قورسترین و زەحمەتترین سات ئەو کاتەیە کە ناوی شەهیدت بەسەر زاردا دێت. تۆ ناوی کەسێک دێنیت، سەردەمانێک مرۆڤێک بووە، برا، خوشک، دایک، باوک، هاوسەر، کوڕی دایک و باوکێک بووە، کەسێک بووە دونیایەک حەز و ئاوات، کتێبێک ئومێد و خۆشەویستی لە ناخیدا بووە، هەردەم بە هیواوە روانیویەتییە داهاتوو، کەسێک خەمی نەتەوە و نیشتمان و کوردستانەکەی بە کۆڵەوە بووە، کەسێک هەمیشە بڕوای وابووە تا بمێنێت دەتوانێت خزمەتی زیاتر بکات، یەکێک بووە پێی خۆش بووە سەربەرز بژی و بمێنێت لەنێو هاوڕێ و کەسوکار و خێزان و حزبەکەیدا، بەڵام هەرکاتێک زانیبێتی گیان بەختکردنی، رێی ئازادی و سەرفرازی نزیکتر دەکاتەوە، ئەوە مەرگی خۆی پێش ئەوانی تر خستووە و شەهید بووە، بۆیە کە ناوی شەهید دەهێنین، تەزوویەک بە رۆح و گیانماندا دێت، تووشی شۆک دەبین، چونکە ناوی پیرۆزییەک و شکۆیەک دێنین.
بۆ کەسوکاریان و ئێمە و مانان، وەبیرهێنانەوە و یادکردنەوەی شەهیدان، ئازار و سوێیەکی ئێجگار زۆرتری هەیە لە خەڵکانی تر.
دیارە کەسوکاریان حەسرەت و خەمیان زۆرترە، بۆ ئەوان مەعلومە، ئەو شەهیدانە کەسێکی خێزانەکە بوون، تەمەنێکیان لەگەڵ دایک و باوک، خوشک و برا، هاوسەر و منداڵ، کەسوکار بەسەر بردووە.
بۆ ئێمە و مانان، بەشێکی زۆریان، هاوڕێی رێکخستن و هاوسەنگەری پێشمەرگایەتی بوون. پێکەوە رۆژانی خۆش و ناخۆشی خەباتمان بەڕێ کردووە، لەبوون و نەبوونیدا، لەتێری و برسێتیدا، لەتەڕ و تووشیدا، لە گەرما و سەرمادا، لە خۆشی و ناخۆشیدا، لەکاتی ترس و رووبەڕووبوونەوەدا، یەک دڵ و یەک هەست و یەک رۆح بووین. بۆیە یادکردنەوەیان جگە لەوەی سەرلەنوێ بەڵێنی بەرنەدانی رێ و رێبازەکەیانمان پێ تازە دەکاتەوە، ئەو ئازار و سوێیەی لەدەسدانیشیان لە ناخماندا زیندوو دەکاتەوە و ئەو ئاگرەی لە کۆچیانەوە لە رۆحماندا هەڵکراوە، هەمیشە هەر کڵپەسێن و بەگڕتر دەبێت.
ناشکرێت ئەو راستییەش لە یاد بکەین و هەمیشە دووپاتی نەکەینەوە، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تا رۆژی ئەمڕۆمان زۆرترین شەهیدی بەخشیوە بە کوردستان و تەنیا حزبیشە کە ژمارەیەکی زۆری رێکخستن و پێشمەرگە و سەرکردە و فەرماندەی باڵای بوونەتە قوربانیی رێی خەبات، بێ ئەوەی شەهیدانی لایەنەکانی ترمان لەیاد بچێت کە ئەوانیش گەورە و بەنرخن.
لە رۆژی شەهیدی یەکێتیدا، سەری رێز و نەوازش و حورمەت بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دادەنەوێنین.
بابەتی زیاتر