لەناو بەشێكی بەرچاوی هاووڵاتیاندا، بۆچوونێك هەیە پێیوایە ئەگەر یەكێتی، یەكڕیز بێت و پێ لەسەر كۆمەڵێك پرەنسیپ و دۆسێی گشتی و نیشتمانی دابگرێت، مومكینە گۆڕانكاری لە دۆخی هەرێمدا رووبدات. ئەم گرەوە لەو نائومێدییەی رابردووەوە هاتووە كە تیایدا، لەبەر هەر هۆكارو ئیعتیبارێك بێت، نەرمیی زۆر بۆ(پ.د.ك) نوێنراوە تا ئەندازەی گەیشتن بە سازش. 
 لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، كە جەماوەرێكی زۆر دەنگیان بە یەكێتی داوەتەوە، بە مانای پێدانەوەی چانسە. بەخشینی دەرفەتێكی ترە بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنانەی كە ئەم هێزە لەكاتی كەمپینی هەڵبژاردندا بەخەڵكی كوردستانی داوە، لە مەحەك بدرێن، بە راشكاوی پێی بوترێت: متمانە لە ئێمەو بەكرداركردنی هەڵوێستەكان لە ئێوە، كارێك كە بێگومان بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە وەكچۆن ئاڵۆزە. 
  بافڵ تاڵەبانی كە لە كۆنفرانسی مێری -دا خودی خۆی ئەم بەرپرسیارێتییە بیر دەخاتەوە، دەزانێت كە ئەركەكەی سەختە، لەناو هاوكێشەیەكیشدایە هەنگاو و پلانی وردو وریای دەوێت بۆ ئەوەی لە بەردەم رای گشتی خەڵكی كوردستاندا، وەك سێ ساڵی رابردوو، بە دەسكەوتەوە لێی بێتەدەر، بۆیە زمانی موخاتەبەكردنیشی لەو كۆنفرانسەدا، زەق و پاراو بە دوو ئاراستە بوو، یەكێكیان پێداگرتن لەسەر بەڵێنەكانی بانگەشە كە بە خەڵكی كوردستانی داوەو پاشگەز نەبوونەوە لێیان، دووەمیان بانگەوازكردن بۆ هاوكاری لەنێوان هێزە براوەكاندا بۆ ئەوەی هەلومەرجی گرژو پڕ لە نادادپەروەری و بارگاوی بە قەیرانی شەش ساڵی رابردوو، دووبارە نەبێتەوە.
  سەرۆكی یەكێتی، پێویستیی بە پاڵپشتییە. ئەگەر ئەو هێزانەی ئێستا، هەر بە راستی خۆیان لە سەنگەری بەرگری دەزانن لە مافی هاووڵاتیان، ئەوا دەبێ لەم دەورانەدا(بافڵی) بن، چونكە ئەمە فۆرمی ئاراستەیەكی فكری و سیاسیی جیاوازی وەرگرتووە كە بریتییە لە ململانێكردنی شارستانییانەو تەحەداكردن و دروستكردنی گۆڕانكاری. هیچ نەنگییەكیش لەم بژاردەیەدا نییە. لە سیاسەتدا دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەنێوان گروپە سیاسییەكاندا وزەو هێزی وەرچەرخان دابیندەكات. ئەگەر ئیرادە هەیە بۆ دابڕانێك لەنێوان هەلومەرجی دوێنێ و ئەمڕۆی هەرێمەكەماندا، ئەوا رێگای راست و مومكین، تا ئێستا، تەنیا یەك رێگایە: نزیكبوونەوە لە پلان و نەخشەڕێگای سەرۆكی یەكێتی بۆ قۆناغی ئێستاو ئایندەی هەرێم.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved