هەندێک خەڵک وا دەزانن مێژوو وەک گەنجینەیەکە؛ هەرچەند گەورەتر بێت، هێز و رێز و رەوایی زیاتر دەبەخشێت، بەڵام مێژوو لەڕاستیدا زیاتر لەوەی گەنجینە بێت، ئەمانەتە. ئەمانەتێک کە هەر ساڵێک تێدەپەڕێت قورستر دەبێت، چونکە دەسکەوت، قوربانی و خەباتی نەوەکان، تەنیا ماف دروست ناکەن، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی گەورەتریش دەخەنە سەر شان.
لە ژیانی تاکەکەسیی، نەتەوە و رێکخراوەکاندا، شتێک لە مێژوو مەترسیدارتر نییە، ئەویش ئەوەیە مرۆڤ وا بزانێت رابردوو بەسە بۆ پاراستنی ئێستا و داهاتوو. زۆر لە دەسەڵات و بزووتنەوە گەورەکانی جیهان، نەک بەهۆی کەمیی مێژوویانەوە، بەڵکو بەهۆی قورسیی مێژووەکەیانەوە لەناوچوون؛ چونکە دەستیان کردووە بە ژیان لەسەر یادەوەریی سەرکەوتنەکان، نەک لەسەر ئەرکەکانی پاراستنی سەرکەوتن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای (51) ساڵ، خاوەنی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین مێژووە سیاسییەکانی ئەم نەتەوەیە؛ مێژووی شەهیدان، پێشمەرگایەتی، خەبات، راپەڕین، بەڕێوەبردنی هەرێم و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد، بەڵام گرنگترین پرسیاری ئەمڕۆ ئەوەیە: ئەم مێژووە، زیاتر ماف بەرهەم دەهێنێت، یان بەرپرسیارێتی؟
جیاوازییەکی قووڵ هەیە لەنێوان ئەو کەسانەی مێژوو بە سەنەدی خاوەندارێتی دەزانن و ئەوانەی وەک ئەمانەتێک لێی دەڕوانن. یەکەمیان هەمیشە داوای رێزلێنان دەکات، بەڵام دووەمیان بەردەوام لە هەوڵی سەلماندنی خۆیدایە. یەکەمیان لە رابردوودا دەمێنێتەوە، بەڵام دووەمیان رابردوو دەکاتە چرایەک بۆ رووناککردنەوەی رێگای داهاتوو.
ئەم پرسیارە تەواو جیاوازە لە پرسیارەکانی ساڵی (1975)، یان تەنانەت ساڵی (1991). نەوەیەک هەیە کە زیاتر لە روانین بۆ مێژوو، لە ئێستا دەڕوانێت؛ زیاتر لە دروشم، بەدوای هەل و چارەسەردا دەگەڕێت؛ زیاتر لە بیرەوەرییەکان، چاوەڕوانی دامەزراوەی بەهێز، یاسا و خزمەتگوزاریی شایستە دەکات. ژیانی خۆی بە یادەوەرییەکانەوە گرێ نادات. ئەوەی ئەو دەیەوێت دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە دەسەڵاتی سیاسی چۆن دەتوانێت داهاتوویەکی باشتر و شەرەفمەندانەتر بۆ ئەو دابین بکات. لێرەدایە کە مێژوو بە تەنیا کافی نییە و بەرپرسیارێتییە راستەقینەکە دەستپێدەکات.
فەیلەسوفەکانی سیاسەت دەڵێن: «رەوایی (مەشروعییەت) دوو سەرچاوەی هەیە؛ یەکێکیان رابردووە و ئەوی تریان کارایی». رابردوو دەتوانێت رێز و پێزانین دروست بکات، بەڵام تەنیا کارایی دەتوانێت بەردەوامیی بە متمانە بدات. بۆیە هەر رێکخراوێک کە خاوەنی مێژوویەکی گەورەیە، پێویستە هەمیشە لە خۆی بپرسێت: ئایا لە ئاستی متمانەی گشتیدایە، هێشتا لە قەبارەی مێژووەکەیدایە؟
دوای (51) ساڵ تاقیکردنەوەی یەکێتی، تاقیکردنەوەی بوون و نەبوون نییە. یەکێتی لەو تاقیکردنەوەیە دەرچووە کاتێک لە ناو خۆڵەمێشی نسکۆی (1975)دا هەستایەوە. تاقیکردنەوەی ئەمڕۆی، تاقیکردنەوەی ئاستی بەرپرسیارێتییە؛ تاقیکردنەوەی ئەوەیە کە چۆن دەتوانێت لە ئاستی ئەو قوربانی، هیوا و خەونانەدا بێت کە نەوەکانی پێشوو لەپێناویدا فیداکارییان کرد، چونکە مێژوو، هەرچەند گەورە بێت، نابێتە جێگرەوەی شەهیدان، هەرچەند پیرۆز بن، ناتوانن لە جیاتی ئێمە وەڵامی پرسیارەکانی ئەمڕۆ بدەنەوە. ئەوەی دەتوانێت مێژوو بپارێزێت، تەنیا دووبارەکردنەوەی ناوەکان نییە، بەڵکو هەڵگرتنی قورسایی ئەو بەرپرسیارێتییەیە.
هەر بۆیە دوای (51) ساڵ، میراتی راستەقینەی یەکێتی، نەک تەنیا دەسکەوتی مێژوویی، بەڵکو قبووڵکردنی بەرپرسیارێتیی مێژووییە.
مێژوو ئەو رێکخراوانە ناسڕێتەوە کە زۆر قوربانییان داوە؛ بەڵکو ئەو رێکخراوانە دەپارێزێت کە هێشتا هەست بە قورسیی ئەو قوربانییانە دەکەن و هەموو رۆژێک خۆیان لەژێر تیشکی ئەو بەرپرسیارێتییەدا تاقی دەکەنەوە.
بابەتی زیاتر