هەندێک وشە هەن، لە زمانی سیاسیدا زۆر بەکاردێن، بەڵام کەمتر بە قووڵی لێیان تێدەگەین؛ «فیدراڵییەت» یەکێک لەو وشانەیە. زۆرجار لە ململانێی سیاسی، لە پەرلەمان، لە دادگا و لە میدیاکاندا ناوی دەهێندرێت، بەڵام کەمجار ئەم پرسیارە دەکرێت: ئایا فیدراڵییەت تەنیا شێوازێکی دابەشکردنی دەسەڵاتە، یان فەلسەفەیەکی نوێی حوکمڕانییە؟ ئایا دەستوور بە تەنیا دەتوانێت فیدراڵییەت بپارێزێت، یان ئەوەی دەیپارێزێت باوەڕی خەڵک و پابەندیی هێزە سیاسییەکانە بە رۆحی دەستوورەوە؟
ئەگەر مێژوو بخوێنینەوە، دەبینین فیدراڵییەت لە بنەڕەتدا وەڵامێک بووە بۆ پرسیارێکی گەورە: چۆن دەتوانرێت فرەیی بپارێزرێت، بەبێ ئەوەی یەکێتی بشکێت؟ ئەم بیرۆکەیە لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا لە ئەمریکا بەشێوەیەکی نوێ پەرەی سەند، دواتر ئەڵمانیا، سویسرا، کەنەدا، بەلجیکا و هەندێک وڵاتی دیکە هەر یەکەیان بە گوێرەی مێژوو، زمان، کەلتوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی خۆیان، مۆدێلێکی تایبەتیان دروست کرد. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە فیدراڵییەت نە نەخشەیەکی ئامادەیە و نە فۆرمێکی یەکسان؛ بەڵکو سیستەمێکی زیندووە کە دەبێت لەگەڵ تایبەتمەندیی هەر وڵاتێک هاوتەریب بێت.
لەڕووی یاساییەوە، فیدراڵییەت بریتییە لە دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەکاندا بەپێی دەستوور، بە شێوازێک کە هیچ لایەنێک نەتوانێت بە تەنیا سنووری دەسەڵاتی ئەوی تر بگۆڕێت، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە، فیدراڵییەت زیاتر لە؛ کەلتووری هاوبەشبوون، رێزگرتن لە جیاوازی، دانوستان و پێکەوەژیانە. لە روانگەی فەلسەفییەوەش، دانپێدانانە بەوەی کە یەکێتی بە زۆرەملێ و ناوەندگەرێتی دروست نابێت، بەڵکو بە دادپەروەری، هاوبەشکردنی دەسەڵات و رەزامەندیی هاوبەش بەهێز دەبێت.
دەستووری عیراقی ساڵی (2005)، دوای دەیان ساڵ ملمـلانێ و ناکۆکی، فیدراڵییەتی وەک بنەمای سیستەمی حوکمڕانی قبووڵ کرد. ئەو بڕیارە بۆ کوردستان تەنیا سەرکەوتنێکی یاسایی نەبوو، بەڵکو دانپێدانانێک بوو بە ئەزموونێکی مێژوویی کە لە ساڵی(1991)ەوە لە هەرێم دەستیپێکردبوو، بەڵام ئێستا دوای زیاتر لە دوو دەیە، زۆربەی ماددە گرنگەکانی دەستوور، لە نەوت و گازەوە بگرە تا بودجە، ماددەی (140) و هەندێک یاسای فیدراڵی، هێشتا لەنێوان دەق و جێبەجێکردندا ماونەتەوە. کاتێک یاسا جێبەجێ نەکرێت، ملمـلانێی سیاسی دەبێتە قەیرانی دەستووری، دادگا لە شوێنی چارەسەری یاسایی، دەکەوێتە ناو بازنەی کێبڕکێی سیاسی.
ئەزموونی جیهان دەریخستووە کە سەرکەوتنی فیدراڵییەت تەنیا بە دەستوور نەبەستراوەتەوە. لە ئەڵمانیا، هیچ حکومەتێکی فیدراڵ ناتوانێت مافی هەرێمەکان بە ئارەزووی خۆی سنووردار بکات، چونکە دامەزراوەکان لە کەسان بەهێزترن. لە سویسرا، هاوکاری و رەزامەندیی نێوان کانتۆنەکان بنەمای یەکێتییە، نەک ناچارکردن. لە کەنەدا، دادگای باڵا پارێزگاری لە دەستوور دەکات، نەک لە حکومەتێکی دیاریکراو. واتە لەو ئەزموونانەدا، هێزی یاسا لە یاسانامەکەدا نییە؛ لە کەلتووری پابەندبوون بە یاسادایە.
لە کوردستانیشدا، فیدراڵییەت هەم سەرچاوەی هێز بووە و هەم تاقیکردنەوەیەکی بەردەوام. دامەزراندنی پەرلەمان، حکومەت، زانکۆکان، دامەزراوە ئیدارییەکان، هێزی پێشمەرگە، ئاوەدانی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و فراوانبوونی دەرفەتەکانی خوێندن و کارگێڕی، هەموویان بەشێکن لە دەستکەوتەکانی ئەم ئەزموونە. ئەم دەستکەوتانە دەریخست کە کوردستان دەتوانێت دامەزراوەی خۆی بنیات بنێت و بەرپرسیارانە کاروباری خۆی بەڕێوە ببات، بەڵام هەمان ئەزموون چەند لاوازییەکی ترسناکیشی ئاشکرا کردووە؛ یەکنەبوونی هەندێک دامەزراوە، دواخستنی چاکسازی، پشتبەستنی زۆر بە ئابووریی نەوت، لاوازیی بەرهەمهێنان و کەمبوونی باوەڕی گشتی بە هەندێک دامەزراوە. ئەمانە کێشەی فیدراڵییەت نین؛ کێشەی شێوازی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنن، چونکە هیچ سیستەمێکی دەستووری ناتوانێت شوێنی دامەزراوەی بەهێز و کارگێڕی باش بگرێتەوە.
پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە دەستوور کێ نووسیویەتی؛ پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کۆمەڵگە و هێزە سیاسییەکان ئامادەن بە رۆحی ئەو دەستوورە بژین؟ زۆر وڵات دەستووری باشیان هەیە، بەڵام حوکمڕانیی باشیان نییە؛ چونکە یاسا، ئەگەر نەبێتە بەشێک لە کەلتووری سیاسی و ژیانی رۆژانە، ئەوا تەنها دەقێکی بێدەنگ دەمێنێتەوە. فیدراڵییەتیش پێش ئەوەی سیستەمێکی یاسایی بێت، راهێنانێکی بەردەوامە بۆ ژیانی هاوبەش.
ئەمڕۆ جیهانیش گۆڕاوە. فیدراڵییەتی سەدەی بیستەم زیاتر لەسەر سنووری دەسەڵات و کارگێڕی بنیات نرابوو، بەڵام فیدراڵییەتی سەدەی بیست و یەکەم گرنگی بە حوکمڕانیی رەشید و باش، دادپەروەری، ئابووریی بەرهەمهێنەر، ژینگە، ژمێریاری دیجیتاڵ، شەفافییەت و بەشداریی هاووڵاتیان دەدات. ئەو هەرێمە سەرکەوتوو نییە کە دەسەڵاتی زۆرتر هەبێت؛ ئەوە سەرکەوتووە کە خزمەتگوزاریی باشتر، ئاسایشی زیاتر و هیوا بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات.
ئایندەی فیدراڵییەت لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە هەر شتێک بە یەکڕیزیی ناوخۆیی، چاکسازی، بەهێزکردنی دامەزراوەکان و جێبەجێکردنی راستەقینەی دەستوورەوە گرێدراوە. هەرێم پێویستی بە دامەزراوەی بەهێزتر هەیە، نەک تەنیا دەسەڵاتی زیاتر؛ پێویستی بە ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر هەیە، نەک تەنیا داهاتی نەوت؛ پێویستی بە باوەڕی هاووڵاتیان هەیە، چونکە هیچ دەستوورێک ناتوانێت شوێنی ئەو باوەڕە بگرێتەوە.
بێگومان، فیدراڵییەت نە کۆتایی خەباتە و نە دەستکەوتێکی تەواوکراو؛ بەڵکو پرۆژەیەکی بەردەوامی دەوڵەتسازییە. هەرێمی کوردستان لەبەردەم دوو بژاردەدایە: یان فیدراڵییەت تەنیا وەک ماددەیەکی دەستووری بپارێزێت، یان وەک فەلسەفەیەکی نوێی حوکمڕانی، چاکسازی و دامەزراوەسازی زیندووی بکاتەوە. سەرکەوتنی هەرێم لە داهاتوودا بە قەبارەی دەسەڵاتەکانی پێوانە ناکرێت، بەڵکو بە قەبارەی ئەو باوەڕە پێوانە دەکرێت کە هاووڵاتی بە دامەزراوەکان، بە دەستوور و هەروەها ناوەندیش بە شەریکی فیدراڵی هەیە، چونکە لە کۆتایی هەموو ئەزموونە مێژووییەکاندا، ئەوەی دەوڵەت دەپارێزێت هێزی چەک نییە، بەڵکو هێزی یاسا و باوەڕی مرۆڤەکانە و ئەوەی فیدراڵییەتیش بەردەوام دەکات، تەنها دەقی دەستوور نییە، بەڵکو رۆحی ئەو دەستوورەیە کە لە هەستی هاووڵاتیاندا دەژی.