خاڵۆ وەلی لە ساڵەکانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا کارگوزاری شارەوانیی خانەقین بوو، دوای نسکۆی ساڵی 1975، ئەویش وەک هەزاران خێزانی کوردی خانەقین کەوتە بەر شاڵاوی رەش و بێبەزەییانەی «تەرحیل و تەهجیر»ی دەسەڵاتی بەعس و بە زۆر رەوانەی سلێمانی کرا. 
لەم شارە میهرەبانەدا، لەگەڵ خێزانەکەی؛ ژن و سێ کچی وردیلە، نیشتەجێ بوون و ژیانێکی نوێیان لەسەر ماڵوێرانیی رابردوو بنیاتنا.
ماوەیەکی دوور و درێژە خاڵۆ وەلی خانەنشین کراوە؛ بەڵام تێپەڕینی ساڵان نەیتوانیوە پەیوەندیی نێوانمان بپچڕێنێت. لەدوای راپەڕینەوە، لە خۆشی و ناخۆشیدا بەردەوام لە پەیوەندیداین؛ پەیوەندییەک کە نە بە پلە و پۆست، بەڵکو بە وەفا و بیرەوەری پارێزراوە.
زەنگێکی تەلەفۆنی خاڵۆ و  دڵنەواییەکەی من
دەوروبەری کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممەی رابردوو، زەنگی مۆبایلەکەم لێیدا. خاڵۆ وەلی بوو، دوای سڵاو و ئەحواڵپرسین، بە دەنگێک کە نیگەرانیی بە ئاشکرا تێدا دیاربوو، وتی:
ـ بۆچی بازاڕ ئاوا ئاگری گرتووە؟ نرخی شتومەک و خواردەمەنییەکان دوو قات و سێ قات بەرز بووەتەوە. خۆتان دەزانن دۆخی مووچەی خانەنشینان چۆنە؛ هەر چەند مانگ جارێک، ئەویش تەنها چارەکێکی وەردەگرین. دەڵێن هۆکارەکە کێشەی «گەرووی هورمز»ە. زەحمەت نەبێت، روونی ناکەیتەوە گەرووی هورمز چییە؟
دڵنەواییم کرد و بە سادەیی و کورتی باسی گەرووی هورمزم بۆ کرد؛ ئەو گەرووە جوگرافییە بچووکەی کە کاریگەرییەکەی لە سنووری نەخشەکەی زۆر گەورەترە. پرسیارە سادەکەی خاڵۆ وەلی، قووڵترین پێناسەی قەیرانەکەی خستەڕوو: گەرووی هورمز لە کوێیە و سفرەی خانەنشینێکی کورد لە کوێ؟ چۆن هەڕەشەی کەشتییە جەنگییەکان لە کەنداو، نرخی برنج و رۆن و چا و شەکر و دەرمان لە سلێمانی بەرزدەکاتەوە؟
گەرووی هورمز بەندە بە سفرەی هەژارانەوە
لەو چرکەیەدا هەستم کرد هورمز تەنها ناوی گەروویەکی دەریایی نییە؛ بەڵکو زنجیرەیەکی نادیارە کە بڕیاری سەرکردەکان بە نانی سەر سفرەی خەڵکەوە دەبەستێتەوە. لێرەدا واتای ئەو دەربڕینە زیاتر روون دەبێتەوە: «وما أدراك ما الهرمز!»
گەرووی هورمز لەنێوان باشووری ئێران و دوورگە و کەناراوەکانی عوماندا هەڵکەوتووە و کەنداو بە دەریای عومان، دەریای عەرەب و ئۆقیانووسی هیندییەوە دەبەستێتەوە. تەنها دەروازەی دەریایی کەنداوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان و پانییەکەی لە تەنگترین خاڵدا نزیکەی 21 میلە.
تەسکیی هورمز و پانوپۆڕیی قەیران
ئەم تەسکییە جوگرافییە وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکانی جیهان بە رێگایەکی زۆر سنوورداردا تێپەڕن، بۆیە هەر رووداوێکی سەربازی، دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەک، مینێکی دەریایی یان تەنانەت هەڕەشەیەکی سیاسی، دەتوانێت هاتوچۆ لاواز و تێچووی بیمە و گواستنەوە بەرزبکاتەوە. بازاڕی وزەش پێش ئەوەی گەرووەکە بە تەواوی دابخرێت، تەنها بە هەستکردن بە بۆنی مەترسی، نرخەکان بەرزدەکاتەوە.
گرنگیی ئەو گەرووە بە دۆزینەوەی نەوت دەستیپێنەکردووە؛ بەڵکو بە درێژایی سەدەکان رێڕەوی بازرگانیی نێوان هیندستان، فارس، ناوچە عەرەبییەکان و خۆرئاوا بووە. کەشتییەکان بەهارات، قوماش، مرواری و کاڵای جۆراوجۆریان بەو رێگەیەدا گواستووەتەوە. پورتوگالییەکانیش لە سەدەی شازدەیەمدا هەوڵیاندا کۆنترۆڵی بکەن؛ چونکە زانیبوویان ئەوەی دەست بەسەر ئەم دەروازەیەدا بگرێت، دەتوانێت بەشێکی گەورەی بازرگانیی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا کۆنترۆڵ بکات.
لەڕێڕەوێکی بازرگانییەوە بۆ دەمارێکی
ئابووریی جیهان
بە دۆزینەوەی نەوت و گاز، هورمز لە رێڕەوێکی بازرگانییەوە گۆڕدرا بۆ دەمارێکی سەرەکیی ئابووریی جیهان. پێش قەیرانی نوێ، رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمی نەوتی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕی؛ واتە نزیکەی یەک لە پێنجی بەکارهێنانی جیهانی. هەروەها نزیکەی یەک لە پێنجی بازرگانیی گازی سروشتیی شل، بە تایبەتی هەناردەی قەتەر، بە هەمان رێگەدا تێدەپەڕێت.
