یه‌كێك له قۆناغه گرنگه‌كانی دانوستان بریتییه له دەستنیشانکردن و پێناسەکردنی ئەو دۆزه‌ی کە ده‌بێته جێی باسی لایه‌نه‌كانی دانوستان، له هه‌مان قۆناغدا ئه‌م پرۆسه‌یه پێویستیی به دروستکردنی کەشێکی لەباره بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری و ئاماده‌یی پێویست هه‌بێت بۆ چوونه ناو دانوستانه‌وه، هاوكات دڵنیابوونیش له‌وه‌ی كه لایەنە ناکۆکەکان بژارده‌ی دانوستانیان وەک تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییه‌كان، قبووڵه.
دوای ئه‌وه، به‌پێی ئه‌ده‌بیاتی زانستی له‌باره‌ی چه‌مكی دانوستانه‌وه، قۆناغی ترمان هه‌یه، له‌وانه: داننان به‌وه‌ی كه دانوستان پرۆسه‌یه‌كی ئاڵوگۆڕكاره، واته له‌سه‌ر بنه‌مای پێدان و وه‌رگرتن و باڵانسێكی رێژه‌یی هێز-ی نێوان لایه‌نه‌كانی دانوستان ده‌وه‌ستێت. ناشبێت ئه‌و فاكته فه‌رامۆش بكرێت كه له رووداوی دانوستاندا نه وه‌رگرتنی ئاره‌زوومه‌ندانه هه‌یه، نه به‌خشینی یه‌كلایه‌نه.
پاشان ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ لایه‌نه‌كانی دانوستان تێگه‌یشتنه له‌وه‌ی كه ئه‌م پرۆسه‌یه گوزارشت له په‌یوه‌ندییه‌ك ده‌كات كه بژارده و ئیراده‌ی تێدایه، واته سه‌پێنراو نییه، له‌وه‌ش به دووره كه هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی لایه‌نه‌كانی دانوستانی تێدا نه‌بێت، یان هیچ به‌هایه‌كی باڵای نه‌ته‌وه‌یی و مرۆیی له‌خۆ نه‌گرێت.
دانوستان زۆرجار بە کۆتوبەند و هاندانیش دەورە دراوە و ئەگەری ئه‌وه‌ی زۆرە كه ببێتە هۆی به‌ریه‌ككه‌وتن و ناڕەحەتی و بێزاری بۆ لایەنەكانی، واته ئه‌م پرۆسه‌یه ئاسان نییه‌و له كۆتاییدا رووداوێك نییه هه‌موو هه‌ڵوێست و تێز و كارتێك تێیدا دڵخواز و جێی چاوه‌ڕوانیی لایه‌نه‌كانی دانوستان بێت.
پابه‌ندبوون به‌م بنه‌ما زانستییانه‌ی دانوستانه‌وه، ده‌شێت یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ كردنه‌وه‌ی گرێ كوێره‌ی ئه‌و بابه‌ت و دۆزانه‌ی كه ده‌بنه جێی دانوستان، ده‌نا له بنه‌ڕه‌تدا دانوستان هه‌ر روونادات.
دۆخی چه‌قبه‌ستووی هه‌رێمی كوردستان كه تیایدا دامه‌زراوه باڵا‌و ره‌سمییه‌كانی كارا نین، یان له بۆشایی یاساییدان، پێویستیی زۆری به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانی نێوان لایه‌نه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمه، به‌تایبه‌تی گفتوگۆی (ی.ن.ك) و (پ.د.ك). ئێستا جگه له‌وه‌ی زیاتر له ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ ئه‌م بژارده‌یه ببرێته‌وه، خودی بژارده‌كه خۆیشی قبوڵكراوه‌و لایه‌نه‌كانی دانوستان جێگره‌وه‌ی تریان بۆی نییه. راسته ماوه‌یه‌ك به گه‌رمی ده‌نگۆ و پڕوپاگه‌نده‌ی سیاسیی زۆر بوون كه بژارده‌ی تری وه‌ك كاراكردنی په‌رله‌مان و پێكهێنانی كابینه‌كه له ئارادان به‌بێ (ی.ن.ك)، یان ئه‌گه‌ری بڕیاردان له دوو ئیداره‌یی، به‌ڵام زۆری نه‌برد له رێی لێدوانی ره‌سمیی هه‌ردوولاوه ده‌ركه‌وت كه هه‌م دوو ئیداره‌یی به‌شێك نییه له بژارده‌ی ره‌سمیی هیچ لایه‌كیان، هه‌م دان به‌وه‌شدا ده‌نرێت كه نه پارتی ده‌توانێت بێ یه‌كێتی كابینه‌ی حكومه‌ت پێكبهێنێت، نه یه‌كێتی-یش به‌بێ پارتی.
كه وابێت، تا ئه‌مڕۆ هه‌ر دانوستان وه‌ك بژارده‌ی دڵخواز ماو‌ه‌ته‌وه، ئێستا هه‌لومه‌رجیش بۆ كاراكردنی ئه‌م بژارده‌یه له‌باره. له‌م رووه‌وه، یادی 51 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی و پیرۆزبایی (م.س)ی پارتی و سه‌ردانی هه‌ندێ له ئۆرگانه گه‌وره‌كانی ئه‌و حزبه له‌و یاده‌دا و لێدوانه ئیجابییه‌كان، گره‌وی ئه‌وه‌یان تێدایه كه دانوستان وه‌ك بژارده‌یه‌كی هاوبه‌ش ببوژێته‌وه، ده‌ستپێشخه‌ریی یه‌كگرتووی ئیسلامی كه جێی پێزانینه و راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی كاك مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی (پ.د.ك) له رۆژی جه‌ژنی قورباندا و وته‌كانی كاك بافڵ له ساڵیادی حزبه‌كه‌یدا و پێشتریش لێدوانی ئه‌رێنیی هه‌ریه‌ك له كاك قوباد تاڵه‌بانی و كاك فازڵ میرانی و هه‌ندێ به‌رپرسی تری دیاری هه‌ردوولا و پشتگیریی هه‌ندێ له میدیاكانیش له پرۆگرامی تایبه‌تیاندا به دانوستان و ئه‌گه‌ره‌كانی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی، هه‌ر هه‌موو، به‌سه‌ر یه‌كه‌وه، ئاماژه‌ی نوێ و باشن.
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه و بگره بابه‌تێكی هه‌ستیار و جێی گرنگی پێدانه، داننانه به پێدراوه تازه‌كانی دۆخی هه‌ردوو هێزه‌كه له‌م پرۆسه‌یه‌دا. ئێستا یه‌كێتی هاوپەیمانێتییه‌كی سیاسی دروستكردووه كه به‌هۆیه‌وه كورسییه‌كانی خۆی و هاوپه‌یمانه‌كه‌ی له په‌رله‌ماندا ته‌واو نزیككردۆته‌وه له‌گه‌ڵ كورسییه‌كانی پارتی. هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماریش كۆتاییهاتووه و له‌وه ده‌رچووه كه كارتێكی ناو دانوستانه‌كان بێت، كابینه‌ی حكومه‌تی عیراقیش پێكهاتووه‌و چاوه‌كان به‌گشتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن كه له هه‌رێمیشه‌وه ماڵی سیاسی و ئیداریی رێكبخرێته‌وه، به‌تایبه‌تی كه شكۆی هه‌رێمه‌كه، له رووی ره‌سمی و یاساییه‌وه، به‌وه‌وه‌یه كه ناكارایی په‌رله‌مان كۆتایی پێبێت و له‌ژێر ره‌خنه و تانه‌ی ره‌وای شه‌قام و میدیای كوردی و ده‌ره‌وه‌ش بێته ده‌ره‌وه و كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمیش پێكبهێنرێت، بۆیه له‌به‌ر هه‌موو ئه‌م ئیعتیبار‌و هۆكارانه، كاتی ئه‌وه هاتووه كه ئه‌مجاره‌یان دانوستانێكی جیاواز و به‌رهه‌مدار بكرێت و له‌وه زیاتر دۆخی چه‌قبه‌ستووی سیاسی و كارگێڕیی هه‌رێم، درێژه نه‌كێشێت.