لێکەوتەکانی پەلامارە کتوپڕیەکەی حەماس، لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆ سەر ناوەندە مەدەنی و سەربازیەکانی ئیسرائیل، نەک هەر حەماس و غەزەی بەفەتارەت_دا، تەنانەت لوبنان و سوریا و عێرا ق و ئێرانیشی خستە دۆخێکی مەترسیدارەوە. حەماس تەنها کلکی مانگاکەی ڕاکێشا، دەگێڕنەوە: منداڵێک کلکی مانگایەک ڕادەکێشێت، مانگاکە بەلەسەدەبێت و دەکەوێت بەسەر بێشکەی منداڵی دراوسێکەیاندا و منداڵەکە دەکوژێت، دایکی منداڵەکەش چەقۆیەک دەکات بەورگی مانگاکەدا و مانگاکە دەکوژێت، خاوەن مانگاش پەلاماری ژنەکە دەدات و باش باش دەیکوتێ، پیاوی ژنەکەش کەدەگەڕێتەوە ماڵەوە دەست دەداتە چەک و پەلاماری دراوسێکەیان دەدات، بەم شێوەیە لەماوەیەکی کەمدا بەهۆی ڕاکێشانی کلکی مانگایەکەوە، شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە دروستدەبێت.
گەرچی لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە تا ئەمڕۆ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەیەکی گەرمی ململانێی هێزە ناوچەیی و هەرێمایەتی و جیهانیەکان بووە، بەڵام لە ئێستادا پانتایی و قوڵایی ململانیەکە زۆر فراوانتر و دژوارتر بووە، چەندین جۆر هێزی بەرژەوەندی جیاواز و ئایدیا جیاواز، بە هەموو توانایەکی مرۆیی و سەربازی و تەکنەلۆژیانەوە لە گۆڕەپانەکەدا حزوریان هەیە، نەک تەنها سەنگەریان لەیەکتر گرتووە، بەڵکو ناوە ناوە پەلاماری یەکتریش دەدەن.
هەر چوار لایەنی تورکیا، ئێران، سوریا و ئیسرائیل ڕاستەوخۆ کەوتونەتە ناو گێژاوی ململانێ و جەنگە نوێکەوە، تورکیا و ئێران بەهۆی قەیرانی ناوخۆ و تەپینی باری ئابوری وڵاتەکانیانەوە، دەیانەوێت شەڕ و کوشتار بخەنە ئەودیوی سنورەکانیانەوە، هاوکاری ئەوگروپە چەکدارانە دەکەن کە دەستنێژ و هاو ئاوازی خۆیانن. ڕژێمی سوریاش کە ماوەیەکی باش شەڕی مان و نەمانی دەکرد، بەرەبەیانی ٨ی کانونی یەکەم بە ئێجگاری کۆتایی بە ڕژێمە پەنجا ساڵەییەکەی بەعس و بنەماڵەی ئەسەد هات، ئیسرائیل شەڕی مانەوەی نەژادی (پاراستنی جوو)ی خۆی دەکات، ترسیان لە دووبارەبوونەوەی ئەو مێژووە هەیە کە چەندین جار جینۆسایدی بەسەردا هێناون، ڕوسیا و ئەمەریکاش بۆ پاراستنی هەیمەنە و بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکەدا، لە ئاسمانەوە ڕاستەوخۆ هاوکاری بەرەی لایەنگریان دەکەن.
شەڕی نێوان ئیسرائیل – حەماس و ئیسرائیل – حیزبوڵڵا، تا ئاستێکی باش لەبەرژەوەندی ئیسرائیل یەکلا بووەتەوە، بەڵام شەڕی ناوخۆ و شەڕی لایەناکان لەناو سوریادا هێشتا تەپوتۆزەکەی نە نیشتووەتەوە و نازانڕی چارەنووسی ئەو وڵاتە دوای نەمانی ڕژێمەکەی ئەسەود بە چ ئاقارێکدا دەڕوات، ئەو ئەنجامانەی کە تا ئێستا لە پەلامارەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل بەدەست هاتوون، ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە کە ئەو پەلامارەی حەماس لە دووری سەدان کیلۆمەترەوە نەخشەی بۆ کێشرابوو، یەکەم قوربانی ئەو پەلامارەش ڕێکخراوی حەماس و خەڵکی بێ چارەی غەزەبوون.
وەک چۆن لێکەوتەکانی جەنگی جیهانی یەکەم، گۆڕانکاری گەورەی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا هێنا و بوو بەهۆی دەرکەوتن و دامەزراندنی چەند دەوڵەتێکی نوێ لە ناوچەکەدا، پێدەچێت سایکس بیکۆیەکی نوێ لەپشت ئەم ڕووداوانەی ئێستاوەبێت و دیسانەوە نەخشەسازییەکی نوێ لە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکرێت، بەتایبەتی لەسەرزاری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە ئەوە ڕاگەیەنرا، کە دەبێت نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕرێت.
لە مێژوودا زۆر سنور کێشران و زۆر سنوریش لەبەریەک هەڵوەشانەوە، ئەوە هێزە سنور دروستدەکات و سنور هەڵدەوەشێنێتەوە، سنور تا ئەوکاتە پیرۆزە کە بەرژەوەندی زلهێزەکان و دەسەڵاتە دکتاتۆرەکان دەپارێزێت، ئەو سنورانەی لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم کێشران، خاکی کوردستانی کرد بە چوار پارچەوە، گەلی کوردیشی کرد بەژێردەستەی ڕژێمە دکتاتۆرەکانی ناوچەکە، گەرچی لە سەد ساڵی ڕابردوودا گەلی کورد خەباتی زۆری کرد و قوربانی زۆری-دا، بەڵام جگە لەو هەرێمۆکەی سەر بەعێراق (ئەویش لەژێر هەڕەشەدایە)، کورد هیچ بستە خاکێکی ئازادکراوی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا نیە.
نە مافی مرۆڤ و نە دیموکراتی و نە هاوئاینی و مرۆڤایەتی، نەیانتوانی کورد لە جینۆساید و چەوسانەوە بپارێزن، بەڵکو هەموو ئەوانە تەنها رووپۆشێک بوون بۆ زیاتر هێشتنەوەی گەلی کورد لە ژێردەستەیی و داگیرکراوەیدا، لە شەڕی هەشت ساڵەی (عێراق – ئێران)دا، زیاد لە دووسەد هەزار کورد شان بەشانی سوپای عێراق دژی دەوڵەتی ئێران جەنگان، بەڵام پاش کۆتایهاتنی جەنگەکە ڕژێمی عێراقی شاڵاوێکی بەربڵاو و دڕندانەی بەناوی (ئەنفال)ەوە کردە سەر خەڵکی کوردستان و زۆربەی گوند و شارۆچکەکانی کوردستانی خاپورکرد و نزیکەی سەد و هەشتا و دوو هەزار، ژن و منداڵ و گەنجی کوردی زیندەبەچال کرد. لەشەڕی دژی (داعش)دا، هێزی پێشمەرگە و شەڕڤان، تاکە هێزی کاریگەری زەمینی بوون، دوای نەمانی داعش، سوپای عێراقی پەلاماری کوردستانی- دا، خانەقین و کەرکوک و مەخمور و شەنگالی لەدەست کورد دەرهێنا، سوپای تورکیا عەفرین و سەرێکانی داگیرکرد. قوربانیەکانی گەلی کورد، بە قازانجی داگیرکەران شکایەوە.
کوردستان لەناو جەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕستدایە، هەموو هێزە هەرێمایەتی و جیهانیەکان، دوور و نزیک چاویان لەسەر پێگە و سامانی زۆروزەوەندی کوردستان و هێزی مرۆیی کوردە، گۆڕانکاریەکان زۆر خێراو چاوەڕوان نەکراون، لەم قۆناغە هەستیارە مێژوویەدا، ئەرکێکی قورس و گەورە دەکەوێتە سەر دەستەبژێری کورد بەگشتی و سەرکردە و بڕیاربەدەستانی کورد بەتایبەتی، ئەم هەلە لەدەست بچێت، ڕەنگە بە سەد ساڵی تر دووبارە نەبێتەوە، دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، هەرگیز ڕاستگۆنین لەگەڵ گەلی کورد-دا، قۆناغێکە دەبێت کورد دەربازبوونی لەژێر دەستی داگیرکەران بکاتە ستراتیج، ململانێ ناوخۆییەکان کە وەک خانەی شێرپەنجە بەجەستەی نەتەوەیماندا ڕۆچووە وەلابنێت، هیزی کوردی بە شەڕی لاوەکیەوە لاوازو خەریک نەکرێت، دەبێت هەموو لە بیری ئایندەی کوردستان و نەتەوەکەی خۆماندابین، بەرژەوەندی حیزبی و ناوچەیی و بنەماڵەیی بخرێتە دوای بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان. کورد هێزێکی گەورە و کاریگەری ناوچەکەیە، نابێت خۆی بەلاواز و پاشکۆ بزانێت.
ئەقڵی سەرکردایەتی کورد لە کۆندا، عەقڵێکی خێڵەکی- ئاینی بوو، بۆیە لە قۆناغێکی مێژووی وەک ئێستادا، ئەمین فەیزی بەگی شاعیر روودەکاتە سەرکردەیەکی کورد و پێی دەڵێت:
ئیش کە ڕووی لە هەورازە ئەمڕۆ سەرەولێژی نەکەی
بیری وردیشی دەوێ، هەر بەدوعاو نوێژی نەکەی
لەمڕۆدا کە عەقڵی بازرگانی و ئابوری لەبرەودایە و هەموو لە خەمی پلە و پۆست-دان، بۆ بەدەستهێنانی زیاتر، دەبێت ئێمەش رووبکەینە سەرکردەکان و پێیان بڵێین:
ئیش کە ڕووی لە هەورازە ئەمڕۆ سەرەولێژی نەکەن
بیری وردیشی دەوێ، هەر بەپارە و پۆستی نەکەن