یەکەمجار نییە تورکیا لەشکرکێشی دەکاتە سەر کوردستان و ئۆپەراسیۆنی چەند هەفتەیی تێدا ئەنجام دەدات، بەڵام لەشکرکێشی ئەمجارە تەواو جیاوازە و مەترسی زۆرگەورەی لێدەکرێت، چونکە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی تورکیا بەهەماهەنگی تەواوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم (پارتی) و حکومەتی ئەمریکا ڕەزامەندبووە، واشنتۆن تاکە داواکاری لە تورکیا ئەوە بووە کە ئاگاداری گیانی هاوڵاتیانی سڤیل بێت.
هێنانی (300بۆ400) زرێپۆش و (12) کۆپتەری شەڕکەڕی نوێ و هەزاران سەرباز کە پۆشتەکراون بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای سەربازی ناتۆ و بەرفراوانکردنی بازنەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ قوڵای (45) کیلۆمەتر تەنها بۆ ئەوە نییە لە چەکدارانی پەکەکە بدرێت و بگەڕێنەوە ناو خاکی تورکیا، بەڵکو مەرامی تورکیا ئەوەیە کە لەناوچەکەدا بۆ هەمیشەیی جێگیر ببێت.
ئەم مەترسییە گەورەیە لە لایەن هەموو لایەنەکانی کوردستانەوە هەستپێکراوە، بەڵام ئەوەی جێگای داخه ئەوەیە کە بەرامبەر ئەم مەترسییە هێز و لایەنە سیاسییەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست نین!.
هەندێک قۆناغ و مەترسی هەن کە بە ئیجباری و زۆرەملێ هەموو پێکهاتەکانی نەتەوە و نیشتمان دەخاتە بەردەم بژاردەی یەکبوون وهاوهەڵوێستی و هیچ دوو بەرەکی و ململانێیەکی لاوەکی ناهێڵێت، هێرشی ئەمجارەی تورکیا بۆ سەر هەرێم لە سوود و بەرژەوەندی هیچ هێزێکی نیشتمانیی کوردستاندا نابێت، مەترسییە دوور و ستراتیژییەکانی بۆ سەر هەمووانە بەبێ هیچ بواردنێک.
کە سەرنجی دەرکردنی ئەو بەیاننامە هاوبەشەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد و عەرەب و ڕۆژئاوای کوردستانم کرد کە دژ بە لەشکرکێشی تورکیا ئاراستەی دامەزراوە بەرپرسەکانی عەرەبی و ئەوروپا و ناتۆ کراوە، بەداخەوە چەندان حیزب لە هەرێمی کوردستان نەهاتوونەتە پای بەیاننامەکە و ناویان نەهاتووە، دڵیانیم لەوەی ئەم لەشکرکێشییە هیچ بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ کورد تێدابێت هەتا لە دژی نەوەستینەوه! مایەی ئەوپەڕی هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی مێژوویی کە بە هەر پاساو و بەرژەوەندییەکی بنەماڵەیی یان حیزبی بێدەنگی بنوێنیت یان لەوەش خراپتر هاوکاری تورکیابیت .
بۆیە گەل دەبێت قسەی هەبێت و یەکێتییەکی زۆرەملێیی لە نێوان حیزبەکان دژ بەم لەشکرکێشییەی تورکیا بسەپێنێت.