ساڵانێکە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە کوردستان بە هۆکارگەلێکی ناوخۆیی و دەرەکی لە پرۆسەیەکی گەشەسەندووی دیموکراتی و حوکمڕانییەکی ڕەشیدی خزمەتگوزار گۆڕاوە بۆ پرۆسەیەکی سیاسی شکستخواردووی ناهاوسەنگ و حوکمڕانییەکی تاکڕەوی بێ ئەرزش، هەر بۆیە هەرێمی کوردستان بەم قۆناغەی ئەمڕۆ گەیشتووە کە قەیرانی سیاسی و ئابووری و دیبلۆماتی و حوکمڕانی تا بینەقاقای هاتووە .
یەکێتی نیشتمانی کوردستان پاش نەخۆشکەوتن و دواتریش کۆچی دوایی مام جەلال لە ناوخۆیدا دووچاری قەیرانگەلێک بوەوە کە بەستنی کۆنگرەی چوارەمیش نەیتوانی ئەو حیزبە لەسەر چۆک کەوتووە هەڵبستێنێتەوە، بۆیە بەو هەموو کێشە ناوخۆییەوە ڕانەدەگەیشت باڵانسی هێز لە کوردستان ڕاست بکاتەوە و حکومەتیش لە ژێر هەژموونی یەک حیزب و یەک کەس قوتاربکات، بەڵام بە بەستنی کۆنگرەی پێنجەم ئیتر یەکێتی کەوتەوە سەر پێکانی خۆی و بە سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی بەهێز و بە سەرۆکایەتی کاک بافڵ تاڵەبانی ئێستا دەیەوێت سەردەمی تاکڕەوێتی و خۆسەپێنی کۆتایی پێبهێنێت و ڕێڕەوی حوکمڕانی و سیاسی لە کوردستان ڕاست بکاتەوە .
هەنگاو و هەڵوێستەکانی یەکێتی لەمڕۆدا لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە پشتیوانی دەکرێت و ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنیووە تا کوردستان لە قەیران و نەهامەتییەکانی ڕزگار بکات .
گرنگە حیزبەکانی تر ( ئەوانەیان کە سەربەخۆن ) سەنگەری خەباتی سیاسی و مەدەنی (ڕاستکردنەوەی ڕێڕەو) بەرفراوانتر و ئاوەدانتر بکەنەوە و دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگی یەکێتی .
هەڵبژاردنەکانی داهاتووی کوردستان دەرفەتێکی گەورەیە لەبەردەم خەڵکدا کە ئەم واقیعە داسەپێنراوەی کوردستان تێبپەڕێنن و دامەزراوەکانی بە شێوازی سەردەمیانە و دیموکراتیانە دابمەزرێننەوە و حکومەتێک پێکبهێنرێت کە حکومەتی خزمەتکردنی خەڵک بێت و ڕسک بە خوێنی شەهیدان و دەستکەوتەکانی خەڵکەوە نەکات ، بەڵێ یەکێتی لە بەرەی ڕەسەنی کوردایەتیدایە و کارەکتەرێکی بەهێز و پێگە سەنگینی پرۆسەکەیە .