لە شەوێکی تاریکدا، کاتێک دەریا و ئاسمان باوەش بەیەکدا دەکەن، مرۆڤ هەستدەکات تەنانەت خەونەکانیشی لەو نێوەندەدا وندەبن.
کوردستان، ئەم نیشتمانە جوانەی شاخ و دەشت و رووباری لە ناخەوە بریندارە، برینێک کە نەک بە شمشێری دوژمن، بەڵکو بە بێدەنگیی خۆی خوێنی لێدەچۆڕێت.
لاوانی هەرێم، ئەوانەی کە دەبوایە هەوێنی ئایندە بن، لەنێوان دیاردەی بێکاری و نەبوونی دەرفەتدا، کارەساتی شەڕ، رێگای نامۆیی دەگرنە بەر. خەونەکانیان دەخەنە ناو کاغەزی پاسپۆرت و بەلەمە بچووکەکان و دەیسپێرن بە شەپۆلەکانی دەریا، بەڵام ئەو دەریایەی کە دەبێت رێگای ژیان بێت، دەبێتە گۆڕستانێکی بێدەنگ، کارەساتی دەریای ئیجە هەموو جارێک مێژوویەکی پڕ لە تەم و خەم دەنووسێتەوە.
منداڵێکی شیرەخۆر کە دەبوایە وەک قەقنەس بەرەو خۆر بفڕێت، لە لێواری دەریاکەدا خەوی هەتاهەتایی لێدەکەوێت. ئەو وێنەیە تابلۆی نیشتمانێکی بریندارە، بێدەنگە، بەڵام هاوارەکەی گوێی گەردوون کاس دەکات. ئەو منداڵە تەنها تەرمێک نییە، بەڵکو کۆکەرەوەی هەموو ئەو خەونانەیە کە هەرگیز نەگەیشتنە کەنار.
لە خانەقین و لە باوەشی رووباری ئەڵوەندا، هاوینەکانیش بێ خەم نین. هەندێک گەنج، لە کاتی مەلەکردندا، بێ ئاگا لە مەکری قووڵاییی ئاو، خۆیان دەسپێرن بە چارەنووسێکی بێگەڕانەوە. ئەو رووبارەی کە جاران گۆرانیی «ئای ئەڵوەن ئای ئەڵوەن»ی بۆ شادیی دەگوت، ئێستا مۆرکی خەمێکی قووڵی لێ نیشتووە.
کوردستان هێشتا جوان و ئازیزە، بەڵام بێباکی لە بەڕێوەبردن و نادیاریی داهاتوو، بووەتە پاساوی دیاردەی کۆچ. ئەوانەی دەڕۆن، وەک باڵندەی کۆچەرین بە جیاوازییەکانیانەوە، باڵندەکان دەزانن بۆ کوێ دەچن، بەڵام مرۆڤەکانی ئێمە لەنێوان هیوا و بێ هیواییدا باڵدەگرن، وەک ئەوەی لە رۆمانی “پیاوان لە ژێر خۆردا”ی غەسان کەنفانیدا هاتووە، کەس نەپرسێ: «بۆچی ئەوانەی لە ناو تەنکەرەکەدا خنکان، کە خۆیان حەشار دابوو بۆ ئەوەی لە بەسرەوە بچن بۆ کوێت، لە دەرگای تەنکەرەکەیان نەدا تا دنیا بەخەبەر بێتەوە؟» ئێستاش هەمان پرسیار لە شەپۆلەکانی دەریای ئیجەدا دەنگدەداتەوە: بۆچی دەنگی خەونەکانمان نەبیستران؟
قاچاخچییەکان، بە چاوچنۆکی و بێبەزەیی خۆیان، مرۆڤ دەکەن بە کاڵا. بەلەمەکان لە جیاتی ئەوەی فریادڕەس بن، دەبنە قەفەسی مەرگ. لەو قەفەسانەدا ژن و پیاو، پیر و منداڵ، هەموویان لە شەوێکی کورتدا دەبنە چیرۆکێکی نەگوتراو.
پێویستە بڵێین: مرۆڤ کاتێک دەست لە خاکەکەی هەڵدەگرێت، کە هیوا لەناو دڵیدا دەمرێت. وەک کامۆ دەڵێت: “لەناو تاریکییەکاندا، مرۆڤ دەبێت مانای رووناکیی بدۆزێتەوە”، بەڵام کاتێک تاریکیی باڵ بەسەر هەموو شتێکدا دەکێشێت، رووناکی تەنها لە خەوندا دەبینرێت!
ئەوروپا لە خەیاڵدان و وێنای گشتیدا بەهەشتە، بەڵام لە راستیدا هەندێکجار سارد و تاقەتپڕوکێنە. ئەوانەی دەگەن، هەمیشە ناهەق نین، بەڵام هەمیشە ئاسوودەش نین. زەرەری گەورەی کوردستان لەوەدایە، باشترین سامانی خۆی کە لاوەکانیەتی، لەدەستیان دەدات، ئەوانەی دەبوو داهاتوو دروستبکەن، دەبنە بیرەوەرییەکی تاڵ.
لەنێوان رووبار و خەوندا، مرۆڤ هەمیشە خەون هەڵدەبژێرێت. ئەگەر نیشتمان ببێتە باوەشێک بۆ ئەم خەونانە، ژیان دەگەڕێتەوە، ئەگەر نا، دەریا هەمیشە چاوەڕێی چیرۆکێکی دڵتەزێنی تر دەبێت و شەوەکانیشمان درێژتر و تاریکتر دەبن، بەڵام بێگومان، هەندێک خەون، ناشکێن، بەڵکو دەخنکێن. لەناو شەپۆلەکاندا، بێدەنگ، بێ هاوارن، وەک ئەوەی هەرگیز نەبووبن دەخنکێن، دەریا هەموو شتێکیان لەخۆ دەگرێت، ناوەکان، رووخسارەکان، خەندەکان، تەنانەت دوا وشەکانیشیان.
لەپاشان، بێدەنگییەک دەمێنێتەوە کە زۆر قورسترە لە هەر هاوارێک. دەڵێن مرۆڤەکان دەمرن، بەڵام لێرە، شتێکی تر دەمرێت کە هیوایە، کاتێکیش هیوا دەمرێت، نیشتمانیش هێدی هێدی دەبێتە وێنەیەک لەسەر کاغەز. ئەو شەوە دەریا تەنها جەستەی مرۆڤەکانی نەبرد، بەڵکو تەواوی سبەینێیەکیشی برد. کەچی بۆ بەیانی، کاتێک خۆرهەڵهات، هیچ شتێک نەگۆڕابوو، جگە لەوەی کە جیهان لە چەند خەونێکی کەم بوو.!
بابەتی زیاتر