هەستیاریی دۆخی هەرێم لەدوای هەڵبژاردن، بەرپرسیارێتیی نیشتمانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. راگەیاندنەكانیش، پشكێك لە بەرپرسیارێتییەكە هەڵدەگرن، بەڵام ئەمە بەو مانایەش نییە چاوپۆشی لەو رەفتار و جووڵە سیاسی و بەناو ئیدارییانە بكرێت كە بەرپرسیارێتییەكان سەختتر دەكەن.
بێگومان، میدیاكان دەتوانن نەبنە سەرچاوەی فیتنەی سیاسی، یان ئەو هەڵوێستانە روماڵ بكەن، كە هێزە براوەكانمان هانبدەن دانوستانێكی سەركەوتوو بكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەڵام هاوكات میدیای بەرپرسیار ناشتوانێت ئەو زانیاری و فاكتانە پشتگوێ بخات كە ئاماژەی پێچەوانەی گیانی بەرپرسیارێتییان لەئاست قۆناغەكەدا تیایە!. تۆ ناتوانیت داوا لە راگەیاندنەكان بكەیت پێشێلكاری و جموجووڵە نائاساییەكان بكەن بە ژێر لێوەوە!. خۆی لەبنەڕەتدا متمانەی هێزەكانمان بەیەكتر مۆلەقە، سیاسەت خۆیشی لەولاوە بوەستێت كە كایەی رەفتاری ئەهریمەنانەشە!، بەڵام لەوانە خراپتر ئەوەیە، بەرپرسیارێتیی میدیاكان وەك دەرفەتێك بقۆزرێتەوە بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵێك رەفتار و ئیجرائاتی ترسناك كە زیان لە راستگۆیی گوتاری پەرۆشی بدەن، بەتایبەتی لە پەیوەندیدا بە پێكهێنانی كابینەیەكی نوێوە كە بۆشایی یاساییمان بۆ نەهێڵێت و دەورانی حكومەتی كاربەڕێكەرمان تێپەڕێنێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان، دەبێ ئەو راستییە بزانێت كە ناتوانێت وەكو جاران لێبخوڕێت!، كورد وتەنی، ئەرزەكە تەخت نییە، بێدەنگی شكاوە و تیریش لە كەوان دەرچووە. باشتر وایە بەرپرسیارێتی و ئارامگرتوویی، لانیكەم، یەكێتی، نەقۆزرێتەوە. راستە یەكێتی و سەرۆكەكەی لایەنگری ئەوەن رۆژێك زووتر حكومەت پێكبهێنرێت، ئیش لەسەر دۆسێكانی خزمەتگوزاری و بەبانكیكردنێكی متمانەپێكراوی مووچە و چارەسەری قەیرانەكان و نادادپەروەریی و جیاكارییەكان بكرێت كە لە دروشمە بنەڕەتییەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنیشی بوون، بەڵام ئەم هەڵوێستە رەسمییە رێگر نییە لەوەی لەسەر ئەرزی واقع چاوی هەموو جموجووڵ و رەفتارێكی سیاسی و میدیایی، بە باش و خراپەوە، ببینێت تا دڵنیابێتەوە لەوەی هێزی بەرامبەر پەرۆشی قۆناغی ئێستا و ئایندەی هەرێمەكەمان و قەوارەكەیەتی، یاخود لەكاتی بەسەرچوودا لەسەر هەڵەی شەڕی حزبیی بەرتەسك و ناشیرین و قۆڵبادانی بەرامبەرەكانی، بەردەوامە.
بە كورتی، یەكێتی ئاگاداری ورد و درشتی هەڵوێستەكانە، بەوەی كە جاڕ دەدرێت و ئەوەشی كە بە بەنهێنی و لەپشتی پەردەوە دەكرێت. سەردەمەكەش سەردەمی شۆڕشی زانیارییەكانە، سەدویەك ئامرازیش هەن بۆ ئاشكراكردنی حوسنی نەوایا..!