بەشی چوارەم

دەوڵەتەکەی ئەسەد
لەدوای ڕووداوەکانی ئوردەن و کودەتاکەی ئەسەد بەسەر سەڵاح جەدید و دەستگیرکردنی هەموو هاوڕێکانی، یەکێک لەوانەی کە دەستگیرکرا (زافی جەمعانی) بوو، کە یەکێک بوو لە سەرە گەورەکانی بەعس و خەڵکی ئوردەن بوو، یەکێک بوو لە سەرکردەکانی ڕێبەرایەتی ڕەوتی قەومی ‌حیزبی بەعس، جەمعانی یەکێک بوو لەو سەرکردانەی بەعس، کە لەسەر ئاستی ئیقلیمی ‌حیسابی بۆ دەکرا، یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆنفڕانسە نائاساییەکەی لە دژی ئەسەد بەسترا. جەمعانی تەواوی سروشتی ململانێکانی لە سوریا دەزانی و بە یەکێک لە ڕکابەرەکانی ئەسەد دادەنرا، بۆیە ئەویش بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ زیندانی کرا.
لە دوای ئەوەی ئەسەد ناوی لە کودەتاکەی نا (بزوتنەوەی چاکسازی) ئیتر خۆی لە سووریادا بوو بە تاکە یاریکەر، بەڵام ئەسەد سەرمەست و سەرخۆش نەبوو بە دەسەڵاتەکەی، چونکە لەناکاو بەسەردا نەکەوت و لە ڕابردوودا تەواوی پلانەکانی بۆ داڕشتبوو، کە چۆن ئیدارەی سوریا بدات بەوشێوەیەی کە خۆی مەبەستیەتی، بۆیە یەکسەر خۆی نەکردە سەرۆکی سوریا، بەڵکو بەدوای کەسێکی سوننی مەزهەبدا دەگەڕا ببێتە ڕووکاری سیستمە حکومڕانییەکە، بۆیە (ئەحمەد ئال حەسەن خەتیب)ی کردە سەرۆک و تەواوی دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیرانیش درانە سەرۆکی دەوڵەت.
دوای شەش مانگ لە ١٢ی ئازاری ١٩٧١ لە ڕاپرسییەکی جەماوەریدا و بەبێ بوونی هیچ ڕکابەرێک، حافز ئەسەد بوو بە سەرۆکی سوریا. زۆر بە خێرایی هەڵمەتێکی فراوانی دەستپێکرد بۆ دووبارە دروستکردنەوەی وێنەیەکی نوێ بۆ سوریا، کە جیاوازبێت لەو وێنەیەی سەرۆکە بەعسییەکانی پێش خۆی دروستیان کردبوو.
ئەسەد سەردانی زۆرێک لە شار و ناوچە جیاوازەکانی سوریای کرد، لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکاندا کۆبۆوە، دروشمی (بەرژەوەندی نیشتمانی) بەرزکردەوە، بەڵام بەو مەرجەی هیچ کەسێک مەترسی لەسەر حکومڕانییەکەی دروست نەکات.
دواتر ئەسەد ١٧٣کەسی بۆ ئەنجومەنی گەل دامەزراند، کە خۆی هەموویانی دەستنیشان کردن، کە ئەرکیان بریتی بوو لە نووسینەوەی دەستورێکی نوێ و هەمیشەیی بۆ سوریا.
لە ١٣ی ئازاری ١٩٧٣ ئەسەد داوای لە هاووڵاتیان کرد بەشداری ڕاپرسی بکەن بۆ دەستوور، ئەو دەستوورەی کە زۆر بە خێرایی هەموو ئەو کەرستانەی بۆ ئەسەد فەراهەمکرد، کە تەواوی دەسەڵاتەکان بەپێی دەستوور بۆخۆی قۆرغ بکات و بەمشێوەیەش هەرسێ سەرۆکایەتییەکە بوونە یەک دامەزراوە و تەواوی دەسەڵاتەکان کەوتنە ژێردەستی ئەسەد، هاوکات بوو بە سەرۆکی سوپا و تەواوی هێزە ئەمنی و چەکدارەکان لە سوریادا.
ئەسەد بۆ ماوەی حەوت ساڵ هەڵبژێردرا و خۆ کاندیدکردنەوەش لە بەردەمیدا بۆ چەندین جار و دووبارەکردنەوە ئازادکرا. سەرۆک تەواوی دەسەڵاتەکانی خستە ژێر دەستی خۆی، بەشێوەیەک دەسەڵاتەکانی لە سەرووی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەتیشەوە بوو، ئەمەش ئەسەدی کرد بە (حاکمی ڕەها) بەمشێوەیە پەرلەمان و حکومەتیش ببوونە کەرەستەیەک بۆ قۆرغکارییەکانی ئەسەد بەسەر دەسەڵاتدا.
وەکچۆن لەزانستی سیاسییدا پێیدەگوترێ لێکدانی دسەڵاتی جێبەجێکردن بە دەسەڵاتی یاسادانان و لێکدانی هەردووکیشیان بە دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکیش دەبێتە سەرۆکی هەموویان و دەتوانێ پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و بەبێ ڕاوێژی پەرلەمان بۆنە و مەراسیم ڕێکبخات، لەوکاتەدا هەڵبەتە سەرۆک هەرخۆی ‌حاکمی سەربازی و عورفییە و هیچ کەسێک ناتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆک هیچ بڕیارێک بدات.
ڕووبەڕووبونەوە گەورەکە دەست پێدەکات، کە پەیوەست بوو بە ماددەیەکی دەستوری، ئەو ماددەیەی پەیوەست بوو بە ئاینی سەرۆکی دەوڵەت. لە دەستووردا ئەو بڕگەیە لابرا، کە دەڵێت: ئاینی ئیسلام ئاینی ڕەسمیی دەوڵەتە، ئەمەش بوو بە هۆکاری لێشاوێکی فراوان لە مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕین، بە تایبەتی لە شاری (حەما).
هیچ ڕێگایەک لەبەردەم ئەسەددا نەبوو، جگە لە دوورکەوتنەوە لە عەلمانییەتی بەعسی. بۆ دامرکاندنەوەی ڕووبەڕوو بوونەوەکە، لەلایەن (ئیمام موسا سەدر) کە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای شیعە بوو لە لوبنان و هاوڕێی نزیکی ئەسەدیش بوو، فەتوایەکی بۆ دەرکرا، کە دەڵێت: عەلەوییەکان، تیرەیەکن لە تیرەکانی شیعەی موسوڵمان.
دەستوورەکە شەقامی لەبەردەم ڕای گشتیدا بەرتەسک کردبۆوە، لەژێر بڕیاری حاڵەتی نائاسایی مایەوە، کە لە ساڵی ١٩٦٣ دەرکرابوو، لەسەر یاسای پاراستنی شۆڕش مایەوە، کە لە ساڵی ١٩٦٥ دەرکرابوو، بۆیە لەسەر یاساکانی دادگا سەربازییەکان مایەوە بە ژمارە (١٠٩) کە تەنانەت هاووڵاتیانی سڤیلیش دەبرانە بەردەم دادگا سەربازییەکان. دواتر مادەەی (٨) دێت کە کۆتوبەندی تر دەهێنێتە ئاراوە، کە دەڵێت: ‌حیزبی بەعس، حیزبی پێشڕەوە لەناو دەوڵەت و کۆمەڵگادا. بەپێی ئەم ماددەیە ‌حیزب بوو بە پەیژەیەک بۆ ئەوانەی خۆیان هەڵواسیبوو بۆ گەیشتن بە پلە و پۆستە جیاوازەکان، بۆیە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بە هەزاران کەس پەیوەندییان بە حیزبی بەعسەوە کرد.
لەوکاتەدا سوریا لە کارەساتی گەورەی سیاسییدا دەژیا، نە سیاسەت هەبوو، نە هیچ دەستەیەکی باوەڕپێکراویش وجودی هەبوو، بۆیە لەسەر خەڵک پێویست بوو ملکەچ بن و هاووڵاتی گەیشتە قۆناغێک کە بریتی بوو لە دامەزراوەی پەرستنی تاکەکەس، تەنانەت حیزبی بەعسیش دیار نەما، هیچ حیزب و سەندیکا و ڕێکخراوێک بوونیان نەبوو، هیچ شتێک بوونی نەبوو، جگە لە سەرۆک حافز ئەسەد، کە هەر خۆی پەرستراو بوو، خودا بوو، بڕیاردەر و ئەفسانە بوو.
ئەسەد لە حکومڕانییەکەیدا زۆر پڕاگماتیکی بوو، کۆمەڵێک بۆچونی سەمەرەی لە سیاسەتدا بڵاوکردەوە، بەڵام خۆی پشتگیری پەرستنی تاکە سەرکردەی دەکرد، بۆیە بەشێوەیەکی بەرفراوان پەیکەر و وێنەی ئەسەد بە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا بڵاوکرانەوە، دروشمی ئەوەی هەڵگرت کە ئەسەد سەرکردەی تاهەتاییە، کە دواتریش شاکاری ئەسەد دەرکەوت.
سوپای عەرەبی سوریایی، چەکە بەهێزەکەی ئەسەد بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیار و ڕکابەرەکانی، ئەوەش حاڵەتێکی سروشتی بوو، کە هێزە چەکدارەکان لەلایەن ئەسەدەوە گرنگی پێدانی تایبەت بەدەست بهێنن، کە خۆی جەمسەرێکی بەهێزی ناو ئەو هێزانە بوو تا گەیشتنی بە دەسەڵات، دەیزانی کە ئەو هێزانە هەمیشە دەرگای کودەتاکانن.
ئەسەد ساڵانێکی زۆر لەسەر ئەوە ئیشیکرد، کە هەیمەنەی بەعس لەناو سوپادا بە‌هێز بکات، تا ئەوکاتەی گەیشتە سەر کورسی دەسەڵات، بۆ ئەوەی بتوانێ سوپایەکی ئایدۆلۆژی دروستبکات، کە لێوڕێژبێت لە ئەدەبیاتی سیاسیی و دڵسۆزبێت بۆ سەرکردایەتییەکەی و هەمیشە ئەو سوپایە ئامادەبێت بۆ پاراستنی سەرکردەکەی لە هەر دۆخێکی نەخوازراودا بێت.
ئەسەد دووبارە دەستیکردەوە بە ڕێکخستنەوەی دامەزراوەی ئاڵۆزی ئەمنی، کە ئەوە ژێرخانێکی گرنگی دەست بەسەرداگرتنە بەشێوەی نهێنی، ئەو هێزانەش پێکدەهاتن لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی زیندانەکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، دوور لەچاودێری دەسەڵاتی دادوەری، کە لە هەمووشیان گرنگتر بریتی بوو لە ئاسایشی سیاسیی و هەواڵگریی سەربازی.
لە ساڵەکانی سەرەتای دەسەڵاتی ئەسەددا، جەنگی ١٩٧٣ لەنێوان ئیسرائیل لە بەرەیەکدا و سوپاکانی میسڕ و سوریاش لە بەرەیەکدا هەڵگیرسا، کە ئەسەد زۆر تامەزرۆی هەڵگیرسانی ئەو جەنگەبوو.
لە ٦ی تشیرنی یەکەمی ١٩٧٣ سوپاکانی سوریا و میسڕ بەرامبەر سوپای ئیسرائیل کەوتنە شەڕەوە لە بەرەی سینا و جۆلان. سوپا عەرەبییەکان لەوسادا گوتیان ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆیان پێکاوە، ئەسەد لە جەنگەکەدا مەبەستی بوو جۆلان بگەڕێنێتەوە، بەڵام ویست و ئارەزووەکەی نەهاتەدی و خەونەکەی بوو بە هەڵم، تەنها توانی (قونەیتەڕە) بگێڕێتەوە و لەژێر دەستی ئیسڕائیل دەریبهێنێت.
جەنگی تشرین تەوژمێکی نوێی بە حوکمی ئەسەد بەخشی، لەوێدا ئەو سەرکردەیە دەرکەوت، کە دژایەتی ئیسڕائیل دەکات، سوریا بەرەو ئەو ئاراستەیە ڕۆیشت کە گوایە تاکە ڕکابەری ئیسڕائیلە، ئەسەد گوتاری ناوخۆیی و دەرەکی خۆی لەسەر بیرۆکەی بەرەنگاربوونەوە و جەمسەرگیری دۆزی فەڵەستین و بەرگریکردن لە دۆزەکە دانا.
چەپۆکی حوکمی ئەسەد بەوشێوەیەی خۆی مەبەستی بوو، بەردەوامی بەخۆیەوە بینی لە حکومڕانی سوریادا، بەڵام دۆخەکە جیاوازبوو بە بوون و دژایەتیکردنی دوژمنە دێرینەکەی، کە ئیسلامییەکان بوون لە سوریا، ئەوانیش ئیخوانەکان بوون.
ئیخوانەکان لە سوریا لە ساڵی ١٩٤٥ لەسەر دەستی (مستەفا سوباعی) دامەزران و لەو ماوەیەدا بەشداریان لە ژیانی سیاسییدا کرد، تا ئەوکاتەی یەکێتییەکەی نێوان میسڕ و سوریا پێکهات و ئیخوانەکانیش کەوتنە بەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ‌حیزبەکان لە سوریادا، بەڵام لەدوای کودەتای بەعسییەکان، ئەوانیش دەستیانکردەوە بە چالاکی نهێنی.
ئیخوانەکان بە دوژمن و ڕکابەری سەرەکی و بەهێزی دامەزراوەی بەعس دادەنران، ئەو کەشە (سەرکوتکارانە) یارمەتیدەربوو لە سەرهەڵدانی باڵی توندڕەو لەناو بزوتنەوەی ئیسلامیدا، دەنگە بەرزەکەش بریتی بوو لە ڕووبەڕووبونەوەی تاوانەکانی دەوڵەت، بەهەمان میکانیزم و شێواز.
دیارترین ئەو سەرکردەیەی (پشتگیری) لەو بیرۆکەیە کرد (شێخ مەروان حەدید) بوو لە ڕیزەکانی ئیخوان لە سوریا، کە دواتر سەرکردایەتی ڕووبەڕووبونەوەی چەکداری لە سوریادا لە دژی دەوڵەتەکەی ئەسەد بەرپاکرد.
ناوی مەڕوان لە ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٦٤ی شاری حەما بەتەواوی دەرکەوت لە ڕووداوەکەی مزگەوتی سوڵتان، ڕووداوەکەش بریتی بوو لەوەی ژمارەیەک لە ئیسلامییەکان لەناو مزگەوتەکەدا ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئەوەش بوو بە هۆکاری پێکدادانی ئیسلامییەکان لەگەڵ بەعسییەکان و دەزگا ئەمنییەکان، بۆیە دەسەڵات بە هێز بەسەر مزگەوتەکەیدادا و لە هەڵمەتێکی سەربازیدا نزیکەی چل هاووڵاتییان کوشت، هەر بەهۆی ئەو ڕووداوەش، مەڕوان حەدید دەستگیرکرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام بۆ ئەوەی بازنەی جوڵانەوە و ناڕەزایەتییەکانی ئیسلامییەکان زیاتر پەرەنەسێنێت، سزاکەی سەر حەدید جێبەجێ نەکرا، ئیتر لەمە بەدواوە ئەو بیرۆکەیە لەلایەن ئیسلامییەکانەوە زیاتر پەرەی سەند، بەوەی دەسەڵات چۆن دەیەوێ پاکتاویان بکات و زەبروزەنگ بەکاردەهێنێ، ئەوە پێویستە ئیسلامییەکانیش بەهەمانشێوە خۆیان پڕچەک بکەن و بەهەمانشێوەی دەسەڵاتدارەکان ڕووبەڕوو ببنەوە و دەست لە هیچ دەسەڵاتدار و بەعسییەک نەپارێزن و هەموو هەوڵەکانیشیان بۆ ئەوەبێت، بەهەر ڕێگایەک بێت بتوانن دەسەڵاتەکە بڕوخێنن.
هاوکاتی گەیشتنە سەر کورسی دەسەڵاتی ئەسەد و بەردەوامی ئەو چەپۆکە توندە ئەمنییە، باوەڕی مەڕوان حەدید زیاتر پتەودەبوو بەوەی، کە پێویستە چەک لە بەرامبەر ئەو سیستمە بەکار بهێندرێت، بەڵام بۆچونەکەی حەدید یەکانگیر نەبوو لەگەڵ (بنەما)ی ئیخوانەکان، بەڵام بۆچونەکانی حەدید لایەنگری زۆری بۆ دروستبوو لەلایەن لایەنگران و ئەندامانی ئیخوانەکانەوە، تا دواتر بوو بە گروپێکی بەهێز لەناو ئیخوانەکاندا بە ناوی (تەڵیعە).
چاوەکانی دەوڵەت چالاکییەکانی مەڕوان حەدیدیان دەبینی، بۆیە چاودێرییەکان لەسەر خۆی و گروپەکەی زۆر چرکرانەوە، لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٧٥ هێزە ئەمنییەکانی سوریا، ئەوەش لەدوای پێکدادانێکی توندی چەکداری بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەناو دیمەشقدا، توانیان حەدید دەستگیر بکەن. حەدید بۆ ماوەی ساڵێک لە زیندان دووچاری ئەشکەنجەیەکی سەخت بۆوە، بۆیە هەر لە زیندان و لەژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەستدا.
بە کوشتنی مەڕوان حەدید دەستی پۆڵاینی سەرانی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگای سوریادا زیادیکرد، چونکە کوشتنی حەدید، بوو بە هۆکاری زیاتر گەشەسەندنی گروپ و تاقمە توندڕەوەکان، کە دواتر کۆمەڵەکەی حەدید چالاکییەکانیان زیادیکرد بۆ خۆئامادەکردن و وەک هەنگاوێکیش بۆ تۆڵەسەندنەوە، ژمارەیەک کردەوەی وردی تیرۆری جۆراوجۆریان ئەنجامدا دەرهەق بە کەسایەتییە دیار و ناسراوەکان لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا، کە زۆرینەیان لە عەلەوییەکان بوون.
درێژەی هەیە.............................
سەرچاوە؛ جەزیرە دیکۆمێنتاری
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
باڵا هاوار دەرگەڵەیی
حافز ئەسەد چۆن حوکمی کرد...؟!
باڵا هاوار دەرگەڵەیی
حافز ئەسەد چۆن حوکمی کرد...؟!
باڵا هاوار دەرگەڵەیی
حافز ئەسەد چۆن حوکمی کرد..!!؟
باڵا هاوار دەرگەڵەیی
حافز ئەسەد، چۆن حوکمی کرد!!

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved