زۆرێكمان به‌رله‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ بیبینین و هام‌وشۆی بكه‌ین، ناسیومانه‌، چونكه‌ كه‌سایه‌تی و تێكه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی و ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیی زۆر تایبه‌ته‌. ئه‌و ته‌نیا له‌ ده‌رگای سیاسه‌ت و خه‌باته‌وه‌ نه‌هاتبووه‌ مه‌یدانه‌وه‌، به‌ڵكوو باگراوه‌ند و پاشخانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندتری هه‌بوو. دواتر كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی   بووه‌ هێما و لۆگۆی كوردایه‌تی، ئه‌و هه‌میشه‌ له‌ پشتییه‌وه‌ وه‌ستابوو و بۆ ئێمه‌مانانیش بووه‌ خوشك و دایكێكی میهره‌بان، بۆیه‌ ده‌گوترێ ئه‌و خانمێكه‌ پشتی مام جه‌لال و جه‌رگی برایم ئه‌حمه‌د و بینایی  حه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵایه‌. ئه‌و شاژنێك بوو له‌سه‌ر عه‌رشی نه‌هامه‌تییه‌كانی شۆڕش و له‌ناو كۆشكی بێ‌نازی پێشمه‌رگایه‌تیدا دانیشتبوو. دوور له‌ جگه‌رگۆشه‌كانیان له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ ڕێگا خۆڵه‌مێشییه‌كانی تێكۆشاندا ئه‌ڕۆیشتن و له‌ قاوه‌خانه‌ی  به‌رخۆداندا دووكه‌ڵی مه‌راقی كوردایه‌تییان به‌با ده‌كرد.  ئیتر وه‌كوو ئه‌و گوڵه‌ هێرۆیه‌ی ناوه‌كه‌ی هه‌ڵگرتبوو، گوڵی خۆڕسك و ساده‌ و ساكاری كوردایه‌تی بوو‌. شوێن‌پێی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ تووله‌ڕێیەكانی شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تیدا، له‌ هه‌وڵدان بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی مۆدێلێكی سیاسی و نوێخوازی كوردایه‌تیدا، وه‌ك خۆی سه‌نگین، به‌ڵام بێده‌نگن. له‌وانه‌یه‌ كه‌م كه‌س بزانێت كه‌ ئه‌و خاتوونه‌ له‌ شانه‌كانی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستاندا بووه‌ و له‌ سه‌ره‌تاكانی له‌دایك‌بوونیدا به‌شدار بووه‌، ئیتر قۆناغه‌كانی دواتری ژیانی سیاسی هێرۆخان به‌ هه‌مان شێوه‌ هێمن، به‌ڵام كاریگه‌ر و پڕ مانا بوون، تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ساڵی ١٩٧٩ په‌یوه‌ندیی به‌ شۆڕشی نوێ و هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ بكا و ئیتر بۆ ئه‌به‌د ڕووی كرده‌ كوردایه‌تی و مام جه‌لال؛ دواتریش به‌ ته‌ونی شۆڕش رێگای نۆكان و تووژه‌ڵه‌ و شێنێیان به‌سته‌وه‌ به‌ كۆشكی كۆماری له‌ به‌غدا و لەوێ مام جه‌لال بوو به‌ شۆڕه‌سواری دیموكراسی و به‌ حیكمه‌ت و پشوودرێژیی خۆی ته‌لیسمه‌كانی ئه‌و كۆشكه‌ و كۆده‌كانی دیكتاتۆرییه‌تی شكاند و قۆناغێكی تازه‌ی سیاسیی له‌ عیراقدا نه‌خشاند. سه‌ره‌نجام مامی كوردایه‌تی بوو به‌ یه‌كه‌مین سه‌ركۆماری كورد و مامۆژنی کوردیش بوو به‌ خانمی یه‌كه‌می له‌ هه‌موو عیراق.
   ڕه‌نگه‌ زیاده‌ڕەوی نه‌بێ گه‌ر بڵێین مێژووی یه‌كێتی و تۆماری شۆڕشی نوێ بێ هێرۆخان ناته‌واوه‌، چونكه‌ ساته‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ جیاوازانه‌ گه‌ر تۆماركرابن ئەوە‌ به‌شێكی به‌سه‌ر شانی ئه‌وه‌وه‌ ئه‌نجام‌دراوه‌، به‌شێك له‌ حه‌كایه‌ته‌ ده‌گمه‌نه‌كانی شۆڕش له‌ ڕێگه‌ی هێرۆخانه‌وه‌ تۆمار و ئه‌رشیف كران، ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی كه‌ دووباره‌ نابنه‌وه‌، ئه‌و كردنی به‌ تۆمارێكی نه‌مر و نه‌وه‌كانی داهاتوو به‌هۆیه‌وه‌ ده‌توانن به‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌كانی شۆڕشی نوێوه‌ بڕوانن؛ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پاڵپشتی  به‌رده‌وامی مام بوو، دایك و خوشكێكی به‌رده‌وامی شۆڕشگێڕان و پێشمه‌رگه‌كان بوو. ئه‌و زۆر جار خۆی ده‌كرده‌ قه‌ڵغان بۆ هاوڕێ و دۆستەکانی.
من بۆ یه‌كەم‌جار ساڵی ١٩٨٩ له‌ قاسمه‌ڕه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ هێرۆخانم بینی و یه‌كترمان ناسی. دوای ئاسایی بوونه‌وه‌ی نێوانی یه‌كێتی و ئاڵای شۆڕش له‌سه‌ر داوای مام جه‌لال له‌ ڕه‌زایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاك ئه‌رسه‌لان بایز به‌ره‌و قاسمه‌ڕه‌ش كه‌وتینه‌ ڕێ. له‌ قاسمه‌ڕه‌ش به‌ره‌و خانوویەكی گڵ چووین كه‌ به‌رهه‌یوانه‌كه‌ی به‌ نایلۆن گیرابوو و ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ كۆشكی شۆڕش و كوردایه‌تییه‌ و ئیتر له‌وێ من بۆ یه‌كه‌م‌جار هێرۆخانم  به‌ شه‌رواڵێك و كراسێكی خاكی و به‌ قژێكی ڕه‌ش و تاڵ‌تاڵی سپییه‌وه‌ بینی، ته‌وقه‌یه‌كی گه‌رمی له‌گه‌ڵ كردم، ئیتر له‌وێوه‌ ئاشنایەتی و نزیكیی من له‌گه‌ڵ هێرۆخان ده‌ستی پێكرد. تا ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵ بێت، سه‌ختییه‌كانی ژیان و هه‌ڵبه‌زودابه‌زی دنیای سیاسه‌ت و ناكۆكییه‌كانی نه‌یانتوانی درز بخه‌نه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌، له‌ هه‌ر وێستگه‌ و هه‌ل‌ومه‌رجێكدا بووبێت. ئیتر دلسۆز و خه‌مخۆری یه‌كتر بووین و ئه‌و هه‌میشه‌ هاوكار و پشتیوانی من بووه‌. ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌شمان هه‌میشه‌ بۆ خێری یه‌كێتی و دۆست و هه‌ڤاڵان بوو. به‌یه‌كه‌وە زۆر كێشه‌ و ناخۆشی و ناكۆكیمان چاره‌سه‌ر كرد.
   هێرۆخان له‌ ناخی خۆیدا به‌رله‌وه‌ی سیاسی بێت، شتی تره‌، ئه‌وانه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌و ژنه‌ بناسن ئه‌زانن هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان، ئه‌ده‌ب و ئه‌دیبان، دنیای منداڵ و مافه‌كانیان، میدیا و میدیاكاران ئیهتیمامی یه‌كه‌می ئه‌و بوون،  ئه‌یویست سیاسه‌ت بخاته‌ خزمه‌تی پڕۆژه‌یه‌كی كه‌لتووری بۆ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كوردایه‌تی ته‌نیا ناسنامه‌یه‌كی سیاسی نه‌بێت و بواره‌كانی تریش پێش بكه‌ون.
كه‌سایه‌تیی هێرۆخان تایبه‌ته‌، زۆربه‌ی ژیانی له‌گه‌ڵ مام جه‌لال به‌سه‌ربرد، به‌ڵام مام جه‌لال نه‌یتوانی كه‌سایه‌تی و خه‌سڵه‌ته‌كانی قووت بدات. ئه‌و له‌ پرۆژەی سیاسیدا كت‌ومت كۆپیی مام بوو، به‌ڵام له‌ شتی تردا ناسنامه‌ی خۆی هه‌بوو، بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌ندێ شتی ده‌كرد ته‌نیا له‌ خۆی ده‌وه‌شایه‌وه‌.
   دوای هه‌ڵبژاردنی ٢٠٠٩ و پاشه‌كشه‌ی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی، من به‌رپرسی مه‌كته‌بی ڕێكخستن بووم، ڕۆژێك خۆی و كاك دلێری سه‌ید مه‌جید هاتنه‌ لام، وتی هاتووم گه‌ر پێت ئاسایی بێت ئه‌مه‌وێ به‌رپرسیایەتیی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی وه‌ربگرم، ئه‌مه‌ بۆ من مایه‌ی پرسیار بوو، چۆن كه‌سێك دوای شكست بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ به‌رپرسیایەتی وه‌ربگرێت، به‌تایبه‌تی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی، كه‌ گۆڕان توانی ده‌نگی زۆر بهێنێت و كاك نه‌وشیروان خۆشی له‌ كایه‌كه‌دا بوو. 
لەو هەل‌ومەرجەدا ئه‌و پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرت و له‌و وێستگه‌یه‌ش به‌ ڕه‌فتار و كرداره‌كانی، په‌یوه‌ندیمان زۆر له‌ جاران باشتر بوو. زوو زوو یه‌كتریمان ده‌بینی و پرس و ڕاوێژمان بە یەک ده‌كرد. دوای ئه‌و قۆناغه‌ و له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌میشدا به‌ ڕاسته‌وخۆ هاته‌ ناو كاری حیزبایه‌تی و یه‌كه‌م ده‌نگی كۆنگره‌ی به‌ده‌ست هێنا و بوو به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی.
هێرۆخان ژنێكی سه‌رڕاست و ئازا و بێ‌منه‌ت بوو. به‌ جه‌سته‌ لاواز و باریك بوو، به‌ڵام له‌ ناخ و جه‌وهه‌ردا قایم و پته‌و و وه‌كوو دارحه‌یزه‌ران به‌رز. ژنێكی قسه‌ له‌ڕوو و  نادیپلۆمات بوو؛ ئه‌وه‌ی له‌ دڵیدا بوو نه‌یده‌شارده‌وه‌، نه‌ك هه‌ر بۆچوون و ڕایه‌كانی پێ نه‌ده‌شاردرایه‌وه‌، بگره‌ له‌ په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا دانی به‌خۆیدا نه‌ده‌گرت و هه‌ندێ شتی قووت نه‌ده‌دایه‌وه‌.
خه‌سڵه‌تێكی تری یه‌كجار تایبه‌تی هه‌بوو، كه‌ بێده‌نگییه‌كه‌ی بوو، ئه‌و زۆر بێدەنگ و كه‌م‌دوو بوو، به‌ڵام بێده‌نگییه‌کەی به‌قه‌د هاواری زۆر كه‌سی تر كاریگه‌ر و بیستراو بوو. هه‌میشه‌ بێده‌نگیی ئه‌و جۆرێك‌  بوو له‌ قسه‌كردن، كه‌ به‌رامبه‌ره‌كانی به‌ڕوونی  تێی‌ده‌گه‌یشتن. 
به‌هۆی دۆخی تایبه‌تی و ته‌ندروستییه‌كه‌ی و په‌تای كۆرۆناوە، ماوه‌یه‌كه‌ من له‌ دیدار و هام‌وشۆی بێ‌به‌شم، به‌ڵام هه‌میشه‌ بیری ده‌كه‌م، وه‌ك چۆن بیری ئه‌ڵوه‌ن و دایكم و حه‌مید ئه‌كبه‌ری هاوڕێم ده‌كه‌م، كه‌ له‌ کاتی شه‌هیدبوونییه‌وه‌ بۆ ساتێكیش له‌ یادم نه‌چووه‌تەوە، ئێستاش كه‌ به‌ ده‌باشانا ڕه‌ت ده‌بم، به‌ ده‌ستی ڕاستم ڕوو ده‌كه‌مه‌ ماڵی مام جه‌لال و دوعای خێر بۆ هێرۆخان و به‌ ده‌ستی چه‌پیشم ڕوو ده‌كه‌مه‌ مه‌زاری مام جەلال و فاتیحا دەنێرم بۆ گیانی بەرزی.
   هێرۆخان هاوڕێ و خوشك و پشتیوانێكی بەهێزی هاوڕێکانی بووه‌، هه‌میشه‌ بیری ده‌كه‌م، چونكه‌ دابڕانی بۆ ئێمه‌مانان كه‌لێنێكی گه‌وره‌یه‌.
   ئه‌مه‌ ته‌نیا چه‌ند دێڕێكی وه‌فادارییه‌ بۆ هێرۆخانی هاوڕێم. ئه‌گه‌ر په‌یكه‌رتاش بوومایه‌ ڕه‌نگه‌ له‌جیاتی ئه‌م چه‌ند وشه‌یه‌ هه‌وڵم بدابووایه‌ په‌یكه‌رێكی بۆ دابتاشم، چونكه‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ شایسته‌ی ئەوەن یاد و یادگارییان بەرز ڕابگرین...

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved