بەشی دووەم
كوده‌تای به‌عسییه‌كان له عێڕاقدا، هانده‌رێكی گه‌وره‌بوو بۆ ئه‌فسه‌ره به‌عسییه‌كان له سوریا، چونكه بینیان، عه‌بدولكه‌ریم قاسم به‌و به‌هه‌موو به‌هێزییه‌ی خۆیه‌وه نه‌یتوانی به‌ر به به‌عسییه‌كان بگرێت، كه‌واتا بۆ به‌عسییه‌كانی سوریاش ئاسان ده‌بێت به‌سه‌ر (نازم قودسی)دا سه‌ربكه‌ون.
به‌عسییه‌كان كاتژمێری سفریان دانا، له به‌ره‌به‌یانی ٨ی ئازاری ١٩٦٣ دیمه‌شقی پایته‌خت به ده‌نگی تانك و زرێپۆشی سه‌ربازی له خه‌و ڕابوو، به‌عسییه‌كان به ئه‌نجامدانی كوده‌تایه‌كی سه‌ركه‌وتوو توانییان ئه‌نجامه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.
(نازم قودسی)ی سه‌رۆك ده‌ستگیركرا و ته‌واوی ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌شی ده‌ستبه‌سه‌ركران، له‌لایه‌ن فه‌رمانڕه‌وا نوێكانی سوریا، به‌یاننامه‌ی ژماره‌ی یه‌ك بڵاوكرایه‌وه.
گه‌لانی سوریا به گشتی پێشوازییه‌كی گه‌رمیان له كوده‌تاكه و كوده‌تاچییه‌كان كرد، له كاتێكدا ڕاهاتبوون له‌سه‌ر بیستنی به‌یاننامه‌كانی كوده‌تا یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان له سوریادا.
داڕێژه‌رانی كوده‌تاكه به بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یان بۆ ئاهەنگ گێڕان له باره‌گای فه‌رمانده‌یی گشتیی سوپا كۆبوونه‌وه، كه پێیانوابوو ئه‌مه وه‌رچه‌رخانێكه له مێژوو و شارستانییه‌تی سوریادا.
له بەرئەنجامی ئەم كوده‌تایه‌دا حیزبی به‌عس له سوریادا ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست، پێنج ئه‌فسه‌ره به‌عسییه به‌خشراوه‌كه‌ش گه‌ڕانه‌وه بۆ گۆڕه‌پانی سیاسیی و ناو ڕیزه‌كانی سوپا، بڕیارێكیش بۆ خانه‌نشینكردن و به‌خشینی ١٥٠٠ ئه‌فسه‌ری دیمه‌شقی له خزمه‌تی سه‌ربازی ده‌ركرا، به تۆمه‌تی جیابوونه‌وه‌یان له میسڕ.
به‌عسییه‌كان و ناسڕییه‌كان له‌ناو سوپای سوریادا لە ململانێی یەکتر بەردەوام بوون، ناسڕییه‌كان پرسیاریان له‌لا دروست ببوو ده‌رباره‌ی داهاتووی یەکگرتنەکەیان له‌گه‌ڵ میسڕدا، به‌ڵام زۆر به‌خێرایی له‌و ڕاستییه تێگه‌یشتن، كه چی ڕووده‌دات، بۆیه بڕیاریاندا لە ١٨ی تەموزی ١٩٦٣ كوده‌تایه‌ك به‌سه‌ر لیژنه‌ی سه‌ربازیدا بكه‌ن، به‌ڵام لیژنەی سەربازی به‌عسییه‌كان زۆر بەئاگابوون و زانیاری وردیان هەبوو، لیژنه‌ی سه‌ربازی توانیان به‌سه‌ر باڵی ناسڕییه‌كاندا سه‌ركه‌ون و شكستیان به كوده‌تاكه هێنا، به‌ڵام له‌و هه‌وڵه‌دا باجه‌كه زۆر قورس بوو، چونكه له‌پێناو پاراستنی ده‌سه‌ڵاتدا خوێنێكی زۆر ڕژا.
یه‌كێك له‌و ئاڵنگارییانه‌ی ڕووبه‌ڕووی به‌عسییه‌كان بۆوه، ئه‌وه‌بوو كه بنكه‌ی جه‌ماوه‌رییان زۆر لاواز ببوو، له كاتێكیشدا كه ده‌سه‌ڵاتیان به كوده‌تا وه‌رگرتبوو، به‌هه‌مانشێوه له‌ناو سوپاشدا پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییان نه‌مابوو.
چوار مانگی سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتدارییەتی به‌عس له سوریادا، درێژ و پڕ له خوێنڕێژی بوو، توانیان به‌سه‌ر هه‌ر به‌ره‌یه‌كدا سه‌ركه‌ون، كه هه‌وڵیانده‌دا به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی به‌عسییه‌كان بوه‌ستنه‌وه و ڕووبه‌ڕوویان ببنه‌وه، هه‌ر له ساتی یه‌كه‌مدا بۆ به‌عسییه‌كان گرنگ بوو، كه به هێز و زه‌بروزه‌نگ حكومڕانی بكه‌ن، له كاتێكدا به‌عسییه‌كان به‌هۆی یه‌كگرتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ میسڕ ته‌واوی بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان هه‌ره‌سی هێنابوو.
به‌عسییه‌كان ده‌ستیان به بنیادنانی ده‌وڵه‌ت كرد له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ی كه خۆیان مه‌به‌ستیان بوو، یه‌كه‌م كاریش كه ئه‌نجامیاندا دووباره بنیادنانه‌وه‌ی حیزبی به‌عس بوو له نوێوه، زۆر به خێرایی سه‌ركرده كۆنه‌كانی به‌عس تێگه‌یشتن كه واقیعه نوێیه‌كه ده‌ستپێكێكی تازەیە، مامه‌ڵه‌ی حیزبی به‌عس به گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و خۆقایمكردنی له سه‌ره‌تاوه واده‌ركه‌وت، كه وه‌كو حیزب مامه‌ڵه ناكه‌ن، چونكه نه بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری مابوو و نه له‌ناو سوپاشدا ڕێكخستنێكی به‌هێزی هه‌بوو.
له سه‌ره‌تادا لیژنه‌ی سه‌ربازی حه‌زیان نه‌ده‌كرد وه‌كو (ڕووکار)ی ده‌سه‌ڵات ده‌ركه‌ون، بۆیه بڕیاریاندا كه‌سێك ڕاسپێرن، كه جێگای متمانه‌یان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ده‌وڵه‌ت پڕبكاته‌وه، بۆیه لیژنه‌كه (لوئه‌ی ئه‌تاسی)یان ڕاسپارد، به‌ڵام هه‌رزوو ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه و پاشه‌كشه‌ی كرد، بۆیه لیژنه‌كه دواتر (ئه‌مین حافز)یان ڕاسپارد، كه ئه‌فسه‌رێكی به‌عسی بوو و له‌وكاته‌شدا وه‌زیری ناوخۆ بوو.
له ته‌موزی ١٩٦٣ ئه‌مین حافز بوو به سه‌رۆك، له‌سه‌ر ئاستی ژیانی مه‌ده‌نی، حوكمێكی سەربازی و ئه‌منی باڵی به‌سه‌ر سوریادا كێشا، حكومكردنه‌كه‌ش له به‌رگێكدا خۆی نمایش ده‌كرد، كه پشتبه‌ستوو بوو به‌و بڕیارانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش ده‌ریده‌كرد، له‌وانه‌ش ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی له وڵات‌دا، له هه‌مانكاتدا حوكمی عورفی سه‌پێنرا و باره‌گای سه‌رجه‌م ئه‌و حیزبانه‌ش داخران، كه له قۆناغی حوكمی جوداخوازه‌كان دامه‌زرابوون.
بڕیادرا به ڕاگرتنی سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌كان كه ژماره‌یان له ١٦ رۆژنامه زیاتر بوو. له‌ژێر ناوی شه‌رعییه‌تی شۆڕشدا سوریا وه‌رچه‌رخا به‌ره‌و ده‌وڵه‌تێكی ئه‌منی، كه له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا تاكه حیزبێك بوونی هه‌بوو، ئه‌ویش حیزبی به‌عس بوو.
حیزبی به‌عس هه‌ر زوو ده‌ستیكرد به پاكتاوكردنی دژه‌كانی و ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه گومانیان هه‌بوو له دژیان ده‌وه‌ستنه‌وه، خه‌ڵك له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان سزایان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرا، یان به‌شێوه‌یه‌ك له دادگادا دادگایی ده‌كران، كه هه‌موو دانیشتنه‌كه له پێنج خوله‌ك تێنه‌ده‌په‌ڕی و حوكمی سه‌ختیشی تێدا ده‌رده‌كرا.
له سه‌ره‌تای ئه‌و پاكتاو و له‌ناوبردنه به كۆمه‌ڵه‌دا گه‌لی سوریا تێگه‌یشت، كه هه‌موو جیاوازییه‌ك و جوڵانه‌وه و ناڕه‌زایی و ڕێكخستنێك كۆتاییه‌كه‌ی بریتی ده‌بێ له كوشتن و له‌ناوبردن.
ساڵێك به‌سه‌ر حكومڕانی لیژنه‌ی سه‌ربازیدا تێنه‌په‌ڕی، كه ڕكابه‌ره به‌هێزه‌كه‌یان ده‌ركه‌وت، كه ئه‌ویش بریتی بوو له (ڕەوتی ئاینی) كه دواتر بوونه گه‌وره‌ترین ڕكابه‌ر و دژ به دامه‌زراوه‌ی به‌عسی عه‌لمانی. له ٧ی نیسانی ١٩٦٤ ده‌وڵه‌ت فه‌رمانی به ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی شاری (حه‌ما) كرد بۆ سه‌ركوتكردی كۆمه‌ڵێكی گه‌وره له خۆپیشانده‌ران، كه له سیاسه‌تی شه‌ڕانگێزانه‌ی به‌عس یاخیببون.
ئه‌و یاخیبوونه له‌وه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا، كاتێك له‌ناو یه‌كێك له خوێندنگاكانی شاره‌كه‌دا پێكدادان له‌نێوان لایه‌نگرانی به‌عس و ڕه‌وته ئیسلامییه‌كان دروستبوو، دواتر شه‌ڕ له‌نێوان هێزه ئه‌منییه‌كان و كۆمه‌ڵێك گه‌نجدا ڕوویدا له‌ناو مزگه‌وتی سوڵتان له ناوه‌ڕاستی شاری حه‌ما، ده‌ستەڵاتداران مزگه‌وته‌كه‌یان بۆردومانكرد و ده‌ستڕێژیان کردە سەر مانگرتووان، كه له‌ناو مزگه‌وته‌كه‌دا دژی سیاسه‌تی داپڵۆسێنه‌رانه‌ی به‌عس مانیان گرتبوو، له‌و هێرشه‌دا نزیكه‌ی ٤٠ كه‌س كوژران، ئه‌وه‌ش كه به زیندوویی ده‌رچوو ده‌ستگیركران و دواتریش به‌شێكی زۆری ده‌ستگیركراوه‌كانیش سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا و به‌په‌له‌ش سزاكه جێبه‌جێكرا.
مانگرتن و خۆپیشاندان به‌شێكی زۆری شاره‌كانی سوریای گرته‌وه، هاووڵاتیان داوای ئازادیی مه‌ده‌نی و ئازادكردنی زیندانییه سیاسییه‌كانیان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ كۆتاییهێنان به باری نائاسایی له وڵات‌دا.
بۆ یه‌كه‌مجار ده‌سه‌ڵاتداره نوێیه‌كانی سوریا دركیان به‌وه‌كرد، كه چه‌نده لاوازن له ڕووی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری، بۆیه ده‌سه‌ڵات له ترسی زیاتربوونی شه‌پۆلی ناڕه‌زایی و توڕه‌یی جه‌ماوه‌ر، به‌په‌له بڕیاریدا سزای له‌سێداره‌دان ڕابگرێت.
دۆخی ناسه‌قامگیری له شه‌قامه‌وه گه‌یشته ناو دامه‌زراوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریی سه‌ربازی، ئە‌مجاره له‌ناو خودی لیژنه‌ی سه‌ربازیدا (محه‌مه‌د عومران) نائاسوده بوو له دۆخه‌كه و دانانی (ئه‌مین حافز) به سه‌رۆكی سوریا، بۆیه گه‌یشته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه خۆی له هه‌موو كه‌سێك شایسته‌تره بۆ پۆستی سه‌رۆكی سوریا، له كاتێكیشدا عومران دژی به‌كارهێنانی توندوتیژی و هێز بوو، كه جگه له‌خۆی هه‌موو ئه‌ندامانی تری لیژنه‌ی سه‌ربازی باوه‌ڕی ته‌واویان به به‌كارهێنانی توندوتیژی هه‌بوو به‌رامبه‌ر هه‌ر جوڵانه‌وه و ناڕه‌زایه‌تییه‌ك دژی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به‌عس، به‌تایبه‌تی (سه‌ڵاح جه‌دید) هه‌میشه تێڕوانین و بۆچونی وابوو، كه هیچ ڕێگایه‌كیان له‌به‌رده‌ده‌مدا نییه، جگه له به‌كارهێنانی زه‌بروزه‌نگ و توندوتیژی.
حافز ئه‌سه‌د چاودێری ناكۆكییه تونده‌كه‌ی هاوڕێكانی ده‌كرد، كه هه‌ردووكیشیان له‌و به ته‌مه‌نتر بوون و پله سه‌ربازییه‌كه‌شیان له‌و به‌رزتر بوو، به‌ڵام بڕیاریدا لایه‌نگریی (سه‌ڵاح جه‌دید) بكات بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی (محه‌مه‌د عومران)، به تایبه‌تی كاتێك زانیاریان ده‌ستكه‌وت، كه عومران نهێنی حه‌ز و ویستی لیژنه‌ی سه‌ربازی بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی بۆ (میشێل عه‌فله‌ق) باسكردووه، بۆیه توڕه‌یی لیژنه‌كه به‌رامبه‌ر عومران گه‌یشته لوتكه، بۆیه بڕیاریاندا به سزادانی عومران، ئیتر نه‌خشه‌ڕێگای خستنی عومران به‌شێوه‌یه‌ك داڕێژرا، كه هیچ به‌زه‌ییه‌كیان پێدا نه‌یه‌ته‌وه، بۆیه عومران له ته‌واوی به‌رپرسیارێتی و ده‌سه‌ڵاته سه‌ربازییه‌كانی داماڵدرا و به بڕیارێكی ده‌وڵه‌ت وه‌كو باڵیۆزی سوریا نێردرا بۆ ئیسپانیا، كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئیسپانیا وه‌كو مه‌نفایه‌ك سه‌یر ده‌كرا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو سوریادا جێگای قبوڵكردن نه‌بوون و بۆ ئه‌وێ دووریان ده‌خستنه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌و جوڵه و هه‌نگاوانه‌دا، حافز ئه‌سه‌د هه‌نگاوێكی تر سه‌ركه‌وت له په‌یژه‌ی چوونه سه‌ركه‌وتن به‌ره‌و لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات، بۆیه هه‌ر له‌وكاته‌دا وه‌كو فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی سوریا ده‌ستنیشانكرا.
ناسه‌قامگیری تا ١٩٦٦ له لوتكه‌دا مایه‌وه، دۆخه‌كه له‌ناو ده‌وڵه‌ته‌كەی به‌عسدا زۆر ناجێگیربوو، هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی شۆڕش لە جوڵەدا بوون، به تایبه‌تی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت ئه‌مین حافز، كه له به‌رامبه‌ر ڕای گشتی جیهانییدا وه‌كو سه‌رۆكێكی به‌هێز و كاریگه‌ر ده‌بینرا، به‌ڵام له تێڕوانینی لیژنه‌ی سه‌ربازیدا هیچ نه‌بوو، جگه له بوكه‌ڵه‌یه‌ك.
دۆخه‌كه به دڵی ئه‌مین حافز نه‌بوو و لێی ڕازی نه‌بوو، بۆیه بڕیاریدا دۆخێكی نوێ له‌ناو ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا بسه‌پێنێت.
پێشتر (میشێل عه‌فله‌ق) ڕكابه‌ر و دوژمنی لیژنه‌ی سه‌ربازی بوو و باشترین دۆستی (ئه‌مین حافز) بوو له‌ناو حیزب‌دا، كه ڕابه‌رایه‌تی ڕه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو حیزب‌دا بۆ ده‌كرد، وه زۆر سه‌رسه‌خت بوو به‌رامبه‌ر سه‌رانی لیژنه‌ی سه‌ربازی، كه عه‌فله‌ق پێیوابوو حیزبه‌كه‌یان لێ زه‌وت كردووه، بۆیه ڕێبه‌رایه‌تی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی بڕیاریدا به هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌مین حازف بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (قیاده القطریه)ی حیزب، كه قیاده‌كه له لیژنه‌ی سه‌ربازیدا به‌رجه‌سته ده‌بوو، ئه‌و بڕیاره‌ش وای له لیژنه‌ی سه‌ربازی كرد كه دژی بوه‌ستنه‌وه و لێی هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه.
ئه‌مین حافز زۆر به‌په‌له محه‌مه‌د عومرانی له ئیسپانیاوه گه‌ڕانده‌وه سوریا و به وه‌زیری به‌رگری و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌چه‌كداره‌كان دایمه‌زراند.
سه‌ره‌تای ئاڵنگارییه‌كی ڕوون و سه‌خت به‌رامبه‌ر لیژنه‌ی سه‌ربازی ده‌ركه‌وت، سه‌ڵاح جه‌دید له جوڵه‌كانی ئه‌مین حافز تێگه‌یشت، وای لێكدایه‌وه، ئه‌وه‌ی كه ڕووده‌دات كوده‌تایه‌كه دژی شه‌رعییه‌تی شۆڕش، بۆیه هیچ ڕێگاچاره‌یه‌كیش له به‌رده‌م لیژنه‌كه‌دا نییه، جگه له به‌كارهێنانی هێز و زه‌بروزه‌نگ له دژی ئه‌مین حافز و محه‌مه‌د عومران.
له ٢٢ی شوباتی ١٩٦٦ سه‌ڵاح جه‌دید ڕێبه‌رایه‌تی كوده‌تایه‌كی نوێی به‌سه‌ر ئه‌مین حافز و هاوپه‌یمانه‌كانیدا كرد، یه‌كه‌كانی سوپا هێرشیان كرده سه‌ر شوێنی مانه‌وه‌ی ئه‌مین حافز، تێچووی كوده‌تایه‌كه‌ش زۆر گران وه‌ستا، چونكه ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری تێدا كوژرا و ئه‌مین حافزیش بریندار كرا، دواتر ئه‌مین حافز و محه‌مه‌د عومران و ده‌یان سه‌ركرده‌ی دیاری به‌عسی ده‌ستگیركران و هه‌موویان له به‌ندیخانه‌ی (مزە)ی سه‌ربازیدا به‌ندكران، به‌ڵام میشێل عه‌فله‌ق به یه‌كجاری سوریای به‌جێهێشت و بۆ هه‌تاهه‌تایه نه‌یتوانی بگه‌ڕێته‌وه سوریا. ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێ، بۆ جارێكی تر توانیان ڕكابه‌ر و دژه‌كانیان پان بكه‌نه‌وه.
له‌و كاته‌دا حافز ئه‌سه‌د له ده‌ره‌وه‌ی سوریا بوو، بۆیه هه‌ر له ڕۆژی كوده‌تاكه‌دا گه‌ڕایه‌وه و هاوكار و پاڵپشتێكی به‌هێز و گه‌وره‌ی سه‌ڵاح جه‌دید بوو، له‌و كوده‌تایه‌دا حافز ئه‌سه‌د جارێكی تر ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ دروستبوو، كه هه‌نگاوێكی تر ببڕێت له چوونه پێشه‌وه و بوو به وه‌زیری به‌رگری سوریا، له كاتێكدا ته‌مه‌نی ٣٥ ساڵ بوو، به‌ڵام سه‌ڵاح جه‌دید بوو به كه‌سی یه‌كه‌م له سوریادا و له هه‌مانكاتیشدا (نوره‌دین ئه‌ل ئه‌تاسی) كه پزیشكێكی به‌عسی بوو و له سوننه‌كانی سوریاش بوو كرا به سه‌رۆكی سوریا.
درێژەی هەیە................................
سەرچاوە جەزیرە دیکۆمێنتاری