بە پێچەوانەی خواستی مرۆڤ بە گشتی و دەستەبژێری ڕووناکبیر بە تایبەتی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا لە بری ئەوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە ڕووی هزر و دەرونییەوە خزمەت بکات مەخابن کۆمەڵگەی هزر خەسیو و دەرون دۆگما و شڵەژاوی بەرهەمهێناوە .
ئەگەر سەرنج بدەین ئەوا بە ڕوونی پاشەکشەی گەشەی فیکر و ئەدەب و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و تەنانەت پەیوەندی سۆزداریش هەست پێدەکەین ، ڕۆژانە بەهۆی سەکۆکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و هۆکانی تری گەیاندن مرۆڤەکان سەدان زانیاری و ڕووداویان سات بە سات پێدەگات ، بەڵام هیچ پاشخانێکی فیکرییان لا جێناهێڵێت .
مرۆڤ ئەمڕۆ نووسراو و بڵاوکراوەکان دەخوێنێتەوە ، بەڵام نە نووسەری ئەو بڵاوکراوانە زانیاری قوڵ دەدەن و نە خۆیان لە بابەتە فیکری و فەلسەفییەکان دەدەن ، هەر بۆیە وەرگریش تەنها شتە کاتی و ناجۆرەکانی ڕۆژگار تەماشا دەکات و دابڕاوە لە پرسیاری قوڵ و گەڕان بەدوای بابەتی فیکری و مەعریفی و ئەدەبیی جدی و کاریگەر .
مۆبایلە زیرەکەکان مرۆڤیان لە چاپکراوەی کاغەزی تۆراندووە ، تیکتۆک مرۆڤیان لە هۆڵی سینەماکان دابڕاندووە ، چیرۆکە بە دیمەنکراوە فەیکەکانی ناو تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی مرۆڤیان نامۆ کردووە نۆڤێڵت و ڕۆمانەکان .
دەمەوێت بڵێم لەم سەردەمەدا قورسە هاوڕێیەکت یان ناسراوێکت قەناعەت پێبکەیت کە نامیلکەیەکی فیکری یان توێژینەوەیەکی زانستی یان ساغکردنەوەیەکی مێژوویی بخوێنێتەوە و لە تەماشاکردنی مۆبایلەکەی دوور بکەوێتەوە .
مەترسی ئەمانەش بریتییە لە بەرهەمهێنانی تاک و کۆمەڵگەی سەتحی و بەتاڵ لە فیکر و زانیاری و مێژوو و ئەدەبیات ، تاک و کۆمەڵگەیەکی بێ ئامانجی ستراتیژ و دابڕاو لە بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی بێ پاشخانی بەرهەم هێناوە ، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی مرۆڤ ئەوەی ڕۆژانە پیشانی نەدەن خۆی بەدوای هیچدا ناگەڕێت .
ئەنجامی ئەم دۆخەکەش هەر ئەوەیە کە مرۆڤی بێ بەرهەمی فیکریی دروست دەکات و خەمی گەورەی ئەوەیە چۆن ئەویش بەبێ هیچ پاشخانێکی مەعریفی و فەلسەفی و دیدێک ببێتە بەشێک لەو جیهانە گریمانەییەی تەکنەلۆژیای پەیوەندی خوڵقاندوویەتی .
پێچەوانەی سەردەمانی گۆڤار و کتێب و میدیای جدی و بەرپرس کە تاکی ڕۆشنفکر و هەڵگری بیروباوەڕ و کۆمەڵایەتی و پرسیارکەر و خوڵقێنەری بەرهەم دەهێنا، ئەم سەردەمە تاکێکی بێ ناوەڕۆکی هیچ لەبارانەبووی مێشک بەتاڵ و تەمەڵ و بێ پرسیار بەرهەم دەهێنێت .
ئێستا دایک و باوک وەک دایک و باوکی سەردەمانی پێشوو چیرۆکیان نییە تا بۆ مناڵەکانیانی بگێڕنەوە ، نازانن بەرچاوڕوونی فیکریی و مەعریفییان پێبدەن ، تەنانەت لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە ناتوانن مناڵەکانیان وەک بونەوەری کۆمەڵایەتی پەروەردە بکەن .
بابەتی زیاتر