لەدوای قۆناغی ڕاووشکارەوە، تا ئەمڕۆی قۆناغی پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیا و بیری مرۆڤایەتی، داگیرکاری وەک پڕۆسەیەکی بەردەوام لە بیروهزری کۆی مرۆڤایەتیدا بوونی هەیە، ئیتر بەشێوەی تاک و گروپ بێت، یان لە ئاستی دامەزراوە و دەوڵەتدا بێت.
داگیرکردن: واتە دەستبەسەرداگرتنی کەرەستەیەک، مولکێک، خاکێک یان هەر شتێکی تری ماددی لەلایەن کەسێک یان گروپ و دەوڵەتێکەوە، کە لەبنەڕەتدا مافی کەسانی تر و گروپ و نەتەوەی ترە، مەرج نیە داگیرکردن تەنها کەرەستە مادییەکان بگرێتەوە، بەڵکو دەکرێت داگیرکردنی بیروهزری مرۆڤ بە فەلسەفەیەک، ئایدیایەک یان بە مەزهەب و ئاینێک، بە جۆرێکی تری داگیرکاری هەژمار بکرێت.
ڕەنگە ناکۆکی وململانێ، تەنانەت دوژمنایەتیش نەبێتە هۆی داگیرکاری، بەڵام هەمیشە داگیرکاری دەبێتە هۆی ناکۆکی و دوژمنایەتی، واتە جەوهەری داگیرکاری قوڵتر و کاریگەرترە لەسەر هەست و بیری مرۆڤ، تا ئاستێک لەپێناو نەهێشتنی داگیرکاریدا مرۆڤ ئامادەی خۆ بەختکردن و قوربانیدانی هەیە، داگیرکاری لەکۆنەوە ڕێبازێک بووە بۆ بەردەوامی ژیان و مانەوە، بە مەبەستی تاڵانی یان دەستبەسەردا گرتنی موڵک و زەوی و زار و سەرچاوەی سروشتی، هەمیشە کەس و گروپە بەهێزەکان یان دەوڵەتە بەهێزەکان پەلاماری کەس و گروپ و دەوڵەتە لاواز و بێ هێزەکانیان داوە و ئەوەی ویستویانە لە سەروەت و سامان و مولک و شوێن، داگیریان کردووە و کردوویانە بە بەشێک لە موڵک و سەرمایەی خۆیان.
لە سەردەمی پێش دەرەبەگایەتیدا، خێلەکان پەلاماری یەکتریان داوە، تاڵانییان کردووە و هەموو ئاژەڵ و سامانێکیان بردووە بۆ خۆیان، تەنانەت هێندەی بەردەستیان کەوتبێت لە کچ و ژن و پیاو، وەک کاڵا بردوویانن و ژن و کچەکانیان کردووە بە کەنیزەک و پیاوەکانیش بە کۆیلە، بەڵام ئەو دیاردەیە داگیرکاری دروستنەکرد، بەڵکو پاش تاڵانیەکە ناوچەکەیان چۆڵ دەکرد و دەگەڕانەوە سنوری پێشووی خۆیان. لە کەلتووری خێڵدا، تاڵانی جۆرێکە لە ئازایەتی و نەبەردی.
لە قۆناغی دەرەبەگایەتیدا، داگیرکاری بوو بە یەکێک لە سیماکانی قۆناغەکە، دەرەبەگەکان خواستی ئەوەیان هەبوو کە سنوری دەسەڵاتیان فراوان بکەن، قەڵای گەورە و قایمیان دروستدەکرد، ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی چەک و جبەخانەو لەشکریان زیاتر دەکرد. لێرەوە داگیرکاری خاک برەوی پەیداکرد، کە مەبەستی سەرەکی باسەکەی ئێمەیە، بەدوای ئەمەدا لەشکرکێشی و پەلاماردان بۆ تاڵانی و داگیرکردنی خاکی زیاتر لە جیهانی کۆندا دەستیپێکرد و بوو بە سیمای سەردەمەکە، دروستبوونی ئیمپراتۆریەکانی بیزەنتی و ڕۆمی و ئاشوری و ماد، دواتریش ئیمپراتۆریەتەکانی مەسیحی و ئیسلامی و قەیسەری ڕوس و سەفەوی و عوسمانی، زادەی داگیرکاری بوون.
بەشێک لەو نەتەوانەی کە خاکیان داگیرکرا و بوون بەژێردەستە، خۆشیان وەک نەتەوە لەناو دەسەڵاتی ئیمپراتۆریە داگیرکەرەکەدا، تا ئاستی پووکانەوە و بچوکبوونەوە، بەشێوەی گروپی ئیتنی لە هەندێ شار وشارۆچکەدا ماون، وەک بەربەر و قبتی و ئەمازیخییەکان، بەڵام نەتەوەکانی ئەرمەن و بەلوج و کورد، تا ئاستێکی باش توانیان بەرگری لە خاک و کەلتووری خۆیان بکەن و ناسنامەی نەتەوەییان بپارێزن.
لە قۆناغی دەرەبەگایەتیەوە تا نزیک بە کۆتایی یەکەم جەنگی جیهانی، بەشێک لە ئیمپراتۆریەتەکان هەر مابوون و بەسەدان ساڵ حوکمی ناوچەیەکی فراوانیان دەکرد، بەڵام لەو مێژووە بەدواوە ئیمپراتۆریەت کۆتایی هات و داگیرکاری شێوەیەکی تری سەربازی و ئابوری و تەنانەت شێوەیەکی تری کەلتووری وەرگرت.
کورد و داگیرکاری ..
لە مێژووی کۆن و نوێدا هیچ ئاماژەیەک نیە بۆ ئەوەی، کە کورد ڕۆژێک لە ڕۆژان خاکی نەتەوەیەکی تری داگیرکردبێت، بە پێچەوانەوە سەدان ساڵە خاکی کوردان (کوردستان) داگیرکراوە و کورد وەک نەتەوەیەکی ژێردەستە درێژە بە تەمەنی پڕ چەرمەسەری خۆی دەدات. ئەم داگیرکاریەش تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ لەسەر نەتەوەی کورد بەردەوامە، لەو مێژووە دوورودرێژەدا سەرەڕای دەیان شۆڕش و ڕاپەڕین، کورد نەیتوانیوە خۆی لە ژێردەستەیی دەرباز بکات.
وەک چۆن داگیرکاری پێویستی بە هێزی سەربازی و ڕێکخستن و تاکتیک هەیە، خۆپارێزیش لە داگیرکاری بە هەمان شێوە پێویستی بە هێزی سەربازی و ڕێکخستنی ناوخۆ و تاکتیکی تایبەت هەیە، پێویستی بە ئیرادەیەکی بەردەوام هەیە بۆ وەستانەوە دژی داگیرکاری، لەپاڵ هێزی سەربازی و ڕێکخستنی ناوخۆدا هێزی ئابووری و کەلتووری، ڕۆڵێکی گرنگیان لە وەستانەوە دژی داگیرکاریدا هەیە.
بۆ ئێمەی کورد کە سەدان ساڵە لەژێر سایەی داگیرکاریدا دەگوزەرێنین، لاوازترین خاڵێک کە داگیرکەران توانیویانە لە سایەیدا درێژە بە حوکمی داگیرکاریەکەیان بدەن، بە پلەی یەکەم بەندە بە نەبوونی ڕێکخستنی ناوخۆیی و پەرتەوازەیمانەوە، دەنا نیشتمانی کورد نیشتمانێکی پڕ لە پیت و فەڕە و سەرچاوەی ئاو و سامانی سروشتی زۆر و زەوەندی هەیە، واتە لە ڕووی ئابوری و بەرهەمەوە، تا ئاستی خۆبژێوی و زیاتریش فەراهەم دەبێت، ئەگەر سەرمایەگوزاری تێدا بکرێت. لە هەمان کاتدا کورد خاوەنی زمان و کەلتوورێکی دەوڵەمەندی تایبەت بە خۆیەتی، لە ڕووی هێزی سەربازیشەوە، مێژوو شاهیدە کە کورد میللەتێکی چاونەترسە، زۆر جار داگیرکەری زۆر گەورەی وەک سەفەوی و عوسمانی و عەرەبی و ئینگلیز و ڕوسی بە چۆکدا هێناوە، بەڵام داگیرکەر بەسود وەرگرتن لە پەرتەوازەیی ناوخۆ و پیلانی جۆر بە جۆری نا مرۆڤانە و شەیتانی، توانیوێتی جارێکی تر هێزی کوردیی تێکبشکێنێت و خاکی کوردستان داگیربکاتەوە.
گەورەترین ڕێگری لە بەردەم ڕزگارکردنی کوردستاندا ئەوەیە، کە داگیرکەرانی کوردستان لە نەتەوەکانی دراوسێی کوردستانن، واتە داگیرکەرانێک نین کە لەدوورەوە هاتبن، وەک داگیرکردنی میسر لەلایەن فەرەنساوە، یان هندستان لەلایەن بەریتانیاوە، بەریتانیا و فەرەنسا تەنها هێزی سەربازیان چووە هندستان و میسرەوە، بەڵام داگیرکەرانی کوردستان بە گاو گۆتاڵەوە، بە کەلتوور و فەرهەنگەوە هاتن و سنوری کوردستانیان سڕییەوە و لکاندیان بە خاکی خۆیانەوە، سەرەڕای ئەوەش، داگیرکەرانی کوردستان لە ڕووی ئاینیەوە کێشەیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ کوردا نەبووە، ئەوان موسوڵمان و زۆرینە کوردیش هەر موسوڵمان. سەرەڕای ئەوانەش شۆڕشی کورد، نەیتوانیوە چالاکیەکانی بگەیەنێتە قوڵایی دەسەڵاتی داگیرکەر، هەر لە کوردستان و لە ناو شار و گوندی کوردستانەوە بەرگری لە خۆی و مافی نەتەوەیی خۆی کردووە.
ئەم ڕەوشە وایکردووە تەمەنی داگیرکاری لە کوردستاندا درێژەی هەبێت و بە قوڵی کاریگەری لەسەر بیروهزری زۆربەی گەلی کورد دروستبکات، بەڵام نەک بۆ بەرپەچدانەوەی داگیرکەر، بەڵکو بۆ ڕاهاتن و دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ حکومڕانی و کەلتووری داگیرکەردا، بە شێوەیەک نەوە لەدوای نەوە بوونی هێزی داگیرکەر لەسەر خاکەکەی وەک شتێکی ئاسایی دەبینێت، لای ئاساییە کە نەتەوەیەکی بێگانە و دەسەڵاتێکی داگیرکەر حوکمی دەکات، چونکە لەو ڕۆژەوەی چاوی کردووەتە، تەنها کەلتوور و حوکمی داگیرکەری بینیوە، ئەوەی بینیوە کە شارو گوندی نیشتمانەکەی ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە پایتەختی نەتەوەی داگیرکەرەوە، بوونی دەسەڵاتی کوردی و حوکمی کوردی لای زۆربەی تاکی کوردی، وەک شتێکی نامۆ و بێ بایەخ سەیرکراوە، دیارە ئەم تێڕوانینەش وەک شەڕێکی تایبەت و شەڕی دەروونی، داگیرکەران لەناو گەلی کورد و کۆمەڵگەی کوردیدا درێژەی پێدەدەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەشەکانی کوردستان بەفەرمی و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بوون بە بەشێک لە خاکی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان.
گەورەترین و کاریگەرترین بنەماکانی پێشکەوتنی هەر گەل و نەتەوەیەک، ئازادی و سەربەخۆییە، واتە هیچ نەتەوەیەک ناتوانیت لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی مێژوویی مرۆڤایەتیدا بەشدار و سەرکەوتووبێت، ئەگەر ئازاد و سەربەخۆ نەبێت، داگیرکاری هەم سەربەخۆیی دەسڕێتەوە هەم ئازادی لەناودەبات، ئەمە جگەلەوەی دامەزراوەکانی داگیرکەر، بەردەوام لە ڕێگەی دروستکردنی کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتووریەوە، هەوڵی لاوازکردن و دەستەمۆکردنی نەتەوە داگیرکراوەکە دەدات.
خراپترین لێکەوتەکانی داگیرکاری، جینۆساید و ڕاگواستنی بە کۆمەڵە. داگیرکەر تەنها بە دزینی سامان و داگیرکردنی خاکەوە ناوەستێ، بەڵکو بۆ دڵنیابوون لە داهاتووی خۆیی و بۆ درێژەدان بە داگیرکاریەکەی، بەردەوام توندوتیژی بەکاردەهێنێت، شەڕی فیزیکی تا ئاستی جینۆساید و شەڕی ڕاگواستنی بەکۆمەڵ ئەنجام دەدات، لە ترسی ئەوەی: نەوەک لە زەمەنێکدا نەوەیەک دروستبێت بتوانێت دژی بوەستێتەوە و خاکەکەی لە داگیرکاری پاک بکاتەوە.
لە ڕابردوودا جینۆسایدو ڕاگواستنی بەکۆمەڵ، بەرامبەر ئەرمەن و کورد و هندیە سورەکان و ئێزیدیەکان و زۆر نەتەوە و گروپی تر لە جیهاندا ئەنجامدراوە، لەم سەردەمەی جیهانگیری و مافی مرۆڤەیشدا، داگیرکاری هەر درێژەی هەیە، ئەمەش وای کردووە کە پڕۆسەکانی جینۆساید و ڕاگواستن، لە کوردستان و زۆر ناوچەی جیهان بەردەوامی هەبێت، بەڵام بە ئاست و شێوازی جیاواز.
بابەتی زیاتر