هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات، دوای ئەوەی کۆمیسۆن ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند، پارتی و یەکێتی  دیسان توانیان پلەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکە ببەنەوە، (هەریەکەیان یەکەمی بی رکابەری زۆنی خۆیانن)، بەم پێیەش، حکومەتی ئایندەی هەرێمی کوردستان (کابینەی دەیەم)، هەر ئەو دوو هێزە پێکهێنەری سەرەکیی دەبن، یان لایەنی کەم بە بەشداری نەکردنی هەرکام لەو دوو هێزە، کابینەی دەیەم سەرکەوتوو نابێت، یان رەنگە هەر دروست نەبێت. 

رێکەوتن بکرێت
کەواتە، لە ئێستاوە و بە رەچاوکردنی کاتی لەدەستچوو، دەبێت بە زووترین کات، کار لەسەر رێکەوتن و چۆنێتی پێکهێنانی کابینەی دەیەم بکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو ئاڵۆزییەی کە ئەمڕۆ تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، هەرێمی کوردستانیش کەوتووەتە ناو ئەو جوگرافیا نا سەقامگیرەوە. بۆ ئەوەی لایەنی کەم چوار ساڵی ئایندە بۆ حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان، چوار ساڵی ئارامی و ئاوەدانی بێت، وەک پارتی بانگەشەی بۆ دەکرد، وەهەم چوار ساڵی خۆشگوزەرانی و نەمانی جیاکاری و خۆسەپاندن بێت وەک یەکێتی بانگەشەی بۆ دەکرد، دەبێت رێکەوتنی ئەو دوو هێزە تەنها لەسەر دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی ئایندە نەبێت، بەڵکو پەل بهاوێت بۆ رەهەندە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و کایەکانی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی، واتە رێکەوتن ئەگەر تەنها لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بێت، هێشتا ناتوانرێت دڵنیایی ئارامی بە خەڵکی کوردستان بدرێت، بە تایبەتی لە دوانزە مانگی رابردوودا، ئەم دوو هێزە لە ململانێیەکی توندا بوون بەرامبەر یەکتر، لە کەرکوک تا ئێستا نەگەیشتونەتە رێکەوتن، لەگەڵ بەغدا و لەسەر کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بە دوو ئاراستەی جیاواز کار دەکەن، زۆر کێشەی تری هەڵپەسێردراو لە نێوان ئەم دوو هێزەدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، بۆیە دەبێت بۆ دڵنیایی هاووڵاتیانی کوردستان رەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:
یەکەم/ نابێت هەموو دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، تەنها لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەبچێت، دەکرێت بەشێک لە کۆبوونەوەکان ببرێتە شارەکانی تری هەرێم وەک کۆیە، سلێمانی، دهۆک، راپەڕین، هەڵەبجە و کەلار (گەرمیان)، یان ساڵانە خولیکی پەرلەمان لە هەولێر بەڕێوەبچێت و خولی دووەم لە شاری سلێمانی، ئەمەش بە رێکەوتنی پێشوەختە دەکرێت، ئەم ئەزموونە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا جێبەجێ کرا، کۆبوونەوەی پەرلەمان برایە مزگەوتەوە، ئەم کارە لایەنی کەم دوو ئامانج دەپێکێت:
-  پەرلەمانتار هەست دەکات کە پەرلەمانتاری هەموو هەرێمی کوردستانە و لە نزیکەوە ئاشنایەتی لەگەڵ ئەو ناوچانە دروست دەکات.
-  هیچ لایەنێک ناتوانێت هەیمەنەی تەواوی خۆی بەسەر پەرلەماندا بسەپێنێ یان پەرلەمان داخات.

کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن
دووەم/ بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانی دەرەوەی هەرێم نەگەڕێتەوە ناو هەرێم، دەبێت هەردوو لایەنی حکومڕان، پێش پێکهێنانی کابینەی دەیەم لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا بگەنە رێکەوتنی تەواو و کێشەکانی نێوانیان لە خانەقین و کەرکوک و مەخمور و شەنگال یەکلایی بکەنەوە.
سێیەم/ بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی، کە ساڵانە بودجە بچێتە پەرلەمان و بە توندی لەلایەن پەرلەمانەوە چاودێری جێبەجێکردنی بکرێت، پرۆژەکان بە شێوەیەک دابەشی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، کە تیایدا هاوسەنگی بۆ هەموو ناوچەکان پارێزراوبێت، بە لەبەرچاوگرتنی پرۆژەی ستراتیجی کە هەموو هەرێم لێی سوودمەندبێت، بایەخدانی زیاتر بە بووژاندنەوەی گوندەکان و دەستپێکردنەوەی پێشینەکان کاری لە پێشینەبێت.
چوارەم/ دابەشکردنی پۆستەکان تا ئاستێکی بەرچاو هاوسەنگی تیا بپارێزرێت، ئەگەر پارتی چاوی لەسەر سەرۆکی حکومەتە، دەبێت سەرۆکی هەرێم بە رەوا بزانێت بۆ یەکێتی، نە بۆ ئەو دوو پۆستەو نە لە دوای ئەو دوو پۆستەوە، ناکرێت هێڵی سوور لەسەر هێچ کەسێک دابنرێت کە پارتی یان یەکێتی کاندیدی دەکات بۆ وەرگرتنی هەرپۆستێکی حکومی، کە وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن بەری دەکەوێت، دەبێت ئەو کاندیدە پەرلەمان یەکلایی بکاتەوە، جگە لە هەردوو پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێم کە دوای رێکەوتن، پەرلەمانتارانی هەردوولا دەبێت دەنگی لەسەربدەن و پرۆسەکە بەردەوامی وەربگرێت. 
 
نابێت هەموو دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، تەنها لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەبچێت، دەکرێت بەشێک لە کۆبوونەوەکان ببرێتە شارەکانی تری هەرێم وەک کۆیە، سلێمانی، دهۆک، راپەڕین، هەڵەبجە و کەلار (گەرمیان)، یان ساڵانە خولیکی پەرلەمان لە هەولێر بەڕێوەبچێت و خولی دووەم لە شاری سلێمانی
دامەزراندنی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو
لە راستیدا هەردوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان، دەبێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، کار بکەن بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر پارتی وەک هێزی یەکەمی براوە، بێباکی خۆی بەرامبەر یەکێتی پیشان بدات، بەردەوام بێت لە پێداگرییەکانی وەک لە حکومەتی خۆجێیی کەرکوک و لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەماندا بینیمان، ئەوا بۆ یەکێتیش رەوایە کە تەواوی پەرلەمان و حکومەت لەودیوی دێگەڵەوە بەجێبهێڵێت بۆ پارتی و بەشداری حکومەتی پێشوەختە دیزاینکراو نەکات. 
 لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، لە نێوان هەردوو هۆزی (هۆتۆ و توتسی) لە وڵاتی رەواندا، شەڕێکی توندی ناوخۆیی روویدا، کە بە سەدان هەزاریان لە یەکتر کوشت و بە هەزاران ژن و منداڵ دەستدرێژیان کرایە سەر، ئابووری ئەو وڵاتە بە تەواوی داڕما، بەڵام پاش دامەزراندنی حکومەتێکی نیشتمانی، لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا بەسەر هەموو ناکۆکییەکاندا سەرکەوتن و بووژاندنەوەیەکی تەواو سەرتاسەری رەواندای گرتەوە، ئێستا رەواندا یەکێکە لە وڵاتە هەرە ئاوەدان و پێشکەوتووەکانی ئەفریقا، خاوەنی ئابووری و تەکنەلۆجیایەکی بەهێزە، ئەم ئەزموونەی رەواندا دەکرێت لە کوردستانیش لەبەرچاو بگیرێت و کۆتایی بە هەموو ناکۆکییەکان بهێنێت.

هێزی نیشتمانی
 رۆژانی ئایندە پیشانی دەدات کام هێز نیشتمانییە و کام هێزەش تەنها لە بازنەی بەرژەوەندیی حزبی و ئەجێندای دەرەکیدا کار دەکات.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved