بەشی سێیەم
له‌دوای ئه‌و ڕووداوانه‌وه جه‌نگی حوزه‌یران له‌نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیل هه‌ڵگیرسا، ئه‌فسه‌ری به‌عسی (ئه‌حمه‌د میر) له به‌ره‌ی سوریا فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆن بوو و حافز ئه‌سه‌دیش وه‌زیری به‌رگری بوو، به‌ڵام به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی چاودێران، سوپای سوریا له دۆخێكی له‌رزۆك و نائاماده‌دا بوو، چونكه كوده‌تا یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان و خانه‌نشین كردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له ئه‌فسه‌ران وایكرد سوپاکە به‌شێكی زۆری تواناكانی خۆی له‌ده‌ست بدات، بۆیه سوپای سوریا نه‌یتوانی له به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی ئیسرائیل خۆی ڕابگرێت و ئیسڕائیل توانی به‌رزاییه‌كانی جۆلان بگرێت.
له‌دوای ئه‌و شكان و دۆڕانه‌ی سوریا، لایه‌نه‌كانی ناو لیژنه‌ی سه‌ربازی یه‌كتریان تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌وه‌ی بوونه هۆكاری شكانه‌كه، بۆیه زۆر به خێرایی ئه‌حمه‌د میر ئۆباڵی شكانه‌كه‌ی خسته سه‌رخۆی و باجه قورسه‌كه‌شیدا و كۆتایی به ژیانی سیاسیی خۆی هێنا و بۆ هه‌تاهه‌تایه كشایه‌وه و جارێكی تر نه‌گه‌ڕایه‌وه ناو ژیانی سیاسیی و سه‌ربازی، هەرچەندە ئه‌حمه‌د میر كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراو و به‌هێز نه‌بوو له ئاستی سیاسیی و سه‌ربازی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی.
به‌هۆی شكانه‌كه‌وه، حافز ئه‌سه‌دیش ڕووبه‌ڕووی ره‌خنه‌یه‌كی زۆر بۆوه، ئه‌وه‌ش گومان هه‌ڵناگرێ، كه ئه‌وه خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه بوو له ژیانی ئه‌سه‌ددا، بۆیه تێڕوانین و بۆچونێكی نوێی سیاسیی له‌لای ئه‌سه‌د دروستكرد، دوور له بازنه‌ی هاوڕێكانی و لیژنه‌ی سه‌ربازی، پێداچوونه‌وه‌یه‌كی وردی كرد.
تێكشكانی جه‌نگی حوزه‌یرانی ١٩٦٧ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌بوو بۆ سیستمی حكومڕانی سوری، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ناكۆكی و كێبڕكێیه‌ی له‌نێوان سه‌رانی سیستمه‌كه‌دا هه‌بوو، هۆكارێكی تریش ئه‌وه‌بوو (ئه‌سه‌د) له ته‌مه‌نێكی كه‌م و به ئه‌زمونێكی كه‌مه‌وه پۆستی وه‌زیری به‌رگری وه‌رگرتبوو، بۆیه ئه‌و تێكشكانه شۆكێكی گه‌وره‌بوو بۆ سوریا.
دۆڕاندنی جه‌نگی حوزه‌یرانی ١٩٦٧ بوو به هۆكاری ته‌قینه‌وه و ده‌ركه‌وتنی ناكۆكییه‌كان له‌ناو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به‌عسدا، ئه‌مجاره له‌نێوان سه‌ڵاح جه‌دید و حافز ئه‌سه‌د.
دۆخه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك بوو ڕۆژ دوای ڕۆژ ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره ناكۆكه هه‌وڵی فراوانخوازی پێگه و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌دا، به تایبه‌تی كه مه‌رام و ویستی ئه‌سه‌د زیاتر و زیاتر ده‌بوو بۆ گه‌یشتنه لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌ركه‌وتن و تێكشكاندنی سه‌ڵاح جه‌دید.
له‌دوای دۆڕاندنی جه‌نگی حوزه‌یران، حافز ئه‌سه‌د پێگه‌یه‌كی به‌هێزی له‌ناو هێزه چه‌كداره‌كان دروستكرد، ده‌ستیكرد به سه‌رنجڕاكێشان و كڕین و كۆنتڕۆڵكردنی سه‌رانی گه‌وره‌ی ناو هێزه چه‌كداره‌كان، به به‌خشینی پله‌وپۆست پاره و دیاری گرانبه‌ها و دامه‌زراندنی نزیك و دڵسۆزه‌كانی خۆی و پله به‌رزكردنه‌وه‌یان، بۆیه دامه‌زراندنی سوپایه‌كی عه‌قیده‌یی دڵسۆز بۆ فه‌رمانده‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی كوێرانه، ده‌ستی پێكرد، ئه‌وه‌ش بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی لوله‌ی چه‌كه‌كانیان به‌رامبه‌ر ڕكابه‌ری فه‌رمانده‌كه‌یان.
گرفتی گه‌وره‌ی نێوان ئه‌سه‌د و جه‌دید په‌یوه‌ندی به شێوازی سیاسه‌تی ناوخۆی وڵاته‌وه هه‌بوو، جه‌دید به ئاراسته‌ی به‌ره‌ی ئایدۆلۆژی و چه‌پگه‌راییدا بوو، توندڕه‌و بوو له سه‌پاندنی بیرۆكه‌كانی خۆیدا، له قۆناغی یه‌كه‌مدا وه‌ك چاكسازیی كشتوكاڵی و خۆماڵیكردنه‌كان، كه گه‌لانی سوریای دابه‌شكردبوو به‌سه‌ر هه‌ردوو كۆمه‌ڵگای ماركسی و به‌رامبه‌ره‌كه‌شی پڕۆلیتاریا، به‌ڵام حافز ئه‌سه‌د باوه‌ڕی به‌وه نه‌بوو، چونكه ئه‌سه‌د زیاتر واقیعییانه بوو و كه‌متر ئایدۆلۆژیست بوو.
عه‌بدولكه‌ریم جوندی له‌وكاته‌دا، به‌ڕێوه‌به‌ری هێزه ئه‌منییه‌كان و هه‌واڵگری بوو، خۆی و ده‌زگا ئه‌منییه‌كه‌ی ده‌نگێكی ترسناك بوون له‌گوێی گه‌لانی سوریادا، جوندی له لایه‌نگره‌كانی سه‌ڵاح جه‌دید بوو له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی حافز ئه‌سه‌ددا، له‌دوای ناكۆكی و جیاوازییه‌كانی نێوان هه‌ردوو هاوڕێكه‌دا، جوندی كاتێك ده‌یبینی هه‌موو گۆڕانكارییه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌سه‌دن نه‌یتوانی زۆر چاوه‌ڕێ بكات و بمێنێته‌وه، له‌ناو ترسی داهاتووی خۆیدا نقوم بوبو و گومانه‌كانی وایان لێ‌كرد بێهیوا بێت له هاوڕێكانی دوێنێی. جوندی پێشبینی ئه‌وه‌ی ده‌كرد، كه ئه‌و چاره‌نووسه‌ی به‌سه‌ر محه‌مه‌د عومران و ئه‌حمه‌د میردا هات، هه‌مان چاره‌نووس چاوه‌ڕێی ئه‌ویش بكات، بۆیه سه‌رله‌به‌یانی ٣ی ئازاری ١٩٦٩ ته‌رمی عه‌بدولكه‌ریم جوندی له نووسینگه‌كه‌یدا دۆزرایه‌وه، كه له كرده‌وه‌یه‌كی (خۆکوژی) كۆتایی به ژیانی خۆی هێنابوو، له ته‌نیشتیشی نامه‌یه‌ك دۆزرایه‌وه، كه مه‌رامه‌كانی ئه‌سه‌دی تێدا ڕوونكردبۆوه له‌گەڵ ئه‌و پێشهاتانه‌ی ڕوو له وڵاته‌كه ده‌كه‌ن.
لەوکاتە ناسەقامگیرەی سوریا، دۆخی ناسەقامگیر لە ئوردەن گەرمتر و زیاتر دەبوو، لە ١٥ی ئەیلولی ١٩٧٠ ڕووداوەکانی ناسراو بە ئەیلولی ڕەش لە ئوردەن ڕوویاندا، کە بریتی بوو لە پێکدادان لەنێوان دەسەڵاتی ئوردەن و بزوتنەوەی ڕزگاریی فەڵەستین. سەڵا‌ح جەدید بڕیاریدا بۆ یارمەتیدانی فیداییەکان بچێتە ناو شەڕەکەوە ، زرێپۆش و چەکە قورسەکانی سوپای سوریا گەیشتنە سنوری ئوردەن و بڵاوەیان پێکرا، بەڵام بەبێ ئەوەی چاوەرێی ئەوە بکەن، کە بە دۆڕاوی لەو شەڕەش دەکشێنەوە، کە لەگەڵ سوپای ئوردەن چونە بەرامبەر یەک.
حافز ئەسەدی وەزیری بەرگری ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو شەڕەی کرد، بەڵام بەرپرسیارەتی دۆڕاندنی گرتە ئەستۆ.
ئەنجامی دۆڕاندنی شەڕەکە وای لە سەڵا‌ح جەدید کرد بەپەلە لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٠ داوای کۆنفرانسێکی نائاسایی کرد بۆ سەرکردەکانی حیزبی بەعس، کە سزادان و لێپێچینەوە لە حافز ئەسەد دیارترین بەرنامەی کاری کۆنفڕانسەکە بوو، لە کاتێکدا جەدید پێیوابووکە خۆی دەیتوانی جەنگەکە لە بەرژەوەندی سوریا یەکلایی بکاتەوە، چونکە پێیوابوو هێشتا هەر خۆی بڕیار بەدەستی ناو حیزبی بەعسە و هیچ کەسێک لە حیزبییەکان و سەربازییەکان لە فەرمانەکانی لانادەن.
لە ماوەی دوانزە ڕۆژدا جەنگی بەعسییەکان گەیشتە لوتکە و کۆنفڕانسەکە بڕیاریدا بە هەڵپەساردنی حافز ئەسەد لە پۆستەکەیدا، بەڵام ئەسەد خەریکی دانانی پلان بوو بۆ نەخشەیەکی تر، کە ئەمجارە لە هەموویان بەهێزتر بوو، هەستا بە ئەنجامدانی کودەتایەکی سەربازیی سپی بەسەر کۆنفڕانس و سەرکردە قەومییەکانی حیزبی بەعس و چەندین کاروانی تانک و زرێپۆشی لە دەرەوەی هۆڵی کۆنفڕانسەکە بڵاوەپێکرد و لە ڕۆژی دواتردا فەرمانیدا بە دەستگیرکردنی هەموو ڕکابەرەکانی و لە سەرووی هەمووشیانەوە سەڵا‌ح جەدید و نورەددین ئەل ئەتاسی سەرۆک کۆمار و بەندکردنیان لە بەندیخانەی سەربازیدا.
ئەسەد بەڵێنیدا تا ئەوساتەی لەسەر کورسی دەسەڵات بێت، ئەوا سەڵا‌ح جەدید دەبێ لە زیندان بێت، چونکە دەیزانی، جەدید مەترسییەکی گەورەیە لەسەر پێگەکەی و ئەگەر لە دەرەوە بێت، ئەوا پێگەی ئەسەد دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە ئەسەد هەر ئەوەشی جێبەجێکرد، لە کاتێکدا زۆرێک لە سەرۆک و پادشاکانی وڵاتان داوای ئازادکردنی جەدیدیان لێکرد، بەڵام ئەسەد ڕەتیکردەوە، تەنانەت داوای ئەوەشی لێ‌کرا لە ماڵەکەی خۆیدا بخرێتە ژێر (مانەوەی زۆرەملێ)، بەڵام بەوەش ڕازی نەبوو و بەهیچ شێوەیەک ئازادی نەکرد.
ئەسەد بەشێوەیەک لەگەڵ ڕکابەرەکانیدا مامەڵەی دەکرد، تەنها دوو ڕێگای بۆ هێشتبوونەوە، ئەوانیش بریتی بوون لە کوشتن یان زیندانی هەتاهەتایی، بۆیە سەڵا‌ح جەدید و نورەددین ئەلئەتاسی تا مردن لە زیندان مانەوە، لە زیندان نەهاتنە دەرەوە، تەنها ئەوکاتە نەبێت کە تەرمەکانیان بەرەو گۆڕستان بەڕێکرا.
نورەددین ئەلئەتاسی لە ساڵی ١٩٩٢ کۆچی دواییکرد و سەڵا‌ح جەدیدیش لە ساڵی ١٩٩٣ کۆچی دواییکرد.
ئەسەد ناوی لە کودەتاکەی نا (بزوتنەوەی چاکسازی) بەڵام هێشتا سێبەری پیاوێک هەڕەشەی بۆ ئەسەد دروستکردبوو، کە ئەویش محەمەد عومران بوو، محەمەد عومران هاوڕێی دێرین لە لیژنەی سەربازیدا، ئەو لەبیری ئەوەدابوو بەهۆی ئەو پەیوەندییانەی کە هێشتا لەناو سوپادا مابووی، بتوانێ شکست بە ئەسەد بهێنێت، بەڵام لە ٤ی ئازاری ١٩٧٢ عومران لە لوبنان لەناو ماڵەکەی خۆیدا لە دۆخێکی تەماویدا تیرۆرکرا، هەر ئەوکات لایەنگرانی عومران پەنجەی تۆمەتیان بۆ ئەسەد ڕاکێشا، بەڵام ئەسەد بەهیچ شێوەیەک دانی پیدانەنا.
بەمشێوەیە چیرۆکی لیژنەی سەربازی بەعسی کۆتایی پێهات، کە لە قاهیرە دامەزران و دواتر جڵەوی حکومڕانی سوریایان گرتەدەست.
١- محەمەد عومران لە ١٩٧٢ لە دۆخێکی تەماویدا تیرۆرکرا.
٢- عەبدولکەریم جوندی، لە ١٩٦٩ تەرمەکەی لە نوسینگەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، کە بانگەشەی ئەوە کرا، کە خۆی خۆی کوشتووە.
٣- ئەحمەد میر ئۆباڵی شکستی جەنگی حوزەیرانی ١٩٦٧ی گرتە ئەستۆی خۆی و بۆ هەتا هەتایە لە ژیانی سیاسی ڕۆیشتە دەرەوە.
٤- سەڵا‌ح جەدید بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ تا مردن لە زیندان مایەوە.
درێژەی هەیە.................
سەرچاوە؛ جەزیرە دیکۆمێنتاری