چین و ڕوسیا بڕیاریان داوە کە کۆتایی بە جیهانی تاکجەمسەریی سەرمایەداریی ئەمریکا بهێنن و خۆیان وەک جەمسەرێکی هاوتای جیهان بسەپێنن ، بۆ ئەمەش لە چەند بوارێکی سیاسی و سەربازی و ئابوورییدا هەنگاوی کردارەکیان ناوە .
ڕوسیا و چین و کۆریای باکوور و ئێران لە لایەنی سەربازییەوە هاوپەیمانێتی قوڵیان هەیە ، لەگەڵ هەریەک لە بەرازیل و ئێران و سعودیا و ئیماراتی عەرەبی و هیند و باشووری ئەفریکا و مبسریش لە کۆمەڵەی (بریکس)دا یەکێتییەکی ئابووریان هەیە .
لە (ڕێکخراوی هاوکاری  شەنگەهای) یش لەپاڵ تاجیکستان و ئێران و هیند و قیرگستان و کازاخستان و پاکستان و ئۆزبەکستان هاوپەیمانێتی  ئاسایش و ئابووری و سیاسیان هەیە .
ئەم بەرەیەی ڕوسیا و چین سەرۆکایەتی دەکات چوار وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی تێدایە ( ڕوسیا _ چین _ هیند _ کۆریای باکوور ) ،  نزیکەی 40% ی ئابووری جیهان پێکدەهێنن ، وەک جوگرافیا ئەندامانی ئەم بەرەیە لە ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکای لاتین و ئەفریکیا هەن ، لە نیوە زیاتری ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی پێکدەهێنن !.
لە تەموزی ئەمساڵدا لە کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا وتارێکی پێشکەش کرد و بە ئاشکرا وتی : بەخێر بێن بۆ جیهانێکی نوێی فرە جەمسەر .
لە پاش هەرەسهێنانی ڕەزموونی کۆمۆنیستی سۆڤێیەت و دابەشبوونی بەسەر چەندان کۆمار و وڵاتی سەربەخۆ (26 کانوونی یەکەمی 1991)  ئەمریکا وەک تاکە هێزی گەورە و سەردەستی جیهان دەرکەوت ، ئەم سەردەمەش بە سەردەمی جیهانی تاک جەمسەریی سەرمایەداریی جیهان دەناسرێت ، چونکە هاوسەنگی هێز نەما و سەنگ لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوپەیمانی ناتۆ بوو .
بەڵام پاش زیاتر لە 30 ساڵ لە باڵادەستبوونی ئەمریکا و تاک بڕیاردەر لە نەزمی نوێی تاکجەمسەریی ئەمریکا ، چین و ڕوسیا هەنگاوەکانیان بۆ تێکشکاندنی ئەو نەزمە و گێڕانەوەی هاوسەنگی هێز خێراتر کردووە .
هەندێک پێیان وایە کە جیهانی فرە جەمسەریی گۆڕانی گەورە بە دوای خۆیدا دێنێت و ڕیتمی باوی سیاسی و ئابووری جیهان دەگۆڕێت و بەر بە باڵادەستی ئابووری و سیاسی و سەربازی ئەمریکا دەگرێت .
هەندێکی تریش هەن کە پێیان وایە دروستبوونی جەمسەرێکی تر وەک ئەوەی سەردەمی ( بلۆکی ڕۆژهەڵات و بڵۆکی ڕۆژئاوا ) لە هەر ساتێکدا مەترسی بەریەککەوتن دێنێتە ئاراوە و لەنموونەی هەردوو جەنگە گەورەکەی جیهان و بگرە وێرانکەر تر دەبێت .
هەڵبەت ئەم پێشهاتانەی هاتوونەتە ئاراوە کاریکەری لەسەر عێراق و کوردستانیش دەبێت و جەمسەربەندی نوێ دەهێنێتە ئاراوە ، عێراق کە تائەمڕۆ خۆی لە نێوانی هەردوو جەمسەرە باوەکە و ئەم حەمسەری خۆی دەنوێنێ یەکلایی نەکردۆتەوە ، بەڵام  بەهۆی بەرژەوەندی گەورەی ئابووری لەگەڵ چین و هەژموونی سیاسی ئێران بەسەریەوە ، ڕەنگە مەیلی پەیوەستبوونی بە جەمسەرە نوێکەوە زیاتربێت .
پەلەکردن و فشارکردنی بەغداش بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لە عێراق سەرتای خواستی عێراق بێت بۆ جەمسەری نوێ .
هەرێمی کوردستان لە پێگەیەکدایە کە ڕەنگە بڕیاردانی بۆ خۆ یەکلاییکردنەوە لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا ئاستەنگی بۆ بێتەپێش و دووچاری فشاری زۆر گەورە ببێتەوە .
بە ڕای من هەرێم لە نۆرماڵیترین حاڵەتدا وەک هەرێمێک لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا کە پێویستە لەگەڵ بەغدا بەشداربێت لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەت ،ئینجا پابەندی ئەو جەمسەرە بێت کە دەوڵەتی فیدراڵ هەڵدەبژێرێت .

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved