هەندێک مرۆڤ بە ژیاندا  تێدەپەڕن و تەنیا ناوێک لە دوای خۆیان بەجێدەهێڵن، بەڵام هەندێکی تر نەوەیەک فێر دەکەن چۆن بیر بکاتەوە، چۆن بڕیار بدات و چۆن لە ناو سەختترین قەیرانەکاندا ئاراستەی راستی خۆی ون نەکات.
سەرۆک مام جەلال لەو دەگمەنانە بوو کە بەهای بوونی بە ژمارەی ساڵەکانی ژیانی نەدەپێورا، بەڵکو بەو بەها و وانانەی کە لە ناخی مرۆڤەکاندا چاندی. ئەو تەنیا سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو؛ قوتابخانەیەکی فکری، ئەخلاقی و نیشتمانی بوو کە هێشتا وانەکانی لە ژیانی ئێمەدا زیندوون.
ئەگەر ئەمڕۆ بپرسین: «سەرۆک مام جەلال فێری چی کردین؟» وەڵامەکە لە چەند دێڕێکدا کۆنابێتەوە، چونکە ژیانی خۆی گەورەترین کتێبی فێرکاری بوو.
یەکەم وانەی: ئەو پرسی متمانە و بەدیهێنانی متمانە بوو. دەیزانی دەسەڵات بە هێز بەدەست دێت، بەڵام تەنیا بە متمانە دەپارێزرێت. سەرکردە دەتوانێت پۆست و پلە بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەگەر دڵی خەڵک لەدەست بدات، هەموو شتێکی دۆڕاندووە. هەر بۆیە، لەجیاتی ترس هەمیشە متمانەی دروست دەکرد.
دووەم وانە: گفتوگۆ بوو لە سەردەمێکدا کە زۆر کەس باوەڕیان بە زمانی چەک هەبوو، ئەو باوەڕی بە زمانی دیالۆگ هەبوو. دەیزانی شەڕ رەنگە سنوورەکان بگۆڕێت، بەڵام گفتوگۆ دڵ و مێشک دەگۆڕێت. بۆیە توانی شوێنی رێز لە دڵی هاوڕێ و نەیار و هەردووکیاندا، بۆ خۆی دروست بکات.
سێیەم وانە: لێبووردەیی بوو، باوەڕی وابوو کە کینە داهاتوو دروست ناکات و بە تۆڵە هیچ نەتەوەیەک ناگاتە ئاستی پێشکەوتن. لای ئەو لێبووردەیی نیشانەی لاوازیی نەبوو، بەڵکو نیشانەی پێگەیشتوویی هزر، هێزی رۆحی و دووربینیی سیاسی بوو.
مام جەلال فێری کردین کە هاوبەشبوون جیاوازە لە هاوشێوەبوون. پێویست نییە هەموومان یەکجۆر بیر بکەینەوە تا بتوانین بۆ ئامانجێکی هاوبەش کار بکەین. لەلای ئەو، جیاوازی سەرچاوەی هێز بوو، نەک هۆکاری دابەشبوون. ئەو فێری کردین کە سیاسەت هونەری دۆزینەوەی رێگەیە، نەک دروستکردنی دیوار. لە هەر قەیرانێکدا، لەبری داخستنی دەرگا، پەنجەرەیەکی نوێی بۆ گفتوگۆ دەکردەوە. باوەڕی وابوو لە پشت هەر کێشەیەکەوە، قسەیەکی نەکراو هەیە و هەر قسەیەکی نەکراو دەتوانێت دەستپێکی رێککەوتنێکی نوێ بێت.
لە قوتابخانەکەی مام جەلال-ەوە فێربووین کە نیشتمان لە حزب گەورەترە، حزب لە تاک گەورەترە و تاک لە پۆست گەورەترە. ئەم پێوەرە ئەخلاقییە هەمیشە بەسەر هەر بەرژەوەندییەکی کەسی و کاتیدا زاڵ بووە، هەربۆیە رێبازەکەی مام جەلال بەشێکە لە کاکڵەی بیری کوردستانی نیشتمانمان.
ئەمڕۆ، لە کاتێکدا کوردستان و عیراق و ناوچەکە و جیهان رووبەڕووی گۆڕانکاری و تاقیکردنەوەی نوێ بوونەتەوە، پێویستمان تەنیا بە یادکردنەوەی مام جەلال نییە؛ پێویستمان بە زیندووکردنەوەی بیر و ئەخلاق و رێبازەکەیەتی. ئەگەر ئەو بەها و وانانە ببنە بەشێک لە فەرهەنگی دامەزراوەکان و رەفتاری رۆژانەمان، ئەوا ناوی مام جەلال بەتەنیا هەر لە مێژوودا نامێنێتەوە، بەڵکو لە داهاتووشدا دەژی.
فەلسەفەی مام جەلال دەتوانرێت لە چوار وشەدا پوخت بکرێتەوە: مرۆڤ، متمانە، گفتوگۆ و نیشتمان. ئەگەر ئەم چوار بناغەیە ببنە رێنمای بیرکردنەوە و بڕیارەکانمان، تووشی راستەڕێیەکی رووناک دەبین. ئەوەی راستی بێت، باشترین رێز بۆ مام جەلال هەر ئەوە نییە کە تەنیا ناوی بخوێنینەوە، یان وێنەی لەسەر دیوار هەڵبواسین! بەڵکو باشترین رەوتی بەرز نرخاندنی شێوەی بیرکردنەوەی، ئەوەیە رێبازەکەی ببێتە شێوازی ژیان و سیاسەتی رۆژانەمان، چونکە سەرکردەی گەورە بە کۆچی ‌دوایی نامرێت؛ لە هزری خەڵکدا، لە بەهاکانی و لەو نەوانەدا دەژی کە فێری کردووین چۆن نیشتمان بە دانایی، یەکڕیزی، متمانە و گفتوگۆ بنیات بنێین.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
عيماد ئه‌حمه‌د
لەنێوان چەک و قەڵەمدا
عيماد ئه‌حمه‌د
ئاشتی؛ بنەمای ژیان
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان وەرن بۆ زگار
عيماد ئه‌حمه‌د
لە جرجیانەوە بۆ عەقاری
عيماد ئه‌حمه‌د
عەون نەک فیرعەون
عيماد ئه‌حمه‌د
پایز و هەڵۆی سوور
عيماد ئه‌حمه‌د
خەونی سەوزی خانەقی
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان ؛ وەرن بۆ سەرام
عيماد ئه‌حمه‌د
یەکێتی بوون وەک شانازی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved