پراگماتیزم رێبازێکی سیاسی یان فەلسەفەیەکی تایبەتە لە بواری پیادەکردنی سیاسەت و حوکمڕانیدا کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە سەری هەڵداوە. زیاتر لە 150 ساڵە ئەم میتۆدە لەسەر ئاستی سیاسی و مامەڵە و کارکردن بە پلەیەکی باڵا فراوان کاری لەسەر کراوە.
ئەم دەستەواژەیە لە لێکدانەوە سیاسییەکاندا و لێکۆڵینەوە جیاجیاکانی زانستی سیاسیدا بە شێوەیەکی فراوان ناوی هاتووە. پراگماتیزم لای تیوریۆنانی سیاسی و کۆمەڵناسی سیاسی راڤە و پێناسەی جۆراوجۆری بۆکراوە، بەڵام لە راستیدا سێ کەسایەتی فکری سیاسی خاوەنی دانان یاخود داڕشتنی ئەم میتۆدەیە لە سەرەتاوە، ئەوانیش:
1- چارڵز پێرس*: ئەم تیوریسۆنە جەخت لەسەر مەنتیق و چۆنێتی ڕوونکردنەوەی بیرۆکەکان دەکاتەوە لە رێگەی ئەنجامگیری . واتا لە رێگەی ئەنجامەکانەوە تەماشای سەر لەبەری دیاردەو بڕیار و بەرنامەکان دەکات.
2- ویلیام جەیمس* : گواستنەوەی پراگماتیزم بۆ سایکۆلۆژی و مۆڕاڵ. ویلیام وایدادەنێ کە حەقیقەت ئەتوانێ سودەکان بسەلمێنێ لە رێگەی بیرکردنەوەکانەوە.
3- جۆن دێوی* : ئەم بیرمەندە لە رێگەی سەلماندن و پراکتیکییەوە لە بواری فێرکردن و سیاسەتەوە کە جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی ئەقڵ هۆکارە بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان (کە بە پراگماتیزم ناوەزەدکراوە).
ئەم بیرمەندانە هەریەکەیان لە قۆناغەکانی مێژووی دەسەڵاتدارێتی ئەمریکا میتۆدەکەیان کاری لەسەر کراوە بە دوو ئاڕاستەی جیاواز کە هەریەکە لە ئاڕاستەی هێزی رەق کە کۆمارییەکان رێبەرایەتی دەکەن و نەرمەهێز کە دیموکراتەکان رێبەرایەتی دەکەن. هەریەکە لەوانە بەپێی تێڕوانینی خۆیان سیاسەت و فیکری پراگماتیزم لێکدەدەنەوە و لە مەیدانی پراکتیکیدا کاری لەسەر دەکەن.
بە گشتی چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی زانستی سیاسی، ئەمریکا بە سەرکردە و رابەری فیکری پراگماتیزم دەزانن. ئەم فکرەیە لەسەر ئاستی دنیادا سوودی لێوەرگیراوە. نەک هەر بۆ دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بگرە لەسەر ئاستی حزب و کۆمەڵە و گروپەکانیش پەیڕەو کراوە و تەنانەت شۆڕبۆتەوە بۆ سەر کۆمپانیا و تاکیش، ئەوەی زیاتر مەبەستمانە تیشک خستنە سەر فیکری پراکماتیزمە لە سیاسەتی ئەمریکا بە گشتی و لە قۆناغی نوێی مامەڵەکان لە تەك رووداوو و گرفتەکانی ئەم سەردەمە کە ئەمریکا خۆی لایەن و بەرەیەکی گەورەیە لە نێو قەیران و کێشەکانی دنیادا.
ئەگەر تایبەتمەندییەکانی پراگماتیزم بریتی بێت لەوەی کە گرنگی زیاتر یاخود کار لەسەر ئەنجامگیری دەکات و چارەسەری کێشەو گرفتەکان بە شێوەی مەیدانی و پراکتیکی دەکات و بە ئاسانیش بەپێی هەل و مەرجەکان فکر و میکانیزمەکانی دەگۆڕێ، و بە جۆرێک کە هێڵی سوری نییە و دوورە لە دنیای بیرکردنەوەی دۆگماتیزم و دوورە لە بیرکردنەوەی ئایدۆلۆژیایەکی کۆنکرێتی و دنیای بەرژەوەندی لای ئەوان لە هەموو شتێک لە پێش ترە.
لەبەر رۆشنایی ئەو روونکردنەوە سەرەتاییانەی فکری پراگماتیزم دەتوانین کاریگەرییەکانی پراگماتیزم بخەینەڕوو لەسەر سیاسەتی ئەمریکا. بەردەوام سیاسەتی ئەمریکا لە مامەڵە و کاردانەوەکاندا بە ئاشکرا پشت دەبەستێ بە بنەماکانی پراگماتیزم.
لەبەرئەوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لە رووی پراکتیکییەوە چ ئەنجامێکی داوە بەدەستەوە لەو روانگەوە سەیر دەکرێت. واتا هەموو شتێک لە دەلاقەی بەرژەوەندییەوە تەماشا دەکرێت نەک لە رووی بنەمای ئەخلاقی. واتا سیاسەتکردن لە رەهەندی بەرژەوەندی.
سیاسەتی بەرژەوەندی
ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەموو شێوازێکی کارکردنی گرتۆتە بەر، هەربۆیە لە زۆر قۆناغ و هەلومەرجدا هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتان بەستووە بەو پێیەی کە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری وڵاتەکەی خواستوویەتی.
گۆڕانکاری لە هەڵوێست و مامەڵە
سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا سیاسەتێکی دۆگم و چەقبەستوو نییە و نەبووە، بەڵکو چۆن بەرژەوەندی ئەمریکا پێویست بوبێت ئاوا مامەڵە کراوە. بە ئاسانی گۆڕانکاری لە سیاسەت و بەرنامەکاندا کراوە.
بەکارهێنانی هێز
لە روانگە و دیدگای پراگماتیزمەوە ئەمریکا مامەڵەی لەگەڵ چەمکی هێز و بەکارهێنانی هێز کردووە، کە ئەویش بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی زیاتر بووە. لە کوێدا پێویست بووبێت شەرعیەتیان بەبەکارهێنانی هێز داوە.
بە گشتی ئەو خاڵانەی کە بە ئاشکرا رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە هەموو قۆناغەکاندا و پێشتریش ئاماژەمان پێدا کە هەریەکە لەو دوو حزبەی کە چوار ساڵ جارێک حوکمڕانی ئەمریکا دەکەن، فکری پراگماتیزم فکرێکی بنەڕەتی و نەگۆڕە بۆیان. لە مێژوودا ئەم دوو هێزە بەردەوام لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە و ناوەوە کاریان لەسەر بنەمای فکری پراگماتیزم کردووە.
سیاسەتی نوێی ئەمریکا و پراگماتیزم
لەدوای هێرشی تیرۆریستیی 11ی سێپتەمبەر بۆ سەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قۆناغێکی نوێ هاتەکایەوە، کە بووە خاڵی وەرچەرخان و میکانیزم و ئارایشتێکی نوێ بێتەکایەوە بۆ سیاسەتی ئەمریکا کە چۆن ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان بە فۆرمێکی نوێ بپارێزێ. ئەم گۆڕان و کاردانەوانەش لەسەردەمی ترەمپ لە دروشمی (ئەمریکا یەکەمە) باشترین گوزارشت بوو لە سیاسەتی پراگماتیستی، چونکە بە ئاشکرا بایەخ و گرنگی زیاتری بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.
ئەم بایەخدانە لەسەردەمی (جو بایدن) بە شێوازی نەرمەهێز و دیبلۆماسیەت پەیڕەوکرا، ئەویش بە دروستکردنی چەندین هاوپەیمانی لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندیە نیشتمانییەکان.
لێرەوە بۆمان روون دەبێتەوە کە فەلسەفە و سیاسەت دوو رەهەندن کە کاریگەریی گەورە و بەرچاویان لەسەر یەکتری هەیە. ئەزموونی سیاسەتی وڵاتان لەسەر ئاستی ئابووری و سیاسی دەریخستووە کە پشت دەبەستن بە بنەما فکری و فەلسەفییەکان. هەربۆیە یەکێک لەو بنەما فکری و فەلسەفیانەی کە ئەمریکا کاری لەسەر دەکات، فەلسەفەی پراگماتیزمە. ئەم قوتابخانە فکری و فەلسەفیەش وەکو روونمان کردەوە کار لەسەر ئەنجام و سوودگەرایی دەکات. پێیانوایە کە هەر بیرۆکەیەک بە ئەنجامگیری دەپێورێ و دەستنیشان دەکرێت.
بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆمان دەرئەکەوێت کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی سیاسەت کردن لای ئەمریکییەکان پراگماتیزم و لە هەموو کاردانەوەیەکدا پشت بەو فەلسەفەیە دەبەستێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی.بە تایبەتی لە بڕیارە ئەمنی و سیاسی و سەربازییەکاندا وەکو شەڕی تیرۆریزم و سیاسەتی (ئەمریکا لە پێش هەموو شتێک)، پراگماتیزم پەیڕەو کراوە. ئەگەر چی لەسەر ئاستی دنیاو دیدگا مرۆییەکاندا ڕەخنەی زۆر لە فکروفەلسەفەی پراگماتیزم گیراوە کە بنەماکانی ئەخلاق و مافەکانی مرۆڤ لە هەندێک پراکتیکدا پێشێل دەکات و پرسێکی گرنگ نییە بۆی ئەوەندەی پاراستنی بەرژەوەندی ئەمریکا بۆیان گرنگە. لەسەر ئاستی دنیادا ئەو ڕەخنانەی کە لە سیاسەتی پراگماتیزم دەگیرێ بە تایبەتی لای داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ ئەوەیە کە ترسی گەورە لەوەدا بەرجەستە ئەبێت کە لە کاتێکدا هەموو شتێک بە پێودانگی سوودو ئەنجام مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ئەوا هەموو پرەنسیپە باوەکانی ژیانی مرۆڤ دەبنە قوربانی و ئەولەویەت تەنها سوودو بەرژەوەندییە بە پێشێلکردنی ماف و ئەخلاق. هەربۆیە لێرەدا بە کورتی ئاماژە دەکەین بۆ گرنگترین ئەو ڕەخنانەی کە ڕووبەڕووی پراگماتیزم دەبێتەوە.
* پراگماتیزم هاوشێوەی ڕێبازی سوودگەرایی مامەڵە دەکات هەربۆیە ئەو ڕەفتارە ڕەنگە ڕێگا خۆش بکات بۆ ئەوەی مافەکانی مرۆڤ بخاتە ژێر پرسیاری پێشێل کردنەوە. بۆ نموونە ڕەنگە دەسەڵاتێکی پراگماتیست بڕیار بدات ئازادی گروپێک سنووردار بکات بە بیانووی پاراستنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و چەندین کاری تر کە لە ڕابردوودا لە ژێر بیانووی جیا جیا پەیڕەوکراوە. مافەکانی مرۆڤ وەکو پرەنسیپێک جێگیر کراوەو بۆتە کەلتورێکی کە ئەخلاقی نابێت دەستکاری بکرێت. بەڵام لای پراگماتیزم هیچ شتێک جێگیر نییەو بە پێی بەرژەوەندی دەستکاری دەکرێت.
لای پراگماتیستەکان یاساو ئەخلاق جێگیروئەبەدی نییە. لای ئەوان بە پێی کات و شوێن و بوونی بەرژەوەندییەکانیان دەگۆڕێت و هیچ هێڵێک بۆ سنووری ئەخلاق بوونی نییە.
* پراگماتیزم زیاتر کار لەسەر بنەمای ئامراز لە پێناو ئامانجدا دەکات و سەرنجی سەرەکی لەسەر ئەنجامی کۆتاییە. ئەمەش بۆتە پاساوێکی ئاسان بۆ گرتنە بەری سیاسەتەکانیان. هەر بۆیە نموونەی جەنگەکان لە نێوان وڵاتان لەژێر بیانووی بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی کە ڕەنگە ملیۆنان مرۆڤ ڕووبەڕووی مردن و نەهامەتی ببێتەوە. ڕەخنەگرانی فەلسەفە و فکری پراگماتیزم ئەوەیە کە ئامانجی باش بە ئامرازی خراپ نایەتەدی.
بە کورتی ڕەخنەکان لەم قوتابخانە فکری و فەلسەفیە ئەوەیە کە دەڵێن سیاسەت تەنها لەسەر بنەمای (چی بکرێت و چی بەسوودە) بەڕێوە ناچێت. گەروابێت ئەوا کەرامەتی مرۆڤ و عەدالەت و مافە بنچینەییەکان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و دەبنە کاڵای بازرگانی.
بە گشتی فەلسەفەو سیاسەت دوو بواری زۆر کاریگەرن و یەکتری تەواو ئەکەن. ئەزموونەکانی دنیا ئەوەیان خستۆتە ڕوو کە بەشێکی زۆری بڕیارە سیاسییەکان پشت ئەبەستن یان ڕەنگدانەوەی بنەما فکری و فەلسەفییەکانە. باشترین نموونەی ئەم بابەتەش لە سیاسەت و پلان و بەرنامەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەنگیداوەتەوە لەسەر ئاستی ناوەوە و دەرەوەشدا کە هەر بڕیار و پرۆژەیەکی گۆڕانکاری لە بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی...هتد پشت دەبەستێ بە فەلسەفەی پراگماتیزم. هەربۆیە مەبەستی ئەم بابەتەش هەوڵدانێکە بۆ روونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان فکر و فەلسەفەی پراگماتیزم لە سیاسەتی ئەمریکا و لە هەموو سێکتەرەکاندا. لەوەشەوە بۆمان ئاشکرا بوو کە پراگماتیزم وەک یەکێک لە فەلسەفە گرنگ و کارپێکراوەکانە لای ئەمریکییەکان. ئەگەر سەرنج بدەین تەنانەت لە هەڵوێستە سیاسییەکان و دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا رەنگیداوەتەوە.تەنانەت لە بڕیارە سەربازی و جەنگییەکاندا بیرکردنەوەی پراگماتیزم بەکارهێناوە. واتا هەموو شت لە روانگەی سوود و بەرژەوەندیی تەماشا دەکرێ نەک بنەما ئەخلاقی و مرۆییەکان.
نموونە گەلێک دەربارەی رەنگدانەوەی فکری پراگماتیزم لەسەر سیاسەتی ئەمریکا
بەو پێیەی کە پراگماتیزم جەخت لەسەر پراکتیک و ئەنجامی کردارەکان و مامەڵەی نەرم و دیبلۆماسیەت لەپێناوی بەرژەوەندی دەکاتەوە لە بری فکری دۆگمای نەگۆڕ. ئەمەش وایکردووە کە کاریگەریی زۆر دروست بکات لەسەر بڕیار و سیاسەتی ئەمریکا. لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە. هەوڵ دەدەین هەندێک نموونە باس بکەین هەم لە قۆناغی ئێستا و هەم لە رابردووشدا لەپێناوی روونکردنەوەی فکری پراگماتیزم و رەنگدانەوەی لە سیاسەت و کرداری ئەمریکا.
یەکەم/ سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان
1- میتۆدی ئۆباما یان یان بیروباوەڕی ئۆباما کە ئەمریکییەکان بە ناوی (obama doctrine) ناوزەدیان کردووە. ئەم رێباز و بیروباوەڕەش، یەکێک لە نموونە ئاشکراکانی سەرکردەیەکی پراگماتیستی ناودەبرێت لە قۆناغی نوێدا. ئەم میتۆدە نوێیە گوزارشت بوو لە جەوهەری فکری پراگماتیزم و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کاریگەرە و چی لەپێناوی دەستکەوتی زیاترە ئەوە بکرێ.
2- رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 کە لەگەڵ وڵاتی ئێران کراوە بۆ ماوەیەک بووە هۆی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان و لە هەمان کاتدا و سەرەڕای جیاوازی ئایدۆلۆژی، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوبا ئاساییکردەوە.
3- دوورکەوتنەوە لە کاریگەریی زهنیەتی سەردەمی جەنگی سارد و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە لە بازنەی جەنگی ساردی هەردوو بلۆکە ناکۆکەدا بوون. بەتایبەتی گەڕانەوە بۆ هەوڵەکانی ریچارد نیکسۆنی سەرۆکی ئەمریکا ساڵی 1972 و هینری کیسنجەر کە سەردانی چین-ی کرد. ئەگەرچی ئەو هەوڵە بە مەبەستی دوورخستنەوەی چین بوو لە یەکێتی سۆڤیەت، بەڵام جۆرێک لە پیادەکردنی فکری پراگماتیزم بوو لە مەیدانی کردەوەدا.
4- سیاسەتێکی تری ئەمریکا هەیە بە ناوی دیبلۆماسیی کیسنجەر، زۆرجار بە ناوی ریالیزمی سیاسیش ناو دەبرێت. کە تا رادەیەکی زۆر تێکەڵەیەکە لەگەڵ پراگماتیزم. چونکە بڕیارەکان لەو روانگەوە لەسەر میتۆدی سوود و زیان سەرچاوە دەگرێت. نەک لەسەر بنەمای ئەخلاق یان ئایدۆلۆژیا.
دووەم/ سیاسەتی ناوەوە و سیاسەتی ئابووری
1- لەسەردەمی دوای سەرهەڵدانی قەیرانە گەورەکەی نیوەی سەدەی رابردوو کە قەیرانێکی گەورە رووی کردە جیهان و ئەمریکاشی گرتەوە. لەسەردەمی سەرۆک فرانکلین رۆزفێڵت، ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەو کرا، لە روانگەی پراگماتیزمەوە سەرچاوەی گرتبوو. رۆزفێڵت وتەیەکی بەناوبانگی هەبوو:
وڵات پێویستی بە تاقیکردنەوەی ئازایانە و بەردەوام هەیە، رێبازێک تاقیبکەرەوە ئەگەر سەرکەوتوو نەبووی دان بە شکست و هەڵەکاندا بنێ و رێگەیەکی نوێ تاقیبکەرەوە.
2- ئەم میتۆدەش دوور بوو لە رێبازی دۆگمای سەرمایەداری کلاسیک و سۆشیالیزمی تەقلیدی، بەڵکو رێگەیەکی نوێ بوو لەپێناوی قوتار بوون لەو قەیرانە فراوانەی کە بەرۆکی بە دنیا گرتبوو.
3- دابەشبوونی دەسەڵات و سازشی سیستمی سیاسی ئەمریکا (کۆنگریس و کۆشکی سپی) لەسەر بنەمای دروستکردنی هاوپەیمانی و سازش بونیاد نراوە. یاسا داڕێژەران زۆربەی جار ناچارن لە چوارچێوەی فکری حزبەکانیان بێنە دەرەوە و لەپێناوی تێپەڕبوون بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی ئابووری ناوچەکە، یان وڵاتەکەیان.
سێیەم/ سیستمی دادوەری و دەستووری
1- لە رێباز و بیرکردنەوەی ئەمریکییەکاندا، زیهنیەتێک هەیە بەناوی پراگماتیزمی یاسایی کە یەکێک لە دادوەرانی وەک ئۆلیڤەر وێندڵ هۆڵمز کە لە پێشڕەوانی ئەو میتۆدە بوون. ئەم رێبازەش بۆچوونی وایە یاسا تەنها دەقێکی وشک و نەگۆڕ نییە، بەڵکو دەبێت ئەنجامە کۆمەڵایەتی و پراکتیکیەکانی دادوەرەکان لەبەرچاو بگرێت.
2- دەستووری ئەمریکا وەک بەڵگەیەکی بەردەوام و زیندوو لەبەرچاوبگیرێت و تەماشا بکرێ و لەگەڵ گۆڕانکاریی سەردەم خۆی بگونجێنێ. بە پێچەوانەی دەستوور و دەقەکانی وڵاتانی تر کە وەک دەقێکی وشک و نەگۆڕ سەیر بکرێ.
دەرەنجام، پراگماتیزم فەلسەفەیەکی بنەڕەتی کارپێکراوی ئەمریکییەکانە کە لەسەر دەستی بیرمەندانی وەک چارڵز پێرس، ویلیام جەیمس، جۆن دێوی، سەری هەڵداوە.
کاریگەریی ئەم فکر و بۆچونانە ئەوەیە کە جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە:
راستەقینە بوون یان سەرکەوتنی سیاسەتێک بە دەستکەوتە پراکتیکییەکانی هەڵدەسەنگێنرێت نەک لە راستی و دروستی تیورییەکە.
لەم روانگەوە، ئەمریکا هەمیشە کار لەسەر بەرژەوەندیی واقیعی دەکاتەوە و هەموو رێگەیەک بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین بەرژەوەندی کراوەیە.
*جۆن دیوی (John Dewey: 1859-1952) فەیلەسوف، دەروونناس، و چاکسازێکی پەروەردەیی دیاری ئەمریکی بوو. بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی پراگماتیزم ئەمریکییەکان بەباوکی پەروەردەی سەردەم ناوزەدی دەکەن.
*چارلس سەندەرز پیرس
(Charles Sanders Peirce; 1839 – 1914) فەیلەسوف، لۆژیکناس، بیرکاریزان و زانایەکی ئەمریکی بوو. ئەو بە «باوکی پرۆگماتیزم» (Pragmatism) دەناسرێت و یەکێکە کاریگەرترین بیرمەندەکانی مێژووی ئەمریکا بەتایبەتی لەسەر سیاسەت و فکری ئەمریکی.
*ویلیام جێمس (William James) (1842- 1910) فەیلەسوف و دەرونناسێکی دیاری ئەمریکی بوو، کە بە «باوکی دەرونناسی ئەمریکی» و یەکێک لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی قوتابخانەی پراگماتیزم دەناسرێت.
بابەتی زیاتر