سعودیە، عیراق، کوێت، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین و ئێران، بە راددەی جیاواز، پشت بەو گەرووە دەبەستن. زیاتر لە 80 ٪ی نەوت و گازی تێپەڕبوو بە هورمزدا بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا دەچێت، بەتایبەتیش بۆ چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور کە لە سەرەکیترین کڕیارەکانن. ئەگەرچی هەندێک بۆریی نەوت هەن کە هورمز دەبەزێنن، بەڵام توانایان سنووردارە و ناتوانن جێگای ئەو بڕە زۆرە نەوت و گازە بگرنەوە کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕێت.
بارەکەی دەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتی
گرنگیی هورمز تەنها لە ژمارەی بەرمیلە تێپەڕبووەکاندا نییە؛ بەڵکو لەو زنجیرە درێژەدایە کە کەنداو بە بازاڕ و بازاڕ بە ماڵی خەڵکەوە دەبەستێتەوە. کاتێک کەشتییەک رادەگیرێت، تەنها بارەکەی ناو کەشتییەکە راناگیرێت؛ بەڵکو زنجیرەی دابینکردن دەشێوێت، تێچووی بیمە و گواستنەوە بەرزدەبێتەوە و لە کۆتاییدا بارەکەی دەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتی. 
خاڵۆ وەلی لە سلێمانی دەژی و لە هورمزەوە هەزاران کیلۆمەتر دوورە؛ بەڵام نرخی خواردەمەنی و دەرمانەکەی بەوەوە پەیوەستە کە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان تا چەند دەتوانن بە ئاسودەیی لەو گەرووەدا تێبپەڕن!
رووخسارە راستەقینەکەی جیهانگیری
ئەمە رووخساری راستەقینەی جیهانگیرییە: قەیران لە شوێنێک دروست دەبێت و خەڵکی شوێنێکی تر باجەکەی دەدەن.
پرسیارەکەی خاڵۆ و دیوێکی تری وەڵامەکە
خانەنشینێک کە هەر چەند مانگ جارێک تەنها بەشێک لە مووچەکەی وەردەگرێت، توانای بەرگەگرتنی بەرزبوونەوەی دوو قات و سێ قاتی نرخەکانی نییە. بۆ ئەو، هورمز باسێکی تیۆری یان وشەیەکی سەر نەخشە نییە؛ بەڵکو بریتییە لە کەمبوونەوەی سەبەتەی خواردن، دواخستنی کڕینی دەرمان و هەژمارکردنەوەی هەر دینارێک پێش خەرجکردنی، بەڵام نابێت هەموو بەرزبوونەوەیەکی نرخ بە گەرووی هورمز پاساو بدرێت. قەیرانی دەرەکی دەتوانێت تێچوو زیاد بکات، بەڵام هەندێک بازرگانیش لە ترس و ناڕوونیی بازاڕ کەڵک وەردەگرن و نرخەکان زیاتر لە رادەی راستەقینە بەرزدەکەنەوە.
لێرەدا ئەرکی حکومەت تەنها روونکردنەوەی قەیران نییە؛ بەڵکو دەبێت نرخەکان چاودێری بکات، رێگە لە قۆرخکاری بگرێت، کۆگای ستراتیژیی خواردن و دەرمان دابین بکات و خانەنشینان و کەمداهاتان لە کاریگەرییەکانی قەیران بپارێزێت.
زەنگەکەی خاڵۆ وەلی پێیوتم: «هەندێک جار باشترین دەستپێکی شیکردنەوەی سیاسی، نە لە ژوورە داخراوەکان و نە لە راپۆرتی ناوەندە ستراتیژییەکانە، بەڵکو لە پرسیارێکی سادەی هاووڵاتییەکەوە دێت کە دەپرسێت: «گەرووی هورمز چییە و بۆچی بازاڕ ئاگری گرتووە؟»
نزا و پاڕانەوە لەپەراوێزی قەیراندا
وەڵامەکە ئەوەیە: هورمز جوگرافیایەکی بچووکە، بەڵام سێبەرەکەی بەسەر ئابووریی جیهاندا درێژبووەتەوە. شەڕ لە دەریادا دەستپێدەکات، بەڵام باجەکەی لە کیسەی خاڵۆ وەلی و هەموو خانەنشین و کەمداهاتێک وەردەگیرێت. بۆیە داخستنی ئەم گەرووە تەنها رێگەی کەشتییەکان نابەستێت؛ بەڵکو رێگەی نان و دەرمان و ئارامی بەسەر ملیۆنان مرۆڤدا دادەخات.
لە کۆتاییدا، لە پێناوی ئاشتیی سەرتاسەری و پاراستنی قووتی هەژاراندا، تەنها ئەم پاڕانەوەیە بە زماندا دێت:
«خودایە، ئاوێکی سارد بەسەر ئەم ئاگرە گەرمەدا بکە؛ پێش ئەوەی دووکەڵەکەی هەناسەی هەژاران بگرێت
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
عيماد ئه‌حمه‌د
لەنێوان چەک و قەڵەمدا
عيماد ئه‌حمه‌د
ئاشتی؛ بنەمای ژیان
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان وەرن بۆ زگار
عيماد ئه‌حمه‌د
لە جرجیانەوە بۆ عەقاری
عيماد ئه‌حمه‌د
عەون نەک فیرعەون
عيماد ئه‌حمه‌د
پایز و هەڵۆی سوور
عيماد ئه‌حمه‌د
خەونی سەوزی خانەقی
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان ؛ وەرن بۆ سەرام
عيماد ئه‌حمه‌د
یەکێتی بوون وەک شانازی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved