رۆژی یەکەمی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پشتیوانی کردن لە سەرخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەم . سەردانی کۆمیتەی شێخ محێدینی مەڵبەندی سلیمانیمان کرد،
خوایە جەند دڵخۆش بوم بە بینینی چەند هاوڕێیەکی سەردەمانێک کە خۆم لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی بووم لە ساڵی (١٩٩٦) دوای (٣١) ئاب، لە سەردانەکەمدا چاوم بە ژمارەیەک گەنج و لاو و ژنان کەوت کە هەموویان وەکو هەنگ لە هەوڵی سەرخستنی لستی (١٢٩)ی یەکێتیی نشتیمانیی دا بوون. یەکسەر لە دڵی خۆمدا وتم : مانگە شەو سەر لە ئێوارەوە دیارە...
بە شەوقەوە لەگەڵ کاک زیادی لێپرسراوی مەڵبەند، باسی مێژووی یەکێتی و ئەرکی ئێستا و گۆرانکاریی لە سیستەمی حوکم و خزمەتکردنی گەل و نشتیمانمان کرد و ئەم وتانەی خوارەوەشم بۆ کەناڵی نازداری گەلی کوردستان کرد:
لە مەکتەبی سیاسی و لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردن، هەموو هەمم و غەم و ئیشمان ئەوەیە کە ئەم هەڵبژاردنە بە باشی و بە ئاسایی و بەبێ دەست تێوەردان بەڕێوەبچێت، چونکە ئێمە دەتوانین لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەستاودەستی دەستەڵات بکەین.
ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم هەڵبژاردنە بە هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بۆ گەلی کورد دەزانین. هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنین، بۆئەوەی خزمەتێکی شایستە بە میللەتەکەمان بکەین. بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی بکەین لە دەسەڵاتدا، بۆ ئەوەی خەڵکی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێین، بۆ ئەوەی رۆحی شەهیدەکانمان شاد بکەین و رێبازەکەی مام جەلال کە رێبازی کوردایەتی راستەقینەیە سەربخەین . ئیشی بانگەشەی ئەمجارە و هەڵبژاردنی ئەمجارە و کاری مەکتەبی هەڵبژاردن و هەموو یەکێتی ئەمجارە، جیاوازە. جیاوازە بەرەو باشتر، لەبەرئەوەی نەوەیەکی تازە هاتۆتە پێشەوە، ئەم نەوەیە بەباشی کارەکان ئەنجام دەدەن و یەکێتی لە دەستێکی ئەمیندایە، ئێمەمانان لە جیلی کۆن هاوکار و پشتیوانیانین، بۆ ئەوەی یەکێتییەکەمان سەربخەین بۆ خزمەتی میللەتەکەمان.
لە ناو خەیاڵ و واقعی ئەو چەند کاتژمێرەی کۆبوونەوەکەدا، قسەیەکی نەنکم هاجەر کە پێش زیاتر لە (٥٠) ساڵ کردبووی، مێشک و دەروونمی داگیر کرد. نەنکم دەیفەرموو : کوڕم ...بۆ ئەوەی تاڵیی ژیان نەبینی، چاو بنوقێنە....!!
ئەمجارە لە ناخمەوە وتم: نەنە گیان ئەگەر دونیا تاریک بوو ئێمە چرا دادەگیرسێنین، چاو نانوقێنین...!!