، بەڵام پاسەوانە تایبەتییەکەی توانی بەر لەوەی بۆمبەکە بتەقێتەوە دووریبخاتەوە.
دەسەڵاتدارەکان وا لێکیاندایەوە، کە ئەو دزەکردنە ئەمنییە زۆر مەترسیدارە، بۆیە سەرانی دەسەڵات گەیشتنە ئەو باوەڕەی، کە پێویستی بە تۆڵەسەندنەوەیە، بۆیە ڕەفعەت ئەسەد بەوشێوازەی خۆی مەبەستی بوو، بڕیاری سزادانی ئیسلامییەکانی دا.
بەپەلە و بۆ ڕۆژی دواتر لە ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٨٠ رەفعەت ئەسەد هاوشان لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی بەرگری بەرەو زیندانی (تەدمور) جوڵەی کرد، کە دەکەوتە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، لەوێ پاکتاوی سەدان زیندانیکراوی ئیخوانەکانی ئەنجامدا کە لە زیندانەکەدا بوون. کوژراوەکانی زیندانی تەدمور ژمارەیان گەیشتە ٥٥١ کەس، بۆیە یاسای ژمارە(٤٩) لە سوریا دەرکرا، کە تێیدا هاتبوو، هەموو ئەندامانی ئیخوان لەسێدارە بدرێن.
هەموو ئەو دۆخە ناهەموارە ئیخوانەکانی ناچارکرد بچنە ناو جەنگێکی خوێناوییەوە بەرامبەر بە دەسەڵاتداران لە سوریا، کە دەیانگوت ئەو جەنگەمان بەسەردا سەپێنراوە.
لەگەڵ پەرەسەندنی توندوتیژییەکانیش، بۆچونێک لەناو ئیخوانەکاندا هەبوو، کە بۆچونێکی ئاشتیخوازانە بوو و پێیانوابوو دەکرێ بە ڕێگای ئاشتیانە گرفتەکان چارەسەر بکەن، بۆیە تەنانەت لەناو زیندانەکانیشدا بەشێک لە سەرکردەکانی ئیخوان چونە ناو دانوستانەکانەوە، بەڵام عەقڵیەتی داپڵۆسێنەرانەی سەرانی بەعس هەموو دەسپێشخەرییەکیان ڕەتکردەوە.
هەڵمەتی پاکتاوی ئیخوانەکان بەشێوەیەک درێژەی کێشا، ئەگەر لە خێزانێکدا کوڕێکیان پەیوەندی بە ئیخوانەکانەوە هەبوایە، ئەوا دایک و باوکیشی ڕووبەڕووی غەزەبی بەعسییەکان دەبوونەوە، تەنانەت دەگەیشت بە دەرکردن یان زیندانیکردن یان ڕووخاندنی خانوو و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانەکەیان، هەر لەو کاتەشدا باوکی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئیخوانەکان، لەناو ماڵەکانی خۆیاندا کوژران.
دۆخەکە بەو ئاڵۆزییە مایەوە، تا گەیشتە ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٨٢ی شاری حەما، کاتێک ئابڵوقەیەکی توند خرایە سەر شاری حەما و بەشێکی زۆر لە جەنگاوەرەکانی ئیخوان لە شارەکەدا.
حەما قەڵا پۆڵاینەکەی پارێزکارە سوننییەکان لە ڕووبەڕوو بوونەوەی دەوڵەتی بەعس!!!!
لە رۆژی ٢ی شوباتی ١٩٨٢ یەکەیەکی سوپای سوریا لە حەما کەوتنە بۆسەیەکی چەکدارانی ئیخوان، کە تێیدا نزیکەی ٢٠ سەرباز کوژران، لە هەمانکاتدا چەکدارە ئیسلامییەکان داوای ڕاپەڕینیان لە دژی حوکمی بەعس دەکرد، بۆیە لەو کاتەدا دەوڵەت هەستی بە شەرمەزارییەکی توند دەکرد لە بەرامبەر (جوڵانەوە)ی حەما، لەژێر ئەو کاریگەرییەدا، حکومەت ١٢ هەزار سەربازی کۆکردەوە بۆ گرتنەوەدەستی شاری حەما.
بە کورتییەکەی لە حەما یاخیبوونێکی چەکداری لە دژی دەوڵەت بەرپا ببوو، دەوڵەت تێگەیشت کە ئەوە دواین دەرفەتە، کە بتوانێ بەسەر ئیسلامییەکاندا سەرکەوێت. بۆ ماوەی دوو هەفتە شارەکەی گەمارۆدا و خەڵکێکی زۆریشی تێدا کوشت کە مەزەندە دەکرێ بە ٤٠٠٠٠ چل هەزار کەس، شارەکەشی خاپورکرد.
ڕووبەڕووبونەوە سەختەکان لەنێوان حکومەت و چەکدارە ئیسلامییەکان درێژەیان کێشا، کە ژمارەی چەکدارەکان بە دوو هەزار چەکدار مەزەندە دەکرا، وەکو سزادانێک بەرامبەر بەوەی کە باوەشیان بۆ چەکدارە ئیسلامییەکان کردۆتەوە، رۆژانە دەیان کوشتارگەی وەحشیانە بۆ خەڵکی شارەکە سازدەکرا، شارەکە بۆ ماوەی سێ هەفتە لە بەرگریدا مایەوە، بەڵام هێزە ئاسمانییەکانی دەوڵەت هاتنە ناو شەڕەکە و بەمشێوەیەش شەڕەکە لە بەرژەوەندی دەسەڵات یەکلایی بۆوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، لەو شەڕەدا ژمارەی قوربانیان بە هاووڵاتی و چەکدارە ئیسلامییەکانەوە، گەیشتە چل هەزار کەس و وێرانکردنی تەواوەتیی شارەکە.
ڕووداوەکانی حەما تا نزیکەی مانگێک بە بەردەوامی مانەوە، دەوڵەت کوشتارگەیەکی گەورەی تيدا ئەنجامدا، دواتر بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ژمارەی قوربانیان گەیشتە پازدە هەزار کەس، بەڵام ڕێکخراوە سورییەکان ڕایانگەیاند کە گەیشتۆتە سی هەزار کەس، لەگەڵ سەدان بێسەروشوێن بوو، کە هیچ کەسێک تا ئێستاش چارەنووسیان نازانێت.
حافز ئەسەد شەڕەکەی بەشێوەیەک وێناکرد، کە شەڕێکە لە دژی تیرۆریستان، کە هەوڵێکە بۆ شکستهێنان بە پیلانێکی مەترسیدار کە لە دژی داڕێژراوە. لەدوای شەڕی حەما، ئەسەد هەستی بە سەرکەوتن و ڕازیبوون کرد، لە ٧ی ئازاری ١٩٨٢ دوای چەند رۆژێک لە کوشتارگەکەی حەما، بە بۆنەی نۆزدەهەمین ساڵیادی سەرکەوتنی کودەتای بەعسییەکان، ئەسەد لە شەقامەکانی دیمەشق دەرکەوت.
ئەسەد لە ساڵانی هەشتاکاندا، گەیشتە لوتکەی دڕندەیی و بێ متمانەیی، چیتر باوەڕی بەهیچ کەسێک نەمابوو، تەنانەت دوای ئەوەی پێشبینی ئەوەی کردبوو، کە رەفعەت دەیەوێ کودەتای بەسەردا بکات، لە ساڵی ١٩٨٤ ڕەفعەتی برای لە هەموو پلە و پۆستێک داماڵی و بۆ دەرەوەی سوریا دووریخستەوە.
لەماوەی ١٥ ساڵدا، کە دەکاتە نیوەی حکومڕانی ئەسەد، توانی کۆتایی بە هەموو دژ و ڕکابەرەکانی بهێنێت، لەوانە لیژنەی سەربازی، ڕکابەرەکانی تری لەناو تەواوی حیزبی بەعس، ئۆپۆسزیۆنی ئیسلامیی چەکدار و هەروەها رەفعەتی براشی کە پێیوابوو بۆتە مەترسی لەسەر کورسییەکەی، دوای هەموو ئەو سەرکەوتنانەش، حوکمی ئەسەد گۆڕانی بەسەردا هات، کاتێک خێزانەکەی ئەسەد گرنگی پێدانی فراوانی بەخۆیەوە بینی.
ئەسەد چوار کوڕی هەبوو لەگەڵ تاقانە کچێک:
١- باسل ئەسەد، لە هەموویان گەورەتربوو، کە ئامادە بووبوو ببێتە پارێزەرێکی پۆڵاینی باوکی لە جێگای مامە دوورخراوەکەی، بەڵام لە ڕووداوێکی تەماوی هاتوچۆدا لە ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٤ لە ڕێگای فڕۆکەخانەی دیمەشق گیانی لەدەستدا، کە تا ئێستاش ئەو ڕووداوە وەکو نهێنییەک ماوەتەوە.
٢- بەشار ئەسەد، کە لەوکاتەدا لە سیاسەت دووربوو و سەرقاڵی پیشەکەی خۆی بوو، کە پزیشکی چاو بوو.
٣- ماهیر ئەسەد، لە تەمەنێکی بچوکدا بوو، بەڵام لە سیفاتەکانیدا لە ڕەفعەتی مامی دەچوو، بە تایبەت کە بوو بە فەرماندەی فرقەی چوار لە سوپادا.
٤- مەجد ئەسەد، دوور لە دەرکەوتن و سیاسەت، لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٩ بەهۆی نەخۆشییەوە لە دیمەشق کۆچی دواییکرد.
٥- بوشرا ئەسەد، پزیشکی دەرمانساز بوو، کە هاوسەرگیری لەگەڵ ئاسەف شەوکەتدا کرد، کە دواتر شەوکەت بوو بە بەڕێوەبەری هەواڵگری سوریا. شەوکەتیش لە ١٨ی تەموزی ٢٠١٢ لە تەقینەوەی بارەگای ئەنجومەنی ئاساشی نەتەوەیی سوریا لە دیمەشق کوژرا.
خانەوادەی ئەسەد ڕۆڵی حکومڕانییان لە سیاسەتی سوریادا گێڕا، بەڵام گەندەڵی و پەرتەوازەیی گورزێکی کوشندەی لە وڵات وەشاند، ئەوەش بەهۆی مەرکەزییەت و خۆسەپێنی ئەسەد لە حکومڕانیدا. لە نیوەی دووەمی حوکمی ئەسەددا لە ساڵەکانی (١٩٨٥، ١٩٩٢، ١٩٩٩) سێ ڕاپرسی سەرۆکایەتی لە سوریا ئەنجامدران، بەڵام ئەسەد لە هەموویاندا بەبێ بوونی هیچ ڕکابەرێک سەردەکەوت، ئەنجامی ڕاپرسییەکانیش دەگەیشتە ٩٩٪
چیرۆکی ئەسەد لە کۆتاییەکەی نزیک دەبۆوە، بەڵام دۆسیەیەکی ئاڵۆز لە ژیانیدا مابۆوە، کە هەمیشە لە هەوڵی چارەسەرکردنیدا بوو تا کۆتایی، ئەویش بریتی بوو لە دۆسیەی (جۆلان). هەوڵی گەڕاندنەوەی جۆلانیدا بەهەرشێوەیەک بێت.
ئیسڕائیل سووربوو لەسەر چونە ناو دانوستانی ئاشکرا لەگەڵ سوریا، بە تایبەت کە ڕێککەوتنی لەگەڵ میسڕ و ئوردەن و فەڵەستین کردبوو، بەڵام ئەسەد کشانەوەی تەواوی لە جۆلان کردبوو بە مەرج بۆ چونە ناو دانوستانەوە، بەڵام ئەوەی ئەسەد هیوای بۆ دەخواست ڕووینەدا، بە تایبەتی لەکاتی دووچاربوونی بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن لە ساڵانی نەوەدەکان، کە بوو بە هۆکاری کۆتایی هاتن بە ژیانی.
لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٠٠ ئەسەد کۆچی دواییکرد، لەدوای ئەوەی ماوەی سی ساڵ لەسەر عەرشی سوریا مایەوە، ئەو پیاوەی نەیتوانی زۆرێک لە بەڵێنەکانی کودەتاکەی جێەبەجێ بکات، بۆ هەتاهەتایە سوریای جێهێشت.
سەرچاوە؛ جەزیرە دیکۆمێنتاری