چه‌ند رۆژێكه، جارێكی تر، به‌چڕی بۆردومانكردنی ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێم و بەئامانجگرتنی شاره‌كان و باره‌گا ئه‌منییه‌كان و سووتاندنی ره‌ز و باخ و هه‌ندێ گوندمان ده‌ستیپێكردۆته‌وه. له‌م دۆخه‌دا، ئه‌گه‌ر چه‌ند شوێنێكی دیاریكراویش هه‌بن كه تۆمه‌تبار بكرێن به ئه‌نجامدانی ئه‌و ده‌ستدرێژییانه، ئه‌وا درێژه‌كێشانی ئه‌و هه‌لومه‌رجه خۆی و بۆشایی هه‌ڵوێستێكی نیشتمانیی سه‌رتاسه‌ری له كوردستاندا، كه ببێته هۆی ئاگاداركردنه‌وه‌ی لایه‌نه په‌لامارده‌ره‌كان، ئه‌گه‌ری ئه‌وه به‌هێز ده‌كات كه دیارده‌یه‌كی تر بێنێته ئاراوه كه بریتییه له(فه‌وزای ئه‌منی)!، واته قۆزتنه‌وه‌ی په‌لاماره‌كان له‌لایه‌ن گروپی تری ناحه‌ز به‌م یان ئه‌و ناوچه، ئه‌م یان ئه‌و حزب!، كه ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌وانیش، له قۆڵی خۆیانه‌وه و له ئاوی لیخنی ئه‌م هه‌لومه‌رجه نائارامه‌دا، كارنامه‌ی دوژمنكارانه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن.
له‌و رووه‌وه، بێگومان هه‌م ده‌وڵه‌ت و گروپی سیاسی و چه‌كدار كه‌م نین كه گۆمی ئه‌م فه‌وزایه قووڵتر بكه‌نه‌وه!، هه‌م هێزه سیاسییه‌كانی خۆشمان كه‌م ناحه‌ز نین بۆ ئه‌وه‌ی له دۆخێكی وادا دڵنیابن له‌وه‌ی لایه‌نی په‌لامارده‌ر كێیه و گومانی تریان بۆ دروست نه‌بێت!.
له‌لایه‌كی تر، بابه‌ته‌كه ئه‌گه‌ر له قۆناغی یه‌كه‌میشدا گومان بێت، ئه‌وا له رێی زانیاریی هه‌واڵگرییه‌وه هه‌ر ئاشكرا ده‌بێت!، چونكه لایه‌نه‌كانی ناو هاوكێشه‌ی جه‌نگی ناوچه‌كه كه پریشكی به‌ر عیراق و هه‌رێمیش كه‌وتووه، دیار‌و روونن، ئه‌وه‌ی مه‌ترسیداره ئه‌وه‌یه كه هێز و گروپی تر، ئه‌و هاوكێشه‌یه بقۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش گورزی خۆیان له دۆخی ئه‌منیی هه‌رێم بوه‌شێنن، به‌تایبه‌تی له‌م كاته ناسكه‌دا كه خه‌ڵكی كوردستان خۆیشی، به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی ئابووری و خزمه‌تگوزارییه‌وه ده‌ناڵێنێت و وای لێهاتووه خه‌می دابینكردنی ژیانی رۆژانه بخوات و كه‌متر بیپهرژێتهسهر مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كان، ئه‌مه ئه‌گه‌رچی له واقعدا، له ماوه‌ی ته‌نها یه‌ك هه‌فته‌ی رابردوودا، ده‌یان ماڵ و خه‌ڵكی مه‌ده‌نیمان، له‌ژێر كاریگه‌ریی بۆردومانه‌كاندا هه‌م زیانیان به‌ركه‌وتووه، هه‌م ئاواره و لانهوازیش بوون سه‌رباری مه‌ینه‌تییه‌كانی تری ژیان و گوزه‌ران.
