كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و هەرێمی كوردستان، لاپەڕەیەكی نوێ لە مێژووی دوای ساڵی 2003 هەڵدەداتەوە و عیراقی فیدراڵ لەبەردەم پرسیارێكی قورسدا دادەنێت: ئایا بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئامادەیە، یان خاكی عیراق جارێكی تر دەبێتەوە بە مەیدانی ململانێی هێزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان؟
مانەوەی هێزی دەرەكی، چارەسەری هەمیشەیی كێشەكانی عیراق نییە. هەر وڵاتێك دەبێت خۆی بەرپرسیاری پاراستنی خاك و سەروەریی خۆی بێت، بەڵام سەروەریی؛ تەنیا بە رۆیشتنی هێزی دەرەكی بەدەست نایەت، بەڵکو سەروەریی راستەقینە پێویستی بە دەوڵەتێكی بەهێز، یاسایەكی سەروەر، دامەزراوەی نیشتمانی و چەكێك هەیە، كە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
هەوڵەكانی حكومەتی عەلی زەیدی بۆ كۆنترۆڵكردنی چەك و سنوورداركردنی دەسەڵاتی میلیشیاكان، هەنگاوێكی پێویستە، بەڵام رێگەكە ئاسان نییە. ئەو هێزانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت چەك هەڵدەگرن، لەماوەی ساڵانێكدا خاوەنی نفوزی سیاسی، ئابووری و سەربازیی بوون. چارەسەركردنی ئەم دۆخە تەنیا بە دروشم ناكرێت، ئیرادەی سیاسی، دادپەروەری و پشتگیریی هەموو هێزە نیشتمانییەكانی دەوێت.
لەژێر پردەكەی جادەی مەولەوی لە سلێمانی، دوو كاسب لەبەردەم دوكانەكانیاندا وەستابوون، یەكێكیان بەنیگەرانییەوە وتی: دەڵێن هێزەكانی ئەمریكا دەكشێنەوە، دوای رۆیشتنیان چی روودەدات؟، كێ ئەو بۆشاییە ئاسایشییە پڕدەكاتەوە؟ نەوەك دوژمنانی كوردستان جارێكی تر چاویان لەم خاكە بێت؟
ئەوەی دیكەیان وەڵامیدایەوە: دوێنێ مامۆستا شوان لێرە بوو، دەیوت: مەترسی هەیە، بەڵام بێئومێدیی؛ چارەسەر نییە.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئێمە خۆمان بۆ دوای رۆیشتنیان چیمان كردووە و چی دەكەین؟
ئەمە تەنیا گفتوگۆی نێوان دوو كاسبكار نییە، پرسیاری زۆربەی خەڵكی عیراق و هەرێمی كوردستانە. خەڵك لە ئەزموونی رابردووەوە دەزانن كە بۆشایی هێز زوو پڕدەكرێتەوە، ئەگەر دەوڵەت پڕینەكاتەوە، هێزێكی دیكە دەستی بەسەردا دەگرێت.
هەرێمی كوردستان، ئەم مەترسییە باشتر لە هەر لایەنێكی دیكە دەزانێت و دركی پێدەكات.
دوای كارەسات و كۆڕەوی ساڵی 1991، بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش و دروستبوونی هێڵی 36، پەناگەیەكی ئاسمانی بۆ گەڕانەوەی خەڵك و دامەزراندنەوەی ژیان دروستبوو. پاش كشانەوەی دامودەزگاكانی رژێم، هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێم پێكهات. پشتیوانیی ئەمریكا و هاوپەیمانانیش، لە قۆناغە جیاوازەكاندا، رۆڵێكی گرنگی لە پاراستنی ئەو ئەزموونەدا هەبوو.
لە شەڕی دژی داعشدا، جارێكی تر دەركەوت كە هەرێم، بەهۆی شوێنی جوگرافی و قەبارەی سیاسی و ئابووریی خۆی، هێشتا پێویستی بە هاوكاریی هاوپەیمانانە. هەڕەشەی داعش هەر لەئارادایە و ناوچەكەش لەنێوان ململانێی ئەمریكا و ئێران و شەڕ و ناسەقامگیریدا دەژی.
لە دۆخێكی لەو جۆرەدا، كشانەوەی خێرا و بێپلانی هێزە هاوپەیمانەكان؛ دەكرێت بۆشاییەك دروست بكات، كە دوژمنانی هەرێم و هەروەها گروپە چەكدارەكانیش بۆ مەبەستی خۆیان بەكاریبهێنن، بەڵام پاراستنی هەرێم تەنیا بە مانەوەی هێزی دەرەكی نابێت. ناكۆكییە ناوخۆییەكان، یەكنەخستنی پەیامی نیشتمانی و لاوازیی دامودەزگاكان، توانای بەرگریی هەرێم كەمدەكەنەوە.
هاوپەیمان گرنگە، بەڵام هیچ هاوپەیمانێك ناتوانێت جێی یەكڕیزیی ناوخۆ و هێزی نیشتمانی بگرێتەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە قۆناغە سەختەكانی مێژوودا، فریادڕەس و بەشدارێكی سەرەكیی پاراستنی ئەزموونی هەرێم بووە. ئەمڕۆش پێویستە بە هەمان رۆحی بەرپرسیارییەوە، بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، پاراستنی قەوارەی هەرێم و چارەسەركردنی كێشەكان لەڕێگەی دەستوور و گفتوگۆوە، كاربكات.
رۆیشتنی ئەمریكا دەكرێت دەرفەتێك بێت بۆ بەهێزكردنی سەروەریی عیراق، بەو مەرجەی دەوڵەت چەك كۆنترۆڵ بكات، یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ بكات و متمانەی خەڵك بگەڕێنێتەوە. ئەگەر ئەمە نەكرێت، كشانەوەكە دەبێتە دەروازەیەک بۆ ناسەقامگیرییەكی نوێ. بۆ هەرێمی كوردستانیش، پاراستنی ئەزموونەكە تەنیا بە بوونی هاوپەیمان ناكرێت، بەڵكو بە یەكڕیزیی هێزی پێشمەرگە و ئیرادەی نیشتمانیی خۆمان جێبەجێدەكرێت.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
عيماد ئه‌حمه‌د
لەنێوان چەک و قەڵەمدا
عيماد ئه‌حمه‌د
ئاشتی؛ بنەمای ژیان
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان وەرن بۆ زگار
عيماد ئه‌حمه‌د
لە جرجیانەوە بۆ عەقاری
عيماد ئه‌حمه‌د
عەون نەک فیرعەون
عيماد ئه‌حمه‌د
پایز و هەڵۆی سوور
عيماد ئه‌حمه‌د
خەونی سەوزی خانەقی
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان ؛ وەرن بۆ سەرام
عيماد ئه‌حمه‌د
یەکێتی بوون وەک شانازی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved