كردنەوەی مۆنیومێنتێكی تایبەت بە رۆژنامەنووسانی شەهید لەسەر ئاستی عیراق و هەرێم، رووداوێكی نەوعیی ئەمساڵ بوو، ئیشە كەم وێنەكانی سەردەمی خوالێخۆشبوو مام جەلال -ی بیرخستینەوە. خۆ ئەگەر ئەم پرۆژەیە كاك قوبادی لەپشت بێت، بۆ نا؟، كورد وتەنی، كوڕی باوكی خۆیەتی. مام، لە بنەڕەتدا، كەلەپوورێكی دەوڵەمەندی لە كاری جوان و ناوازە بەجێهێشتووە كە شوێنكەوتنی مایەی روو سوورییە. لەلایەكی ترەوە، هەڵبژاردنی شاری سلێمانی وەك یادگا و ئارامگەیەكی رەمزی بۆ كۆی ئەو میدیاكار و رۆژنامەنووسانە و نەخشاندنی ناوی 551 شەهید بە شێوەیەكی كانزایی لەسەر چەند دیوارێكی مۆنیومێنتەكە، هەڵبژاردە و رێكارێكی شایستەیە. ئەم شارە كە پایتەختی رۆشنبیری بێت و ئەو توێژەش لە قوربانیان كە سەربە كایەی بڵاوكردنەوە و زانیاری و هۆشیاری بن، هەر دەبێت لێرە دەستلەملان بن.
شوناسێكی تری سلێمانی ئەوەیە كە خاكی ئازادیخوازانە، سەرزەمینە فراوانەكەی میدیای ئازاد و ئەهلی و بەرهەڵستكارانیشە. كارێكی جێی سەرنجی تیمی رێكخەر لەوەدابوو كە هەموو میدیاكاران و رۆژنامەنووسانیان كۆكردبووەوە بەبێ جیاوازی، نەقیبی رۆژنامەنووسانی عیراقیش لە نزیكەوە ئەو راستییەی بۆ دەركەوت كە میدیاكارانی كورد هاوسۆزی هاوپیشەكانیانن لە بەشەكانی تری عیراقدا، بۆیە بەڵێنی هاوكاری و ئاسانكاریی بە میدیاكارانی ئێرە دا. 
بەگشتی، ئەم جۆرە بۆنانە شایەن بە هاندانن. سلێمانیش بەوەوە جوانە كە هەمیشە ئەنگێزەی ناسنامە لۆكاڵییەكان تێدەپەڕێنێت، میدیاكارانی بەسرە و بەغدا و دیالەش دەتوانن لەسایەی میهرەبانی و وەفایدا كۆببنەوە. بەشداریی چەند باڵیۆزێكیش لە رێورەسمەكەدا، شایەتحاڵییەكی تر دەبێت بۆ تایبەتمەندیی ماڵە گەورەكەی شاری شاران.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved