ئه‌گه‌رچی ئه‌زموونی هه‌رێم، له ژێر كاریگه‌ریی هه‌لومه‌رجی ئێستای ناوخۆ و ناوچه‌كه‌دا، له ژێر فشاری كاتتدایه و به‌رپرسان ناچارن كه په‌یوه‌ندییه‌كانیان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ چڕبكه‌نه‌وه، به‌ڵام هاوكات ئه‌زموونه‌كه خۆی، به راده‌یه‌ك كه‌موكوڕی و قه‌یرانی تێدایه، كه مه‌حكومی بكه‌ن، به هه‌ر نرخێك بێت، خۆی دووباره نه‌كاته‌وه.
له‌م رووه‌وه، پرسی دووه‌م، بۆ خه‌ڵكی كوردستان، له‌وه‌ی یه‌كه‌م له پێشتره. ئه‌گه‌ر پێكهێنانی كابینه‌كه دواكه‌وتبێت، روونه كه كێشه‌كه رێکنە‌كه‌وتنی سیاسییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی جیاواز سه‌رنه‌گرێت، كه پێویستیی به گۆڕانكاریی له پلان و مێنتاڵێتی و هێزی مرۆیی‌دا هه‌یه، ئه‌وا ئه‌مه وه‌ك تاوانێكی سیاسی و ئیداریی وایه!، به‌تایبه‌تی كه له شه‌ش ساڵی رابردوودا، به‌شێكی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی كه ده‌بوایه ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن، ده‌ستی پێوه بگرتبان، ره‌چاو نه‌كراون، هه‌موو كه‌مته‌رخه‌مییه‌كیش له بنه‌ماكاندا هه‌ر زیان نییه له مسداقییه‌تی حكومه‌ت، به‌ڵكو ئه‌وه‌شی كه پێش هه‌مووان باجه گه‌وره‌كه‌ی ده‌دات، دانیشتووانی هه‌رێمن.
ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه له كابینه‌ی(9)دا، درێغیی زه‌قیان تێدا كراوه، زۆرن. یه‌كێك له‌وانه: كارنامه‌ی حكومه‌ت و پێوانه‌كردنی ئه‌ندازه‌ی جێبه‌جێكردنێتی. له‌م رووه‌وه، بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و لایه‌نه، هه‌قه ئێستا كارنامه‌ی كابینه‌كه، وه‌ك خۆی، به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف و بێ زیاد و كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌ندازه‌ی جێبه‌جێكردنیدا، بۆ رایگشتی، بخرێته‌ڕوو، هه‌ر به‌م رێگه‌یه‌ش هه‌ڵسه‌نگاندن بكرێت نه‌ك پشتبه‌ستن به لێدوانه‌كانی وته‌بێژی كابینه، یان راپۆرتی وه‌زاره‌ته‌كان، كه زه‌حمه‌ته زۆر كه‌موكورتی و كێماسی هه‌ن باس و تۆماریان بكه‌ن.
بێگومان، له‌م پرسه‌دا، كه‌س داوای حكومه‌تێكی پێرفێكت ناكات. ئێمه ده‌زانین كه له هه‌موو جیهانیشدا حكومه‌ته‌كان له جێبه‌جێكردنی كارنامه‌كاندا كورتده‌هێنن، به‌ڵام له‌وه‌ش به‌ئاگاین كه لێپرسینه‌وه و رێگرتن هه‌ن له دووباره‌بوونه‌وه‌یان. ئێمه ده‌ڵێین با بزانرێت راده‌ی كورتهێنانه‌كه، له ئه‌زموونی هه‌رێمدا چه‌نده، هۆكاره‌كانیش چین؟ به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌پێی دۆسێكانی گه‌نده‌ڵی بێت، كه به‌شێكی كه‌میان لای ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌ن و كه‌ڵه‌كه كراون!، یان به‌پێی راپۆرته میدیاییه‌كان كه ناوبه‌ناو بڵاوده‌كرێنه‌وه، ئه‌وا به‌ئاشكرا دیاره كه به‌شێكیان په‌یوه‌ندیی به كه‌مته‌رخه‌می، جێبه‌جێنه‌كردنی یاساكان، پشتگوێخستنی رێنماییه‌كان، چاوپۆشی، مه‌حسوبییه‌ت، ململانێی حزبی، نه‌ترسان له ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌ی تری چاودێری و لێپرسینه‌وه و زۆر هۆكاری تره‌وه، هه‌یه.
له‌م بواره‌دا، هه‌موو ئاگادارین كه نزیكه‌ی شه‌ش ساڵ له‌ته‌مه‌نی كابینه‌كه تێپه‌ڕیوه و هێشتا كۆمه‌ڵێك شار، ناوچه، شارۆچكه، گوند، گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆیان له ژێرخانی خزمه‌تگوزاریی خۆیاندا به‌خۆوه نه‌دیوه، وه‌ك ئاو، رێگاوبان، گه‌یاندن، ته‌ندروستی، په‌روه‌رده، پاكوخاوێنی و به‌ڕێوه‌بردنی پاشماوە له بابه‌ت کۆکردنەوە و گواستنەوە و چارەسەرکردن و ریسایکلکردن. هه‌روه‌ها تۆڕەکانی ئاوەڕۆی ئاوی زریان و پاراستنی شار‌و ناوچه‌كان له لافاو، هاوكات خزمەتگوزارییه‌كانی فریاگوزاری له بابه‌ت بەرگریی شارستانی، بەشی ئاگرکوژێنەوە، ئەمبوڵانس و ناوەندەکانی فریاکەوتن، له‌ولاشه‌وه پلاندانانی شار و نیشتەجێبوون كه وه‌ك قه‌یرانێكی گه‌وره ماوه‌ته‌وه، ئه‌مه جگه له تۆڕ و خزمەتگوزارییە نوێیەکانی گەڕەکەکان و پلاندانان و رێكخستنی به‌كارهێنانی زه‌وی وزاره‌كان و هتد.
ئێمه له هه‌موو ئه‌و بوارانه و زۆری تریش، نه‌ك كه‌موكوڕیمان هه‌یه كه ژێرخانی خزمه‌تگوزاریی سه‌ره‌كیی هه‌ر وڵاتێكن، به‌ڵكو ئه‌وه‌شی كه كراوه، یان ئه‌وه‌تا نادادپه‌وه‌ریی تێدایه و ته‌واوی دانیشتووانی نه‌گرتۆته‌وه و ته‌نها له سه‌نته‌ری هه‌ندێ له شاره گه‌وره‌كان و چه‌ند ناوچه و گه‌ڕه‌كێكی به‌رچاو و نزیك له شوێنه گشتییه‌كان كراون و ناوچه و گه‌ڕه‌كه‌كانی تر و زۆر گوندی ئه‌م وڵاته په‌راوێزخراون، یان ئه‌وه‌تا پرۆژه‌كان ته‌واوناكرێن و له شوێنێكدا ده‌وه‌ستن و چاككردن و پاره‌داركردنیان به‌رده‌وام نابن و زۆریان پێده‌چێت، ئه‌مه تا راده‌ی ئه‌وه‌ی، هه‌ندێجار، ببنه جێی نوكته و پلار و تانه‌ی هاووڵاتیان!، به‌تایبه‌تی كه ده‌یان و سه‌دان پرۆژه هه‌ن ته‌نها به‌ردی بناغه‌یان داده‌نرێت، یان چه‌ند قۆناغێك ده‌بڕن و راده‌گیرێن، له به‌رامبه‌ردا ده‌بینیت پرۆژه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت، كه كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر دۆخی خزمه‌تگوزاری و بێكاری و هه‌لی كار نه‌كردووه و زیاتر بزنسمانان و وه‌به‌رهێنه‌ر و كرێكاری بیانی و دانیشتووانی عه‌ره‌بی عیراق لێی سوودمه‌ند ده‌بن، رۆژ به رۆژ له‌زیادبووندان.
كارنامه‌ی حكومه‌ت، بناغه‌ی سه‌ره‌كیی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و بڕبڕه‌ی پشتی كه‌رتی گشتییه، ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆی جێبه‌جێ نه‌كرێت، ئه‌وا نابێت ئه‌وانه‌شی كه كاربه‌ده‌ستن تێیدا وه‌ك خۆیان به‌رده‌وام بن!، به‌ڵكو ده‌بێ بگۆڕدرێن و سیستمێكی به‌هێزی پاداشت و سزا و چاكسازی و گۆڕانكاری په‌یڕه‌وبكرێت. راسته ساڵانێكه به‌غدا ته‌نها مووچه ده‌نێرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش راسته كه هه‌رێم داهاتی نانه‌وتی كه‌م نییه، له‌وه‌ش زیاتر، به‌هۆی خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و داهاته‌وه، ناوبه‌ناو كێشه بۆ ناردنی مووچه‌ش دروست ده‌بێت!.