عیماد ئەحمەد
لە مێژووی گەلاندا، هەندێ ڕێکخراو تەنها ناوێکی سیاسی نین؛ بەڵکو وەڵامی قۆناغێکن. وەڵامی تاریکی و ترس، وەڵامی شکست و بێدەنگی، وەڵامی ئەو ساتانەی کە نەتەوەیەک لە نێوان مانەوە و نەماندا هەڵواسراوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو جۆرە وەڵامانە بوو؛ لە دڵی ئاگری نەورۆز، لە ناو خۆڵەمێشی دوای نسکۆی شۆڕش، لە کاتێکدا کە زۆر کەس وا دەیانزانی خەونی کورد بەکۆتایی هاتووە.
مێژوو هەمیشە بە هێڵێکی ڕاست نانووسرێت؛ زۆرجار لە تاریکترین چرکەساتەکاندا، ڕووناکترین بڕیارەکان لەدایک دەبن. لە حوزەیرانی ١٩٧٥دا، کاتێک سێبەری قورسی ڕێککەوتننامەی جەزائیر و پاشەکشەی شۆڕشی ئەیلوول وەک تەمێکی چڕ بەسەر کوردستاندا نیشتەجێ بوو، زۆر کەس وا دەیانزانی پرسی کورد چووەتە ناو گۆڕستانی مێژووەوە. بەڵام لە ناخی ئەو بێئومێدییە کوشندەیەدا، ئاگرێکی تر بە هێمنی هەڵدەگیرسا؛ ئاگرێکی بیر و ئیرادە و هیوا.
لە یەکی حوزەیرانی ١٩٧٥دا، ژمارەیەک تێکۆشەری بیرمەند و خاوەن ئیرادە هەستان و گوتیان: «هێشتا هیوا ماوە». ئەوە تەنها درووشم نەبوو؛ بەڵکو بریارێکی مێژوویی بوو بۆ ئەوەی نەتەوەیەک نەکەوێتە داوی شکست و بێئومێدی. دامەزراندنی یەکێتی، تەنها ڕاگەیاندنی حیزبێکی سیاسی نوێ نەبوو؛ بەڵکو تەقینەوەی هۆشیارییەکی فکری و نەتەوەیی بوو.
لەو قۆناغەدا “کۆمەڵە” وەک ناوکەیەکی فکری و ڕێکخراوەیی دەرکەوت؛ ڕێکخراوێک کە توانی هۆشیاریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی تێکەڵ بکات و ڕێکخستنە نهێنییەکان لە ناو شار و گوندەکاندا ببوژێنێتەوە. شەهید شاسوار ناسراو بە “کاک ئارام” لەو تاریکییەدا بوو بە هیمای هەڵسانەوەی فکری و نەتەوەیی؛ پیاوێک کە خەباتی لە تیۆرییەوە برد بۆ ناو واقیع.
“کۆمیتەی هەرێمەکان” بە ڕابەرایەتیی کاک ئارام، تەنها ناوەندێکی ڕێکخراوی نەبوو؛ بەڵکو پەناگەی هیوا بوو بۆ خەڵکێک کە لە ژێر زوڵم و ڕاوەدووناندا دەژیان. لەو ماڵانەی شەوانە بە نهێنی کۆبوونەوەیان تێدا دەکرا، و لەو دڵانەی هێشتا باوەڕیان بە سبەینێ هەبوو، یەکێتی بە هێمنی درووست دەبوو.
لە هەمان کاتدا، بزووتنەوەی سۆشیالیست بە ڕابەرایەتیی کاک عەلی عەسکەری و هەڤاڵەکانی، وەک بازوویەکی پۆڵاینی شۆڕشی نوێ دەرکەوت. ئەوان بە تێکەڵکردنی بیری پێشکەوتنخوازی و ئازایەتیی مەیدانی، بوونە بەشێکی گرنگی گڕوتینی خەبات؛ بەشێک کە مێژووی شۆڕش بەبێ قوربانیدانیان تەواو نابێت.
لە ناو ئەو هاوکێشە ئاڵۆزانەدا، مام جەلال نەک تەنها وەک سەرکردەیەکی سیاسی، بەڵکو وەک داینەمۆی بیر و ستراتیژی دەردەکەوت. ئەو دەیزانی خەبات تەنها بە چەک ناکرێت؛ بەڵکو بە دروستکردنی هۆشی نەتەوەیی، بە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نیمچە بەرەیی و بیری چەپی واقیعی و عەقڵانی و بە خوێندنەوەی گۆڕانکارییەکانی جیهانیش دەکرێت. لە ناو قەیراندا دەرفەتی دەدۆزییەوە و لە ناو شکستدا بنەمای هەڵسانەوەی دادەنا.
بۆیە یەکێتی لە زۆر قۆناغدا تەنها هێزێکی سیاسی نەبوو؛ بەڵکو “خوێندنەوەیەکی نوێ” بوو بۆ سەردەمەکە. ڕێبازێکی عەقڵانی هەڵبژارد کە لە نێوان خەبات و هیوا، لە نێوان نەتەوەییبوون و واقعبینی، هاوسەنگییەکی وردی پاراست.
ئەمرۆ جیهان گۆڕاوە. شەڕەکان تەنها لە مەیدانی چەکدا ناکرێن؛ بەڵکو لە ئابووری، زانیاری، تەکنەلۆژیا، وزە و ناسنامەشدا دەکرێن. عیراق لە نێوان دەوڵەتسازی و قەیرانی سیاسی دایە و هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە قۆناغێکی نوێی چاکسازی و نوێبوونەوە هەیە.
لەم بارودۆخەدا، یەکێتی ئەگەر دەیەوێت هەر وەک هەمیشە “وەڵامی قۆناغ” بێت، پێویستە زیاتر لە هەر کاتێک گوێ لە دەنگی خەڵک بگرێت؛ بە تایبەتی ژنان و لاوان. چونکە ئەوانە نیشانەی ئایندەن. ڕەگ و نەوەی دێرین ئەگەر بە هەناسەی نوێ نەژێندرێتەوە، ووشک دەبێت.
پاراستنی دەسکەوتەکان، سەروەری یاسا، سەقامگیری ئاشتی و ئازادی، چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیەکان و چاککردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و ناوەند بە پێی دەستور، ئەمانە هەموویان ئەرکی قۆناغی نوێن. نەتەوەیەک ناتوانێت تەنها بە بیرەوەری بژی؛ پێویستی بە ئایندەش هەیە.
دروشمە مێژووییەکەی خاڵە شەهاب و هاوڕێکانی، «کەم بژی و کەڵ بژی»، تەنها وتەیەکی شۆڕشگێڕانە نەبوو؛ بەڵکو فەلسەفەیەکی ئەخلاقی بوو بۆ ئەوەی مرۆڤ بە کەرامەت بژی، تەنانەت لە ناو زندان و لە سێدارەدانیشدا. ئەوە بوو هۆی ئەوەی ترسی مردن بچوک ببێتەوە و مانای ژیان گەورەتر.
لەم یادە پڕشکۆیەدا، جەپکە گوڵی وەفا و پێزانین ئاراستەی کاک کۆسرەت و هێرۆ خان دەکەین؛ دوو ناو و دوو مێژوو کە بە ئامادەبوون ئەگەر دووربن، بەڵام بە ڕۆح و شوێنپەنجەی خەباتیان هەمیشە لە ویژدانی خەڵکدا ئامادەن.
سڵاو لە گیانی پاکی مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری. سڵاو بۆ خۆڕاگریی پێشمەرگە و ئەو دایکانەی لە ناو فرمێسکدا هیواخواز بوون.
بێشەک، مێژوو ئەوانە نانووسێت کە تەنها دەسەڵاتیان بوو؛ بەڵکو ئەوانە دەنووسێتەوە کە لە تاریکترین ساتەکاندا، چرای هیوایان بۆ میلەتەکەیان هەڵکرد.
بابەتی زیاتر