له‌گه‌ڵ ئه‌م جه‌نگه‌دا، ئه‌وه‌ی لانیكهمی به‌رپرسیارێتیی تێدا بێت، له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌نه‌ویسته كۆكه كه ئێستا و له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، كه رووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان بۆته‌وه، كاتی بۆڕبۆڕێنی حزبی نییه نه‌ك هه‌ر له میدیای ره‌سمییه‌وه، به‌ڵكو له‌و تایپه‌ش له میدیا كه پێی ده‌وترێت سێبه‌ر، جا ئیتر سێبه‌ری حزب بێت، یان به‌رپرسانی، یان هه‌ر تاك و گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی.
له‌ناو گه‌لانی شارستاندا، له ده‌ره‌وه‌ی به‌رپرسیارێتیی نیشتمانی، كه وه‌ك به‌هایه‌كی باڵا، هه‌موو بواره‌كانی چالاكیی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گرێته‌وه، خودی میدیا خۆیشی، وه‌ك یه‌كێك له‌و بوارانه، خاوه‌ن تیۆری تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی. یه‌كێك له‌و تیۆرانه پێیده‌وترێت: به‌رپرسیارێتیی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن Social Responsibility Theory of the Media
كرۆكی تیۆره‌كه ئه‌وه‌یه: ئازادیی كاری میدیایی، گرێدراوه به به‌رپرسیارێتییه‌وه، به‌رپرسیارێتیش ئه‌وه‌یه كه راستیی رووداوه‌كان بگوێزرێته‌وه، به‌ڵام گواستنه‌وه‌یه‌ك كه هه‌م زیان له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی نه‌دات، هه‌م رێز له به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه بگرێت. جگه له‌وه، بنه‌ما بنچینه‌ییه‌كانی تیۆره‌كه ئه‌وه‌یه كه زانیاریی ورد و پشكنراو و به‌ڵگه‌دار پێشكه‌ش بكرێت و دوور بگیرێت له بڵاوكردنه‌وه‌ی واته‌وات و ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت فریودانی میدیایی Media Disinformation.
له په‌یوه‌ندیی سیاسیش‌دا به كۆمه‌ڵگه‌وه، پێویسته له‌لایه‌ن میدیاوه پشتیوانیی دۆزه‌كانی كۆمه‌ڵگه بكرێ و یه‌كبوون و سه‌قامگیریی بپارێزرێت. له‌ڕووی كۆمهڵایهتیيهوه، ناوه‌ڕۆكی زیانبه‌خش و به‌دڕه‌وشتانه بڵاونه‌كرێته‌وه و دابونهریتهكان ره‌چاوبكرێن، لەڕووی پلۆرالیزم و ئازادیی رادهربڕینیشهوه، هه‌موو بیروڕا جیاوازه‌كان بخرێنه‌ڕوو و راده‌ربڕین پاوان نه‌كرێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه دواجار، میدیاكان، له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رپرسیارن و ده‌توانرێت لەڕووی ئیتیكی و یاساییه‌وه لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.
ئه‌م تیۆره له وڵاتێكی كۆمۆنیستییه‌وه ده‌رنه‌چووه تا هه‌ندێ به رواڵه‌ت (خوێنده‌وار)ی ناو میدیای كوردی بڵێن، دژی ئازادیی كاری میدیاییه. له وڵاتێكی جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیشه‌وه دانه‌هێنراوه، تا هه‌ندێ میدیاكاری به‌ناو پێشكه‌وتنخواز بڵێن: دواكه‌وتووانه‌یه و له‌گه‌ڵ ره‌وتی شارستانییه‌تدا ناكۆكه. ئه‌م تیۆره، هه‌ڵقوڵاوی ناو لیبراڵترین وڵاتی جیهانه كه وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا خۆیه‌تی و زاده‌ی توێژینه‌وه‌ی دوانزه پرۆفیسۆری به‌ناوبانگی ئه‌و وڵاته‌یه به سه‌رۆكایه‌تیی بیرمه‌ند و ئه‌كادیمیی ئه‌مریكی و سه‌رۆكی زانكۆی شیكاگۆ، پرۆفیسۆر روبێرت ماینارد هۆتچینز(1899-1977ز). تیۆره‌كه كه له ساڵی(1947ز)ه‌وه ده‌رچووه، بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش ته‌واو گونجاوه، چونكه رووبه‌ڕووی – بۆ نموونه - دیارده‌ی هه‌واڵی ساخته Fake news ده‌بێته‌وه‌و ئازادی و ئاژاوه‌گێڕیی میدیاییمان بۆ لێكجیاكاتهوه.
له په‌یوه‌ندیدا به واقعی كوردستانه‌وه، ئه‌وه‌ی له‌م مه‌یدانه‌دا، به‌داخه‌وه، زۆر نابه‌رپرسیارانه خۆی نمایش ده‌كات و له میدیای نه‌ریتی و سۆشیال میدیاشه‌وه به چڕی سه‌رگه‌رمی بڵاوكردنه‌وه‌ی (زانیاری و هه‌واڵ و شیكاری) هه‌ڵه‌و بێ سه‌رچاوه و ناپیشه‌ییانه‌یه، میدیای سێبه‌ره، ئه‌و میدیایانه‌ی كه یان هی حزبن و نكۆڵی له خاوه‌ندارێتییان ده‌كرێت، یان هی به‌رپرسانی ده‌ستڕۆیشتوون، یان هی كه‌س و گروپی گومانلێكراوی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن.
ئه‌م جۆره له میدیا، پابه‌ندی هیچ تیۆرێكی میدیایی، پره‌نسیپێكی پیشه‌یی، یاسا و ئیتیكێكی رۆژنامه‌وانی نابێت و چۆنی بوێت گوتاری شه‌ڕانگێزی، دووبه‌ره‌كی، ئاژاوه‌گێڕیی خۆی په‌خش و بڵاوده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ی كه میدیای نه‌یارانی كوردستان نایكه‌ن، ئه‌نجامی ده‌دات!، بگره له‌م جه‌نگه‌دا، هه‌ندێجار، بووه‌ته چاوساغی دوژمن و به‌ڵا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای وڵات و سه‌قامگیری و یه‌كڕیزیی خه‌ڵكه‌كه‌ی.
بێگومان، ئه‌م كێشه‌یه، زۆر ده‌مێكه بۆته مایه‌ی نیگه‌رانیی رای گشتی و میدیاكارانی به‌ده‌ربه‌ست و ده‌زگا به‌رپرسیاره‌كانی راگه‌یاندن، زۆر كۆمه‌ڵه و ده‌سته‌ی چالاكی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیی تووڕه كردووه كه له بواری رۆژنامه‌گه‌ری و میدیادا خزمه‌ت ده‌كه‌ن. ئه‌وان ده‌بینین زیانه‌كانی ئه‌و تایپانه له میدیا هه‌ر زیان نین بۆ یه‌كڕیزیی سیاسی، به‌ڵكو درێژبوونه‌ته‌وه بۆ سه‌ر تێكدانی سایكۆلۆژیای تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه و بڵاوكردنه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێ و بێزاری و نادڵنیایی.
ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگه له دۆخێكدایه پێویستیی به‌وه‌یه كه وزه و وره‌ی زۆر و زیاتری پێ ببه‌خشرێت، به‌په‌رۆشیی هاوبه‌شه‌وه باس له مه‌ترسی و پێویستی و رێوشوێنه‌كانی خۆپاراستنی بكرێت له‌م جه‌نگه‌دا، كه‌چی ده‌بینین ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه، كۆمه‌ڵێك سه‌كۆی (میدیایی) بوونه‌ته دێوه‌زمه و هۆكاری ئاشكرا بۆ له‌باربردنی ئه‌م هه‌نگاوانه، بگره لێدان له باری مه‌عنه‌ویی كۆمه‌ڵگه‌ش، كه له‌كاتی جه‌نگه‌كاندا بریتییه له یه‌كڕیزی و هاوچاره‌نووسی.
به باوه‌ڕی ئێمه، ئه‌م دیارده میدیاییه ترسناكه چاره‌سه‌ر ناكرێت تا سامانی گشتی كراوه بێت بۆ ئه‌و به‌رپرسه حزبییانه‌ی كه له‌پشت قه‌ڵه‌وكردنی ئه‌م مۆدێله نابه‌رپرسیاره‌ی میدیاوهن و ناتوانن، هیچ نه‌بێت، له‌م هه‌لومه‌رجه ناسكه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورددا، خزمه‌ت به مه‌رامی داگیركه‌رانی كوردستان نه‌كه‌ن، كه تێكدانی یه‌كێتیی خاك و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌تی. بێگومان جه‌نگ له كۆتاییدا، دێت و ده‌ڕوا، به‌ڵام ئه‌م ئه‌زموونه ناشیرینه، كه هه‌ر خۆی خۆیمان بۆ تۆمار ده‌كات!، له‌بیرناچێت.