قۆناغێکی سەختە و بەرپرسیارێتی سەختر!
کورد و کوردستان رەنگە لە مێژوودا گرفت و ئاریشەی لەوە قورستری بینیبێت.
هەلومەرجەکانی رابردوو تێپەڕیووە و باجەکەی هێندەی بارودۆخەکە لەسەر شان قورس بووە، کەچی سەد جار کەمتر بۆتە پەند و وانە و سوودی لێ وەرنەگیراوە.
مێژوو چەندان جار بە هەمان سیناریۆ بۆ کورد دووبارە بۆتەوە بە پێچەوانەی بۆچوونەکەی کارل مارکس کە دەڵێ مێژوو دوو بارە نابێتەوە، ئەگەر دووبارە بووەوە ئەوا ئەگەر جاری یەکەم تراژیدی بێت جاری دووەم کۆمیدی دەبێت و بە پێچەوانەوە. قەدەری کورد دووبارەی مێژووەکەی، هەمیشە سەرەنجام تراژیدی کۆتایی هاتووە، هەڵبەتە هۆکاری نەهامەتی و سەرەنجامی ناکامی هەوڵەکانی کورد، بە شکست، هەمیشە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەمووان دەڵێین: نیفاق و نەبوونی ئیتیفاق فاکتەری سەرەکی ئەم قەدەرە بووە بۆ کورد و کوردستان.
بۆ سەرکەوتنی هەر بزووتنەوە و پرسێکی میللی و ئینسانی، دوو فاکتەر رۆڵی بنچینیەیی دەبینن لەسەرکەوتن و شکستیتدا.
دۆخی ناوخۆیی و دەرەکی کە ئەگەر هاوکاربن بۆ کۆمەکی سەرکەوتنی پرسەکە، ئەوا ئاشکرایە ئەنجامێکی پۆزەتیڤ و دڵخوازی دەبێت. خۆ ئەگەر بە پێچەوانەوە ناهاوسەنگی، یاخود لاسەنگی لایەک بەرووی ئەویتردا هەبێت، ئەوا سەرەنجامیش نێگەتیڤ چاوەڕێیە و ئەزموونەکانی دنیا پڕییەتی لەم نموونانە.
کورد وە نەبێ لەم هاوکێشە سادەیەدا نەزانێ و تێنەگات، بەڵام بەداخەوە قەدەری سیاسی کورد، کەمجار هەڵکەوتووە هەردوو لایەنی زاتی و مەوزوعی لە خزمەتی پرسەکەیدا بووبێت.
مێژووی رابردوو سیخناخە لەم حیکایەتە سیاسییانە بۆ کورد و پرسە رەواکەی.
لە ئێستای ململانێکاندا، جیهان جارێکی تر لە بەردەم گۆڕینێکی ریشەییدایە کە پێدەچێت سەر لەبەر چەمک و تێگەیشتن و بگرە ریزبەندییەکان ئارایشێکی تر لە خۆبگرن یان فۆرمی دنیا بۆ زلهێزەکان لە هەمبەر بەرژەوەندی و پشکی هەریەکە وەها بگۆڕێ کە روخساری جیهان نەناسرێتەوە.
کورد لەم بەشە گچکەی باشوور، هێشتا لەژێر مەترسیی ترازاندایە و عەوداڵی سازانە. بەداخەوە تەسک بینینی و بەرچاوتەنگی، رێگرە لە بەردەم پرۆسەی سازانی گشتی و نیشتمانی کە کورد لەم بەشەدا بپەڕێنێتەوە بۆ کەناری ئارامی و وەک بوونێکی واقیعی لەم دابەشکارییە نوێیەی دنیادا بێبەش نەبێت.
بۆ گەیشتن بەو لانیکەمی خواستە، زیرەکی و عەقلانییەتی گەرەکە، ئەویش بە دوورکەوتنەوە لە عەقڵی خۆسەپێن و تاکڕەوانە، ئەم هەڵوێست و مامەڵانەی کە هەمووان چاوەڕێی دەکەین، گرەنتی زۆرترین قازانج دەبەخشێت.
بۆ ئێستای قۆناغەکە ترازان ترسناکترینە و سازان رێگە دروستەکەی پەڕینەوەیە بۆ کەناری دڵنیایی، ئەوەی لە پەیامی یەکێتیدا هاتووە، ئەوپەڕی بەرپرسیارێتی تێدایە کە دەستی سازان درێژ دەکات و مەترسی دەست ترازان دەخاتەڕوو.