فۆبیای هەڵبژاردن 
بەهێز حوسێن
تاکە ڕێگای دیموکراسی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هەڵبژاردنە ، گرتنەبەری هەر ڕێگایەکی تر بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بریتییە لە خۆسەپاندن و دیکتاتۆری و کودەتا ! ، هەر بۆیە پێوەرێک لە پێوەرەکانی هەرڵسەنگاندنی سیستمی سیاسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدا و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە بە ئاشتیانە .
نزیکترین نموونە هەڵبژاردنی گشتی بوو لە بەریتانیا ، پاش 14 ساڵ لە بەردەوامبوونی حکومەتی (پارێزگاران ) ، پارتی (کارگەران ) هەڵبژاردنیان بردەوە ، هەر پاش چەند سەعاتێکی کەم پارێزگاران حکومەت و خانووی ژمارە (10) و تەنانەت پشیلە مشک گرەکەی ئەو خانووەشیان بۆ ( کارگەران ) جێهێشت .
لە هەرێمی کوردستاندا کە ئەزموونی 5 هەڵبژاردنی گشتی هەیە ، هەرگیز هەڵبژاردنی خولەکانی دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم بێ دواکەوتن لە ( 4) ساڵ پاش هەڵبژاردنی پێش خۆی نەکراوە ، دووبارە و چەند بارەکردنەوەی دواخستنی هەڵبژاردن بەم هەڵبژاردنەی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانیش دەکرێت ، وا دەکات دواخستنی هەڵبژاردن و پابەند نەبوون بە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنەکان ببێتە کارێکی ڕۆتینی و ئاسایی ، ئەم چەندجار دواخستنە کە هۆکاری سەرەکیان  ترسە لە هەڵبژاردن سەرنجی دۆستەکانی کوردی لە جیهان بە نەرێنی کەوتۆتە سەر و خەوش کەوتۆتە ئەو کەمە ناوبانگەی لە ناوچەکەدا هەیبوو کە قەوارەیەکە دیموکراسی تێیدا گەشە دەکات !.
ترس لە هەڵبژاردن لای هەر لایەنێک ببێتە پرەنسیپ و بیشیەوێت بگاتە دەسەڵات یان لە دەسەڵاتدا بەردەوام بێت ، ئەوا سەر بۆ دیکتاتۆرییەت و خۆسەپاندن و تاکڕەوێتی و تۆتالیتار دەکێشێت ! .
هەوڵدان بۆ ساردکردنەوەی هاوڵاتی لە هەڵبژاردن و بێبایەخکردنی کات و وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن مەیلێکە بۆ ئەوەی هەر هەڵبژاردن نەکرێت و خەڵکیش بەلایانەوە ئاسایی بێت .
ترس لە هەڵبژاردن قەبووڵنەکردنی دیموکراسییە ، هەزمنەکردنی دۆڕانە ، دەستبەرنەدان لە دەسەڵات ، دیکتاتۆرییە ، کە ئەمەش بۆ کوردستان قەبووڵکراو نییە و ئەبێتە هۆی ناشرینکردنی  ئەزموونەکە و  دۆستەکانی کوردیش وەک جاران هاوکار و پشتیوان نابن و واتایەکیش بۆ دیموکراسی نامێنێت .

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved