هەندێک کات هەن کە مێژوو لە نێوان دوو وشەدا وەستاوە: «بەڵێ» یان «نەخێر». لەو چرکەساتانەدا، دنیا بە هەموو فراوانی و قووڵایییەکەی لەسەر بڕیارێکی بچووک دەسوڕێتەوە، بەڵام لە پشت ئەو بڕیارەوە، چارەنووسی مرۆڤ و نەتەوەکان دیاریی دەکرێت. هەندێک جار، یەک هەڵوێست، دەتوانێت مێژوو بنیات بنێت و یەک هەڵەی چرکەساتی، نەتەوەیەک بخاتە ناو سێبەری سەدەیەک لە پەشیمانی.
مرۆڤ لە جەوهەری خۆیدا بوونەوەرێکی «بڕیاردەر»ە. مرۆڤ تەنیا ئەوە نییە لە رابردووەوە هاتبێت و بەرەو داهاتوو بڕوات، بەڵکو بوونەوەرێکە کە لە هەر چرکەیەکدا، لە رێگەی بڕیارەکانییەوە داهاتووی خۆی دادەهێنێت. ژیان لە بنەڕەتدا کۆمەڵێک «ئەگەر»ە، بەڵام تەنها بڕیارە کە ئەم ئەگەرانە دەگۆڕێت بۆ واقیع. 
واتە: مرۆڤ خۆی دروست نەکردووە، بەڵام کە هاتە دونیاوە، بەرپرسیاری هەموو بڕیار و کردارەکانی خۆیەتی.
 تەنانەت کاتێک مرۆڤ بڕیار دەدات، کە بڕیار نەدات، لە راستیدا گەورەترین بڕیاری داوە، چونکە سڵەمینەوە خۆی جۆرێکە لە هەڵوێست.
مێژوو زۆرجار بە شمشێر و جەنگ ناسراوە، بەڵام لە ڕاستیدا، مێژوو زیاتر بە بڕیار گۆڕاوە.
بڕیاری پاشا و فەیلەسوف، بڕیاری سەرباز و شاعیر، بڕیاری دایکێک بۆ مانەوەی منداڵەکەی، یان بڕیاری گەلێک بۆ ئەوەی لەژێر تاریکییدا چۆن رووناکی بدۆزێتەوە.
مێژوو زنجیرەی رووداوی رێکەوت نییە، بەڵکو زنجیرەی بڕیارە گەورەکانە.
ساڵی(1962)، بڕیاری «کەنەدی» لە قەیرانی مووشەکەکانی کوبادا، جیهانی لە جەنگی ئەتۆمی رزگار کرد، چونکە بڕیارێکی عەقڵانی بوو. لە بەرامبەردا، غروری هێتلەر لە بڕیاری هێرشکردنە سەر یەکێتیی سۆڤیەت لە زستانی ساڵی (1941)، بووە هۆی روخانی ئیمپراتۆرییەتەکەی. ئەگەر «گیلگامێش» بەدوای نەمرییدا نەگەڕابا، ئەفسانەکە لەدایک نەدەبوو. 
لەم روانگەیەوە، بڕیار تەنها کردارێکی ئیداری یان سیاسی نییە، بەڵکو کردارێکی چارەنووسسازە، چونکە هەر بڕیارێک وەڵامێکە بۆ پرسیاری: «چی بکەین؟» میللەتان وەک مرۆڤ، بە بڕیارەکانیان ناسراون، بڕیاری ئاشتی یان جەنگ، بڕیاری گفتوگۆ یان توندوتیژی، بڕیاری مانەوە یان خۆبەدەستەوەدان.
بڕیار تەنها فەرمانێک نییە، هەندێک جار دوعایە، هەندێک جار شۆڕشە، هەندێک جار گوناهە و هەندێک جاریش دەبێتە دەروازەی رزگاری.
هەندێک بڕیار، مێژوو دروست دەکەن، هەندێک بڕیاریش مێژوو دەڕوخێنن.

نەبوونی بڕیاری دروست 
لە ژیانی سیاسی و دامەزراوەییدا، جیاوازییەکی قووڵ هەیە لە نێوان بڕیاری حزبی و بڕیاری دەوڵەتی. بڕیاری حزبی زۆرجار لەژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیا و بەرژەوەندیی کاتی دەردەچێت، بەڵام بڕیاری دەوڵەتداری دەبێت لەسەر بنەمای یاسا، زانیاری، داتا و بەرژەوەندیی گشتی بنیات بنرێت. 
کاتێک حزب دەبێتە سەرچاوەی تاکە بڕیار، دەوڵەت کەم کەم دەبێتە قوربانیی ویستی تاک و گروپ.
بڕیاری حزبی کاتێک خەتەرناک دەبێت کە تەنها لە ژوورە داخراوەکاندا لەدایک ببێت و گوێ لە دەنگی خەڵک نەگرێت. لە فەلسەفەی دەوڵەتداریدا، باشترین بڕیار ئەوە نییە کە هەمیشە بەخێرایی بدرێت، بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت نێوان ئێستا و داهاتوو، نێوان بەرژەوەندیی تاک و بەرژەوەندیی گشتی و نێوان هەست و عەقڵ هاوسەنگ بکات. 
زۆرێک لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان نە لە نەبوونی سەرچاوە و توانادا، بەڵکو لە نەبوونی بڕیاری دروست و لە کاتی خۆیدا سەریانهەڵداوە. بۆیە دانایی سیاسی، پێش هەر شتێک، هونەری هەڵبژاردنی بڕیاری گونجاوە لە کاتی گونجاودا.
بڕیاری ئیداریش کاتێک بێڕۆح دەبێت کە مرۆڤ تێیدا تەنها ژمارە بێت، نە مرۆڤ.
لە ڕوانگەی سارتەرەوە، مرۆڤ بە بڕیار و هەڵوێستەکانی خۆی ناسنامەی خۆی دروست دەکات.
 زۆر دامەزراوە و رژێم هەڵوەشاونەتەوە، نە بەهۆی نەبوونی هێز و جەماوەر، بەڵکو بەهۆی بڕیارە هەڵەکان و زۆر نەتەوەش هەڵساونەتەوە، نە بەهۆی زۆریی چەک و سەربازی زۆر، بەڵکو بەهۆی ساتێک کە بڕیاری دروستیان داوە.
لە ئەفسانە و مێژووی مرۆڤایەتیشدا، بڕیار هەمیشە بەشێک بووە لە تراژیدیای مرۆڤ. لێرەدا فەلسەفە ئێمە فێر دەکات کە هەندێک جار ترسەکانمان زیاتر لە بڕیارەکانمان چارەنووسمان دروست دەکەن.

هەر قۆناغێک بڕیاری خۆی هەیە
مرۆڤ لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا بەرامبەر بڕیار وەستاوە. لە منداڵیدا، لە نێوان ترس و هەنگاونان، لە گەنجێتیدا، لە نێوان خەون و ڕاستی و لە پیریدا، لە نێوان پەشیمانی و دانایی. هەر قۆناغێک بڕیاری خۆی هەیە و هەر بڕیارێک نرخێکی خۆی. هەندێک نرخ بە ئازار دەدرێت، هەندێکی تر بە تەنیایی، و هەندێکیش بە تەمەنی تەواو.
بەڵام گرنگتر لە بڕیاردان، قبووڵکردنی بڕیارە. مرۆڤی پێگەیشتوو ئەوە نییە کە هەمیشە بڕیاری دروست بدات، بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت بەرپرسیاریی بڕیارەکانی بگرێتە ئەستۆ. زۆر کەس هەڵەکانیان دەخەنە ئەستۆی کات و دەوروبەر و خەڵکی تر، بەڵام ژیان وەک ئاوێنەیەکە، دوایی هەر شتێک، مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ خۆی.
بڕیاری راست زۆرجار ئاسان نییە. هەندێک جار قورسترین رێگا، راستترین رێگایە. پێشینان دەیانگوت: «هەزار پێوانە و یەک بڕین»، چونکە بڕیار پێویستی بە ژیری و ئارامیی ناوەوە هەیە. پەندێکی تر دەڵێت: «هەڵەی چرکەسات، تاوانی تەمەنە.» چونکە هەندێک بڕیار تەنها یەک رێگا ناگۆڕن، بەڵکو نەوەکانیش دەگۆڕن.
مرۆڤ و نەتەوە هەردووکیان لە نێوان دوو هێزدا دەژین، هێزی ترس و هێزی هیوا. بڕیار زۆرجار لەو شوێنە لەدایک دەبێت کە ئەم دوو هێزە بەیەک دەگەن. 
لە کۆتاییدا، بڕیار تەنها هەڵبژاردنی نێوان دوو رێگا نییە، هەڵبژاردنی جۆری مرۆڤبوونیشە. هەر کاتێک مرۆڤ بڕیارێک دەدات، تەنها بارودۆخێک ناگۆڕێت، بەڵکو بەشێک لە ناسنامەی خۆشی دەنووسێتەوە. نەتەوەکانیش هەروا، هەندێک گەل بەو بڕیارانە ناسراون کە لە کاتی تەنگانەدا دایان، نە بەو هێزانەی هەیانبوو. لەبەر ئەوەی مێژوو لە کۆتاییدا یادی ئەوە ناکات کێ زۆرتر دەسەڵاتی هەبوو، بەڵکو یادی ئەوە دەکات کێ لە ساتی پێویستدا، جەسارتی ئەوەی هەبوو بڕیاری دروست بدات؟ زۆرجار چارەنووس بە دەنگی تۆپ و تەیارە نانووسرێت، لە بێدەنگی ژوورێکدا دەنووسرێت کە تێیدا مرۆڤ یان نەتەوەیەک لە نێوان ترس و هیوادا هەڵدەبژێرێ.
ئەگەر لە کۆتایی هەر رۆژێکدا، مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا تەنها بمێنێتەوە، لەدوای بێدەنگبوونی دەنگەکان و لەدوای ونبوونی هەموو بەهانەکان، تەنها یەک پرسیار دەمێنێتەوە:
«ئایا ئەو بڕیارانەی دام، شیاوی مرۆڤبوونم بوون»؟
هەمان پرسیار رۆژێک لەبەردەم نەتەوەکانیش دەوەستێت: «ئایا ئەو بڕیارانەی دایان، شیاوی مێژوویان بوون»، چونکە کات دەگوزەرێت، دەسەڵاتەکان دەگۆڕدرێن، جەنگەکان کۆتاییان دێت و ناوەکانیش لەبیر دەچن، بەڵام شوێنپەنجەی بڕیارەکان لەسەر روخساری مێژوو دەمێنێتەوە.
مێژوو، لە کۆتاییدا، تەنها کتێبی رووداوەکان نییە، کتێبی بڕیارەکانە و رەنگە هەر ئەمەش گەورەترین راستیی ژیان بێت: مرۆڤ و میللەتان، لە کۆتاییدا، بەوە دەناسرێن کە لە ساتی هەڵوێستدا کێ بوون.؟
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
عيماد ئه‌حمه‌د
لەنێوان چەک و قەڵەمدا
عيماد ئه‌حمه‌د
ئاشتی؛ بنەمای ژیان
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان وەرن بۆ زگار
عيماد ئه‌حمه‌د
لە جرجیانەوە بۆ عەقاری
عيماد ئه‌حمه‌د
عەون نەک فیرعەون
عيماد ئه‌حمه‌د
پایز و هەڵۆی سوور
عيماد ئه‌حمه‌د
خەونی سەوزی خانەقی
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان ؛ وەرن بۆ سەرام
عيماد ئه‌حمه‌د
یەکێتی بوون وەک شانازی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved