لە باخچەی مێژووی گەلاندا، هەندێک دار هەن کە گەورەییان بە بەرزایی قەدەکانیان ناپێورێت، بەڵکو بە قووڵیی رەگەکانیان. با و زریان دێن و دەڕۆن، وەرزەکان دەگۆڕێن، هەندێک لق وشک دەبن و هەندێکی تر سەوز دەبنەوە؛ بەڵام ئەگەر رەگ زیندوو بێت، دار هەمیشە هیوای نوێبوونەوەی هەیە. هێزی راستەقینەی هەر رێکخراوێکی دێرینیش؛ لە توانای پاراستنی رەگ و نوێکردنەوەی گەڵاکاندایە.
جیهان لەئێستادا لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە خێرا و قووڵەکاندایە. هاوسەنگیی هێزە جیهانییەکان بەردەوام دەگۆڕێت، شەڕ و ئابووری و تەکنەلۆژیا بە شێوازێکی نوێ چارەنووسی وڵاتان دیاریی دەکەن. لە ناوچەکەشدا ململانێی نێوان هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە و عیراق هێشتا لەنێوان بنیاتنانی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی و مەترسی ناڕوونییەکانی رابردوودا هاتوچۆ دەکات. لەناو ئەم وەرچەرخانە گەورانەدا، تەنیا ئەو هێزانە دەتوانن درێژە بە ژیانیان بدەن کە هەم رەگیان بە ناو مێژوودا قووڵ بووەتەوە، هەم ئازایەتیی نوێبوونەوەیان هەیە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دڵی قەیران و کارەساتی مێژووییدا لەدایکبوو؛ نەک تەنیا وەک رێکخراوێکی سیاسی، بەڵکو وەک هەستانەوەیەکی نیشتمانی دژی بێهیوایی و وەک وەڵامێک بۆ پێداویستییەکانی ئەو سەردەمە. لەو رۆژەوە، هێزی یەکێتی تەنیا بۆ پاراستنی رابردوو نەبوو، بەڵکو لە توانای خۆگونجاندنیدا بوو لەگەڵ هەر قۆناغێکی نوێدا.
مێژووی یەکێتی، مێژووی خەباتە لەپێناو گەل و نیشتماندا، دژی ستەم و داگیرکەران؛ مێژووی خۆسەلماندن و تاقیکردنەوەیە. لە رۆژانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و ناوچەکانی تردا، لە کاتی کۆچ و ئاوارەیی، لە ساتی سووتانی گوندەکاندا، لە گەمارۆ و برسێتی، لە شاخ و پێشمەرگایەتی و پارتیزانیدا، یەکێتی لە ناخۆشییەکاندا و لەناو ئاگردا تاقیکراوەتەوە، لەهەمان ئاگریشدا پۆڵایین بووە. ئەو ئەزموونە قورسە مێژووییانە، سەرمایەی سەرەکیی ئەم رێکخراوەن؛ چونکە هێزی یەکێتی تەنیا لە ژمارەی ساڵەکانی تەمەنی نییە، بەڵکو لە ژمارەی قوربانییەکان، قووڵیی ئەزموونەکەی، سەختی خەبات و متمانەی خەڵکەکەیدایە، بەڵام مێژوو، هەرچەند پیرۆزیش بێت، بە تەنیا داهاتوو دروست ناکات. داهاتوو هی ئەو هێزانەیە کە لە رابردوو فێر دەبن، نەک ئەوانەی تەنیا رابردوو دووبارە دەکەنەوە. لە جیهانی ئەمڕۆدا گۆڕانکاریی هەڵبژاردە نییە؛ بەڵکو پێویستییە. بۆیە نوێکردنەوەی سیستمی کار، شێوازی بەڕێوەبردن، بیرکردنەوە، پەیوەندیی لەگەڵ گەنجان و ژنان، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ و دامەزراندنەوەی دامودەزگای بەهێز، هەموویان مەرجی بەردەوامبوونی هەر رێکخراوێکی زیندوون.
گۆڕانکاریی بە مانای وازهێنان لە بنەماکان نییە؛ بەڵکو بە مانای نوێکردنەوەی شێوازی پاراستنیانە. دارێک ئەگەر ئاو و هەوای تازەی پێنەگات، هەرچەند رەگی قووڵیشی هەبێت، سەرئەنجام وشک دەبێت. لە بەرامبەردا دارێکیش کە رەگی نەبێت، بە یەک با دەکەوێت. هێزی دار لە هاوسەنگیی نێوان رەگ و قەد و لق و گەڵاکانیدایە.
یەکێتیش وەک دارێکی گەورەی خەباتی نەتەوەیی، رەگەکانی بریتین لە مێژوو، قوربانی، پێشمەرگایەتی و خەبات بۆ ئازادی. قەدی ئەو دارە متمانەی جەماوەرە کە بە دەیان ساڵ لە دەوری کۆبوونەتەوە. لقەکانی، نەوەی نوێ، کادر و رۆشنبیر و گەنجانن و گەڵاکانیشی بیر، بەرنامە، ئومێد و هیوای خەڵکن، بەڵام ئەگەر ئاو نەگاتە رەگەکان، گەڵاکان سەوز نابن. ئەو ئاوە بریتییە لە متمانەی گشتی، شەفافییەت، چاکسازی و نزیکبوونەوە لە هاووڵاتی. هەواکەشی بریتییە لە ئازادیی بیرکردنەوە، گوێگرتن لە رەخنە و باوەڕهێنان بەوەی کە هیچ رێکخراوێک بە داخستنی دەرگاکانی بە رووی گۆڕانکاریدا، ناتوانێت درێژە بە ژیان بدات.
لەناو ئەم باخچەیەدا، ناوی سەرۆک مام جەلال، تەنیا ناوی رابەرێکی مێژوویی نییە؛ ناوی قوتابخانەیەکی فکری و سیاسییە کە سیاسەت پێش هەر شتێک هونەری دروستکردنی متمانەیە، نەک تەنیا بەدەستهێنانی دەسەڵات. هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کاتێک بەرژەوەندیی نیشتمان لەسەرووی بەرژەوەندیی تاکەکانەوە دابنرێت، سەرکەوتن بەشی هەمووان دەبێت. ئەم فەلسەفەیە لە ئێستاشدا دەتوانێت قیبلەنمای رێگای یەکێتی بەرەو داهاتوو بێت.
ئەمڕۆ یەکێتی زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ رۆحی نوێبوونەوە؛ نەک بۆ دووبارەکردنەوەی رابردوو، چونکە نەوەی ئەمڕۆ پرسیاری نوێی هەیە و وەڵامی نوێی دەوێت. خەڵک حوکمڕانیی کارامە، دادپەروەری، دەرفەتی کار، خزمەتگوزاریی باش و شەفافییەتی دەوێت. ئەمانە تەنیا بە دروشم نایەنە دی؛ بە بەڕێوەبردنی باش، بەرنامەی روون و ئیرادەی راستەقینەی چاکسازیی، دێنە دی.
پێویستە یەکێتی هێشتا هەر هێزی هەستانەوە بێت، دەبێت هەستانەوەکەی ئەمجارە لە ناوخۆی خۆیەوە دەستپێبکات؛ هەستانەوەیەک بۆ چاکسازیی، بۆ نوێکردنەوەی دامودەزگاکان، بۆ فراوانکردنی دەرفەت بۆ گەنجان و ژنان، بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و دروستکردنی زمانێکی سیاسیی نوێ. ئەو هێزەی خۆی ناگۆڕێت، ناچار دەبێت بە گۆڕانکارییەکانی دەرەوە رابکێشرێت؛ بەڵام ئەو هێزەی بە ئیرادەی خۆی نوێدەبێتەوە، خۆی دەبێتە دروستکەری گۆڕانکاریی.
داهاتووی یەکێتی تەنیا لە رابردووە پیرۆزەکەیدا نییە؛ لەو توانایەدایە کە رابردوو بکاتە هێزی دروستکردنی هۆکارێکی باشتر. دارە گەورەکان هەرگیز بە تەمەنیاندا ناناسرێن؛ بەوە دەناسێنرێن کە هێشتا رەگەکانیان ئاو بۆ لق و گەڵاکانیان دەگەیەنێت و هێزی ژیان لە ناخیاندا بەردەوامە. یەکێتیش ئەگەر رەگی لە مێژوودا و ئاوەکەی لە متمانە، هەواکەی لە ئازادی و بەروبوومی لە خزمەتکردنی هاووڵاتیاندا بێت، تەنیا یادگارییەکی رابردوو نابێت؛ بەڵکو دەبێتە هێزێکی زیندوو کە بە ئەزموونی دوێنێ، هیوای ئەمڕۆ دەپارێزێت و داهاتووی کوردستان ئاودەدات. ئەو دارە، تا رەگی لە دڵی خەڵکدا زیندوو بێت، با و زریان ناتوانن لە بەرداربوونی بخەن؛ چونکە دارێک کە رەگی لە متمانە و خاکی نیشتماندا بێت، هەمیشە بەهاری خۆی دەدۆزێتەوە.