شاراوە نییە، دۆخی ھەرێمی کوردستان تێکچووە و باری ژیانی خەڵک ھەموار نییە و نەداریی زاڵبووە و باری ئابووریی ھەرێم لاوازە، چونکە دیاردەی گەندەڵی فراوانتر بووەو ھەلی کار بۆ گەنجان دەگمەنەو بەشێکیان وڵات بەجێدەھێڵن و روو دەکەنە غەریبستان و کوردستان لە توانای عەقڵ و وزەیان بێبەش دەبێت.
متمانەی خەڵکیش بە بەڕێوەبردنی ھەرێم تابڵێی لاواز بووە و دەستوەردانی دەوروبەر لە کاروباری ھەرێمدا ترسناکتر بووە، پەیوەندییەکانی ھەرێم بە عیراقی فیدراڵەوە وەکو جاران نەماوە، تەرازووی ھێز لە نێوانیاندا بەھۆی ھەندێک سیاسەتی نادروستەوە، داکشاوە .
بەلای بەغداوە بە جۆرێک ئەگەر بۆیان بکرێت ناوەڕۆکی ھەرێم پووچەڵ دەکەنەوە.
ئێستا لەم رۆژگارە سەختەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت وەکو بارانی رەحمەت بێت بۆ وشکەساڵیی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و قەوارەی ھەرێم لە پیلانی دوژمنان بپارێزێت.
بۆ راستکردنەوەی ئەم بارودۆخە نالەبارە، پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەوڵی چاکسازیی راستەقینە بەردەوام بێت، بەجۆرێک چۆن لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا ھەرەسی بە ھەرەس ھێنا و شۆڕشی نوێی ھەڵگیرساند و ئومێدی دەباراند بە سەرتاسەری کوردستاندا لە رۆژگاری نائومێدیدا، ئاواش دەبێت لەم ھەلومەرجەدا شۆڕشی نەرم و چاکسازیی نیشتمانی بەرپا بکات .
بەڵێ ئەرکی ئەخلاقی و کوردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راستکردنەوەی بارودۆخی مەترسیداری ئێستای کوردستانە، بە دۆزینەوەی رێگە و شێوازی خەباتی مەدەنی، بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی دەسەڵات بەرەو سەقامگیرکردنی ئاشتی و یەکسانی و حوکمی رەشید.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نیشتمانییە، یەکێتی دەبێت ئەسپی خۆی تاوبدات بە زیادکردنی دەسەڵاتی خۆی لە دامودەزگا سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستاندا، ئەویش لە رێگەی پرۆسەی ھەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدانەوە کە بڕیارە لە ٢٠/١٠/٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت.
بۆ پاراستنی قەواری ھەرێم و دەربازبوون لەم ھەموو قەیرانە مەترسیدارەی کە بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرنامەی سەرەکی و راستەقینەی خۆی داناوە کە ئەمجارە ئەگەر دەنگی زیاتری خەڵک مسۆگەر بکات، بە ھەموو توانایەکییەوە دەسەڵات دەگرێتە دەست و بەرنامەی ھەڵبژاردنی خۆی جێبەجێ دەکات کە لە بنەڕەتدا لە خزمەتی خەڵکدایە.
بێگومان یەکێتی لە رۆژی دامەزراندنییەوە خەبات لەپێناوی دەسەڵاتی سیاسیدا دەکات بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی و فەلسەفیی خۆی کە جیاوازیی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی تری سەر گۆڕەپانی کوردستان، لە بەرنامەکەیدایە، ئەوە جگە لە شێوەی رێکخستنەکەیدا .
ئەمجارە نە نیوە دەسەڵات و نە نیوە ئۆپۆزسیۆن، بەرگەی یەکێتی نابێت، سیاسەتی یەکێتی گۆڕانکاری و جیاکاریی راستەقینەیە لە سیستمی بەڕێوبردن و یاسادانان و دادوەریدا، ئەمەش بە پشتیوانیی خەڵک و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت لە رێگەی دەنگدانەوە بە لستی(١٢٩)ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان .
ھەڤاڵانی یەکێتی: بۆ ئەم داخوازییانەی سەرەوە و مسۆگەر کردنی متمانەی خەڵک بۆئەوەی رۆحی شەھیدان شادبکەین و رێبازەکەی مام جەلال سەربخەین، با ھەموومان لەگەڵ کەسوکار و دۆست و ناسیاو بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەس بخەینە سەر دڵمان و دەنگ بە یەکێتییەکەمان بدەین و بەیەک دەنگ ھاواربکەین: ھەموومان لە پێناوی سەرکەوتنی یەکێتی لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمدا بۆئەوەی یەکێتی بەھێزتربێت و خزمەتی زیاتری کورد و کوردستان بکات.
پێویستە لەسەرمان ھێزی کاریگەر و ھەرە لەپێشی ئەو گۆڕانکارییە بین، دەنگی کەسوکار و بنکەی فراوانی یەکێتی رێکبخەینەوە، ماڵ بە ماڵ لە دەرگایان بدەین، پشتیوان بە بەرنامە و پرۆژەی یەکێتی، داوایان لێبکەین بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بەشداریی ئەو ئەرکە بن و رۆڵیان ھەبێت لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانێکدا کە رەنگدانەوەی ویستی ئەوان بێت.
بابەتی زیاتر