یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئێستا لە خاڵێكی یەكلاكەرەوە و گرنگدا وەستاوە، لەلایەك ئاوڕ لە رابردوویەكی پڕ لە سەروەریی و داستان و داهێنان دەداتەوە، خاوەنی میراتێكی دەوڵەمەندی سیاسی و شۆڕشگێڕیی و پێشمەرگایەتییە، لە هەمووشی گرنگتر ئەو سەرمایە مەعنەوی و سیاسییەی مام جەلال-ە كە هێز و گوڕ و تین دەدات بە یەكێتی و یەكێتییەكان. لەلایەكی تریشەوە یەكێتی لە بەرامبەر بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی و گرنگدایە لە داهاتوودا، ئەركی هەموولایەكمانە ئەو داهاتووە بە پرەنسیپ و سەروەرییەكانی رابردوومان موتوربە بكەین و مێژووی پڕ لە دەستكەوتمان ئاودێری داهاتووی پڕ لە گەشە و پێشكەوتنمان بكات.
یەكێتی كە شاسواری رابردووە، چۆن بیكەین بە پاڵەوانی داهاتوو؟، پاڵەوانێك كە داستان و دەستكەوتەكانی بۆ هەمووان بێت، بۆ سەرتاپای نیشتمان و خەڵكەكەی، بۆ رۆڵەكانی بێت؟ بە بڕوای ئێمە ئەوە كرۆكی ئەرك و بەرپرسیارێتیمانە لەو ساتەوەختە هەستیارەدا كە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نزیك دەبینەوە، چۆن وابكەین هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدەین كە ببێتە مایەی بەهێزكردنی پێگەی هەرێمەكەمان و زامنی ئەوە بكەین لە قۆناغی داهاتوودا دەرەقەتی كێشە و ئاستەنگەكان بێین و ژینگەیەكی لەبار بۆ پێشبڕكێی سیاسی و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك بڕەخسێنین و سیستمی حكومڕانیی هەرێم بگۆڕین، بە جۆرێك دامودەزگاكانمان بەهێز بكەین تا باشتر و شایستەتر كاربكەن.
لەم قۆناغەدا پێویستە یەكێتی و یەكێتییەكان زیاتر و زیاتر نزیكبن لەو سیاسەت و رێچكەیەی مام جەلال كە رێنوێنیمان دەكات بۆ گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەكان، بۆ شەتەكدانەوەی رەنجدەرانی بیروبازوو، بۆئەوەی هێزێكی كارای لێ بەرهەم بهێنین، لەم دۆخە پڕ لە مەترسی و هەڕەشە ئامێزە رزگارمان بكات، ئاشتەواییەكی راستەقینە لەنێو ماڵی خۆمان و لەگەڵ بەغدا و ناوچەكە مسۆگەر بكرێت كە ببێتە مایەی دابینكردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و سەقامگیریی و ئاشتی و كۆتایی پێهێنانی دوودڵی و ترس، لە ژیانی كۆمەڵانی خەڵكدا.
ئێمە لێرەوە بانگەوازی هەموو یەكێتییەكان دەكەین بۆ بەشداریی كارا لە ئەرك و بەرپرسیارێتییان لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەدا، بەجۆرێك وەكو كەرنەڤاڵێكی نیشتمانیی مامەڵەی لەگەڵدا بكەین و هەوڵی سەرخستنی بدەین، بەم بەشدارییە دەتوانین كێشە و كەمورتییە ناخۆییەكانمان بخەینە سەر رێگەی چارەسەر، دۆخی نالەباری هەرێم باشتر بكەین و قەیرانەكانی حوكمڕانی چارەسەر بكەین، بۆ ئەم ئەركە پێویستە بە رۆحی یەكێتییانە كاربكەین، زیاتر نزیك ببینەوە لە سیاسەتی مام جەلال و چەپكەگوڵەكەی، دووربكەوینەوە لە زمانی زبر و تەخوین، پێویستە ژێرخانێكی تازە بۆ دیالۆگ و بەیەكەوە كاركردن دروست بكەین لە جیاتی كون و كەلەبەر دروستكردن. با هەوڵ بدەین شەڕە جوێن و پەلاماری ناڕەوا پەرتمان نەكات و دوور نەبین لە ئامانجی سەرەكیمان، هەوڵ بدەین قسە و كرداری شیاو بخەینە كاتی شیاو، چونكە باڵای هیچ كێشە و گرفتێك لە باڵای چارەسەر و پێكهاتن بەرزتر نەبووە و نابێت.
با بە راستی و راستگۆیی كار بۆ ئەوە بكەین یەكێتی لە حزبی سەروەرییەكانی رابردووەوە بكەین بە یەكێتیی دەستكەوتەكانی داهاتوو، لە پاڵەوانی سەنگەرەكانی دوێنێوە بیكەین بە پرۆفیشناڵی بواری حوكمڕانی دروست و خزمەتگوزار، بۆ هێزی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و خراپەكاری و پاراستنی دەستكەوتەكانی كۆمەڵانی خەڵك لە ئازادی و حوكمی رەشیددا.
بابەتی زیاتر