ساڵانە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە مەبەستی چاودێریكردنی دۆخی مافی مرۆڤ و رێزگرتن لە بنەماكانی جاڕی گەردوونیی مەفەكانی مرۆڤ لە جیهاندا راپۆرتێك لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان لە نزیكەی 200 وڵات و هەرێم بڵاودەكاتەوە .
 ئەم راپۆرتە كە پشتبەستووە بە ژمارەیەكی زۆری بەڵگە و دیكۆمێنت و ئامار ،ئەبێتە بنەمایەك بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و چۆنێتی مامەڵەكردنی لەگەڵ وڵاتاندا.
لێرەدا باس لە وچۆنێتی ئامادەكردنی ئەو ڕاپۆرتە بكەم و ئاماژە بدەم  بە كاریگەریی و رەنگدانەوەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و كاریگەریی راپۆرتەكان لەسەر وڵاتان لە رووی سیاسی و ئابووری و وەبەرهێنان و گەشەپێدان .
* ئامادەكردنی راپۆرت :
سەرچاوە و پرۆگرام : لە رێگەی باڵیۆزخانە و كونسوڵگەریی ئەمریكا لە وڵاتان و كاربەدەستانی تری وڵاتانی تری بێگانە و رێكخراوەی نا حكومیی ( NGO  )  و هەروەها پشتبەستن بە پسپۆڕانی جیهانیی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ زانیاریی و ئامارەكان كۆدەكرێنەوە ، پێداچوونەوەی ورد بە هەموو ئەو زانیاری و ئامارانەدا دەكرێتەوە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە دروستییان .
زانیاری و ئامارە دەستخراوەكان تایبەتن بە مافی مرۆڤ و ئازادی كاری سیاسی و سەروەریی یاسا و ئازادی ڕا و ئاینداریی .
*زۆن و چوارچێوە : راپۆرتەكە رووماڵی تەواوی پرسی مافەكانی مرۆڤ لەو وڵاتانەدا دەكات كە ئەمریكا چاوی خستوونەتە سەر و بە وڵاتانی تازە گەشەسەندووی دیموكراسییان ناو دەبات ، هەروەها ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە كە رژێمی تۆتالیتار و ئایدۆلۆژیی و میلیتارین .
بەوردی چاودێریی ئازادییەكانی تاك و شارستانی ( مەدەنی ) و ئازادی هەڵسوڕان و چالاكی سیاسی دەكرێت و تێبینییەكان لە بارەی مامەڵە و هەڵوێستەكانی دەسەڵات بەرامبەر ئاڵنگارییەكانی بەردەم كۆمەڵًگە و وەڵام و كاردانەوەكانی حكومەت و چۆنێتی بەدەمەوەهاتنیان ، تۆماردەكرێن.
*بەكارهێنان و بەكاربەری راپۆرت :
حكومەتی ئەمریكا - لەبەر ڕۆشنایی ئەم راپۆرتانە بەرپرسان لە حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بِریار و هەڵوێستە سیاسییەكانیان بەرامبەر وڵاتەكان لە نموونەی هاوكارییەكانی ئەمریكا لە بواری گەشەسەندن و ئاسایش و پەیوەندیی دوو لایەنە دادەڕێژن .
 هەر لەبەر رۆشنایی راپۆرتەكان بڕیاری سەپاندنی سزاكان دەدەن و لە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆبوونەوە باڵاكانی وڵاتاندا هەڵوێست وەردەگرن .
دەستە و رێكخراوی نا حكومیی لە جیهان :- ناوەند و دەستە و  رێكخراوە پەیوەندیدارەكان ئەوانەیان كە نێودەوڵەتین یان ناوچەیی ( لۆكاڵی ) لە بەرنمای ئەم راپۆرتانە كاری لە پێشینەی خۆیان دیاری دەكەن و بەرەو پیری كێشەكان دەچن و بە رێگە و شێوازی تایبەتی خۆیان بەرگریی لە مافی مرۆڤ دەكەن و هەوڵی راگرتنی پێشێلكارییەكان دەدەن.
كۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكان :- لەبەر رۆشنایی ئەم راپۆرتانە كۆمپانیاكان و وەبەرهێنەرەكان دۆخی ئەو وڵاتانە هەڵدەسەنگێنن كە دەیانەوێت كار یان وەبەرهێنانی تێدا بكەن ، لە ڕێگای ئەم راپۆرتانەوە بەرچاو ڕوونیان دەبێت و مەترسییەكان و دۆخی وڵاتەكە هەڵدەسەنگێنن ، چونكە رەوشی مافی مرۆڤ لە هەر وڵاتێكدا كاریگەریی گەورەی  لەسەر سەقامگیریی ئابووری و راكێشانی وەبەرهێنەرەكان دەبێت .
ئەكادیمیست و توێژەران :- هەموو ئەو زانیاری و داتا و دیكۆمێنتانەی لە راپۆرتەكاندا دێن سەرچاوەیەكی باشن بۆ توێژەران و ئەكادیمیستەكان بۆ توێژینەوە و بابەتەكانیان لەبارەی پرسی مافی مرۆڤ لە وڵاتاندا .
*كاریگەرێتی لەسەر حكومەت و سیاسەت :
پەیوەندی دیبلۆماتی :- ئەم راپۆرتانە لە زۆر كاتدا كاریگەریی راستەوخۆیان هەبووە لە شێواز و ئاستی پەیوەندی دیبلۆماتی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتێك لە وڵاتەكان ، بە تایبەتی ئەگەر راپۆرتەكان رەخنە و نیگەرانیان هەبووبێت لە رەوشی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا ، زۆرجاریش بۆتە هۆی تێكچوون یان ئاڵۆزبوونی ئەو پەیوەندیانە .
داڕشتنی سیاسەت :- لەبەر رۆشنایی ئەوەی لە راپۆرتەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هاتووە ، حكومەتەكان وەك پیشاندانی نیاز پاكی و بە هەند وەرگرتنی راپۆرتەكان ، بە سیاسەتەكانی خۆیاندا دەچنەوە لەسەر هەردوو ئاستی لۆكاڵی و جیهانیی چاكسازی تێدا دەكەن و گرنگی زیاتر بە مافەكانی مرۆڤ دەدەن .
بەم پێداچوونەوەیەش حكومەتەكان خۆیان لە ئەگەری سەپاندنی سزا و گۆشەگیربوون لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدوور دەگرن و برەو بە پەیوەندی باش لەگەڵ ئەمریكا دەدەن.
*كاریگەریی لەسەر وەبەرهێنان :
هەڵسەنگاندنی مەترسییەكان :-رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە هەر وڵاتێكدا لە لایەن وەبەرهێنەرانی بێگانەوە بە هەند وەردەگیرێت و دەیخەنە چوارچێوەی مەترسییەكان لەبەردەم وەبەرهێناندا ، چونكە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ ئەبێتە هۆی ناسەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی كە بەلای وەبەرهێنەرەكانەوە ئەمە مەترسی ئەبێت لەسەر پڕۆژەی وەبەرهێنان .
بەرپرسیارێتی كۆمپانیاكان :-ڕۆژبە ڕۆژ ئەمریكا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان لێپێچینەوە لە كۆمپانیاكان دەكەن لە بەرپرسیارێتیان لە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ ، ئەم راپۆرتانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەرچاوڕوونی زیاتر ئەداتە كۆمپانیاكانیش تا خۆیان لە تێوەگلان لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ بەدوور بگرن و لەگەڵ پێوەرەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و  رێكخراو و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆیان بگونجێنن.
*كاریگەریی لەسەر گەشەی ئابووری :
راكێشانی وەبەرهێنانەكان -ئەو وڵاتانەی خاوەنی دۆسێیەكی رەشن لە بواری مافی مرۆڤدا ، رووبەڕووی جۆرەها سزای ئابووری دەبنەوە ووەبەرهێنانی بیانی رووناكەنە وڵاتەكانیان ، كە ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابوورییان جێدەهێڵێت .
هاوكاری و كۆمەكی نێودەوڵەتی  راپۆرتەكان كاریگەریی گەورەیان دەبێت لەسەر وڵاتان و دەستە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان لە مەسەلەی پێشكەشكردنی قەرز یان هاوكاری و كۆمەك بە وڵاتەكان ، چونكە ئەو لایەنانە قەرز و هاوكاری و كۆمەك بە وڵاتێك دەدەن كە گەشەی بەردەوامی هەبێت و دەسەڵاتەكەشی دیمۆكرات و پارێزەری مافەكانی مرۆڤ بێت .
كۆتایی :
ئێستا ئەمریكا لە رێگەی ئەم راپۆرتانەوە سیاسەتی خۆی برەو پێدەدات و زۆرجاریش دەیكاتە بیانوو بۆ سزادانی ئەو وڵاتانەی دژ یان پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی كار دەكەن .
بەهۆی ئەم راپۆرتانەوە هەزاران كەسایەتی گەورە و كۆمپانیای زەبەلاح و وڵاتان و رژێمە سیاسییەكان خراونەتە لیستی رەشەوە و دەست بەسەر پارە و موڵكیاندا گیراوە و رێگای بازرگانیكردن و پیشەسازییان لێگیراوە .
تێبینی :
چەند ساڵێكە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی مافی مرۆڤ و ئازادی كاری سیاسی و رۆژنامەگەری و گرتن و كوشتن و نەبوونی سەروەریی یاسا و ژن كوشتن و ...هتد ئاماژەی بۆ هەرێمی كوردستان كردووە و تێبینی جدی هەبووە ، بەڵام لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەو ئاماژە و تاوانباركردنانەی لە راپۆرتەكاندا هاتوون رەتدەكاتەوە و پاساویان بۆ دەهێنێتەوە ، كە ئەمە زۆر مەترسیدارە و ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستانی لەكەدار كردووە ، هەروەها مەترسیشە بۆسەر دەسەڵاتداران خۆیان و هەرێمی كوردستانیش كە وەك زانراوە ئەمریكا لە پاراستن و كۆمەك بەخشین بە هەرێمی كوردستان رۆڵی كاریگەری هەیە و كۆمپانیا گەورەكانیشی لە كوردستان وەبەرهێنان دەكەن ، لە ئەگەری بەتەنگەوەنەهاتنی راپۆرتەكانیان دوور نییە سیاسەت و مامەڵەیان لەگەڵ هەرێم بگۆڕن و سزا بەسەر هەرێمدا بسەپێنن و كۆمپانیاكانیان بكشێننەوە و هاوكارییەكانیان بۆ پێشمەرگە رابگرن و پشتیوانیی سیاسیشیان رابگرن !.
سەرنج: سوودم لە راپۆرتێكی ( گروپی نێودەوڵەتی ئیكارۆس بۆ راوێژكاریی ) وەرگرتووە .
                     
       بەهێز حوسێن
29نیسان2024

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved