حکومەتی بنکە فراوان یان حکومەتی بنکە یاسایی؟
محەمەد حەمە تەقی
تەمەنی حکومڕانی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە سێ دەیەی تەواوی تێپەڕاندووە، لە مێژووی نزیک و مام ناوەندی گەلی کوردا، ئەمە درێژترین ماوەیە کە کورد توانیبێتی لە جوگرافیایەکی فراواندا، خۆی حکومڕانی خۆی بکات، گەرچی حکومڕانیەکە بێ گیروگرفت نەبوو بەتایبەتی لە دەیەی یەکەمیدا، بەڵام دەتوانرێت وەک دەسکەوتێکی مەزن بۆ خەباتی ڕزگاریخوازانەی چەند ساڵەی  گەلی کورد و شۆڕشەکانی کورد لە باشوردا سەیری بکرێت.
لە ماوەی ئەو سێ دەیەی حکومڕانیدا، نۆ کابینەی وەزاری بەڕێکران، کە بەشدار و خاوەن بڕیاری سەرەکی هەر نۆ کابینەکەی ڕابردوو، هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوون (دیارە بەهەمان ئەندازە خاوەن بڕیار نەبوون)، لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا، ڕۆڵی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بەتەواوی ئیفلیجکرا، بەتایبەتیتر لە دوای ڕووداوەکانی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ ئیتر شتێک نەمایەوە بەناوی پەرلەمان و حکومەت، هەموو بڕیارەکان گەڕایەوە کۆشی حیزب و سەرکردایەتی هەردوو حیزبەکە (پارت و یەکێتی).
لە کۆتایی نەوەدەکاندا، بە هاوکاری خەڵکی نیشتمان پەروەری کوردستان و دڵسۆزانی کورد لە دەرەوەی کوردستان و ئەو ڕژێمە باڵادەستانەی جیهان کە بەرژەوەندیان لە یەکڕیزی ماڵی کوردابوو، توانرا ئەو قۆناغە پڕ لە کارەساتە تێپەڕێنرێت و جارێکیتر ئارامی و ئاوەدانی ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە. گەرچی دەیەی دووەمی حکومڕانی، دەیەی ئاوەدانی و بوژاندنەوەبوو لە هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتی دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن، بەڵام لەو دە دوازدە ساڵە ئارام و کاسەپڕیەدا، نەتوانرا ئاسەوارەکانی شەڕی ناوخۆ بۆ هەتا هەتا بنبڕبکرێت و ئاسەواری دوو ئیدارەیی هەرێم بسڕێتەوە، تەنانەت نەتوانرا دەستورێک بۆ هەرێمی کوردستان دابنرێت، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە کۆمەڵگەی کوردی و تەنانەت حیزب و سەرکردایەتی سیاسی کورد، تا هەنوکە نەیانتوانیوە لە بازنەی ناوچەگەرایەتی و حیزب و باڵادەستی حیزبی بێتە دەرەوە و خەمە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بکاتە کاری لە پێشینەی خۆی.
لە دەیەی کۆتایی حکومڕانی کوردیدا، حکومەتی هەرێم بە ناشیرینترین و خراپترین شێوە ئیدارەی هەرێمی کوردستانی دا، لەسەرەتاوە بە ڕاگرتنی پڕۆژەکان و دواتریش بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران و کەمکردنەوە یان نەمانی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان دەستیپێکرد، لە سەرو هەموو ئەمانەشەوە گڕژی و ئاڵۆزیەکانی ناخۆ سەری هەڵدایەوە و ناکۆکیەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی گەیاندە ئاستی مریشکە ڕەشە، بارودۆخی ژیان و گوزەرانی زۆربەی خەڵکی کوردستانی گەیاندە ئاستی هەژاری و خوارتریش، سنوری نێوان زۆنەکان زیاتر تۆخکرانەوە، بێ کاری و کۆچی بەلێشاوی گەنجان بۆ هەندەران بوو بە دیاردەیەکی مەترسیدار، تەنانەت ئایندەی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانی گەیاندە کەناری لەناوچوون، خۆ ئەگەر هەلومەرجە هەرێمایەتی و جیهانیەکە ڕێگر نەبوونایە، ئێستا شتێک نەمابوو بەناوی هەرێمی کوردستانەوە.
لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لەبەردەم گۆڕانکارییەکی نوێدایە، دامەزرانی کابینەیەکی نوێی حکومڕانی و ئیدارەیەکی نوێی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، ئایا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم دەتوانێت کۆتایی بە ململانێ ناجۆرەکانی ناو کایەی حکومڕانی کوردی بهێنێت؟ دەتوانێت جارێکیتر ئارامی و ئاوەدانی بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان؟ یان وەک درێژە پێدەری کابینەی نۆیەم بەردەوام دەبێت لە جیاکاری و خۆسەپاندن و کەمکردنەوەی ئازادیەکان؟
بۆ کابینەی دەیەم و حکومڕانی کوردی دوو ئەزموونی زۆر نزیک لەبەردەستدایە، ئەوانیش؛
یەکەم/ ئەزمونی ڕوەندا، کە پاش دامەزراندنی حکومەتێکی نیشتمانی، لەماوەیەکی کەمدا حکومڕانانی ڕوەندا توانیان تەواوی ئاسەوارەکانی ناکۆکی و تەنانەت کوشتارە زۆرەکانی نێوان هەردوو خێڵی هۆتۆ و توتسی بسڕنەوە و ڕوەندا بکەن بە یەکێک لە وڵاتە هەرە پێشکەوتوو و ئاوەدانەکانی کیشوەری ئەفریقا.
دووەم/ ئەزمونی ناکۆکی نێوان شیعە و سونە، کە زیاد لە هەزار و چوار سەد ساڵە، نەک هەر ناکۆک و ناتەبان، بەڵکو زۆرجار بە دڕندەترین شێوە پەلاماری یەکتر دەدەن و بە کۆمەڵ لە یەکتر دەکوژن، لە کاتێکدا کە هەردووکیان خاوەنی یەک قورئان و یەک پێغەمبەرن، هەزار و چوار سەد ساڵە هیچ لایەکیان نەیانتوانی بیسەلمێنن: عومەر ڕاستبوو یان عەلی؟
لەم کاتەدا کە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و شەڕ و کوشتارێکی قورس ڕوویکردووەتە ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیش نزیکە لەو ئاگرەوە، هیوادارین کابینەی دەیەم بە ئاڕاستەی ئەزمونی ڕوەندا هەنگاو هەڵهێنی، جارێکیتر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی نەخاتەوە بەردەم مەترسی لەناوچوون، بەدڵنیاییەوە ئەمجارە نەک هەر حکومەت و پەرلەمان، تەنانەت قەوارەی هەرێمی کوردستانیش کۆتایی پێدێت.
کورد گەلێکی بە ئارام و پشوو درێژە، بەڵام ئەم راستیە ئەوە ناگەیەنێت بۆ هەتا هەتا نادادپەروەری و ستەم و ناکۆکی قبوڵ بکات، تەنانەت لە دەسەڵاتی کوردیش، ئەمە دوا هەلە دراوەتەوە دەست هەردوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان، دەبێت پێش ئەوەی بیر لە چەسپاندنی پێگەی خۆیان لە حکومڕانیدا بکەنەوە، باشترە بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی باڵای کورد و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کاربکەن، حکومەتێکی هاوسەنگ و تۆکمەی بنکە یاسایی دامەزرێنن، نەک حکومەتێکی بنکە فراوانی بەرژەوەندی خواز و پڕ ململانێ.
  

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved