لەم ماوەیەدا هەڵمەتێكی سیاسیی ئاراستەكراو و باركراو بە پڕوپاگەندە هەیە سەبارەت بە دۆخی ئازادییە سیاسی و دیموكراتییەكان لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا. هەڵمەتەكە، بەگشتی لە ناودژییەكیی(تناقض) زەق و گەورەدایە ئەگەر نەڵێین گەیشتۆتە جۆرێك لەپارادۆكسێكی ئابڕوبەر!، لانیكەم، لەبەر ئەوەی ژمارەی ئەوانەی (رەخنە)ی پاشەكشەی ئازادیی سیاسی و دیموكراسی دەكەن لە سنوری نفوزی حزبەكەی مام جەلالدا، ساڵ بۆ ساڵ، گەرا دەكەن و ژمارەیان وەك رەوت و رێكخراوی سیاسی، یان رێژەیان وەك دامودەزگای روناكبیری و میدیایی و سۆشیال میدیا، لەهەمان سنوردا زیاد دەكات و برەو دەستێنێت و كەمی نەكردووە.
  بە مانایەكی زۆر روون و سادەتر، ئەوانەی ئەم پڕوپاگەندانە دەكەن هەر خودی چالاكی و جموجوڵی سیاسی و جەماوەریی خۆیان، ناڕەزایی و خۆپیشاندانی لایەنگرانیان و بەشدارییان، ئازادیی هەڵسوڕان و كاری رێكخراوەییان، زیادبوونی ژمارەی كەناڵی ئاسمانی و لۆكاڵییان، دروستكردنی دەزگاو رێكخراوی(رووناكبیری) وەك دەمامكی تر بۆ كارو كەسابەتی سیاسییان، تەنانەت ئاستی نزم و زبری وتاربێژی و لێدوان و كۆمێنتیان لەسەر رووداوەكان و كاراكتەرەكان، كە بەشێكیان تەنانەت پڕن نەك لە رەخنە بەڵكو هێرشی شەخسی و لوتبەرزانە بەرامبەر بە خودی سەرۆكی یەكێتی، بەسن بۆ ئەوەی تەهافوتی گوتاریان بسەلمێنن و پێویستییان بە وەڵامدانەوە نەبێت!، هەر ئەمەشە بێگومان جەوهەری ئەو ناودژییەی كە تێی كەوتوون و بەخۆیان نازانن!، چونكە لە بنەڕەتدا فاكت نابینن یان نایانەوێت بیبینن و دانی پێدا بنێن، دیدو كێشەی تایبەتی وەك كێشەی كۆمەڵگەیی دەنوێنن، لە گەمەی زمانەوانی و میدیاییشدا دەیانەوێت رەواج بە فاكتی فەیك و هەڵبەستراو بدەن و بڵاوبكەنەوە، بە تایبەتی لەم تەوقیتەدا كە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین و بە خەیاڵدانی قۆزتنەوە وا گریمانە كراوە كە تەوقیتێكە هەموو گوتارو رەفتارێك تیایدا رەواو مومكینە!، درۆی گەورەشی تیا بكەیت دەیخواو دەڕوا و تێدەپەڕێت، بگرە هاوئاوازیشی بۆ پەیدا دەبێت!، چونكە (هەمووان) تەنها بیریان لای شكاندنی بەرامبەرە نەك گوێگرتن لە مەنتقی عەقڵ و بینینی راستی و تێگەیشتن لەفاكت و وردەكاری و نهێنی و نەزانراو و نەوتراوی رووداوەكان.. ئەمە سەبارەت بە پرسی ئازادییەكان.
 
وەرگرتنەوەی بینایەك كە موڵكی یەكێتی خۆیەتی، نەپێچرێتەوە بە پێشلكردنی ئازادیی بیركردنەوەو كاری میدیایی و رۆشنبیرییەوە لەكاتێكدا سلێمانی و سنوری دەسەڵاتی یەكێتی بەگشتی، بە سەدان بینای تری لەوە كاراتری تیایە كە ئازادانە رەخنەی خۆیان دەگرن و كاری بەرهەڵستكارییش دەنوێنن و كەسیش رێی لێ نەگرتوون
 
  ئەوەی پەیوەندیی بە بابەتی رێزگرتنەوە هەبێت لە تێكۆشەران، كە ئەمەیان زیاتر شەئنێكی حزبییەو پەیوەندیی بە یەكێتی خۆیەوە هەیە. ئێمە دەبینین زیاتر لە دوو ساڵە، بە بەرنامە، رۆژ نییە وەفدێكی باڵای یەكێتی و بە دیاریكراویش مەكتەبی سكرتارییەت كە كاك قوبادی كوڕی مام جەلال بەڕێوەی دەبات، بە باوەشێك گوڵی وەفاو رێز لێگرتن و بەسەركردنەوەوە، نەچنە ماڵی یەك بە یەكی تێكۆشەرانی دێرین كە رۆژێك لە رۆژان ماندووی ناو شۆڕشی نوێی گەلی كوردبووبن و لە ریزەكانی یەكێتییەوە خزمەتی كێشەی رەوای گەلەكەیان كردبێت. ئەوەندەی ئێمەش زانیاریمان هەبێت، ئەو بەسەركردنەوانە، پرۆژەیەكی مەعنەویی كراوەو بەردەوامە، بڕیار وایە بگاتە سەر هەموو كاراكتەرێكی ماندوو و تێكۆشەر، لە راگەیاندنی بینراو و بیستراو و نوسراو و ئەلكترۆنی و سوشیال میدیای رەسمیی یەكێتیشدا، پاڵپشتیی زۆر دەكرێت، هانی ئەوە دەدرێت كە رێزگرتن لە تێكۆشەران لە دەسپێشخەریی فەردیی بەرپرسان و نمایشی میدیایی دەربچێت و ببێتە كارێكی دامەزراوەیی، هیچ تێكۆشەرێك نەمێنێتەوە كە پشتگوێ بخرێت و مەغدور بێت و بێ وەفایی بەرامبەر بكرێت. 
 ئەو خاڵەمان بۆیە باسكرد، چونكە هەندێك بەڕێز تانەی بێ وەفاییان لە یەكێتی دابوو، لەكاتێكدا رەنگە تەنها سەرۆكی یەكێتی، هەر خۆی، چەندینجار بە پێی خۆی چووبێتە ماڵی یەك بە یەكی هەریەكێك لەو بەڕێزانە، باوەشی گەرمی پێدا كردبن، بیری خستبنەوە كە یەكێتی موڵكی هەموویانەو دەكرێت لە هەر قۆناغێكدا هەر تێكۆشەرێك بە ئەركێك هەستێت، بەڵام بە راستی كاتێك مەسەلەكە پەیوەست بێت بە ویستی بەدەستهێنانەوەی پلەو پۆستی باڵاو بە دەسەڵاتی گەورەوە، هاوكات قابیل بە دانوستانی هەڤاڵانەش نەبێت، كاتێك بگاتە جۆرێك لە باوەڕنەبوونیش بە موخرەجاتی كۆنگرەی حزب و دەستاودەستكردنی دەسەڵات و قۆرخكردنی پێگەكان بۆ تەنها ژمارەیەك كەس و بەس بەبێ ئەوەی لەسایەی ئەزموونەكانی رابردوودا هیچ گرەنتییەك بدرێت بۆ راستكردنەوەوی باڵانسی هێز لەهەرێمەكەدا، لەوانەش ناخۆشتر، كاتێك لە جیاتی رەخنەی هەڤاڵانە، بە ساڵ و دوو ساڵ، بەكتێب، بە كۆڕ، بە لێدوان، بە بەرنامەی تەلەفزیۆنی، لەكۆی سەكۆ میدیاییەكانی هێزە ركابەرەكانی یەكێتییەوە، سوكایەتیی بە مێژوو و بە تێكۆشەرانی تری یەكێتی بكرێت، كار بگاتە ئەوەی لە تازەترین ناو و ناتۆرەدا پێیان بوترێت یان لە ترسان یان لە برسان لەناو یەكێتیدا ماونەتەوە!، ئەوا ئەمە ئیتر بە راستی ئەوپەڕی بێ وەفایی و بێ نرخكردنی تێكۆشەران و هەڤاڵانی تری یەكێتییە كە تا ئەم ساتەش نایانەوێت بكەونە دۆخی كاردانەوەو وەڵام بدەنەوە، ئەمەش لەبەر هیچ نا تەنها لە پێناوی ئەوەی لەوە زیاتر ئاو نەكرێت بە ئاشی نەیاردا، كاردانەوە هەڵەشەكانی وەرگرتنەوەی بینایەك كە موڵكی یەكێتی خۆیەتی، نەپێچرێتەوە بە پێشلكردنی ئازادیی بیركردنەوەو كاری میدیایی و رۆشنبیرییەوە لەكاتێكدا سلێمانی و سنوری دەسەڵاتی یەكێتی بەگشتی، بە سەدان بینای تری لەوە كاراتری تیایە كە ئازادانە رەخنەی خۆیان دەگرن و كاری بەرهەڵستكارییش دەنوێنن و كەسیش رێی لێ نەگرتوون و کەسیش ئەو مافەی نییە رێیان لێ بگرێت.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved