کێشە هەمە چەشنەکانی ناو کۆمەڵگە و حکومڕانی کوردی و ئەو پەرتەوازەییەی کە لە مێژە لە گەردنی نەتەوەییمان ئاڵاوە، پێویست بەوەدەکات بە جورئەتەوە دەست لەسەر خاڵە لاوازەکان و بەربەستە مێژووییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردیمان دابنێین، بۆ ئەوەی لەو بازنە هزریە دەربازبین، کە بەردەوام خەبات و قوربانیەکانی گەلەکەمان دەدات بە با، بۆ ئەوەی چیدی ڕەنج و تێکۆشانمان بۆ سەرفرازی نەتەوەییمان بێت، نەک لەلایەن ناحەزانەوە بۆ مەرامە نەگریسەکانیان بەکاربهێنرێین.
لەم ڕووەوە پێویست بەوەدەکات کە جارێکیتر بە کایەکانی ئاینیی و کەلتووریماندا بچینەوە، وتاری ئاینی و کەلتووریمان بەشێوەیەک بێت کە خەسڵەتەکانی نەتەوەیمان تێدا ڕەنگ بداتەوە، واتە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ئاین و کایەی کەلتووریمان بکەین، ئەو خەوش و کەموکوڕیانەی لەو دوو کایەدا هەیە و بە کەلتووری ڕەسەنی کوردی و ژیانی هاوچەرخ نامۆن، لە هزری کۆمەڵگەی کوردیدا بسڕێتەوە و وەلابنرێن، بە دڵنیاییەوە ئەو خەوش و کەموکوڕیانەش، داگیرکەر و ناحەزانی نەتەوەکەمان بە شێواز و ڕێگای ناجۆر سەپاندوویانە و بووە بەبەشێک لە هزر و جیهانبینیمان.
نە چاکسازی لە کایەی حکومڕانی و حیزبی و بیری سیاسیماندا سەردەگرێت، نە ئەو پەرتەوازیەی ناو کۆمەڵگەی کوردی یەکدەخرێتەوە، تا بەشێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕانکاری لە هەردوو کایەی ئاینی و کەلتووریماندا نەکەین، گەرچی زۆر دواکەوتووین، بەڵام ئەمڕۆ بکرێت لە سبەینێ باشترە.
ئاین وەک ڕەهەندێکی ژیاری، هەزاران ساڵە مرۆڤی بەخۆیەوە ئالودە و سەرقاڵ کردووە، ڕەنگە لە سەرتا سەری جیهاندا، کۆمەڵگەیەک، نەتەوەیەک نەبینیتەوە کە پەیڕەوانی ئاینێک یان چەند ئاین و ئاینزای تێدا نەبێت، مێژووی بوونی ئاین زۆر کۆنە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی، کاتێک مرۆڤ لە ئەشکەوتەکاندا ژیاوە و بە ڕاووشکارەوە سەرقاڵ بووە، دیاردە سروشتیەکان ئەویان ترساندووە، ئەم ترسەش ئەو بڕوایەی لا دروستکردون، کە هێزێکی باڵادەست و گەورە لەسەرویانەوە هەیە، لێرەوە بنەماکانی ئاین چەکەرەدەکات و مرۆڤ بەخۆیەوە خەریک و پابەند دەکات.
یەکێک لە کێشەکانی ئاین بە موقەدەس کردنی ڕەمزەکانیەتی، دیارە هەر شتێکیش مەقەدەسکرا، ئیتر بەدەر دەبێت لە ڕەخنە و لێکۆڵینەوە، ئەم موقەدەسکردنە تەنها لەناو کایەی ئاینیەکەدا نامینێتەوە بەڵکو دەگوازرێتەوە بۆ پیرۆزکردنی شێخێک، مەلایەک، فەتوایەک، لەکاتێکدا هەموو ئەمانە مرۆڤن و فەتواو دنیابینیەکەشیان دیسان زادەی بیر و ئەندێشەی مرۆڤە.
بە موقەدەسکردن، بازنەی دووەمیش دەبڕێت و دەگوازرێتەوە بۆ کایەی کۆمەڵایەتی، کایەی حیزبی و حکومڕانی، دەگوازرێتەوە بۆ پیرۆزکردنی، ئاغایەک، سەرۆک هۆزێک، سەرکردەی حیزبێک، تا دەگاتە موقەدەسکردنی سەرۆک و کاربەدەستە یەکەمەکانی حکومڕانی.
ئاین چیە؟
ئاین ئەو باوەڕمەندیەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگە تیایدا باوەڕ بە بوونی هێزێکی باڵادەستی سەروو سروشتەوە دەکەن، لایان وایە هەر ئەو هێزەش دەتوانێ چارەنووس و ژیانیان دیاری بکات، ئاین مرۆڤ دەخاتە چوارچێوەیەکەوە کە تەواوی دنیابینی خۆی تێدا دەبینێت، ئاین هەم ئاسودەیی و ئارامی دەبەخشێت هەم ترس و دڵەڕاوکێ.
کۆمەڵگەی کوردیش نەک هەر لەم دیاردە جیهانیە بەدەر نیە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی کە کوردستان لانکەیەکی کۆنی مرۆڤایەتی بووە، چەندین ئاین و ئاینزا لە کوردستاندا سەریان هەڵداوە. هەر بۆیە باوەڕمەندانی ئێزیدی، زەردەشتی، یارسان، جوو، مەسیحی و موسوڵمان، لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بوونیان هەیە. بەڵام لە ئێستادا زۆرینەی کورد موسوڵمانی سونە مەزهەبن، هەروەک زۆرینەی نەتەوە دراوسێکانی کوردیش (عەرەب، تورک، فارس) موسوڵمانن بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سونەوە.
عەرەبەکان خۆیان بە خاوەنی ئیسلام دەزانن، چونکە قورئان بەزمانی ئەوان (عەرەبی) هاتووە و پێغەمبەری موسوڵمانانیش عەرەبە و لە تیرەی قوڕەیشە، واتە لەم ڕووەوە عەرەب نەک هەر کێشەی لەگەڵ ئایندا نیە، بەڵکو بەهۆی ئاینی ئیسلامەوە توانیویانە ڕووبەرێکی فراوان لەسەر گۆی زەوی بۆخۆیان داگیربکەن و زیاتر لە بیست دەوڵەتی عەرەبی تێدا دامەزرێنن، تورکەکانیش بەهۆی خەلافەتی عوسمانیەوە، کە ئاینی ئیسلام بنەماو هێزی ڕاگرتنی خەلافەتەکەیان بوو، ئیمپراتۆریەتێکی گەورەیان دامەزراند کە بۆ زیاتر لە چوار سەد ساڵ حکومڕانی زۆربەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە ئەوروپا وباکوری ئەفەریقایان کرد، لە ئێستاشدا خاوەنی دەوڵەتێکی گەورەی وەک تورکیان، کە کاریگەری لەسەر ڕووداوە سیاسی و سەربازی و ئابوریەکانی ناوچەکە هەیە و خۆشیان بەڕابەری تەواوی موسوڵمانانی جیهان دەزانن (بەتایبەتی موسوڵمانی سونە مەزهەب).
فارسەکانیش، دوای ئەوەی سەفەویەکان مەزهەبی شیعەیان کرد بە ئاین و مەزهەبی فەرمی بۆ ئیمپراتۆریەتەکەیان، توانیان بەرامبەر عوسمانیە سونە مەزهەبەکان بووەستنەوە و پانتاییەکی فراوانیان بۆخۆیان دەستەبەرکرد، کە لە ئەفغانستانەوە بۆ کەنداوی عەرەبی و لەوێوە تا چیاکانی زاگرۆس درێژبووبووەوە، لە ئێستادا دەوڵەتی پان و بەرینی ئێران بەهۆی سود وەرگرتنیان لە مەزهەبی شیعە، لەدەست فارسەکاندایە.
لەم نێوەندەدا تەنها کورد نەیتوانی بەسود وەرگرتن لە ئاین ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، گەرچی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەوڵەتی کوردیی ئەیوبی دامەزراند، بەڵام ئەم دەوڵەتە درێژنەبوویەوە بۆ ڕۆژگاری دوای نەمانی سەڵاحەدین.
کورد لەنێوان سێ برای دینیدا سەرگەردان و بێ لانەیە، سەرەڕای ئەوەی هەر یەکە لەو برا دینیانە بەشێکی گەورەیان لە خاکی کوردستان داگیرکردووە، هەر بە شمشێری ئاین چەندین جار کوردیان گەیاندووەتە کەناری مەرگ و دەیان جار کوردیان کۆمەڵ کوژ کردووە.
کورد لە ئێستادا ناتوانێت باوەڕمەندی خۆی بگۆڕیت و واز لە ئاینی ئیسلام بهێنێت، تەنانەت کۆمەڵگەی کوردی بەشێوەیەک لەگەڵ ئاینی ئیسلامدا ئاوێتە بووە، ئیسلام بووە بە بەشێک لە ناسنامە و کەلتووری نەتەوەی کورد، واتە کەلتووری نەتەوەییمان و کەلتووری ئاینی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە ئاستەم لە یەکتر جیادەکرێنەوە، بیرکردنەوە و دنیا بینیمان بەتەواوی کەوتووەتە ناو چوارچێوەی ئاینی ئیسلامەوە، هەر ئەمەش وایکردووە لەلایەن ئەو برا دینیانەمانەوە بە ئاسانی بەکاربهێنرێین و بە داگیرکراوی و ژێردەستەیی بمانهێڵنەوە.
بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نا هەموار و ژێردەستەییە، کورد نابێت چاوەڕێی بەخشندەیی داگیرکەرانی بکات، ئیسلام تەنها موڵکی ئەوان نیە تا بەردەوام کوردی پێ فریوبدەن، بەڵکو ئیسلام موڵکی کورد و هەموو نەتەوەکانی جیهانە، هەر نەتەوەیەک لەسەر خاکی خۆی و بەپێی باری کۆمەڵایەتی و ئابوری خۆی لەگەڵ ئاینی ئیسلامدا ڕێک و تەبایە.
کورد دەبیت خۆی بەدوور بگرێت لەو ڕەوتە جیهانیانەی ، کە زادەی بیری تاکەکەسە و لە هەلومەرجی تایبەتیدا سەریان هەڵداوە، ئەو ڕەوتانە داهێنانی دونیای دەسەڵات و بازرگانی و پارەیە، داهێنانێکی دونیای سەرمایەدارییە بۆ هێشتنەوەی نەتەوەکان لە ناتەبایی و دواکەوتوویدا، کورد دەبێت بەرگێکی کوردانە بکات بە بەری ئاینی ئیسلامدا، کە هەم ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت، هەم پەیامە پیرۆزەکەی ئاینی ئیسلام (ئاشتی و برایەتی)، لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا بپارێزێت. لە مێژووی دوورودرێژی ئیسلامدا، زۆر کەسایەتی ئاینیی بەتوانا لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەرکەوتن، کە توانیان لە دونیای ئیسلامی و لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بگەنە لوتکە، وەک مەلای جزیری و نوورسی و مەولانە خالید و شێخ عەبدولقادر و شێخ مارفی نۆدێیی و چەندانی تر، ئەم زاتانە بەبیر و ئەندێشەی خۆیان و لە چوارچێوەی دەقەکانی ئاینی ئیسلامدا، ڕەوت و ڕێبازی کوردانەیان لە ئاینی ئیسلامدا هەڵگۆزی، فەرهەنگی کوردییان بۆ تێگەیشتن لە قورئان و فەرمودە داڕشت، کرانەوەیەکی گەورەیان لە ئایندا دروستکرد، کەسیش نەیتوانی پێیان بڵێت کارەکەتان ناڕەوایە. بە دڵنیاییەوە لە ئێستاشدا زاناو پیاوی ئاینی زۆر گەورە و دڵسۆز هەیە کە بتوانن سیمایەکی کوردانە بکەن بەبەرگی ئاینی ئیسلامدا، خۆشیان و نەتەوەکەشیان لەو دیماگۆگیە دەرباز بکەن، گەرچی سەرەتای هەموو کارێک قورسە، بەڵام نەکردە (مستحیل)یش نیە.
لێرەدا تەنها مەبەست لە وەرگێڕانی دەقەکانی قورئان و سونە نیە بۆ سەر زمانی کوردی، یان نوێژ و بانگدان بکرێت بە کوردی، بەڵکو تەنانەت ئەو دەقانەش کە لەگەڵ کەلتووری کوردیدا نایەتەوە، نابێت بخرێتە بەر گوێ و دیدەی کۆمەڵگەی کوردی، وەک بە کەنیزە (سەبایا) کردنی ژنان و تاڵانی (انفال) و دەقەکانی تایبەت بە کوشتن و سەربڕین و بە کافرکردنی کەسانێک کە ڕەخنەیەک یان تێبینیەکیان لەسەر ئاین هەبێت، یان حەرامکردنی بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان، بەڵکو زیاتر گرنگی بەو دەقانە بدرێت کە پانتایی هاوکاری و برایەتی و چاکەکاری لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا فراوانتر دەکات، بێگومان ئاینی ئیسلامیش تژییە لەو جۆرە گوتارانە.
لە دوای ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی لە ٦ی ئەیلولی ١٩٣٠، کە ژمارەیەک هاووڵاتی تێدا شەهیدبوون، مەلا محەمەدی کوردی بۆ یەکەم جار تەڵقینی ئەو شەهیدانەی بەزمانی کوردی خوێند، بەڵام دوای ئەو هەموو ئەنفال و کیمابارانەی کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هات، کەس ئامادەنەبوو نوێژێک بە کوردی بکات، بانگێک بەزمانی کوردی بدات، هیچ ڕێکخراوێکی ئیسلامی کوردی، عەرەبی، جیهانی ئامادە نەبوون تەنها وتارێک دژی ڕژێمە فاشی و دکتاتۆرەکەی سەدام حسێن دەربکەن.
چی دەبێت ئەگەر ڕۆژانە لە مزگەوتەکانی کوردستانەوە، بە دەنگ و ئاوازێکی کوردانەوە، بەم شێوەیە بانگ بدرێت و موسوڵمانان لە کاتی نوێژکردن ئاگادار بکرێنەوە؟
سڵاو سڵاو
سڵاو ئەی خوشک و برای موسوڵمان
ئەی موسوڵمانی رەوشت جوان و بەویژدان
وەرن بۆ نوێژ،
بۆ پەیامەکەی خوای گەورە و میهرەبان
وەرن بۆ ڕێبازە جوانەکەی قورئان
بۆ پەیامی ئاشتی و بەختەوەری ژیان
سڵاو سڵاو ئەی خوشک و برای موسوڵمان
وەرن بۆ نوێژ ...