هەڵبژاردنی ئەم ساڵی پەرلەمانی سوید لە 13/9 بەڕێوەدەچێت، ئەگەرچی چەند رۆژێکە پرۆسەی بەرایی دەنگدان دەستی پێکردووە و هاووڵاتیان بۆ بەشداریی روویان لە ناوەندەکانی دەنگدان کردووە. بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن، چەندین قەوارەی سیاسی لە کێبڕکێدان بۆ بردنەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانی سوید کە 349 کورسییە.
ئەوەی سەرنجی ناوەندەکانی میدیا و چاودێرانی سیاسی راکێشاوە، ئەم خولەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە چاو هەڵبژاردنەکانی پێشوو گەرم و گورییەکی زیاتری پێوە دیارە.
ئەگەرچی لە خولی پێشوودا رێژەی کورسییەکانی سۆشیال دیموکرات و چەپ لە مۆدێرات زیاتر بوون، بەڵام بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت سەرکەوتوو نەبوون و نەیان توانی نیساب تەواو بکەن، ئەو دۆخەش بۆ سۆشیال دیموکرات و هەوادارانی و بگرە بۆ هەموو دەستکەوتەکانیش وەک پاشەکشەیەک تەماشاکرا. هەر بۆیە قەوارەی مۆدێرات لە پەرلەمان بە هاوپەیمانییەک حکومەتی پێکهێنا.
پێکهێنانی حکومەت لەلایەن مۆدێراتەوە نیگەرانییەکی بەرفراوانی لای زۆرینە دروست کرد، بەتایبەتی پەنابەرانی ئەو وڵاتە کە رێژەیەکی زۆری دانیشتوان پێکدەهێنن.
دەستکەوتەکانی چەپ و سۆشیال دیموکرات لە ساڵانی رابردووی حوکمڕانیدا لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگە و مافی پەنابەرێتی و هەڵوێست لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خستە ژێر پرسیار و هەڕەشەی پاشەکشەوە.
لە سەروو هەموویانەوە بوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بیمەی ژیان کە چەپەکان شانازی پێوە دەکەن کە سویدییەکان شانازی پێوە دەکەن.
ئێستا یەکێک لەو پارتە رکەبەرانەی کە خۆی بە خاوەنی ئەو دەستکەوتانە دەزانێت نەک پارێزگاریی لێ دەکات و بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵکو پلان و پرۆگرامی فروانتری هەیە بۆ پەرەپێدانی و گۆڕانکاریی ریشەیی و کەمکردنەوەی جیاوازی چینایەتی، بە زیادکردنی باج لەسەر سەرمایە و قازانجی سەرمایەداران و کەمکردنەوەی سەعاتی کارکردن و زیادکردنی کرێ و پەرەپێدان بە مافەکانی ژنان و منداڵان و ژینگەپارێزی.
لە ماوەی رابردوودا، پارتی چەپ لە خەباتی پەرلەمانیی خۆیدا، سەرسەختانە بەرگری لە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خەڵک کردووە. هەر بۆیە هەتا دێت ئەم پارتە لەسەر ئاستی میللی دەبێتە پارتێکی خۆشناو و بەهەڵوێست و کورسییەکانی روو لە زیادبوونن.
ئەگەرچی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2024دا چەند کورسییەک کەمیکرد، بەڵام قورسایی هەڵوێستەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، کاریگەریی زیاتری دانا و بەرجەستەکرد و ناسنامەی خۆی وەک پارتێکی چەپ پاراست و لەهەمبەر رووداوەکانی جیهاندا خوێندنەوە و هەڵوێستێکی مرۆییانەی هەیە، بەتایبەتی لەسەر پرسەکانی گەلانی بندەست و چەوساوە و کارەساتە مرۆییەکان، هەڵوێستی روونی هەبووە و لە پای ئەوەدا باجی قورسیشی داوە کە هەندێک جار بە ناچاری هەندێک لە ئەندامە کاراکانیان دوورخستۆتەوە نموونەی نزیک دوورخستنەوەی ئامینە کاکە باوە بوو کە لە ماوەی رابردوودا هەڵوێستێکی جیاوازی هەبوو کە پێچەوانەی هەڵوێستی رەسمیی دەوڵەتی سوید بوو.
لە ماوەی رابردوودا پارتی چەپ دەربارەی پرسی کورد لە باکوور و رۆژئاوا و تەنانەت باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵوێست گوتارێکی روونی هەبووە بۆ پشتیوانی لە کورد. لە باشووریش لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندییەکی دۆستانەی هەبووە بۆ زۆر لە بڕیار و بەرنامەکانی یەکێتی لە باشوور پشتیوانی خۆی دووپاتکردۆتەوە.
لەم خولەی هەڵبژاردندا بەپێی ئەو راپرسییانەی کە کراون، لە پرۆسەی دەنگدانی سەرەتاییدا، پارتی چەپ و سۆشیال دیموکرات، چانسێکی باشتریان هەیە. هەربۆیە چاودێرانی سیاسی، پێیانوایە کورسییەکانی پارتی چەپ لە 24 کورسییەوە بەرزبێتەوە بۆ زیاتر.
ئەمەش لەو راستیەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئەمجارە بە گوڕ و تینیکی ترەوە زۆرینەی پەبابەران هەواداری سۆشیال دیموکرات و چەپن.
پارتی چەپی سوید کە سویدییەکان بە ڤێنستەر پارتی ناوی دەبەن، لە ساڵی 1917 لە سۆشیال دیموکراتەکان جیابوونەوە و وەک قەوارەیەکی سەربەخۆی سیاسی خۆی راگەیاند, ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەتێکی سۆشیالیستی دیموکراتیک و جەختکردنەوە بوو لەسەر چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و مافی کرێکاران و ژینگە و فیمینیزم.
ئێستا ئەم پارتە لەسەر ئاستی شەقام و جەماوەریی, هەوڵی رێکخستنی بەردەوام دەدات و بە ئاشکرا دژی هەژموونی خۆرئاوا و راستڕەوەکانە، بەتایبەتی لە یەکی ئایاری هەموو ساڵێکدا، خۆپیشاندانی گەورە و بەرفراوان ساز دەکات و هەر لەوێ بە روون و ئاشکرایی پرۆژەی پرۆگرامەکانیان و دروشمەکان بەرجەستە دەکەن و دژایەتی خۆیان بۆ جەنگ و ماڵوێرانییەکان کە لەسەر دەستی زلهێزەکانی جیهان دەکەوێتەوە، دەخەنەڕوو.
پارتی چەپی سویدی لەسەر ئاستی رێکخراوە دیموکراتییەکانیشدا زۆر کارا و چالاکن، کار لەسەر دروشمە سەرەکییەکەیان دەکەنەوە کە دەڵێت: (دەبێت خەڵک بەشدار بێت نەک سەیر بکات).
بۆ دروستکردنی گوشار و کاریگەریی لەسەر دەسەڵات و پاریزگاریی لە مافەکانی خەڵک، ساڵانە وەک هێزیکی جەماوەریی گەورە خۆیان نمایش دەکەن کە رەنگە هیچ حزبێکی تر ئەو کارەی بەو شێوازە نەکردبێت.
پار نزیکەی 20 هەزار کەس لە شاری ئۆپسالای سوید و ئەم ساڵ نزیکەی 25 هەزار کەس لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت هاتنە سەر شەقام بۆ پشتیوانی بەرنامە و دروشمەکانی پارتی چەپ، ئەمەش بەڵگەی گەواهیدەرە لەسەر بەهێزیی ئەم پارتە.