بەهێز حوسێن
بەپێی هەموو ڕووداوەکان ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە ، ئەوانەی لە عێراق و لوبنان و سوریا و ئێران و تورکیا ڕوودەدەن ژانی پێش لەدایکبوونی پێشهاتی نوێن بۆ ناوچەکە .
بۆ تێکشکاندنی کەوانەی شیعە و نەهێشتنی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا کار بۆ ئەوە دەکرێت سوننەکان بەهێز بکرێنەوە و دەسەڵاتیان پێبدرێتەوە ، بەڵام بە شێوازی پێشوو نا ، بەڵکو بە پێدانی دەسەڵاتێکی ناوچەیی ، واتە دروستکرنی چەند دەوڵەتێک بۆیان ، ئەم دەوڵەتانەش لەسەر هەمان جوگرافیای سوننە نشین دەبن لە نموونەی خۆرئاوای عێراق و (تەرابولسی لوبنان و حومسی سوریا) .
وەک دیفاکتۆ و بە کردارەکی سوریا و لوبنان و عێراق لە ناواخندا وەک گەل و پێکهاتەی ئەتنیکی و مەزهەبی دابەشبوون ، بەتایبەتی پێکهاتەی سوننە لەم وڵاتانەدا بوونەتە ژێردەستەی شیعە و بەشدارێکی ڕاستەقینە نین لە حکومەتی ئەو وڵاتانەدا، سوننەکان لەم ناوچیەدا لە دۆستایەتیکردنی ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوا لە شیعە لەپێشترن ، هەڕەشەی راستەقینەش نین بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل ، بە پێچەوانەوە خەریکی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیانن لەگەڵ تەلئەبیب .
هەموو ئەم هۆکارانە هانی ئەمریکا و خۆرئاوای داوە بە هاوکاری وڵاتانی کەنداو پڕۆژەی دروستکردنی دوو دەوڵەتە بۆ سوننە بکەن بە دیفاکتۆ و سایکس پیکۆیەکی نوێ بهێننە ئاراوە و دەسەلاتی شیعە لە لوبنان و عێراق و سوریا لاواز و گۆشەگیر بکەن ، بەڵام لەم جوگرافیایەی دەویسترێت ئاڵوگۆڕی تێدا بکرێت پێکهاتەیەکی گەورە و کاریگەر و دۆستی ئەمریکا و خۆرئاواهەیە کە کوردە کە دەبێت لەم گۆڕانکاریی و پێشهاتانەدا شوێن و پێگە و ڕۆڵی پێبدرێت ، چونکە کورد بۆخۆی لەم ناوچەیەدا پێگە و ڕۆڵی بەرچاوی هەیە و بە کردارەکیش لە دوو ناوچەی هەستیاری عێراق و سوریا خاک و دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە .
سیناریۆکانی ئەم پرۆژەیە وا دەردەکەون کە بۆ بەهێزکردنی ئەگەرەکانی جێبەجێکردنی سایکس پیکۆی نوێ هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکانی خۆسەریی لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا بکەن بە بناغەی ئەو دوو دەوڵەتە بۆ سوننەکان کە لە قۆناخی دووهەمدا هەر دوو دەوڵەتەکە یەکبگرن و دەوڵەتێکی بەهێزی دۆستی ئەمریکا و خۆرئاوابن لە ناوچەکەدا ، چونکە ئەو دوو جوگرافیایەی ئێستا بە دەست کوردەوەیە هاوسنووری جوگرافیای سوننە نشینە لە هەردوو وڵاتەکەدا و لە رووی مەزهەبیشەوە یەکن ، چەند ساڵێکە وڵاتانی کەنداو خۆیان لە کورد لە عێراق نزیک کردۆتەوە و ئەمریکاش لەگەڵ کورد لە سوریا تەواو نزیکە و ئەم پڕۆژەیەشیان لەگەڵ کورد بە ڕوونی باسکردووە.
پڕۆژەی سایکس پیکۆی نوێ دەوڵەتی سەربەخۆی بۆ کورد تیدا نییە ، بەڵکو کورد بەدڵنیاکردنەوە و گرەنتیی نێودەوڵەتی لەو دەوڵەتە فیدڕاڵە نوێیانەدا بەشدار و پێکهێنەر و بە دەسەڵات و پارێزراو دەبن .
سوننەکان تەواو پشتیوانی ئەم پڕۆژەیەن و بە ئاشکراش باسی لێدەکەن ، هەرچی کوردە لە سوریا پڕۆژەکەیان پێباشە بەتایبەتی کە رزگاریان دەبێت لە رژێمی ئەسەد و هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا و لەو هەڵواسراویەی ئێستاشیان یەکلایی دەبنەوە .
کوردەکانی عێراقیش ئەگەر دڵنیایی تەواوەتیان بدرێتێ دەچنە پڕۆژەکەوە،چونکە تا ئیستا لە عێراقدا خۆیان بە ستەملێکراو دەزانن و لە دەوڵەتێکی نوێی سوننەدا باشتر دەتوانن هاوسەنگی بپارێزن .
بێگوومان ئێران بە تەواوەتی دژی ئەم پڕۆژەیەیە و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی سەرنەگرێت ، هەر بۆیە جموجۆڵی دیپلۆماتی ئێران لەگەڵ تورکیا و سوریا و عێراقیش گەرمە و هەوڵی بەیەکگەیاندنی دیمەشق و ئەنکەرا دەدات ، تاران بە ئومێدە وەک رابردوو لیژنەی چوار قۆڵی پێکبهێننەوە و پێکەوە بەر بەم پڕۆژەیە بگرن .
بابەتی زیاتر