رونتر بڵێین: ئێستا دۆخێك له واقعی ئێمه‌دا دروستبووه كه ده‌شێت ناحه‌زانی هه‌رێمه‌كه و خه‌ڵكه‌كه‌ی، سوودی لێببینن، ئه‌وه‌شی كه زه‌مینه‌ی بۆ خۆشكردووه، هه‌ر تێكچڕژانی به‌ره‌كانی ململانێ و ته‌كتیكه‌كانی دروستكردنی مه‌ترسی و فشاری لایه‌نه‌كانی شه‌ڕ نییه بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه و قه‌واره سیاسییه‌كانی، به‌ڵكو بۆشایی هه‌ڵوێستی نیشتمانیی خۆیشمانه. ناحه‌زان ئێستا به باشی ده‌توانن ناكۆكییه سیاسییه‌كانی ناو هه‌رێم بقۆزنه‌وه، به‌تایبه‌تی له سایه‌ی(میدیا)یه‌كی نابه‌رپرسی كوردیی خۆیدا كه ئاگری گرژییه‌كان خۆش ده‌كه‌ن و تا ئیعازیان بۆ نه‌چێت باس له لێكگه‌یشتن و چاره‌سه‌ر ناكه‌ن و خۆیان له مه‌ترسییه‌كانی گرژییه ناوخۆییه‌كان و ئاشتی و برایه‌تی ناده‌ن و بوونه‌ته ده‌زگای پڕوپاگه‌نده‌ی په‌تی!.
ئه‌و دۆخه له ئێستا له‌وه ئاڵۆزتره كه لێی تێگه‌یشتووین، له‌لایه‌ك تارمایی جه‌نگی كراوه‌ی نێوان ئه‌مریكا و ئێران به‌سه‌ر سه‌رمانه‌وه‌یه، له‌لایه‌كی تریش هێرشی هه‌ردوولا بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كتر و پۆینته‌كانی به‌ئامانجكردن، دڵه‌ڕاوكێیه‌كی نه‌بڕاوه‌یان بۆ دانیشتووان خوڵقاندووه، كه له‌كۆتاییدا هه‌ر هه‌مووی ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاوی له‌سه‌ر دۆخی ئابووری و ئه‌منی و سیاسی و دیپلۆماسی هه‌یه، ئه‌مه جگه له هه‌ڵشكان و داشكانهكانی بازاڕ و سڕبوونی كار‌و كاسبی و راوه‌ستانی خزمه‌تگوزارییه‌كان و ئه‌و ناسه‌قامگیرییه پڕوكێنهرهی كه ئێستا هه‌یه.
له دیدی شیكاریی ئێمه‌دا، ئه‌وه‌ی كه له‌م ماوه‌یه پێویسته وه‌ك هه‌ڵوێست و رێكار بگیرێنه‌به‌ر، هاندانی یه‌كڕیزیی به‌ره‌ی ناوخۆییمانه، پێنج رێگاش هه‌یه بۆ ئه‌و كاره:
یه‌كه‌میان: كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ینه‌تییه‌كانی گوزه‌رانی هاووڵاتیان و كاركردنی ته‌واو بۆ دابینكردنی مووچه له‌كاتی خۆیدا، گەڕاندنه‌وه‌ی كاره‌با، دابینكردنی سووته‌مه‌نی به نرخی پێشتر، كه‌مكردنه‌وه‌ی باج و رسوماتی حكومی له‌سه‌ر هاووڵاتیان.
دووه‌میان: ده‌ستپێشخه‌ریی تر بۆ گفتوگۆی نێوان (ی.ن.ك) و (پ.د.ك) و ئاماده‌كاریش بۆ كۆبوونه‌وه‌ی هێزه كوردستانییه‌كان و گه‌ڵاڵه‌كردنی هه‌ڵوێست و بڕیاری هاوبه‌ش له‌به‌رامبه‌ر رووداوه‌كاندا.
سێیه‌میان: ده‌ركه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و یاسادانان وه‌ك دوو ده‌زگای نیشتمانی و ده‌ربڕی ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان، نه‌ك به‌كارهێنانیان بۆ ململانێی حزبی!، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌توانرێت، لانیكه‌م له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا هیچ هه‌ڵوێست و راگه‌یه‌نراوێك ده‌رنه‌كرێت كه ته‌نها گوزارشت له سیاسه‌تی یه‌ك حزبی دیاریكراو بكات.
چواره‌میان: راگرتنی میدیا شه‌ڕانگێزه‌كان، كه به پاره و سامانی گشتی، ته‌نها خه‌ریكی یه‌ك پیشه‌سازین، ئه‌ویش بڵاوكردنه‌وه‌ی رق و ناكۆكی و فیتنه‌ی سیاسی و تێكدانی میزاجی گشتی و په‌خشكردنی دڵه‌ڕاوكێ و ترس و تۆقاندنه.
پێنجه‌میان: ناردنی وه‌فدی دیپلۆماسیی ره‌سمی و كوردستانی بۆ لای ئه‌و وڵات و لایه‌نانه‌ی كه ده‌ستیان له‌و دۆخه ئه‌منییه خراپه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه.