بە کوردیکردنی ئاین/ بەشی دووەم
محەمەد حەمە تەقی
تەنها قسەمان لەسەر ئاینی ئیسلامە، ئەو ئاینەی کە چواردە سەدەی زیاتر لە تەمەنی تێپەڕاندووە و ژمارەی باوەڕمەندانی لە سەرتاسەری جیهاندا بە ملیار و نیوێک زیاتر دەخەمڵینرێت، ئەمە لەلایەکەوە شکۆ و گەورەیی ئەم ئاینە پیشاندەدات، لەلایەکی ترەوە دەبێتە مایەی تێڕامان و قوڵبوونەوە، لە ماهیەت و کاریگەری ئەم ئاینە لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگە موسوڵمانەکان و تەواوی جیهان. ناکرێت ئاینێک بەدرێژایی چواردە سەدە کاریگەری لەسەر کۆی ڕووداو و ژیانی ملیاران مرۆڤ بووبێت و تەنها وەک باوەڕمەندیەک لێی بڕوانین، بەتایبەتی بۆ ئێمەی کورد، کە هەندێک جار بەهۆی ئەم ئاینەوە و لەژێر سێبەری ئەم ئاینەدا هاڕیویانین، هەندێ جاریش هەر ئەم ئاینە بووەتە هۆی کۆکردنەوەمان و ئاسوودەیی پێبەخشیوین.
ئاین (هەر ئاینێک)، دەبێت لەخزمەتی مرۆڤایەتیدا بێت و بەختەوەری و ئاسوودەیی بۆ مرۆڤ فەراهەم بکات، بەپێچەوانەی ئەمەوە، ئەگەر ئاین نەیتوانی وەها کارێک بکات، نەیتوانی خزمەت بە خواست و پێویستیەکانی مرۆڤ بکات، نەبووە هۆی سەقامگیری ئاشتی کۆمەڵایەتی، کەواتە یان کەموکوڕی لە ئاینەکەدا هەیە یان ڕابەرانی ئاینەکە لە ئاینەکەیان تێنەگەیشتوون و بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ دەکەن.
پێش هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان، کورد نەتەوەیەکی باوەڕداربووە، هەرگیز کورد بت پەرست نەبووە، لە هەموو کوردستاندا شوێنەوارێک نابینیتەوە کە بەڵگەی ئەوەبدات بەدەستەوە کە کورد بتی پەرستووە، وەک چۆن لە دورگەی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بت پەرستن بەشێک بووە لە باوەڕمەندیان. ئاینەکانی ئێزیدی، زەردەشتی و یارسان ئاینی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان بووە، سەرەڕای پەیڕەوانی ئەو ئاینانە، کوردی مەسیحی و کوردی جوو لە کوردستاندا هەبوون، ڕاستە کورد ڕووی لە ڕوناکی ڕۆژ (خۆر) و دیاردە سروشتیەکان کردووە، بەڵام هیچکام لەوانەی نەپەرستووە، بەڵکو هەموو ئەمانەشی وەک بەڵگەی هێز و توانای لە ڕادەبەدەری کردگار (یەزدان) سەیرکردووە. ڕاستە بەشێکی کورد بۆ نوێژکردن ڕوویان لە ڕۆژ یان ئاگر (کە ڕووناکیە) کردووە، بەڵام ئەمە ئاگر پەرستی ناگەیەنێت، وەک چۆن موسوڵمانان لەکاتی نوێژکردندا ڕوودەکەنە بەردە ڕەشەکەی مەکە (تەنانەت لەناو كەعبەشدا)، بەرد پەرستی ناگەیەنیت.
هەموو ئەو ئاینانەی لە کوردستادا پێش هاتنی ئیسلام پەیڕەودەکران، ئاینی توندوتیژی نەبوون، لەسەر بنەمای ترس و پەلاماردان گەشەیان نەکردووە، هانی کوشتنی مرۆڤ و تاڵانی (انفال)یان نەداوە. نەک هەر ڕێگەیان بە کەنیزەککردنی ژنان و کچانیان نەداوە، بەڵکو زۆر بەڕێزەوە لە ئافرەتیان ڕوانیوە، بەڵام مایەی سەرسوڕمانە نوێترین ئاینی یەزدانی، کە ئاینی ئیسلامە و لەلایەن خوای بەخشندە و میهرەبانەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرێکی ڕاستگۆ و مرۆڤدۆستەوە بۆ مرۆڤایەتی هاتبێت، ڕێگە بە کوشتن و تاڵانی بدات؟ یان ڕێگە بە کۆیلەکردن و کەنیزەک و غیلمان بدات؟ ئەگەر وانیە لە مێژووی دوورودرێژی ئیسلامدا هەموو ئەوانە بۆ ڕوویانداوە؟ تەنانەت تاڵیبان و داعش و نوسرەش لەم سەردەمی دونیای عەولەمە و پێشکەوتنەدا، هەمان کاریان لەژێر پەردەی ئاینی ئیسلامدا دووبارە کردەوە. لێرەوە دەتوانین شتێک بڵێین: کە هەموو ئەو دیاردە دزێوانە بەشێک نەبوون لە ئاینی ئیسلام، بەڵکو بەشێک بوون لە کەلتووری عەرەبیی ئەو سەردەمەی دورگەی عەرەبی و تێکەڵ بە ئیسلام کراوە، یان بۆ هاندان و داگیرکردنی وڵاتانی نائیسلامی (کە بەناوی فتوحاتەوە ئەنجامدەدرا)، تێکەڵ بە ئاینەکە کراوە، لەو ڕێگەوە جەنگاوەرە موسوڵمانەکان بۆ بەدەستهێنانی تاڵانی و کەنزیەک بەشێوەکی باشتر و شێلگیرانەتر جەنگاون.
ئەگەر بەوردی و بەچاوێکی ڕەخنەگرانە و شیکاری، لە دەقەکانی ئاینی ئیسلام بڕوانین لەناو قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر(د.خ)دا، دەتوانین خەسڵەتەکان یان جەوهەری ئاینی ئیسلام لە چەند تەوەرێکدا کۆبکەینەوە؛
یەکەم/ بەشێکی گرنگی ئەو دەقانەی ئاینی ئیسلام خەسڵەتێکی ڕۆحانی یان عیرفانی تێدایە، کە ئەمە لە هەموو ئاینەکانی تریشدا هەیە، بەتایبەتی ئاینە ڕۆژهەڵاتیەکان، سۆفی، زاهید، دێوانە. دەروێش و خەڵوەتنشینەکان ئەو کەسانەن کە زیاتر لەهەموان لەژێر کاریگەری ئەم تەوەرەی ئایندان.
دووەم/ زانست و فەلسەفە، ئەم تەوەرەی ئاین لێکدانەوەی بۆ دیاردە و ڕووداوە سروشتیەکان و تێگەیشتن لە سەرەتای بوون و کۆتایی ژیان و گەردوون کردووە، لە ڕوانگەی ئاین و توانا لە ڕادەبەدەرەکانی یەزدانی مەزنەوە.
سێیەم/ لەم تەوەرەیاندا ئاین هەوڵی ڕێکخستنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و دروستکردنی خێزان دەدات، هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی خۆشەویستی و هاوکاری و دڵسۆزی دەدات لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەگشتی و بڕوادارانی موسوڵمان بەتایبەتی.
چوارەم/ لەم تەوەرەیاندا ئاینی ئیسلام ڕوو دەکاتە بەکارهێنانی توندوتیژی، بەتایبەتی بەرامبەر ئەوانەی کە پابەندی بنەماکان (ڕوکنەکان)ی ئیسلام نابن، کەسانی ناموسوڵمانن و ڕەخنەیەک یان تێڕوانینێکی جیاوازیان بۆ ئیسلام هەیە، لە ڕوانگەی ئەم تەوەرەوە، کوشتن و تاڵانی و بە کەنزیزەک کردنی ژنان و کچانی ئەوانە دەبێت بە ئەرکێکی ئاینی.
هەرسێ تەوەری یەکەم، لە هەموو ئاینەکاندا بەگشتی و لە ئاینی ئیسلامدا بەتایبەتی بەڕێژەی جیاجیا بوونی هەیە، بەڵام تەوەری چوارەم بەئاستێکی بەرز و بەرچاو لە ئاینی ئیسلامدا هەیە. بە دەقی قورئانی هەیە کە هانی کوشتن و تاڵانی دەدات، ئەمەش وایکردووە ئاینی ئیسلام لەدەرەوەی جیهانی ئیسلامی و لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی، وەک ئاینێکی توندڕەو و بەرهەمهێنی تیرۆریست بناسرێت. ئەم ناسین و تێڕوانینەش هەم بۆ ئاینی ئیسلام باش نیە هەم بۆ پەیڕەوانی ئیسلام.
لێرەوە ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەر پیاوان و زانایانی ئیسلامیی بەگشتی و زانایانی ئیسلامی کورد بەتایبەتی، کە ئەو دەقانەی ئاین کە هانی موسوڵمانان دەدات بۆ توندوتیژی، دەبێت وەک بەشێک لە کەلتووری ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی عەرەبی بناسێنن، وەهای پیشانبدەن کە ئەو دەقانە پەیوەندی بە ئاینی ئیسلامەوە نیە و تێکەڵ بە ئاین کراوە، یان ئەو دەقانە ببەستنەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلام، بۆ کاتێک کە موسوڵمانان بۆ پارێزگاری لە خۆیان و بڵاوکردنەوەی ئاینی ئیسلام پێویستیان بەو جۆرە دەقانە هەبووە لە ئاینەکەدا، دەبێت ئەو ڕاستیەش بخرێتە ڕوو، کە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەریش لەسەردەمی پێغەمبەردا نە نووسراونەتەوە، بەڵکو چەندین ساڵ دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) ئەو کارە کراوە، لێرەوە دەتوانرێت هەموو ئەو دەقانەی کە بەشێوەیەک لە شێوەکان هانی توندوتیژی دەدەن، یان ناکۆک و ناتەبان لەگەڵ کەلتووری کوردی و خواستی سەردەمەکە، فەرامۆش بکرێت.
ئەگەر زانایانی ئیسلامیی کورد بتوانن وەها کارێک بکەن و ڕۆشنبیران و دەسەڵاتی کوردیش هاوکار و پشتیوانیان بێت، ئەوا دەتوانرێت چەند ئامانجێک بەدیبهێنرێت:
یەکەم/ کۆمەڵگەی کوردی و موسوڵمانانی کورد وابەستەی ڕەوتە توندڕەوە جیهادیەکانی دەرەوەی کوردستان نابن، یان لایەنی کەم هیچ ڕەوتێکی ئیسلامی توندڕەو لە کوردستاندا سەرهەڵنادات، وەک ئەوەی لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو (انصار الاسلام، جند الاسلام) سەریانهەڵدا و لە کوردستاندا بنکەو بارەگایان دروستکرد و ڕێکخستن و لایەنگریان هەبوو، کە سەرەڕای ئەوەی بوونە هۆی دروستبوونی پشێوی و نائارامی، بوونە هۆی لەدەستدان و شەهیدکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان، کارەساتێکی وەک ئەوەی (خێڵی حەمە)یان دروستکرد.
دووەم/ وەک چۆن ڕێگری لە دروستبوونی ڕەوتی توندڕەوی ئاینیی دەکات، لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆی دروستنەبوونی ڕەوتی نادینی، بەمەش ئارامی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی زیاتر بەرقەرار دەبێت، گرژی و پێکدادانی کۆمەڵایەتی کەم دەبێتەوە.
سێیەم/ نەتەوەی کورد، وەک نەتەوەیەکی هۆشیارتر و کراوەتر، تەنانەت ئاشتیخوازتر دەبینرێت، لەچاو نەتەوە هاو ئاینیەکانی دەوروبەر. واتە وێنەیەکی جوانی کورد پیشانی جیهانی دەرەوە دەردرێت، ڕەنگە ئەم کارە بۆخۆی دیوێکی شاراوەی کوردایەتی بێت.
ئەوەی ئەم نووسینە داوای دەکات، ئاینێکی جیاواز نیە لە ئاینی ئیسلام، تەنانەت لادانیش نیە لە بنەما مرۆڤدۆستی و خوا پەرستیەکەی ئیسلام، بەڵکو گەڕانە بەدوای ڕێچکەیەکی نوێ، بۆ ڕێکخستن و گونجاندنی ئاینی ئیسلام لەگەڵ کەلتووری کوردی و ڕۆحی سەردەمەکە.
تا پێغەمبەر (د.خ) لە ژیاندابوو، ئیسلام یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بوو، هیچ ئاماژەیەک نیە بۆ بوونی مەزهەب و ڕەوتی جیاواز لەو سەردەمەدا، بەڵام دواتر دەیان مەزهەب و ڕەوتی جیاواز لە ئیسلامدا سەریانهەڵدا و دروستبوون، ئیتر هەر لە موعتەزیلە و ئەشعەریەکانەوە بیگرە تا هەردوو مەزهەبی گەورەی شیعە و سونە و مەزهەبەکانی شافعی و مالکی و حەنبەلی و حەنەفی و تا رەوتە سەلەفی و جیهادی و ئیسڵاحی و ئیخوانەکان، کەس ناتوانێت بەو مەزهەب و ڕەوتانە بڵێت مەسوڵمان نین، یان پێیان بڵێت: لە ئاینی ئیسلام لایانداوە و هەڵگەڕاونەتەوە، مەگەر خۆیان بەیەکتر وەها قسەیەک بڵێن.
ئەگەر داتاشین و مەزهەبگەرایی بۆ ئەوانیتر کارێکی ئاسایی بێت، ئەی بۆ کوردێکی موسوڵمان و تاسەر ئێسقان خواپەرست، بۆ ناڕەوایە گەر لە بۆتەی کرۆکی ئاینی ئیسلامدا، ڕەوتێک یان مەزهەبێک بۆخۆی بەرهەم بهێنێت؟ لەکاتێکدا ئەم مەزهەبە کوردیە وەک ئەم نووسینە دەیخوازێت، زیاتر ببێتە هۆی ئەوەی کە ئیسلام وەک ئاینێکی خاوێن و سەردەمیانە بناسێنێت.
بابەتی زیاتر